دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی مەسعوود(رضي الله عنه) - بەشی یەكەم

ناوى عەبدوڵاى كوڕی مەسعوودى كوڕی غافیلى هوذەلیە، كونیەكەى ئەبوو عەبدوڕەحمانە، یەكێكە لە هاوەڵە ناسراوەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لە زاناكانى ناو هاوەڵان كە فەرموودەى زۆری لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە،[1]دایكی ناوى ئومموعەبدی كچی عەبدوددەە.[2]

عەبدوڵاى كوڕی مەسعوود كەسێكی لاوازى بالآكورت بوو، جلی سپی دەپۆشی و بۆنی خۆشی لە خۆی دەدا.[3]

ئیبن مەسعوود یەكێكە لە دەستەی یەكەمى موسڵمان بوان،[4] موسڵمان بوونەكەى هاوكات بوو لەگەڵ موسڵمان بوونى سەعیدی كوڕی زەید و فاطيمهى خوشكی عومەرى كوڕی خەططاب كە خێزانى سەعید بوو، واتە ئیبن مەسعوود ماوەیەكى زۆر پێش عومەرى كوڕی خەططاب موسڵمان بوو.[5]

هۆكارى موسڵمان بوونەكەشی ئەوە بوو كە ئیبن مەسعوود خۆی دەیگێڕێتەوەو دەڵێت من مەڕو مالآتى عوقبەى كوڕی ئەبی موعيطم دەلەوەڕاند، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داى بە لامدا و منیش منداڵ بووم، فەرمووى ئەی مێرمنداڵ شیر هەیە؟ وتم بەڵێ، بەڵام من راسپاردەم و هی خۆم نیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی مەڕێك هەیە بەران نەچووبێتە لای؟ وتم بەڵێ، چووم و هێنام، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دۆشی و شیر هات و شیرەكەى كردە قاپێك و لێی خواردەوەو بەشی ئەبووبەكریشی دا، دواتر بە گوانەكەى فەرموو بوەستە، ئەوەبوو لە شیردان وەستا، منیش وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەو قسەم فێر بكە، ئەویش دەستی هێنا بەسەرمدا و نزاى بۆ كردم و فەرمووى(خوا رەحمت پێ بكات تۆ مێرد منداڵێكی فێركراویت).[6]

ئیبن مەسعوود یەكەم كەس بوو دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئاشكرا لە مەككە قورئانى خوێند، رۆژێك هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وتیان بەخوا قوڕەیش گوێیان لەم قورئانە نەبووە بە ئاشكرا بۆیان بخوێنرێت، جا كێ ئەوە دەكات؟ عەبدوڵاى كوڕی مەسعوود وتى من، وتیان دەبێت كەسێك بێت هۆزەكەى بەرگری لێ بكەن، وتى وازم لێ بهێنن چونكە خوا دەمپارێزێت، ئەوەبوو عەبدوڵا چوو و لە نێو قوڕەیشیەكاندا دەستی كرد بە قورئان خوێندن، ئەوانیش رامابوون و دەیانوت ئیبن ئوم عەبد چی دەڵێت، خەڵكێك وتیان ئەوە دەخوێنێت كە موحەممەد هێناویەتى، بۆیە هەستان و كەوتنە لێدانى دەموچاوى و ئەویش هەر قورئانى دەخوێند، دواتر وازیان لێهێنا و دەموچاوى تەواو تێكشكابوو، هاوەڵانى چوون بۆ لاى و وتیان لەمە دەترساین تووشت ببێت، ئەویش وتى بەخوا بتانەوێت بەیانیش هەمدى دێم و لێرە قورئانیان لەنێودا دەخوێنمەوە، ئەوانیش وتیان نا بەسە، ئەوەى رقیان لێی بوو چپاندت بە گوێیاندا.[7]

ژمارەیەك لە هاوەڵە لاوازەكان كۆدەبوونەوەو لە مەجلیسی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دادەنیشتن، كاتێ بێباوەڕان دەیانبینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ ئەوانەدا دانیشتووە كە بڕێ كۆیلە و كەسانى لاواز و بێدەسەلآت بوون لەسەر ئەوان گاڵتەیان پێ دەكرد، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گوێی نەدەدا بە گەمژەیی بێباوەڕان، بێباوەڕەكان دەیانوت ئەگەر ئەوەى موحەممەد هێناویەتى چاك و باش بوایە ئەوانە پێش ئێمە نەدەكەوتن بۆ وەرگرتنى، خواى گەورەش ئەم ئایەتانەى دابەزاند (ولا تطرد الذين يدعون ربهم بالغداة والعشي يريدون وجهه ما عليك من حسابهم من شيء وما من حسابك عليهم من شيء فتطردهم فتكون من الظالمين وكذلك فتنا بعضهم ببعض ليقولوا أهؤلاء من الله عليهم من بيننا أليس الله بأعلم بالشاكرين وإذا جاءك الذين يؤمنون بآياتنا فقل سلام عليكم كتب ربكم على نفسه الرحمة أنه من عمل منكم سوءا بجهالة ثم تاب من بعده وأصلح فأنه غفور رحيم[8] سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص دەڵێت من و ئیبن مەسعوود و بیلال و كابرایەك لە هوذەیل و دوو كەسی تر كە ناویان نازانم لەو كۆڕەدا بووین.[9]

ئیبن مەسعوود دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئێمەى نارد بۆ لاى نەججاشی كە هەشتا پیاو دەبووین، من و جەعفەر و ئەبوومووساو عەبدوڵاى كوڕی عورفوطه و عوثمانى كوڕی مەظعوون، قوڕەیشیش عەمرى كوڕی عاص و عمارەى كوڕی وەلیدیان بە بڕێك دیاریەوە نارد و هاتن بۆ لاى نەججاشی، كە چوونە ژوورەوە بۆ لاى نەججاشی كڕنووشیان بۆ برد و چوون بۆ لاى، یەكێكیان لە لاى راستیەوەو ئەوی تریش لەلای چەپیەوە دانیشت، ئینحا وتیان دەستەیەك لە كەس وكارى ئێمە هاتوونەتە خاكى تۆ و پشتیان كردوەتە ئێمە، ئەویش وتى ئەوان لە كوێن؟[10] شتى وا هەیە؟ پێی وترا بەڵێ، نەججاشی وتى بەخوا نایاندەمەوە دەستتان تا قسەیان لەگەڵ نەكەم، ئەوەبوو ناردى بە شوێنیاندا،[11] جەعفەر بە هاوەڵەكانى وت من لەبری هەمووتان قسە دەكەم، هەموو بە دواى جەعفەردا چوونە ژوورەوە، بە جەعفەریان وت بۆچی كڕنووش نابەیت بۆ پاشا؟ وتى ئێمە تەنها كڕنووش بۆ خوا دەبەین، وتیان بۆچی؟ وتى چونكە خوا پێغەمبەرێكى لەنێوماندا نارد و فەرمانى پێكردین تەنها كڕنووش بۆ خوا بەرین و نوێژ بكەین و زەكات بدەین،[12] نەججاشی وتى ئەم ئایینەى ئێوە چیە؟ جەعفەریش وتى ئەى پاشا ئێمە گەلێك بووین لەسەر بێباوەڕی بووین و بتمان دەپەرست و مردارەوەبوومان دەخوارد و حەرامەكانمان بە حەلآڵ دەزانین و خوێنمان رەوا دەكرد، ئەوەبوو خوا لە ناو خۆماندا پێغەمبەرێكی بۆ ناردین كە وەفادارى و راستگۆیی و سپاردەكارى ئەومان دەزانى، بانگى كردین تا خواى تاك و تەنها بپەرستین و پەیوەندى خزمایەتى بگەیەنین و دراوسێیەتیمان باش بێت و نوێژ بكەین و رۆژوو بگرین،[13] عەمر وتى ئەوان سەبارەت بە كوڕی مەریەم و دایكی رایان پێچەوانەى راى ئێوەیە، نەججاشی وتى سەبارەت بە كوڕی مەریەم و دایكی چی دەڵێن؟ جەعفەریش وتى ئەوە دەڵێین كە خوا فەرموویەتى رۆح و كەلیمەى خوایە كە بەخشیویەتى بە مەریەمى پاكداوێنى بێ هاوسەر كە هیچ مرۆڤێك دەستى پێی نەگەیشتووە،[14] نەججاشی وتى هیچتان پێیە لەوەى بۆى دابەزیوە؟ فەرمانیشی كرد بە قەشەكان تا پەرتووكەكانى خۆیان بكەنەوە، جەعفەر وتى بەڵێ، ئەوەبوو بڕێك لە سوورەتى مەریەمى لە سەرەتاوە بۆ خوێندنەوە، نەججاشی دەستى كرد بە گریان تا ریشی تەڕ بوو، قەشەكانیش هەروا گریان تا پەرتووكەكانیان تەڕ بوو،[15] نەججاشیش دارێكی لەسەر زەوی هەڵگرت و وتى ئەی خەڵكی حەبەشە و قەشە و راهیبەكان ئێوە دەڵێن چی من ئەمەم پێ خراپ نیە، من شایەتى دەدەم ئەو پێغەمبەرى خوایەو ئەوەیە كە لە ئینجیلدا هاتووەو عیسا مزگێنی لەبارەوە داوە، سوێند بەخوا ئەگەر من لەم پاشایەتیەمدا نەبوومایە دەچووم بۆ لاى و دەبوومە نەعل هەڵگر و ئاوى دەستنوێژیم دەدا، ئینجا بە موسڵمانانى وت بڕۆن لەكوێ دەتانەوێت بمێننەوە، فەرمانیشی كرد دیاریەكانى قوڕەیشیەكان گێڕدرایەوە.[16]

ئیبن مەسعوود دواتر لە حەبەشەوە گەڕایەوە بۆ مەككەو لەوێشەوە كۆچی كرد بۆ مەدینە.[17]

ئیبن مەسعوود یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، ئەوەتا دەڵێت لە بەدردا من و سەعد و عەممار لە دەستكەوتدا هاوبەش بووین، سەعد خۆی تەنها دوو دیلی پێ بوو، بەڵام ئێمە هیچ دیلێكمان پێ نەبوو.[18]

سەهلى كوڕی بەيضا ْ موسڵمانبوونى خۆی ئاشكرا نەكردبوو، بە ناچارى لە جەنگی بەدردا بەشدارى كرد و بەدیل  گیرا، ئیبن مەسعوود شایەتى بۆ دا كە ئەوى بینیوە لە مەككە نوێژی كردووە، بۆیە بە فەرمانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئازاد كرا.[19]

ئیبن مەسعوود لە غەزاى ئوحودیشدا بەشدارى كرد و تیایدا رۆڵی كاراى بینی، بەتایبەت كاتێك موسڵمانان لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بلآوەیان كرد، ئیبن مەسعوود یەكێك بوو لەوانەى لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوە.[20]

هەروەها ئیبن مەسعوود لە غەزاى خەندەق و بەیعەتى ريضوان و هەموو غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد.[21]

ئەبوو مووساى ئەشعەرى دەڵێت من و براكەم لە یەمەنەوە هاتینە مەدینە، ماوەیەك ماینەوە، ئیبن مەسعوود و دایكیشی هێندە سەردانى ماڵی پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليه وسلم) دەكرد واماندەزانى لە ئالوبەیتی پێغەمبەرى خوان (صلى الله عليه وسلم).[22]

ئیبن مەسعوود لە كاتى سەفەر و دەرچوونەكانى پێغەمبەریشدا (صلى الله عليه وسلم) هاودەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و خزمەتى دەكرد، نەعلەكانى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) هەڵدەگرت و دەیخستە بنباڵی، داردەستەكەى دەدایە دەستی.[23]



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 233.

[2] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 150.

[3] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 462 – 463.

[4] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 461.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 394.

[6] - صحيح ابن حبان، الرقم 7170، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 3471، صححه أحمد شاكر، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[7] - أسد الغابة، ج3، ص 395.

[8] - البدايةو النهاية لابن كثير، ج3، ص104.

[9] - صحيح مسلم، الرقم 4538، صحيح ابن حبان، الرقم 6677، سنن ابن ماجة، الرقم 4125، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7964.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[11] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 215.

[12] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 215.

[14] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[15] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 215-216.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[17] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 467.

[18] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 108.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 194.

[20] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 467.

[21] - أسد الغابة، ج3، ص 396.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 3575، صحيح مسلم، الرقم 4603، سنن الترمذي، الرقم 3824، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8112، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 19149.

[23] - - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 470.

 1284
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.