دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان بە پیتی (ج) دەستپێدەكات و زانیارییان لەسەر كەمە

جەعفەرى كوڕی موحەممەد(رضي الله عنه)

ناوى جەعفەرى كوڕی موحەممەدى كوڕی مەسلەمەیەو لە پشتیوانانەو لە فەتحى مەككەو غەزاكانى دواتریشدا بەشداری كرد.[1]

جەعفەرى كوڕی ئەبووسوفیان (رضي الله عنه)

ناوى جەعفەرى كوڕی ئەبوسوفیانى كوڕی حارثى كوڕی عەبدولموطهلیبە، لەگەڵ باوكیدا چوەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بووەو لەگەڵ باوكیشیدا لە غەزاى حونەیندا بەشدارى كرد.[2]

جەعفەرى كوڕی یەزید(رضي الله عنه)

ناوى جەعفەرى كوڕی یەزیدی كوڕی هاشمى قوڕەیشیە، برایەكى هەبوو بەناوى ركانە، لە غەزاى خەیبەردا كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستكەوتەكانى دابەش كرد پەنجا كۆڵ خورماى پێ بەخشی، ئەوەندەشی بەخشی بە ركانەى براى.[3]

جەمووحى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى جەمووحەو لە هاوەڵە پشتیوانیەكانە لە خەزرەجیەكان لە بەنی سەلەمە.

بەنى سەلەمە بتێكیان هەبوو كە پێی دەوترا مەناف، كەسێك لە هۆزەكە كە پێی دەوترا جەمووح هەستاو ئەو بتەى بە پەتێكەوە بەستەوە بە سەگێكەوە، ئینجا فڕێی دایە ناو بیرێكەوە-چاڵێكەوە- و بە شیعر گاڵتەى پێ دەكرد.[4]

 

جەمیعی كوڕی مەسعوود(رضي الله عنه)

ناوى جەمیعی كوڕی مەسعوودى كوڕى عەمرى كوڕی ئەصرەمە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێك بوو لە خێرخوازەكان.[5]

جەنادەى كوڕی تەمیم (رضي الله عنه)

ناوى جەنادەى كوڕی تەمیمی مالیكی كینانیە، تاكە بەڵگەى هاوەڵبوونى ئەوەیە كە عەمرى كوڕی عاص لە جەنگى ئەجنادەین ئەوى وەك بەرپرسى یەكەیەكى سوپا داناوە،[6] پێشتریش وتمان ئەو هاوەڵانە تەنها گەورە هاوەڵانى دیاریان دەكرد بە بەرپرسی سوپا و ناوچەكان.

 

جەنادەى كوڕی ئەبی نەقبە (رضي الله عنه)

ناوى جەنادەى كوڕی ئەبی نەقبە عەبدوڵاى كوڕی عەلقەمەیە، برایەكى هەبوو بە ناوى هوذەیم كە هەردووكیان لە جەنگى یەمامەدا شەهید بوون.[7]

جەنادیحی كوڕی مەیموون (رضي الله عنه)

ناوى جەنادیحى كوڕی مەیموونەو دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد.[8]

جەندەلى كوڕی نەضله(رضي الله عنه)

ناوى جەندەلى كوڕی نەضلهى كوڕی عەمرە، چوویە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من شاعیرێك بووم و هاوەڵێكى جنۆكەشم هەبوو، ئاگادارى كردمەوە لە هاتنى تۆ، منیش بەرەو لاى تۆ هاتم، ئەویش بە شیعرێك هانى دام تا بەرەو لاى تۆ بێم، ئەوەبوو جەندەل هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[9]

جەهبەلى كوڕی سەیف(رضي الله عنه)

ناوى جەهبەلى كوڕی سەیفەو لە بەنى جەللاحە، ئەم هاوەڵە بوو كە هەواڵی وەفاتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) برد بۆ حەضرەمەوت.[10]

جەهدەمە (رضي الله عنها)

ئەم ئافرەتە ناوى جەهدەمەیەو هاوسەری بەشیری كوڕی خەصاصیەیە،[11] ئەم ژنە سێ فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[12]

 

جەهر (رضي الله عنه)

ناوى جەهرەو كونیەكەى ئەبووعەبدوڵایە، كوڕێكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[13]

جەهر دەڵێت لە دواى پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) قورئانم دەخوێند، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كە لاى كردەوە فەرمووى (یا جهر أسمع ربك و لا تسمعنی)،[14] (ئەی جەهر ئەوە بخوێنە تا خوا بیبیستێت نەك من بیبیستم).

جرمووزى كوڕی ئەوس(رضي الله عنه)

ناوى جرمووزى كوڕی ئەوسی كوڕی عەبدوڵاى كوڕی جەریری هوجەیمیە، دواتر لە بەصرە نیشتەجێ بوو.[15]

جرمووز كوڕێكی هەبوو بە ناوى حارث كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[16]

جرمووز دەڵێت وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئامۆژگاریم بكە، ئەویش فەرمووى (أوصیك ألا تكون لعانا)،[17] (وەسیەتت بۆ دەكەم-ئامۆژگاریت دەكەم-كەسێ نەبیت نەفرەت بكەیت-نەفرەت نەبەخشیتەوە بەرامبەر خەڵك-).

بۆیە جرمووز هەتا ئەو رۆژەى وەفاتى كرد نەفرەتی لە یەك كەس نەكرد.[18]

 

جوبەیبی كوڕی حارث(رضي الله عنه)

لە فەرموودەیەكدا باسی هاتووە كە دایكی باوەڕداران عائیشە دەیگێڕێتەوەو دەڵێت جوبەیبى كوڕی حارث هات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى من تەواو تاوانم لەسەر كەڵەكە بووە، ئەویش فەرمووى (دەى بگەڕێرەوە بۆ لاى خوا ئەى جوبەیب)، ئەویش وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من تەوبە دەكەم و دواتر دەگەڕێمەوە سەر تاوانەكە، ئەویش فەرمووى (دەى هەركات تاوانت كرد تەوبە بكە)، وتى ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەى تاوانەكانم زیاد دەبن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (عفو الله أكثر من ذنوبك يا جبيب بن الحارث)، (لێخۆشبوونى خوا زۆر زیاترە لە تاوانەكانى تۆ ئەى جوبەیبی كوڕی حارث).[19]

جوەینی كوڕی نابیغە (رضي الله عنه)

ناوى جوەینی كوڕی نابیغەیە، هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، دواتر كۆچی كرد بۆ شام و لەوێ لەگەڵ سەركردەكاندا بوو، دواتر لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبوسوفیاندا گەڕایەوە بۆ ناوچەی هۆزەكەى خۆی.[20]

 

جودەى كوڕى موررە (رضي الله عنه)

ناوى جودەى كوڕی موررەى كوڕی سوراقەى بەلویە، هاودەم بە باوكى لە غەزاى خەیبەردا بەشدارى كرد و هەردووكیان لەو غەزایەدا شەهید بوون.[21]

جودەیع (رضي الله عنه)

ناوى جودەیعى كوڕی سەبرەیەو لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد،[22] بەڵام ئیبن ئەثير بە جوذرە ناوى هێناوە.[23]

 

جودەیعی كوڕی نوذەیر (رضي الله عنه)

ناوى جودەیعی كوڕی نوذەیرى مورادی كەعبیە، یەكێك بوو لە خزمەتكارەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام گێڕانەوەى لێوە تۆمار نەكراوە.[24]

جودەیمەى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى جودەیمەى كوڕی عەمرى عەصریە، یەكێك بووە لە ئەندامانى وەفدى عەبدولقەیس.[25]

جوذامەى كچی جەندەل(رضي الله عنها)

ناوى جوذامەیەو كچی جەندەلە،[26] ئیبن ئەثير دەڵێت ناوى جودامەیە،[27] یان دەوترێت كچی وەهبە، لە دەستەى یەكەمینی موسڵمانبوانى ناو مەككە بوو، كۆچی كرد بۆ مەدینە.[28]

جوذامە ژنی ئونەیسی كوڕی قەتادەى ئەوسی بوو، ئەو پیاوە ژنێكى تریشی هەبوو بە ناوى خەنسائی كچی خذام، ئەم پیاوەش لە غەزاى ئوحوددا شەهید بوو.[29]

جوذامە فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[30]

جورەیجى ئیسرائیلی(رضي الله عنه)

ناوى جورەیجە و سەرەتا جوولەكە بووو موسڵمان بووەو چوویە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[31]

ئیبن ئەثيریش ناوى هاوەڵێكی هێناوە بە ناوى جورەیج كە كونیەكەى ئەبووشاتەو كوڕی سەلامەى كوڕی ئەوسە و دەڵێت لە بەیعەتى عەقەبەدا بەشدار بوو و تیایدا بەیعەتى داوە بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[32]

جوعشەمولخەیر (رضي الله عنه)

ناوى جوعشەمولخەیری كوڕی خولەیبەى كوڕی شاجی كوڕی مەوهیبى صەدەفی حورەیمیە، یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) جلەكەى خۆی كردە بەرى و نەعلەكانى خۆی پێدا و لە قژی خۆیشی پێدا.[33]

جوعشەمولخەیر ئامینەى كچی طليقى بەهاوسەرگرت.[34]

جوعشەمولخەیر دواى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیاو لە سەردەمى فەتحى میصردا بەشدارى كرد.[35]

جولەیحەى كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى جولەیحەى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی موحاریبە، یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى طائیف و لەو غەزایەشدا شەهید بوو.[36]

جومانەى كچی حەسەن (رضي الله عنها)

ناوى جومانەى كچی حەسەنەو لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) لەدایك بوو و حوذەیفەى كوڕی یەمان ئەم ئافرەتەى بەهاوسەرگرت.[37]

جومانەى كچی ئەبووطالیب(رضي الله عنها)

ناوى جومانەی كچی ئەبووطالیبە، ئەم ئافرەتە شووی كرد بە ئەبووسوفیانى كوڕی حارث و عەبدوڵاى لێ بوو، جومانە خوشكى ئومموهانیئیش بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتى فەتحى خەیبەردا پشكى سی كۆڵ خواردنى بۆ جومانە بڕیەوە.[38]

دایكی جومانە ناوى فاطيمهى كچی ئەسەد بوو.[39]

هەروەها كوڕێكی هەبوو بە ناوى جەعفەر.[40]

جومەیلى كچی یەسار (رضي الله عنها)

ناوى جومەیلى كچی یەسارە، خوشكی مەعقیلى كوڕی یەسارە.[41]

مەعقیلی كوڕی یەسارى موزەنى دەڵێت من خوشكێكی خۆم لە پیاوێك مارە كرد، ئەویش تەلآقی دا، كە عیددەى خوشكەكەم تەواو بوو كابرا هاتەوەو خوازبێنی كردەوە، منیش پێم وت خوشكەكەمم لێ مارە كردیت و رێزم لێنایت كەچی تۆ تەلآقت دا، ئێستایش هاتوویتەتەوەو هەمتر خوازبێنی دەكەیت؟ نا سوێند بەخوا جارێكی تر نایبینیتەوە، ئەو كابرایش كابرایەكى خراپ نەبوو، ئافرەتەكەش دەیویست بچێتەوە بۆ لاى، ئەوەبوو خواى گەورە ئەم ئایەتەى دابەزاند(فلا تعضلوهن أن ينكحن أزواجهن....) منیش چووم و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێستا رازیم، ئەوەبوو خوشكەكەمم مارە كردەوە لێی.[42]

 

جومەیمەى كچی حومام (رضي الله عنها)

ناوى جومەیمەى كچی حومامى كوڕی جەمووحە، ئەم ئافرەتە لە پشتیوانانەو یەكێكە لەوانەى كە بەیعەتیان دا بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[43]

 

جونادە (رضي الله عنه)

سەبارەت بە رەچەڵەكى ئەم هاوەڵە زانیاری نیە، بەڵام ناوى لە فەرموودەیەكدا هاتووە كە تیایدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نامەى نووسیوە بۆ جەنادە، نامەكەش بەم جۆرەیە (ئەمە نووسراوى موحەممەدى پێغەمبەرى خوایە بۆ جەنادەو هۆزەكەى و ئەوانەى شوێنی كەوتون بە نوێژبەجێگەیاندن و زەكات دان، وە ئەوەش گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەكەى بێت ئەوە پەناى خوا و پەناى پێغەمبەرەكەى بۆ هەیە).[44]

بەپێی ئەو زانیاریەى كە ئیبن سەعد هێناویەتى جونادە ئەزدى بووە، چونكە ئەو نامە دێنێ كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نووسیویەتى و دەڵێت بۆ جەنادەى ئەزدى نووسیوە.[45]

 

جونبوذى كوڕی سەبع(رضي الله عنه)

ناوى جونبوذى كوڕی سەبع یان كوڕی سەبوعەو كونیەكەى ئەبوو جومعەیە.[46]

جونبوذ دەڵێت دەمەو بەیانى رۆژ بێباوەڕ بووم و دژ بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەجەنگام، كەچی دەمەو ئێوارەكەى بە موسڵمانى لە ریزی سوپاى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەجەنگام، ئێمە سێ پیاو و شەش ژن بووین-كە موسڵمان بووین-، ئەم ئایەتەش لەسەر ئێمە دابەزی(لولا رجال مؤمنون و نساء مؤمنات...[47] لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە دەڵێت ئێمە نۆ كەس بووین، حەوت پیاو و دوو ژن.[48]

ئیبن قەییم سەبارەت بەو ئایەتە دەڵێت: ئەو كەسانە لەناو هۆزەكەیاندا ئیمانى خۆیان دەشاردەوەو نەیاندەتوانى ئاشكراى بكەن.[49]

قورطوبی دەڵێت واتە ئەو باوەڕدارانەى ناو مەككە كە لەنێوەندى بێباوەڕاندا بوون.[50]

جوهەیشی كوڕی ئوەیس(رضي الله عنه)

ناوى جوهەیشی كوڕی ئوەیسی نەخەعیە،[51] ئیبن سەعد دەڵێت ناوە ئەسڵیەكەى رەقەمە،[52] وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[53]

ئەبووهورەیرە دەڵێت جوهەیشی كوڕی ئوەیسی نەخەعى لەگەڵ دەستەیەك لە هاوەڵانى لە هۆزى مەذحیج هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[54] كە هاتنە خزمەتى، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێشنیازى موسڵمانبوونى كرد بۆیان و ئەوانیش رازى بوون و بەیعەتیان پێدا، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەرسام بوو بە هەڵكەوتەییان و فەرمووى ئایا لە هۆزەكەتاندا كەسی وەك خۆتان هەیە؟ ئەوانیش وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێمە لە هۆزەكەماندا حەفتا كەسمان هەیە كە هەموویان لە ئێمە باشترن، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد بۆ هەردووكیان و بۆ هۆزەكانیان و فەرمووى (خوایە بەرەكەت بخەرە ناو نەخەعەوە).[55]

جوهەیمی كوڕی صەلت (رضي الله عنه)

ناوى جوهەیمی كوڕی صەلتى كوڕی مەخرەمەیە،[56] دایكی ناوى روهەیمەیە، جوهەیم لە دایكیەوە برایەكى هەبوو بە ناوى جەهمى كوڕی قەیس كە لە دەستەى یەكەمى موسڵمان بوان بوو،[57] سەبارەت بە كاتى موسڵمانبوونى راجیایی هەیە، رایەك دەڵێت لە فەتحى خەیبەردا موسڵمان بووەو لە دەستكەوتیشیدا پشكی هەبووەو پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سی كۆڵ خواردنى پێدا، رایەكى تر دەڵێت لە شەڕی تەبووكدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە رێككەوتنى بەست لەگەڵ بەحنەى كوڕی روئبەدا، نووسەرەوەى رێككەوتنەكە جوهەیم بوو، واتە لەو سوپایەدا بەشدار بووەو موسڵمان بووە، رایەكیش دەڵێت دواى فەتحى مەككە موسڵمان بوو.[58]

ئیبن ئەثير پێی وایە موسڵمانبوونەكەى لە ساڵی فەتحى خەیبەردا بووە،[59] هەروەها ناوى جوهەیمی كوڕی صولەیتى لە لیستى ئەو ناوانەدا هێناوە كە نووسەرەوەى خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بون.[60]

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نامەى نووسی بۆ یەزیدی كوڕی طوفەیل، نووسەرەوەى نامەكەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) جوهەیم بوو.[61]

جیبارەى كوڕی زورارە (رضي الله عنه)

ناوى جیبارەى كوڕی زورارەى بەلویە، هاوەڵی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) كردو دواى ئەویش ژیا و لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد، بەڵام هیچ فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) نەگێڕاوەتەوە.[62]

جیددار (رضي الله عنه)

ناوى جیددارى ئەسلەمیە، فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوەو دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە غەزادا بووین، كە گەیشتین بە دوژمن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەستا و سوپاس و ستایشی خواى كرد، دواتر فەرمووى:(أيها الناس إنكم قد أصبحتم وعليكم من الله نعم...[63] (ئەى خەڵكینە ئێوە كە وا رۆژتان كردووەتەوە بەخششی خواتان بەسەرەوەیە...).

سەنەدى ئەم فەرموودەیە لاوازە وەك چۆن ئیبن حەجەر دەقی زانایانێكی لەو بارەوە هێناوە كە هەموویان بە لاوازیان داناوە.[64]

 

جیسر (رضي الله عنه)

ناوى جیسری كوڕی وەهبی كوڕی سەلەمەى ئەزدیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى زەهران، جیسر دەڵێت بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (الخيل في نواصيها الخير إلى يوم القيامة)، (ئەسپ تا رۆژی دوایی خێر بە یاڵەكانیەوەیەتى)، ئیبن حەجەر دەڵێت ئەم سەنەدە مەجهوولە.[65]

 

 



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 489.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 485.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 488.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 498.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 498.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 503.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 504.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 502.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 517.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 517.

[11] - أسد الغابة، ج7، ص 62.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 564.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 520.

[14] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2157، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1622.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 471.

[16] - أسد الغابة، ج1، ص 405.

[17] - الآحاد و المثانى لابن أبي عاصم، الرقم 1067، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20151، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2139، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1590، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 471، صححه الألباني في صحيح و ضعيف الجامع الصغير و زيادته، الرقم 4307.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 79.

[19] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1603،  أسد الغابة، ج1، ص 395.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 526.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 469.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 468.

[23] - أسد الغابة، ج1، ص 402.

[24] - أسد الغابة، ج1، ص 402.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 469.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 551.

[27] - أسد الغابة، ج7، ص 53.

[28] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 551

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 551.

[30] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 243.

[31] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 474.

[32] - أسد الغابة، ج1، ص 408.

[33] - أسد الغابة، ج1، ص 419.

[34] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 277.

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 484.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 496.

[37] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 567.

[38] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 553.

[39] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 122.

[40] - أسد الغابة، ج1، ص 420.

[41] - أسد الغابة، ج7، ص 57.

[42] - صحيح البخاري، الرقم 4838.

[43] - أسد الغابة، ج7، ص 62.

[44] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1561.

[45] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 270.

[46]- الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 506.

[47] - مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 1525، المطالب العالية لابن حجر العسقلاني، الرقم 3795.

[48] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1557، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2161،

[49] - التفسير القيم لابن القيم، ج1، ص 190.

[50] - الجامع لأحكام القرآن للقرطبي، دار عالم الكتب(الرياض-2003)، ج16، ص 285.

[51] - أسد الغابة، ج1، ص 455.

[52] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 346.

[53] - أسد الغابة، ج1، ص 455.

[54] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1618، قال ابن الأثير (في إسناد حديثه نظر)، انظر: أسد الغابة، ج1، ص 455.

[55] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 346.

[56] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 524.

[57] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 122.

[58] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 524.

[59] - أسد الغابة، ج1، ص 455.

[60] - أسد الغابة، ج1، ص 80.

[61] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 268.

[62] - أسد الغابة، ج1، ص 389.

[63] - أسد الغابة، ج1، ص 401-402.

[64] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 466.

[65] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 480.

 2157
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.