دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (ئەنەس) بووە

ئەنەسە (رضي الله عنه):

ئەنەسە یان دەوترێت ئەبوو ئەنەسە مەولاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بووەو ناسراوە بە ئەبوو مەسرووح یان دەوترێت ئەبوو موسرح، كاتێ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دادەنیشت و كەسێك دەهات بۆ لاى، ئەنەسە دەچوو لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى بۆ ئەو كەسە وەردەگرت.[1]

ئەنەسە لە جەنگى بەدردا بەشدارى كرد، هەروەها لە غەزاى ئوحودیشدا بەشدارى كرد، دواتر لە سەردەمى ئەبووبەكرى صدیقدا كۆچی دوایی كرد، هەرچەندە رایەك هەیە دەڵێت لە جەنگى بەدردا شەهید بووە، بەڵام راى پێشووتر راستە كە دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردووە.[2]

هیچ فەرموودەیەكى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لێوە نەگێڕدراوەتەوە.

 

ئەنەسى كوڕی ئەبوو ئەنەس(رضي الله عنه):

سەبارەت بە ناوى راجیایی هەیە، هەندێ دەڵێن ناوى ئوسەیرە، یان دەوترێت ئوسەید، یان ئەنەس، یان ئونەیس، یان سەبرە، كونیەكەى ئەبوو سولەيطه، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانەكانە و لە بەشداربووە بەدریەكاندا ناوى هاتووە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[3]

ئەنەسی كوڕی حارث(صلى الله عليه وسلم):

ناوى ئەنەسی كوڕی حارثي كوڕی نەبیهە،[4] لە هاوەڵانى دانیشتووى كووفەدا ناوى هاتووە،[5] جۆرێك مشتومڕ هەیە لەسەر ئەوەى ئایا هاوەڵە یان نا، بەڵام ئیبن حەجەریش جەخت دەكاتەوە لە هاوەڵ بوونى[6] و هەریەك لەمانەش وەك هاوەڵ ناویان هێناوە (بوخاری، ئیبن مەندە، بەغەوى، ئیبن سەكەن، ئیبن شاهین، ئەبوو نوعەیم، ئیبن ئەثير، ئیبن حەجەر).

بوخاری لە بارەیەوە دەڵێت:(لەگەڵ حوسەینى كوڕی عەلى كوژراو فەرموودەى لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بیستووە).[7]

فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە دەڵێت بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (إن ابني هذا -يعني الحسين- يقتل بأرض يقال لها كربلاء فمن شهد ذلك منكم فلينصره[8] (ئەم كوڕەم-واتە حوسەین- لە زەویەك دەكوژرێت پێی دەوترێت كەربەلا، جا هەركامتان ئەوەتان بینی با سەری بخات و پاڵپشتى بێت)، بۆیە ئەنەس چوو بۆ كەربەلا و لەوێ لەگەڵ حوسەیندا كوژرا.[9]

ئەو  فەرموودەى گێڕاویەتیەوە لە كتێبەكانى فەرموودەدا نەهاتووە، بەڵام هەریەك لە ئەبوو نوعەیم و ئیبن ئەثير و ئیبن حەجەر لە كتێبەكانیاندا كە باسی ئەم هاوەڵە دێنن ئەو فەرموودەشیان هێناوە.

ئەنەسی كوڕی رافع(رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی رافعەو بە ئەبولحەسیر ناسراوە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، چوو بۆ مەككە بۆ لاى قورەیشیەكان و لەوێ پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بینی، بەڵام موسڵمان نەبوو، دواتر گەڕایەوەو دواى ئەوە لە مەدینە موسڵمان بوو.[10]

ئەنەسی كوڕی زونەیم (رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی زونەیمی كوڕی عەمرە، براى ساریەى كوڕی زونەیمە،[11] ئەو ساریەى كە ئیمامى عومەر لە مینبەرى مەدینەوە هاوارى لێكرد و ئەویش دەنگى بیست.[12]

ئەنەس كەسێكى شاعیر بوو، سەرەتا بێباوەڕ بوو و بە شیعرەكانى هێرشی دەكردە سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خوێنى ئەوى رەوا كرد، كاتێ ئەنەس ئەوەی بیستەوە بۆ پۆزش هێنانەوە چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بە چەند دێڕە شیعرێك وەسفی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) كرد.[13]

رایەكى تر هەیە دەڵێت ئەو موسڵمان بوونەى ئەنەس لە رۆژی فەتحى مەككەدا بووە و ئەوكات باوەڕی هێناوە، بۆ ئەوەش نەوفەلى كوڕی موعاویەى دەیلی چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا داواى لێ بوردنى بۆ وەربگرێت،[14] بە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) وت: تۆ شیاوترینی بە لێبوردن، بۆ كام لە ئێمە ئازارى تۆى نەداوەو دژایەتى نەكردویت، ئێمە لە نەفامیدا بووین ونەماندەزانى چی بكەین و چی نەكەین تا خواى گەورە بەهۆی تۆوە رێنموونى كردین و لە فەوتان رزگارى كردین، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) داواكەى قبووڵكرد و لێی خۆش بوو، ئەنەسیش پاش موسڵمان بوونى شیعرێكى لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هۆنیەوە. [15]

 

 

ئەنەسی كوڕی ضهبوع(رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی ضهبوعى كوڕی عامرە، ئەم هاوەڵە لەپشتیوانانە،[16] لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كردووە.[17]

بەو پێیەى زۆربەى هەرەزۆرى پشتیوانان هەر لە سەرەتاى هاتنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێش هاتن و پاش هاتنى موسڵمان بون، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێین لەوانەیە موسڵمان بوونى ئەم هاوەڵە پێش بەدریش بووبێت، بەڵام بەشدارنەبوونى لەبەدردا لەبەر ئەوە بێت زۆرێك موسڵمان لەبەر هۆی جیاجیا لە بەدردا بەشدارییان نەكرد، وەك نەبوونى پێویستى جەنگى، یان نەبوونى تەمەنى گونجاو، یان زیاتریان لەبەر ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵان بە نیازى جەنگ نەچوون و دواتر جەنگیان هاتەڕێ و جەنگى بەدر روویدا، ئەوەبوو ژمارەیەكى بەرچاوى هاوەڵان لە مەدینە مابوونەوەو بەشدارى جەنگى بەدر نەبوون.

ئەنەسی كوڕی ظوهەیر (رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی ظوهەیرە، براى ئوسەیدى كوڕی ظوهەیرە، ئەم هاوەڵە لەپشتیوانانە،[18] برایەكى تری هەبوو كە لە دایكیان یەك بوو و ناوى عیبادى كوڕی بیشر بوو،[19] دایكی ناوى فاطيمهى كچی بیشری كوڕی عەددیە،[20] كوڕێكى هەبوو كە ناوى ثابت بوو و فەرمودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[21]

ظوهەیری باوكى یەكێك بوو پشتیوانان كە زۆر زوو موسڵمان بووبوو، ئەو لە بەیعەتى دووەمى عەقەبە و جەنگى ئوحودیشدا بەشدار بوو.[22]

ئەنەس بەسەرهاتێكى جەنگى ئوحود دەگێڕێتەوە  ودەڵێت رافعى كوڕی خەدیج هات تا بەشدارى غەزاى ئوحود بكات، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە منداڵی زانى و فەرمووى ئەوە منداڵێكى بچووكە، ویستى بیگەڕێنێتەوە، خێرا رافعى كوڕی ظوهەیرى مامم وتى برازاكەم تیرهاوێژێكى باشە، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى پێدا بەشدارى غەزاكە بكات.[23]

بەو پێیەى دەبینین باوكى ئەم هاوەڵە لە موسڵمانبووە یەكەمینەكانى پشتیوانانە، راى زیاتر بۆ ئەوە دەچێت ئەنەس و ئوسەیدی كوڕیشی هەر زوو موسڵمان بووبن، چونكە وەك دەبینین هەرسێكیان بەشدار بون لە غەزاى ئوحوددا، سەبارەت بە بەشدارنەبوونى ئەنەس لە غەزاى بەدردا هیچ گومان لەسەر موسڵمان بوونى دروست ناكات، چونكە هەرچەندە باوكی لە ئەندامانى ئامادەبووى عەقەبەى دووەم بوو، كەچی بەشدارى بەدر نەبوو، چونكە لە بەدردا زۆرێك موسڵمان هەبوون لەبەر هۆی جیاجیا بەشدارییان نەكرد.

ئەنەسی كوڕی عەبباس(رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی عەبباسی كوڕی ئەنەسی كوڕی عامری سولەمیە، لە ساڵی فەتحى مەككەدا هاودەم بە ژمارەیەكى زۆری بەنى سولەیم هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[24]

ئەنەسی كوڕی عەبدە (رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی عەبدەى كوڕی جابرى قوڕەیشیە، كوڕەكەى ناوى عوبەیدوڵا بوو.[25]

ئەنەسی كوڕی فەضالە (رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی فەضالەى كوڕی عەدى كوڕی حەرامە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە، كوڕێكى هەبوو ناوى موحەمەد بوو، ئەنەس خۆی و باوكیشی هاوەڵ بوون،[26] ژنەكەى ناوى عەیسائی كچی حارث بوو كە موسڵمان بوو و بەیعەتى دابوو بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).

موحەممەدى كوڕی ئەنەس دەگێڕێتەوەو دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە مەدینە من دوو هەفتە بووم، برام بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش دەستى هێنا بەسەرمدا و نزاى خێری بۆ كردم و فەرمووى ناوى منى لێ بنێن بەڵام كونیەى منى لێ مەنێن، هەروەها لە ساڵی حەجى ماڵئاواییدا بۆ حەج منى برد و ئەوكات تەمەنم دەساڵ بوو.[27]

لە غەزاى ئوحوددا كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بیستى قوڕەیش خەریكە نزیك دەبنەوە بەرەو ئوحود بێن، ئەنەس و موئنیسی براى نارد تا هەواڵی قوڕەیشی بۆ بهێنن، ئەوانیش چوون و هەواڵیان وەرگرت و گەڕانەوەو هەواڵەكەیان هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەو غەزایەشدا لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)بەشدارییان كرد، لە غەزاى ئوحوددا ئەنەس كوژرا، ئینجا موحەممەدى كوڕی هێنرا بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش صەدەقەیەكى پێ بەخشی و مەرجى دانا ئەو صەدەقەیە نەبەخشرێ و خەلآت نەكرێ بۆ هیچ كەس. [28]

ئەنەسی كوڕی قەتادە (رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی قەتادەى كوڕی رەبیعەیە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، هەروەها دەشوترێ ناوى ئونەیسە،[29] رایەكیش هەیە دەڵێت ناوى ئیلیاسە،[30] ژنەكەى ناوى خەنسای كچی خوذام بوو،[31] ئەم ژنەشی لە پشتیوانان بوو و هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[32]

ئەنەسی كوڕی قەتادە لە جەنگى بەدردابەشدارى كرد،[33] هەروەها لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كردو تیایدا شەهید بوو،[34] ئەوەى ئەم هاوەڵەی شەهید كرد ئەخنەسی كوڕی شریق بوو،[35] ئیبن سەعد دەڵێت ئەبولحەكەمى كوڕی ئەخنەس كوشتوویەتى،[36] دواى ئەوە باوكى خەنسا دواى شەهیدبوونى ئەنەس خەنساى كچی لە پیاوێكی تر مارەكرد، بەڵام خەنسا بەوە رازى نەبوو و چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش ئەو هاوسەرگیریەى هەڵوەشاندەوە، دواتر شووى كرد بە ئەبوو لوبابە.[37]

ئەنەسی كوڕی قەتادە لە دواى خۆی هیچ منداڵێكى جێ نەهێشت.[38]

 

 

ئەنەسی كوڕی قەتادەى باهلی(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە بە ئەنەس و بە ئونەیسیش ناوى هاتووە، لە هاوەڵە نیشتەجێكانى بەصرەدا ناوى هاتووە، ئەم هاوەڵەش لە پشتیوانانە.[39]

ئەنەس دەڵێت لە ناو وەفدێكى بەنى ضوبەیعەدا چوومە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[40]

كاتێك فیتنەى نێوان هاوەڵان هەبوو، لە بەصرە خەڵكێك وتاریان دەداو تیایدا قسەیان دەوت بە ئیمامى عەلى، ئەنەسی كوڕی قەتادەش لەوێ بوو، هەستا و چوو وتارێكى پێشكەش كرد، پاش سوپاس و ستایشی خواى گەورە وتى: ئێوە ئەمڕۆ زۆر قسەتان وت بەو پیاوە، منیش سوێند دەخۆم بە خواى گەورە لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیستووە دەیفەرموو:(إني لأشفع يوم القيامة لأكثر مما على الأرض من مدر وشجر)، (من لە رۆژی دواییدا شەفاعەت دەكەم بۆ خەڵكێ كە زیاترن لە هەرچی تۆپەڵە قوڕی لینج و درەختى سەرزەوى هەیە)، دەى سوێندیش دەخۆم بە خواى گەورە هیچ كەس نیە لە خزمایەتیدا لە عەلى نزیكتر بێت لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، جا ئایا پێتان وایە شەفاعەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئێوە دەگرێتەوە كەچی ئالوبەیتى خۆی ناگرێتەوە؟).[41]

پەندو وانە:

  • وردەكارى دروست و بیركردنەوەى ورد لە راستیەكان وا دەكات مرۆڤ كەمتر تووشی هەڵە بێت، بەڵێ لەوە دڵنیاین هەموو مرۆڤێك هەڵە دەكات وەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمویەتى (كل بني آدم خطاء و خير الخطائين التوابون)، (هەموو ئادەمیزادێك هەڵە دەكات و چاكترینی هەڵەكاران تەوبەكارانن)، بەڵام هاوكات تا زیاتر وریاى سنورەكان بین و وردەكارى بكەین لە زانینی راستیەكاندا كەمتر هەڵە دەكەین، وەك دەبینین ئەنەس بەو وتارە كورتەى بە هەموانى گەیاند كە ئەوان هەڵەن لەو كارەیاندا، ئەویش بە باسكردنى فەرموودەیەكى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر شەفاعەت و دواتر باسكردنى نزیكی عەلى كوڕی ئەبوتالیب لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، دواتر ئەو راستیەى بە نیشانەى پرسیارەوە پێ وتن كە ئایا دەكرێت شەفاعەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئێوە بگرێتەوە كەچی نزیكترین كەسی خۆی نەگرێتەوە؟!
  • راستكردنەوەى هەڵەی دەوروبەرمان فەرزێكە لەسەرمان و بەشێكە لە فەرمان بە چاكەو رێگری لە خراپە، چونكە بێدەنگى هەڵبژاردن لە ئاست هەڵەیەكدا كە بتوانیت راستیەكەى بخەیتەڕوو نیشانەى نەبوونى دڵسۆزى و خەمخۆریە بۆ دەوروبەرەكەت، ئەگەرچی هەموان لەوێدا یەكدەنگ بوون لەسەر هەڵەیەك و پاڵپشتى یەكدییان دەكرد بۆ ئەو كارە، بەڵام بەتەنها بوونى ئەنەسو راى جیاوازى ئەو بەهێزترین پاڵپشت بوو بۆ راستكردنەوەى دیدی ئەو كەسانە، هەروەك ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى (جەماعەت) كە هاتووە بە زۆرینە نیە بەڵكو بە راستیە بۆیە ئەنەس هەرچەندە بە تەنها بوو بەڵام خۆی بە تەنها جەماعەت بوو، ئەوانیش هەرچەندە زۆر بوون نەیانتوانى ببنە جەماعەت چونكە هەڵە بوون، ئەنەس بەو كارەى راستی پێكاو بە تەنها بوو بە جەماعەت و هێڵێكى سووریشی دانا بۆ ئەو لادانەیان.
  • شەفاعەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ موسڵمانان لە رۆژی دواییدا راستیەكى ناو بیروباوەڕی ئیسلامی، ئەوانەش كە نكووڵی دەكەن لەو راستیە كەوتوونەتە هەڵەوەو ئەو بڕوایەشیان لە گومان بوونیانە لە فەرموودەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یان پشتبەستنی لەسنور بەدەریانە بە عەقڵ بەرامبەر بە قورئان و فەرموودە، چونكە دەزانین چەندین فەرموودەى صەحیحی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەن سەبارەت بە شەفاعەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ موسڵمانان لە رۆژی دواییدا.

ئەنەسی كوڕی قەیس(رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی قەیسی عوقەیلیە، لەگەڵ وەفدى عوقەیلیەكاندا هاتوەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووەو بەیعەتى پێداوە،[42] ئەنەس هاودەم بە ميطرەف و چەند كەسێكى تر هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى موسڵمان بوونى ئە كەسانەى تری هۆزەكەشیان پێ بوو كە نەهاتبوون، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) مافی خاوەنێتى زەوی عەقیقی پێ دان كە كانى و دارخورمای تێدا بوو، ئەو مافەشی بە نامەیەك بۆ نووسین، تیایدا هاتووە تا كاتێ نوێژ بكەن و زەكات بدەن و گوێڕایەڵ بن.[43]

ئەنەسی كوڕی مەخاشن (رضي الله عنه):

تەنها ئیبن حەجەر باسی كردووەو دەڵێت دوو فەرموودەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لە موسنەدى بەقی كوڕی موخەلەددا گێڕاوەتەوە.[44]

ئەنەسی كوڕی مەرثهد(رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی ئەبی مەرثهدەو لە پشتیوانانە، بەڵام ئیبن مەندەو ئەبوو نوعەیم دەڵێن لە پشتیوانان نیە، دەوترێت بەڵكو ناوى ئونەیسە، خۆیشی و باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بون،[45] بەشدار بووە لە فەتحى مەككەدا، هەروەها لەغەزاى حونەیندا بەشدارى كردووە.[46]

دەوترێت بەڵكو ناوى ئونەیسی كوڕی مەرثهدەو ئەبی مەرثهد باپیریەتى و هەریەك لە ئونەیس و باوكى و باپیریشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بون، باوك و باپیری لە غەزاى بەدردا بەشدار بون.[47]

شەوێك پێش جەنگى حونەین پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هاوەڵانى فەرموو كێ ئەمشەو پاسەوانیمان دەكات، ئەنەسی كوڕی ئەبی مەرثهد وتى من ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرموى دەى سەركەوە، ئەنەسیش سوارى ئەسپێكى خۆی بوو، دواتر هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو: (استقبل هذا الشعب حتى تكون في أعلاه ولا تَغُرَّنَّ من قبلك الليلة)، (بڕۆ بۆ ئەو شیوە تا دەچیتە بەرزاییەكەى، ئەمشەویش ئەوەى لەپێشتەوەیە هەڵتنەخڵەتێنێت و تەمات نەبات)، بۆ بەیانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەكاتى نوێژدا بە هاوەڵانى فەرموو (أحسستم فارسكم)، (ئەرێ ئەوە سوارچاكەكەتان نەبینیوە؟)، وتیان نا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى كرد بە نوێژو لەكاتى نوێژەكەشدا لاى دەكردەوە بە لاى شیوەكەدا، كە نوێژی تەواو كرد فەرمووى ( أبشروا فقد جاء فارسكم)، (موژدەتان لێ بێت وا سوارچاكەكەتان هات)، سەیرمان كرد دەبینین هات تا لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەستا، وتى ئەمشەو لەبەرزایی ئەو شیوەوە بووم تا بەیانى، بۆ بەیانى سەیری هەردوو لاى شیوەكەم كرد و كەسم نەدی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئایا ئەمشەو دابەزیت؟) وتى نا مەگەر بەس بۆ نوێژ یان پێویستى (دەست بەئاو گەیاندن)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (فقد أوجبت فلا علیك أن لا تعمل بعدها)،[48] (بەهەشتت بۆ خۆت واجب كرد ئیتر لەسەرت نیە دواى ئەمە كار بكەیت).

لەمانگى رەبیعولئەوەلى ساڵی بیستى كۆچیدا كۆچی دوایی كرد.[49]

ئیبن حەجەر لە (فتح الباری) لە شەرحى صەحیحی بوخاریدا دەڵێت لەوانەیە ئەمە كۆتا پاسەوانى بووبێت بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە لە غەزاى حونەیندا ئەنەسی كوڕى مەرثهد پاسەوانى كردووەو ئیتر دواى ئەو جەنگە خواى گەورە ئەم ئایەتەى دابەزاندووە (وَاللّهُ يَعْصِمُكَ مِنَ النَّاسِ[50] واتە دواى غەزاى حونەین پاسەوانى بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەما.[51]

ئەنەسی كوڕی مودریك(رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی مودریكی كوڕی كەعبی كوڕی عەمرى كوڕی سەعدە، كونیەكەى ئەبوو سوفیانە، شاعیرێكى ناسراو بوو،[52] لە سەردەمى نەفامیدا گەورەو سوارچاكى خەثعهم بووە.[53]

دواتر موسڵمان بووەو بە موسڵمانى ژیا تا سەردەمى خەلیفە عەلى كوڕی ئەبوو طالیب و لە كووفە نیشتەجێ بوو، لە جەنگدا لە سوپاكەی عەلى كوڕی ئەبوو تالیبدا بەشدار بوو، دەوترێت تەمەنى زۆر بووەو نزیكەى سەدو پەنجاو چوار ساڵ ژیاوە.[54] بەڵام لە راستیدا ئەم قسەیە جێی گومانە، چونكە كەسێك لە تەمەنى 154 ساڵیدا چۆن تواناى بەشدارى جەنگى هەبووە تا لە جەنگدا بكوژرێت بەتایبەت جەنگێك كە لە نێوان موسڵماناندا بووبێت.

ئەنەسی كوڕی موعاذ(رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی موعاذی كوڕی ئەنەسی كوڕی قەیسە، دەشوترێ بەڵكو ناوى ئونەیسە،[55] برایەكى هەبوو بە ناوى ئوبەى.[56]

ئەم  هاوەڵە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە بەنى نەجار، ئەنەس دواى خۆی هیچ نەوەیەكى جێ نەهێشتووە.[57]

ئەم دوو برایە هەردووكیان بەشدارى هەردوو جەنگى بەدر و ئوحودیان كرد و لە خزمەتكردنى ئایینى ئیسلامدا بەردەوام بوون تا لە رۆژی بیئر مەعوونە هەردووكیان شەهید بوون.[58]

هەروەها هاتووە كە ئەنەس بەشدار بووە لە غەزاى خەندەقیشدا، پاشان ژیا تا لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا كۆچی دوایی كرد،[59] ئەم بۆچوونەیان راستترە چونكە ذەهەبیش ئەم رایەى هێناوە،[60] هەروەها ئیبن كەثيریش هەمان راى هێناوە كە لە سەردەمى عوثماندا مردووە.[61]

 

 

 

ئەنەسی كوڕی نەضر (رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی نەضری كوڕی ضه مضهمە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، مامى ئەنەسی كوڕى مالیكە،[62] براى روبەیعى كچى نەضره.[63]

جارێك روبەیعی خوشكی دانى دراوسێیەكیانى شكاندبوو، ئەنەس و كەسوكارى داوایان كرد بیانبوورن، بەڵام ئەوان رازى نەبوون و داواى تۆڵەیان كرد، هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش فەرمانى قیصاصی كرد، ئەنەس وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دانى روبەیع بشكێنن؟ نا سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە ئەوە ناكەن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەى ئەنەس كتێبی خوا بریتیە لە قیصاص_واتە ئەوەى داناوە-، ئەوەبوو بەرامبەرەكە رازى بوون و لێی خۆش بوون، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) فەرموى (إن من عباد الله من لو أقسم على الله لأبره)،[64] (لە بەندەكانى خوا كەسانێ هەن كە ئەگەر سوێندى خوا بدەن خوا سوێندەكەیان ناشكێنێت).

ئەنەس نەیتوانى لە جەنگى بەدردا بەشدار بێت، بۆیە دواى جەنگى بەدر چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە یەكەم جەنگدا كە دژ بە بێباوەڕان ئەنجامت دا من ئامادە نەبووم، سوێند بەخوا ئەگەر ئەمجار خوا دەرفەتم بدات جەنگى بێباوەڕان ببینم و بەشدار بم تیایدا خواى گەورە دەبینێت چی دەكەم، ئەوەبوو جەنگى ئوحود هات و تیایدا ئەنەسی كوڕی نەضریش بەشداری كرد، كاتێ موسڵمانان شكان و بلآوەیان تێكەوت ئەنەس وتى خوایە من پۆزش دێنمەوە لەوەى ئەوانە كردیان-واتە موسڵمانەكان- وە لەبەردەم تۆدا دوورەپەرێز دەبم و تەبەرا دەكەم لەوەى ئەوانە بۆی هاتون و دەیكەن-واتە بێباوەڕان-، دواتر لێنەوى، سەعدى كوڕی موعاذی بینی وتى ئەی سەعد ئەوە بەهەشتە لە خواروو ئوحودەوە سوێند بەخوا بۆنى دەكەم، سەعد دەڵێت ئەوەى ئەنەس كردى من نەمتوانى بیكەم، ئەوەبوو ئەنەس لەو جەنگەدا شەهید بوو، ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت ئەنەسی مامم نزیكەى هەشتاو ئەوەندە جار بەركەوتبوو و تیر و شمشێر و ڕم بەر جەستەى كەوتبوو، دواتر چوون بۆ دۆزینەوەى تەرمەكەى، وا تەرمى شێوێنرا بوو كە نەدەناسرایەوە، روبەیعى خوشكی دەڵێت تەنها بە سەرەپەنجەكەیدا زانیم ئەوە ئەنەسی برامە، ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت: ئێمە وا دەمانڕوانى ئەم ئایەتە لەسەر ئەنەسى كوڕی نەضر و هاوشێوەكانى دابەزیوە (من المؤمنين رجال صدقوا ما عاهدوا الله عليه). [65]

ئەنەسی كوڕی ئەرقەم (رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی ئەرقەمى كوڕی زەیدەو لە هاوەڵە پشتیوانەكانە لە خەزرەجیەكان،[66] هیچ فەرمودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) نەگێڕاوەتەوە، بەڵام لە جەنگ و غەزادا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى كردووەو لە ساڵی سێیەمى كۆچی و لە جەنگى ئوحوددا شەهید بوو و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) شایەتى دا بۆ شەهید بوونەكەى.[67]

ئەنەسی كوڕی ئەوس(رضي الله عنه):

ناوى ئەنەسی كوڕی ئەوسی كوڕی عەتیكی كوڕی عەمرە، لە هاوەڵە پشتیوانیەكانە[68]لە بەنى عەبدولئەشهەل،[69] لە ئوحودو خەندەقدا بەشدارى كرد، رایەك دەڵێت لە خەندەقدا شەهید بوو، خالیدی كوڕی وەلید تیرێكى هاویشت و كوشتى.[70]

لە جەنگى خەندەقدا ئەم هاوەڵانە شەهید بوون:(سەعدى كوڕی موعاذ، ئەنەسی كوڕی عەتیك، عەبدوڵاى كوڕی سەهل، طوفەیلی كوڕی نوعمان، ثهعلەبەى كوڕی غەنەمە، كەعبی كوڕی زەیدی نەجاری).[71]

لە بێباوەڕەكانیش سێ كەس كوژران كە بریتی بوون لە مونەبهی كوڕی عوبەید كە بریندار بوو و لە مەككە مرد، نەوفەلى كوڕی عەبدوڵا كە دواتر بێباوەڕان بۆ وەرگرتنەوەى تەرمەكەى پارەیەكى زۆریان دیارى كرد، عەمری كوڕی عەبد وددى عامری كە عەلى كوڕی ئەبوو طالیب كوشتى.[72]

ئەنەسی كوڕی ئەوسی ئەنصاری(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانەو لە بەنى عەبدولئەشهەلە، جیایە لەو هاوەڵەى پێشوو هەرچەندە ئیبن فەتحوون بە یەكى زانیون بەڵام هەڵەی كردووەو نەیپێكاوە، چونكە ئەم هاوەڵەیان لە سەردەمى ئەمیری باوەڕداران عومەرى كوڕی خەططاب و لە جەنگى جسردا كوژرا.[73]

ئەنەسی كوڕی ئومموئەنەس(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە ناوى باوكى نازانرێت و تەنها لەرێی فەرموودەیەكەوە كە لەسەر دایكی هاتووە ناوى ئەمیش هاتووە، بەڵام رایەك دەڵێت بەڵكو ئومموئەنەس فەرموودەكەى گێڕاوەتەوەو ناوى ئەنەسی تێدا نیە.[74]

ئەنەسی مەولاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم):

ئەنەسی مەولاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكرى صدیقدا كۆچی دوایی كرد، ئەمە جیایە لەو ئەنەسەی كە بە ئەبوو ئونسەش ناسراوە.[75]

 

ئەنەسی هجەنى (رضي الله عنه):

ئەمە باوكى موعاذە، لەو هاوەڵانەیە كە لە شام نیشتەجێ بون، فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، موعاذی كوڕی فەرموودەى لێوە گێڕاوەتەوە.[76]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص135، أسد الغابة، ج1، ص200.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص200.

[3] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج7، ص189.

[4] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص121.

[5] - أسد الغابة، ج1، ص187.

[6] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص121.

[7] - البخاري: التاريخ الكبير، ج2، ص30.

[8] - دلائل النبوة لأبي نعيم الأصبهانى، الرقم 476،

[9] - أسد الغابة، ج1، ص187.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص256.

[11] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص122-123.

[12] - أسد الغابة، ج2، ص 365.

[13] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص122.

[14] - أسد الغابة، ج1، ص188.

[15] - الإصابة  في تمييز الصحلبة، ج1، ص123.

[16] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص124.

[17] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص112، أسد الغابة، ج1، ص 189.

[18] - أسد الغابة، ج1، ص 189.

[19] - أسد الغابة، ج1، ص 146.

[20] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص95، أسد الغابة، ج1، ص 146.

[21] -  الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص124.

[22] - أسد الغابة، ج3، ص102.

[23] - التأريخ الكبير للبخاري، ج2، ص28، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهانى، الرقم 782.

[24] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص125.

[25] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص125.

[26] - أسد الغابة، ج1، ص190، الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص125.

[27] - أسد الغابة، ج1، ص190.

[28] - أسد الغابة، ج1، ص190-191.

[29] - أسد الغابة، ج1، ص191، الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص137.

[30] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص464.

[31] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص137.

[32] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج7، ص611.

[33] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج3، ص315.

[34] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص201، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهانى، الرقم 795، الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص137.

[35] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص113.

[36] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص464.

[37] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص138.

[38] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص464.

[39] - أسد الغابة، ج1، ص 202.

[40] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص137.

[41] -  أسد الغابة، ج1، ص 202.

[42] -الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص126.

[43] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج6، ص128.

[44] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص129.

[45] -  أسد الغابة، ج1، ص197.

[46] -  البدايةو النهاية لابن كثير، ج6، ص354.

[47] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص77 و ج3، ص207، البدايةو النهاية لابن كثير، ج6، ص354.

[48] - سنن أبي داود، الرقم 2153، المستدرك على الصحيحين، الرقم 2371، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17147، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 409، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه الألباني في صحيح وضعيف سنن أبي داود، الرقم2501.

[49] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج7، ص102.

[50] - المائدة: 67.

[51] -  فتح الباري  شرح صحيح البخاري لابن حجر العسقلاني، ج13، ص19.

[52] -  أسد الغابة، ج1، ص195.

[53] -  لإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص130.

[54] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص130.

[55] - أسد الغابة، ج1، ص197.

[56] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص70، أسد الغابة، ج1، ص81.

[57] - أسد الغابة، ج1، ص197.

[58] - أسد الغابة، ج1، ص81، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص30.

[59] -  أسد الغابة، ج1، ص197.

[60] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص337.

[61] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص220.

[62] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص108، أسد الغابة، ج1، ص198، الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص132.

[63] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج7، ص642

[64] -  صحيح البخاري، الرقم 2576، صحيح مسلم، الرقم 3260،  صحيح ابن حبان، الرقم 6584، سن أبي داود، الرقم 4000، سنن ابن ماجة، الرقم 2645، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6744،السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 14985، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12060، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3423، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20504.

[65] -  صحيح البخاري، الرقم 2670، صحيح مسلم، الرقم 3614،  صحيح ابن حبان، الرقم 4845، سن الترمذي، الرقم 3206، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13391، مسند الطيالسي، الرقم 2143، الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص132، أسد الغابة، ج1، ص199.

الإصابة  في تمييز الصحابة، ج7، ص642.

[66] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص 120.

[67] - أسد الغابة، ج1، ص 184.

[68] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص121.

[69] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص305، البدايةو النهاية، ج4، ص115.

[70] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص121.

[71] - ابن هشام: السيرة النبوية، ط1، دارالجيل(بيروت – 1411 هجرية)،  ج4، ص214، البدايةو النهاية، ج4، ص115.

[72] - البدايةو النهاية، ج4، ص116.

[73] - الإصابة  في تمييز الصحابة، ج1، ص121.

[74] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص25.

[75] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 133.

[76] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 134.

 2470
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.