دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زانایانێك كە تایبەت بە هاوەڵان نووسینیان هەیە 5- ئیبن ئەثیر

ئیبن ئەثیر


ناوی عەلی كوڕی موحەممەدی كوڕی موحەممەدی كوڕی عەبدولكەریمی كوڕی عەبدولواحیدی جزیری شەیبانیە، ناسراوە بە عیزەدین ئیبنولئەثیر، (1) زانایەكی گەورەی موسڵمانانە و بە رەچەڵەك كوردە.
لە چواری مانگی جەمادیلئوولای ساڵی 555 كۆچی لە جزیرەی ئیبن عومەر لەدایك بووە. (2) دوو برای دیار و زانای هەبوو كە ئەوانیش بریتی بوو لە مەجدەدین و وەزیر ضیائەدین. (3)
پاش ماوەیەك لە ژیانیان باوكیان ئەوانی بردووە بۆ موصڵ، لەوێ دەرفەتی زیاتریان بۆ لواوەو نەویونەتە زانست و هەوڵیانداوە تا ئەوەی بوونەتە كەسی دیار و هەڵكەوتە. (4)
سەردەمی ژیانی ئەم زانایە هاوسەردەمی سەركردەی گەورەی ئیسلامی كورد صەلاحەدینی ئەیووبیە و بە وردیش زۆر رووداوی پەیوەست بەو سەركردەی لە كتێبە مێژووییەكەیدا (الكامل فی التاریخ) تۆمار كردووە. (5)
لە مامۆستاكانی بریتی بوون لە:
خەطیب ئەبولەضلی طووسی  
یەحیای كوڕی مەحموودی ثه قەفی    
موسلیمی كوڕی عەلی سیحی  
عەبدولمونعیم ئیبن كولەیب   
یەعیشی كوڕی صەدقە  
عەبدولوەهابی كوڕی سكینە
ئەبولقاسم ئیبن صەصری.
هەندێ‌ لە خوێندكارەكانی:
ئیبندوبەیپی  
مەجدەدین ئیبنولعەدیم  
زانا ئەلقووصی  
ئیبن عەساكیر كە فەرموودەی لێوە گێڕاوەتەوە  
ئەبوو سەعیدی قضائی. (6)
ماڵەكەی لە موصڵ ببووە لانەیەك بۆ زانایان و زانستخوازان، زانایەكی دیاری هەڵكەوتە بوو لە هەردوو بواری مێژوو  و فەرموودەشدا. (7)
لە دیارترین نووسینەكانی
أسد الغابە فی معرفە الصحابە
الكامل فی التأریخ
التاریخ الباهر فی الدولە اڵاتابكیە
جامع اڵاصول فی أحادیث الرسول
اللباب فی تهذیب اڵانساب
ئیبن ئەثیر سەر بە مەزهەبی ئیمامی شافیعی بووە. (8)
لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا بە تەواوەتی روویكردوەتە زانستی فەرموودە و خۆی سەرقاڵ كردووە بەو بوارەوە.  (9)
لە ساڵی 626 كۆچیدا وەك نوێنەر چووە بۆ شام و لە دیمەشق و حەلەب سەرقاڵی فەرموودە بووە، لەوێ‌ گواشی شەهابەدین  گوغرول  بە گەرمی پێشوازی لێكردووەو رێزی زۆری گرتووە، پاشان لە ساڵی 627 دا چووە بۆ دیمەشق، ماوەیەك لەوێ ماوەتەوەو دواتر لە ساڵی 628 دا گەڕاوەتەوە بۆ حەلەب و ماوەیەكی كەم لەوێ ماوەتەوە ئینجا گەڕاوەتەوە بۆ موصڵ.  (10)
سەبارەت بە مردنی راجیایی هەیە لەسەر مانگی مردنەكەی، لە ساڵی 630 كۆچیدا وەفاتی كردووە، رایەك پێی وایە لە مانگی رەمەزاندا مردووە، رایەكی تر پێی وایە لە 25 شەعباندا وەفاتی كردووە، رایەكی تر هەیە كە دەڵێت لە مانگی شەعباندا بووە بێ ئەوەی رۆژەكەی دیاری بكات، بەڵام ئیمامی ژەهەبی دەڵێت دەست نووسێكیم دیوە كە تەصحیحی نووسینێكی كردووە لە پانزەی شەعباندا نووسیویەتی، واتە تا ئەوكاتە وەفاتی نەكردووە. (11)
كاتێ‌ وەفاتی كردووە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵ بووە. (12)

كتێبی (أسد الغابة فی معرفة الصحابة):
نووسەر لەم كتێبەدا هەوڵیداوە ناوی هەموو ئەو هاوەڵانە بهێنێت كە ناویان زانراوەو رەچەڵەكیان باس بكات، كاتی موسڵمان بوونیان و ژیانیان لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هەندێ لەو فەرموودانەی كە گێڕاویەتیەوە دێنێ، دواتریش شوێن‌و كاتی وەفاتی دێنێ، ناوی ئەوانەشی هێناوە كە راجیایی هەیە لەسەر هاوەڵبوونی، هەروەها ناوی ئەو جنۆكانەش دێنێ كە باوەڕدار بون بەڵام راستەوخۆ دان نانێت بە هاوەڵ بوونیاندا، پێچەوانەی ئیبن حەجەر كە راشاكاوانە بە ناوهێنانی ئەو جنۆكانە بە هاوەڵیان دەزانێت مادەم مەرجەكانی هاوەڵ بوونیان تێدایە.
لەم كتێبەدا ئیبن ئەثیر ژیانی 7554 كەسایەتی هێناوەو هاوەڵ بوونی هەركام لەوانەی باسكردووە، ئەوەشی گومان هەیە لەسەر هاوەڵبوونی ئاماژەی پێداوە، تیایدا زۆر پشتی بەستووە بە هەریەك لە نووسینەكانی ئەبوو موسا و ئیبن مەندە و ئەبوو نوعەیمی ئەصبەهانی و ئیبن عەبدولبەر تایبەت بە هاوەڵان، ئەم كتێبە یەكێكە لە ناوازەترین نووسینەكانی تایبەت بە هاوەڵانی پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم).
................................


پەراوێز:
  - ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج3ص ، الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج22 ص353، ابن كثير، البدايةو النهاية، ج13، ص139، ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج5ص137.
٢- ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج3ص349.
٣- الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج22 ص353.
٤- ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج3ص349
٥- بڕوانە كتێبەكەی خۆی (الكامل في التأريخ).
6- الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج22 ص 354.
7- ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج3ص348.
8- ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج5ص137.
9- الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج22 ص356.
10- ابن خلكان: وفيات الأعيان، ج3ص349.
11- الذهبي: سير أعلام النبلاء، ج22 ص356.
12- ابن كثير: البدايةو النهاية، ج13، ص139، ابن العماد الحنبلي: شذرات الذهب، ج5ص137.


 5414
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.