دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  سەعدى كوڕی عوبادە(رضي الله عنه)

ناوى سەعدى كوڕی عوبادەى كوڕی دولەیمە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، كونیەكەى ئەبووثابت یان ئەبووقەیسە، دایكی ناوى عومرەى كچی مەسعوودە و هاوەڵی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم).[1]

سەعد كوڕێكی هەبوو بە ناوى سەعید، كوڕێكی تری ناوى موحەممەد بوو، كوڕێكی تری ناوى عەبدوڕەحمان بوو، دایكی ئەم سێ كوڕەی غەزیەی كچی سەعد بوو كە خێزانى سەعدى كوڕی عوبادەیە، لە ژنێكی تری كە ناوى فكیهەى كچی عوبەیدە هەریەك لە ئومامە و سدوسی هەبوو.[2]

سەعد یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە و یەكێكە لە دوانزە نەقیبەكە.[3]

جارێك سەعد چوو بۆ مەككەو لەوێ خەڵكی مەككە سەعدیان گرت و زۆریان لێدا، هێندەیان لێدا جەستەی تەواو خوێناوى بوو، كابرایەك هات و وتى ماڵوێران كەس ناناسیت لە مەككە پەنات بدات؟ ئەویش وتى نا، بەڵام جاران عاصی كوڕی وائیل دەهاتە مەدینە و ئێمەش رێزمان لێدەگرت، یەكێك لەوێ بوو كە عەددى كوڕی قەیس بوو، وتى باسی ئامۆزاكەى منى كردووە، بەخوا یەك كەس نابێت نزیكی بێتەوە، بۆیە وازیان لێهێنا.[4]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە مەدینە، سەعد هەموو رۆژێك بڕێك گۆشت و تریتی بۆ دەنارد، ئیتر ئەو قاپەی سەعد لەگەڵ چوونى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ ماڵی هاوسەرەكانى دەبرا بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[5]

سەعد یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.

سەعد كوڕێكی هەبوو بە ناوى قەیس، قەیسی برد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا خزمەتى بكات.[6]

هێشتا غەزاى بەدر رووی نەدابوو رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر ولآخێ بوو، دەچوو بۆ سەردانى سەعدى كوڕی  عوبادە، ئوسامەى كوڕی زەیدیش لەدوایەوە لەگەڵیدا سەركەوتبوو، ئەمەش لەپێش جەنگى بەدردا بوو، داى بەلاى كۆڕێكدا كە موسڵمان و جوولەكە و بتپەرستیشى تێدابوو، عەبدوڵاى كوڕی ئوبەى كوڕی سەلولیش لەوێ بوو، هەروەها عەبدوڵاى كوڕی رەواحەش لەوێ بوو، كاتێ تەپوتۆزى ولآخەكە بەر كۆڕەكە كەوت، عەبدوڵاى كوڕی ئوبەى لووتى خۆی بە عەباكەى داپۆشی، ئینجا وتى تۆزمان بەسەردا مەكەن، پغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەلامى بۆ كردن و دواتر وەستا و بانگى كردن بۆ لاى خوا و قورئانى بەسەریاندا خوێندەوە، عەبدوڵاى كوڕی ئوبەى كوڕی سەلول وتى هۆ كابرا، ئەوەى تۆ دەیڵێیت ئەگەر حەق بێت لەوە باشتر نیە، دەى ئیتر لە مەجلیسەكانماندا بێزارمان مەكە و برۆرەوە بۆ شوێنی خۆت، هەركامان هات بۆ لات بۆى بخوێنەرەوە و قسەى خۆتى بۆ بكە، عەبدوڵاى كوڕی رەواحە وتى ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەرە مەجلیسمان ئێمە دڵخۆشین بەوە، موسڵمان و بێباوەڕ و جوولەكەكان بەینیان شلۆق بوو، خەریك بوو بدەن بە یەكدا، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئارامى كردنەوە، ئینجا سوارى ولآخەكەى بوویەوە و چوو بۆ لاى سەعدى كوڕی عوبادە، پێی فەرموو ئەی سەعد نەتبیستووە ئەبووحوباب چی وتووە؟ مەبەستی عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی بوو، ئاوها و ئاواى وت، سەعد وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لێی خۆش بەو چاوپۆشی لێ بكە، سوێند بەوەى قورئانى بۆ دابەزاندویت خواى گەورە ئەو حەقە دێنێت كە بۆ تۆی ناردووە، خەڵكی ئەم ناوچە رێككەوتبوون بیكەن بە سەرگەورەى ئێرە، كە خوا تۆی بە حەق نارد ئەو بەوە بێزار بوو، بۆیە دەبینیت ئەوە دەكات كە لەبەرچاوتە.[7]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە، سەعد داواى كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێت بۆ ماڵی ئەو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد وازبهێنن تا بزانن وشترەكە لەكوێ مۆڵ دەخوات.[8]

تەنها ساڵێك بەسەر هاتنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە تێپەڕ بووبوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە دەرچوونێك دەرچوو و سەعدى وەك بەرپرسی مەدینە جێهێشت.[9]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچوو بۆ غەزاى بەدر كەوتە راوێژكردن بە هاوەڵان،[10] كاتێك سەرەى سەعدى كوڕی عوبادە هات قسە بكات، هەستایە سەرپێ و وتى: مەبەستت ئێمەیە ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)؟ سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە، ئەگەر فەرمانمان پێ بكەیت تاوبدەینە ناو ئەو دەریایە تاو دەدەین، ئەگەر فەرمانمان پێ بكەیت بچینە جەرگەیەوە دەچین.[11]

ئیبن كەثير وتەیەكی هێناوە دەڵێت راى راستتر ئەوەیە ئەوە قسە هی سەعدى كوڕی موعاذ بووە، چونكە سەعدى كوڕی عوبادە نەچووە بۆ جەنگى بەدر لەبەرئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى وەك بەرپرسی مەدینە جێهێشتووە یان لەبەرئەوەى دەوترێت مارێك سەعدى كوڕی عوبادەى گەستووە،[12] بەڵام هەر لە گێڕانەوەى تردا هێناویەتى كە سەعدى كوڕی عوبادە لە غەزاى بەدردا ئالآى پشتیوانانى پێ بووە.[13]

كاتێك منداڵێكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەرەمەرگدا بو-ئیبراهیمی كوڕی بوو-، هەواڵ برا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،سەعدیش یەكێك بوو لەوانەى كە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو، كاتێك ئیبراهیم گیانى دەدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فرمێسك بە چاوەكانیەوە بوو، سەعد وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە چیە؟ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (هذه رحمة جعلها الله في قلوب عباده، وإنما يرحم الله من عباده الرحماء)،[14] (ئەوە رەحمەتى خوایە كە خوا خستوویەتیە ناو دڵی بەندەكانیەوە، خواى گەورە رەحم بە بەندە بەرەحمەكانى دەكات).

دایكی سەعد لە ساڵی پێنجەمى كۆچیدا وەفاتى كرد، ئەوكات سەعد لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە غەزاى دەومەتەلجەندەل بوو.[15]

دایكى سەعد لە سەرمەرگدا بوو و سەعدیش لە غەزایەكدا بوو، بە دایكیان وت وەسیەت ناكەیت؟ ئەویش وتى سامانەكە هەمووى هی سەعدە وەسیەتى چی بكەم؟ كە سەعد هاتەوەو ئەوەی بیست پرسیارى كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئایا خێری بۆ بكات سوودى پێ دەگەیەنێت؟ فەرمووى بەڵێ، سەعد وتى دەى فلآنە باخ دەكەم بە خێر بۆی.[16]

كاتێك دایكی سەعد وەفاتى كرد، سەعد لەوێ نەبوو، دواتر هاتەوە زانى وەفاتى كردووە، چوویە خزمەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دایكم مردووەو من لێرە نەبوم، ئایا ئەگەر خێری بۆ بكەم سوودى پێ دەگەیەنێت؟ فەرمووى (بەڵێ)، سەعد وتى دەى تۆ بەشایەت دەگرم ئەو باخەم دەكەم بە خێر بۆی.[17]

سەعد دەڵێت كاتێك دایكم وەفاتى كرد رۆژووى لەسەر مابوو، -لە گێڕانەوەكەى نەسائیدا نەزرێكی لەسەر بوو-، لەو بارەوە پرسیارم كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەویش فەرمانى پێكردم رۆژووەكەى بۆ بگرمەوە-نەزرەكەى بۆ بەجێبگەیەنم-.[18]

سەعد لە غەزاى خەندەقیشدا بەشدار بوو و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوی هاودەم بە سەعدى كوڕی موعاذ نارد تا هەواڵی جوولەكەكانى بەنى قورەيظهى بۆ وەربگرن، ئەوانیش هەواڵیان هێنایەوە كە ئەوانە ناپاكییان نواندووە.[19]

كاتێك حاڵی موسڵمانان سەخت بوو و هەندێ ویستیان ناپاكى بنوێنن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی نارد تا سێ یەكى بەرهەمى مەدینە بدات بە غەطهفانیەكان بەرامبەر بەوەی ناپاكى نەنوێنن و نەچنە پاڵ قوڕەیش، پێش ئەوەى رێككەوتنەكە تەواو بێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناردى بە شوێن سەعدى كوڕی عوبادەو سەعدى كوڕی موعاذدا تا رایان وەربگرێت، مەسەلەكەى باسكرد بۆیان و راى ئەوانى داواكرد، ئەوانیش وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئایا ئەوە فەرمانێكە خۆت داتناوە تا ئێمەش بەجێی بگەیەنین یان شتێكە خوا فەرمانى پێكردویت و هەر دەبێت ئەوە بێت؟ یان لەبەر ئێمە دەیكەیت؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كە پلانى خۆیەتى نەك فەرمانى خوا و كە بینویەتى هەموو عەرەب لە دژیان یەكیان گرتووە، ئەمەى كردووە تا شكۆی دوژمن بشكێنێت، سەعدى كوڕی موعاذ وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێمە پێشتر لەگەڵ ئەوانەدا پەیوەندیمان هەبوو، ئێمە بتپەرست بووین و خوامان نەدەناسی و نەدەپەرست، لە بەرهەمى ئێمەیان نەدەخوارد مەگەر بە میوانى بهاتنایەو لێیان بخواردایە یان بە كڕین بیانكڕیبا، جا ئێستا كە خوا بە ئیسلام رێزدارى كردوین و رێنوێنی كردوین بۆ ئیسلام و بە تۆ عیززەتمەندى كردوین، هیچ پێویستمان بەوە نیە، بەخوا تەنها شمشێریان پێدەدەین تا خوا حوكمى نێوان ئێمەو ئەوان دەكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى دەی ئەوە تۆ و ئەوە، سەعدى كوڕی موعاذ لاپەڕە نووسراوەكەى گرتە دەست و سڕیەوە.[20]

سەعد لە غەزاى مورەیسیعیشدا بەشدارى كرد  و تیایدا ئالآى پشتیوانانى بەدەستەوە بوو.[21]

لە رووداوى ئیفكدا كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وردەكارى تەواوى كرد بۆ ئەو رووداوە، دواتر لەناو هاوەڵە پشتیوانەكانیدا بوو ویستى پۆزشی عەبدوڵاى كوڕی ئوبەى كوڕی سەلوول وەربگرێ، بە هاوەڵانى فەرموو (من يعذرني من رجل بلغني أذاه في أهلي، فوالله ما علمت على أهلي إلا خيرا، وقد ذكروا رجلا ما علمت عليه إلا خيرا، وما كان يدخل على أهلي إلا معي)، (كێ پۆزشم بۆ وەردەگرێ لە كەسێ كە بیستوومەتەوە بە خراپە باسی خێزانەكەمى كردووە، دەى سوێند بەخوا من هەر چاكەى خێزانەكەم دەزانم-واتە چاكەم لێ دیوە- ئەوانە باسی پیاوێكیان كردووە كە بەس خێرو چاكەى لەبارەوە دەزانم، بەتەنها لەگەڵ خۆیشمدا هاتووە بۆ لاى خێزانەكانم)  سەعدى كوڕی موعاذ هەستاو وتى ئەى پێغەمبەرى خوا بەخوا من ئەوەت بۆ دەكەم، ئەگەر لە ئەوسیەكان بێت ئێمە دەدەین لە ملى، ئەگەریش لەناو برا خەزرەجیەكانماندا بێت فەرمانمان پێبكەیت فەرمانت بەجێدەگەیەنین، سەعدى كوڕی عوبادە كە گەورەى خەزرەجیەكان بوو و پیاوێكى چاك بوو دەمارگیری گرتى، هەستاو وتى سوێند بەخوا درۆ دەكەیت نایكوژیت و ئەوەشت پێ ناكرێت، ئوسەیدی كوڕی حوضهیریش هەستا و وتى بەخوا تۆ درۆ دەكەیت، ئێمە دەیكوژین، تۆ دووروویت و سەبارەت بە دووروان مشتومڕ دەكەیت، هەردوو دەستەى ئەوس و خەزرەج هەستان و خەریك بوو بكەونە وێزەى یەك، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر مینبەر دابەزى و هێورى كردنەوە..).[22]

سەعد لە عومرەى پاش رێككەوتنى حودەیبیەشدا بەشدارى كرد و كاتێك قسەی ناراست و نارەواى بێباوەڕانى قوڕەیشی لە رۆژی چوارەمدا بیست بە توندى وەڵامى دانەوە.[23]

سەعد بەرامبەر بە ئەهلى صوففە زۆر چاكەكار بوو و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لەوانى دەبردەوە بۆ ماڵەوە تا لەوێ نان بخۆن.[24]

سەعد غیرەتێكی زۆری هەبوو لە مەسەلەى ئابروودا، جارێك لە كۆڕێكدا بوو وتى سوێند بەخوا ئەگەر پیاوێك لەگەڵ ژنەكەم ببینم بێ ئەملاولا بە شمشێر لێی دەدەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى بیستەوە، فەرمووى (أتعجبون من غيرة سعد، لأنا أغير منه، والله أغير مني)، (سەرتان سوڕدەمێنێت لە غیرەتى سەعد، من زۆر لەو بەغیرەتترم، خواش زۆر لە من بەغیرەتترە).[25]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەناو هاوەڵانیدا بوو، كابرایەكى پشتیوانى هات و دواتر چوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی سەعدى كوڕی عوبادەى لێ پرسی، ئەویش وتى باشە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كێ لە ئێوە دەچێت بۆ سەردانى؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەستا و ئێمەش زیاد لە سیانزە كەس دەبووین لەگەڵی چووین بۆ لاى.[26]

جارێك سەعدى كوڕی عوبادە نەخۆش بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاودەم بە عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و عەبدوڵاى كوڕی مەسعوود هات بۆ لاى تا سەردانى بكات، بینی لە كەنارێكەوەیە، فەرمووى تەواو بووە؟ وتیان نا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گریا، كە خەڵكەكە بینییان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گریا ئەوانیش گریان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ألا تسمعون إن الله لا يعذب بدمع العين، ولا بحزن القلب، ولكن يعذب بهذا - وأشار إلى لسانه - أو يرحم، وإن الميت يعذب ببكاء أهله عليه)،[27] (نابیستن كە خواى گەورە لەسەر فرمێسكی چاو و خەفەتى دڵ سزاى كەس نادات، بەڵام لەسەر ئەمە سزاى خەڵكی دەدات یان رەحم بە خەڵكى دەكات، ئینجا ئاماژەی كرد بە زمانى، مردوو بە گریانى كەسوكارى لەسەری ئازار دەچێژێت).

سەعدى كوڕی عوبادە لە فەتحى مەكەدا بەشدارى كرد و ئالآى پشتیوانانى بەدەستەوە بوو، سەعد كە ئەبووسوفیانى بینی وتى ئەی ئەبوسوفیان ئەمڕۆ رۆژی كارەسات و كوشتارە، ئەمڕۆ لە كەعبەدا خوێن رێژی رەوا دەكرێت، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داى بە لاى ئەبووسوفیاندا، ئەبووسوفیان وتى نازانیت سەعدى كوڕی عوبادە چی دەڵێت، ئەو ئاوهاى وتووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (سەعد درۆ دەكات، بەڵكو ئەمڕۆ رۆژێكە تیایدا خوا كەعبە بەرز رادەگرێت و تیایدا كەعبە بەرگى بەبەردا دەكرێت).[28]

ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ تەمبێ كردنى سەعد، ئالآكەى دەستی لێ سەندەوەو دایە دەست كەسێكی تر، دەوترێت دایە دەست قەیسی كوڕی.[29]

سەعد لە غەزاى حونەینشیدا بەشدارى كرد، دواتر كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستكەوتەكانى دابەش كرد، هەمووى بەخشیەوە بەسەر قوڕەیشیەكان و هۆزەكانى تردا و بەشی پشتیوانانى نەدا، ئیتر قسەو بۆڵەیەك لەناو پشتیواناندا دروست بوو تا ئەوەى یەكێك وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمووى بەخشیوە بە هۆزەكەى خۆی، سەعدى كوڕی عوبادە بڕیاری دا مەسەلەكە بباتە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، چوویە خزمەتى و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەو دەستەی پشتیوانان گلەییەك لە ناخیاندا دروست بووە بەرامبەر بەو دابەشكردنەت و دەڵێن هەموویت بەخشیوە بە هۆز و قەومەكەى خۆت و پشتیوانان هیچ پشكێكیان نەبووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی سەعد ئەی تۆ لەو نێوەندەدا رات چۆنە؟ وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) منیش ئەندامێكی قەومەكەمم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بڕۆ قەومەكەتم بۆ كۆبكەرەوە، سەعد چوو و پشتیوانانى كۆكردەوە، هەندێ لە كۆچەران هاتن و هەموویانى گێڕایەوە، كاتێك هەموو پشتیوانان كۆبوونەوە سەعد هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێی وت كە هەموو كۆبوونەتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چو بۆ لایان و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر فەرمووى:

(يا معشر الأنصار ما قالة بلغتني عنكم وجدة وجدتموها في أنفسكم، ألم آتكم ضلالا فهداكم الله؟ وعالة فأغناكم الله؟ وأعداء فألف الله بين قلوبكم)

(ئەى گرۆى پشتیوانان وتەیەكم بیستووەتەوە لە ئێوەوە كە لە ناختاندا دروست بووە، مەگەر من هاتم بۆ لاتان گومرا نەبوون و خوا رێنموونى كردن؟ مەگەر هەژار نەبوون و خوا دەوڵەمەندى كردن؟ مەگەر دوژمن نەبوون و خوا نێوانى دڵەكانى یەكخستن؟) وتیان با ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) منەت و فەزڵ بۆ خوا و پێغەمبەرەكەیەتى، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەی گرۆی پشتیوانان ئایا وەڵامم نادەنەوە؟) وتیان چۆن ولآمت بدەینەوە ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە كاتێكدا فەزڵ و منەت بۆ خوا و پێغەمبەرەكەیەتى؟ فەرمووى:

(أما والله لو شئتم لقلتم فلصدقتم وصدقتم  أتيتنا مكذبا فصدقناك، ومخذولا فنصرناك، وطريدا فآويناك، وعائلا فآسيناك، أوجدتم في أنفسكم يا معشر الأنصار في لعاعة من الدنيا، تألفت بها قوما ليسلموا، ووكلتكم إلى إسلامكم؟ أفلا ترضون يا معشر الأنصار أن يذهب الناس بالشاة والبعير، وترجعون برسول الله في رحالكم؟ فوالذي نفس محمد بيده لولا الهجرة لكنت امرأ من الأنصار، ولو سلك الناس شعبا، وسلكت الأنصار شعبا لسلكت شعب الأنصار، اللهم ارحم الأنصار، وأبناء الأنصار، وأبناء أبناء الأنصار)

(نا سوێند بەخوا ئەگەر بتانەوێت دەڵێن و راست دەڵێن و بە راستیش دەزانرێن، بڵێن تۆ هاتیت بۆ لامان بەدرۆخرابوویتەوەو ئێمە بەراستمان زانیت، پشتت بەردرابوو و ئێمە سەرمان خستیت، دەركرابویت و ئێمە پەنامان دایت، بێناز بوویت و ئێمە دڵنەواییمان كردى، ئەی گرۆی پشتیوانان خەمى ناختان بۆ بڕێ پاشماوەى كەمى دنیایە كە بۆ دڵراكێشانى خەڵكێ بەكارم هێناوە تا موسڵمان بن و ئیوەشم راسپاردووە بۆ ئیسلامەكەتان؟ ئەی گرۆی پشتیوانان ئایا رازى نابن خەڵكی بە مەڕ و وشترەوە بچنەوەو ئێوەش لە كاروانەكەتاندا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ خۆتان ببەنەوە؟ سوێند بەوەى گیانى موحەممەدى بەدەستە ئەگەر هیجرەت نەبوایە ئەوە من یەكێك دەبووم لە پشتیوانان، ئەگەر هەموو خەڵكی شیوێك بگرن و پشتیوانان شیوێكی تر بگرنەبەر، ئەوە من بە دڵنیاییەوە شیوەكەى پشتیوانان دەگرمەبەر، خوایە رەحم بكە بە پشتیوانان و مندالآنى پشتیوانان و منداڵەكانى مندالآنى پشتیوانان)، ئیتر هەموو پشتیوانان دەستیان كرد بە گریان تا ئەوەی ریشیان تەڕ بوو و دەیانوت رازین پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پشك و بەختمان بێت.[30]

سەعد و خیلافەتى ئەبووبەكری صدیق

بڕێك گێرانەوە هاتون سەبارەت بەوەى سەعدى كوڕی عوبادە ئامادە نەبوە بەیعەت بدات بە ئەبووبەكر و هەوڵی داوە پشكی پشتیوانان سەربخات و تا دواساتى ژیانى بەیعەتى نەداوە، ئەمە لە راستیەوە دوورەو تەنها بۆ شێواندنى مێژووى ئیسلامیە، ئەگەرنا چ رابردووى سەعد و چ دەقە صەحیحەكان ئەوە دەسەلمێنن مەسەلەكە وا نەبووە، بەڵام وەك سپاردەیەكى زانستی هەموو دەقەكان دەهێنین:

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و پشتیوانان لە كەپری بەنى ساعیدە كۆبوونەوە، لە دەورى سەعدى كوڕی عوبادە كۆبوونەوەو دەیانوت ئەمیرێك لە ئێمەو ئەمیرێك لە پشتیوانان، ئەوان دەیانویست بەیعەت بە سەعدى كوڕی عوبادە بدەن.[31]

سەعد لەو كاتەدا نەخۆش بوو و تایەكى زۆری هەبوو، خۆی گرمۆڵە كردبوو.[32]

بە پێی گێڕانەوەیەكى لاواز-ذەهەبی دەڵێت سەنەدەكەى بەو جۆرەیە كە دەیبینیت - هاتووە كاتێك بەیعەت درا بە ئەبووبەكری صدیق، ئەبوبەكر ناردى بە شوێن سەعددا و پێی وت وەرە بەیعەت بدە وا خەڵكەكە بەیعەتیان داوە، بەڵام سەعد وتى بەخوا بەیعەتتان پێ نادەم تا هاودەم بەوانەى لەگەڵ منن لەگەڵتان دەجەنگم، بەشیری كوڕی سەعد لەوێ بوو وتى ئەی خەلیفەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو یاخى بووە و تا نەكوژرێت بەیعەتتان پێ نادات، تا منداڵ و عەشرەتەكەشی لەگەڵی نەكوژرێن ناكوژرێت، بۆیە تا دەتوانن مەیبزوێنن، ئەو خۆی تەنهایە، ئەبووبەكریش وازى لێهێنا، دواتر كە عومەر بوو بە خەلیفە پێی گەیشت و وتى ئێ سەعد، ئەویش وتى ئێ عومەر، عومەر لێی پرسی بەیعەتى پێ دەدات، كەچی وتى هاوەڵەكەت لە تۆ لامان خۆشەویستتر بوو، بەخوا حەزم بە دراوسێیەتیت نیە، عومەر وتى هەركەس رقی بێت لە دراوسێكەى جێی دێڵێت، ئەوەبوو سەعد چوو بۆ شام و پاش ماوەیەك لەوێ مرد.[33]

بەڵام بەپێی گێڕانەوەى صەحیح هاتووە كە كاتێك پشتیوانان داواى خیلافەتیان كرد و ئەبووبەكر دواتر وتارى پێشكەش كرد، تیایدا وتى ئەی سەعد تۆ خۆت لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبوویت كە فەرمووى (قريش ولاة هذا الامر، فبر الناس تبع لبرهم و فاجرهم تبع لفاجرهم)، (قورەیشیەكان هەڵگری ئەم پرسەن، خەڵكی چاكەكاریان شوێنكەوتەى چاكەكاریانن و خراپەكاریشیان شوێنكەوتەى خراپەكاریانن)، سەعد پێی وت راست دەكەیت، دەى ئێمە وەزیر و ئێوەش ئەمیرن.[34]

پاشان، ئەگەر سەعد ئامادە نەبووبێت بەیعەت بدات لەكاتێكدا گەورە و قسەرۆیشتووى ناو پشتیوانان بووەو هەموان رازى بون بە بڕیارەكانى، چۆن لە هەموو ماوەى خیلافەتى ئەبووبەكر و عومەردا كێشە و گرفتێكی نەنایەوە، چۆن لەكاتى ئەو هەموو بارگرژیەی سەردەمى خەلیفە ئەبووبەكردا دەستى خۆی نەوەشاند و هەوڵی جوداخوازى نەدا، بۆیە ئەمانە تەنها خەونى كەسانێك بووە كە حەزیان كردووە ئاقارى رووداوى كەپری بەنی ساعیدە واى لێ بێت و دواتر ئەو خەونەیان داڕشتووەو لە سەرچاوەكاندا دایانناوەتەوە، ئەگەرنا لە روانگەى مێژووییەوە هیچ پاڵپشتیەكى واقیعی دەست ناكەوێت.

سەعد دواتر چوو لە دیمەشق نیشتەجێ بوو و دواجار لە حوران كۆچی دوایی كرد،[35]سەبارەت بە ساڵی وەفاتى دەوترێت لە ساڵی چواردەى كۆچیدا لە حوران وەفاتى كردووە، رایەكی تر دەڵێت لە ساڵی شانزى كۆچیدا وەفاتى كردووە،[36]سەبارەت بە هۆكارى مردنەكەى گێڕانەوەیەك هاتووە گوایە جارێك بە پێوە میزی كردووەو جنۆكە دەستیان لێ وەشاندووەو بەو هۆیەوە مردووە.[37]

دووبارە ئەم گێڕانەوەش لاوازەو بە چەند دەقێكی جیاواز هاتووە، بەڵام ذەهەبی لەبەر لاوازیەكەى لە تەلخیصدا لایبردووە.



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 65-66.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 613.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 271.

[4] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 273.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 271.

[6] - سنن الترمذي، الرقم 3592.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 4299.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 198.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 243.

[10] - صحيح ابن حبان، الرقم 4794.

[11] - صحيح مسلم، الرقم 3417.

[12] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 319.

[13] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 326.

[14] - صحيح البخاري، الرقم 1237، صحيح مسلم، الرقم 1582، صحيح ابن حبان، الرقم 1583، سنن أبي داود، الرقم 2734، سنن ابن ماجة، الرقم 1583، مسند احمد بن حنبل، الرقم 21211، مسند الطيالسي، الرقم 665.

[15] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 92.

[16] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 2329.

[17] - صحيح البخاري، الرقم 2624، صحيح ابن خزيمة، الرقم 2330.

[18] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5069، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6290، صححه الالباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 3661.

[19] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 103-104.

[20] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1312.

[21] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 156.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 2539 و 3925 و 4480 و 6956، صحيح مسلم، الرقم 5080، صحيح  ابن جبان، الرقم 7208، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8656 و 10914، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 25051، مسند أبي يعلى الموصلى، الرقم 4800، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19044.

[23] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 229.

[24] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 276.

[25] - صحيح البخاري، الرقم 6467، صحيح مسلم، الرقم 2833، مسند احمد بن حنبل، الرقم 17822، صحيح ابن حبان، الرقم 5852.

[26] - صحيح مسلم، الرقم 1584.

[27] - صحيح البخاري، الرقم 1255، صحيح مسلم، الرقم 1583.

[28] - صحيح البخاري، الرقم 4042.

[29] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 296.

[30] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 11507، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[31] - صحيح البخاري، الرقم 3488.

[32] - صحيح البخاري، الرقم 6455.

[33] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 277، قال الذهبي إسنادها كما ترى.

[34] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 22، قال شعيب الارناؤوط صحيح لغيره.

[35] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 271.

[36] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 277 -278.

[37] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5218، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5064، لكن الذهبي حذفه في التلخيص لضعفه.

 1334
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.