دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عوثمان (ئەبووبەكری صدیق) (رضي الله عنه) - بەشی چوارەم

ژیانى ئەبووبەكر لە مەدینە لەسەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)

جارێك ئەبووسوفیان داى بەلاى سەلمانى فارسی و بیلال و صوهەیب و چەند كەسێكی تردا، ئەوانیش تانەیان لێدا، ئەبووبەكر وتى ئەوە پیاوماقوڵی قوڕەیشە، واى پێ دەڵێن؟! دواتر ئەبووبەكر هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەى بۆ گێڕایەوە، ئەویش فەرمووى(ئەی ئەبووبەكر لەوانەیە تووڕەت كردبن، ئەگەر ئەوانت تووڕە كردبێت ئەوە پەروەردگارتت تووڕە كردووە)، خێرا ئەبووبەكر چوویەوە بۆ لایان و وتى برا ئازیزەكانم ئەرێ ئێوەم تووڕە نەكرد؟ ئەوانیش وتیان نا ئەی ئەبووبەكر خوا لێت خۆش بێت.[1]

رەبیعەى كوڕی كەعب دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەویەكى پێدام و زەویەكیشی دا بە ئەبووبەكر، رۆژان هات و رۆژان چوو تا رۆژێك لەسەر بنە دارخورمایەك لەگەڵ ئەبووبەكر كێشە كەوتە نێوانمانەوە، من وتم هی منەو ئەویش وتى هی منە، ئیتر قسەو بۆڵەیەك كەوتە نێوانمانەوە تا ئەوەى ئەبووبەكر قسەیەكی ناخۆشی پێ وتم و خۆیشی خێرا لە قسەكەى پەشیمان بوو، ئەبووبەكر وتى ئەی رەبیعە ئەو قسەیەم پێ بڵێرەوە تا ببێتە تۆڵە، منیش وتم شتى وا ناكەم، ئەبووبەكر وتى بەخوا یان پێم دەڵێیتەوە یان لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآت لێ دەكەم، منیش وتم هەرگیز پێت ناڵێمەوە، ئەبووبەكر چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و منیش بە دوایدا چووم، خەڵكێ لە ئەسلەم هاتن و وتیان رەحمەتى خوا لە ئەبووبەكر لەسەر چی تۆی هێناوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەكاتێكدا ئەو وای پێ وتوویت؟ منیش وتم دەزانن ئەوە كێیە؟ ئەوە ئەبووبەكرى صدیقە، ئەوە دووەم كەسە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) – كە لە قورئاندا باس كراوە- ئەوە ریش سپی موسڵمانانە، وریا بن لا نەكاتەوەو وا بزانێت ئێوە هاتون بۆ پشتیوانى من، بەوە تووڕە دەبێت و دەچێتە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش بۆ پشتیوانى ئەبووبەكر تووڕە دەبێت و خواى گەورەش لەبەر تووڕەیی ئەو دوانە تووڕە دەبێت و رەبیعەش ماڵوێران دەبێت، ئەوانیش وتیان ئەی ئەڵێیت چی بكەین؟ وتم بگەڕێنەوە، ئینجا ئەبووبەكر چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەى بۆ باسكرد، منیش بە تەنیا چوومە خزمەتیان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەری بەرز كردەوە بەرووى مندا و فەرمووى: (ئەی رەبیعە تۆ و صدیق چ كێشەیەكتان هەیە؟) وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مەسەلەكە ئاوەها و ئاوا بوو، دواتر قسەیەكی پێ وتم كە خۆیشی پێی ناخۆش بوو و دەڵێت: دەبێت پێم بڵێیتەوە تا ببێتە تۆڵە، منیش رازى نەبوم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (بەڵێ پێی مەڵێرەوە، بەڵكو بڵێ خوا لێت خۆش بێت ئەی ئەبووبەكر)، منیش ئاوام وت، ئەبووبەكریش بە گریانەوە شوێنەكەى جێهێشت.[2]

عومەرى كوڕی خەططاب دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە خێركردن، منیش سامانێكی زۆرم هەبوو، وتم بەخوا ئەمجار پێش ئەبووبەكر دەكەوم، بۆیە كردم بە دووبەشەوەو بەشێكیم برد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەی عومەر ئەو سامانە زۆرە؟ ئەی چیت بۆ خێزانەكەت جێهێشتووە؟) وتم نیوەى، ئینجا ئەبووبەكر هات و سامانێكی زۆری هێنا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی ئەبووبەكر ئەو سامانە زۆرە؟ ئەی چیت بۆ خێزانەكەت جێهێشتووە؟) وتى خواو پێغەمبەرى خوام بۆ جێهێشتوون.[3]

جارێك ئەبووبەكرى صدیق چوو بۆ شام، هاودەم بەویش نوعەیمانى كوڕی عەمر كە هاوەڵێكی بەشداربووى عەقەبە و غەزاى بەدریش بوو و بە كەسێكی قسەخۆش ناسرابوو، لەگەڵ سوەيبيطیشدا چوون، سوەيبيط سەرپەرشتی خواردنى كاروانەكەى دەكرد، نوعەیمان هات و وتى بڕێك خواردنم بدەرێ، سوەيبيط وتى نابێت، دەبێت ئەبووبەكر بێتەوە ئینجا، نوعەیمانیش چوو بۆ لاى بڕێك خەڵك كە لەوێ بوون و وتى كۆیلەیەكی عەرەبم هەیە لێم بكڕن، بەڵام زمان درێژی دەكات و لەوانەیە كە بیهێنم پێتان بڵێت من كۆیلە نیم و ئازادم، جا ئەگەر بەو حاڵەیەوە لێم دەكڕن با بیهێنم، ئەگەرنا با نەیهێنم و كۆیلەكەشم لێ هار مەكەن، ئەوانیش وتیان بیهێنە دەیكڕین، ئەویش چوو سوەيبيطى هێنا بەرەو لا خەڵكەكە، كە گەیشتنە ئەوێ بە خەڵكەكەى وت ئەوەتا ئەمەیە، ئەوانیش وتیان باشە دەیكڕین، سوەيبيط وتى ئەمە درۆ دەكات من كەسێكی ئازادم و كۆیلە نیم، ئەوانیش وتیان ئاگامان لە فێڵت هەیە، ئەوەبوو بە حەبل بەستیانەوەو بردیان، كە ئەبووبەكر هاتەوەو هەواڵەكەی بیست، خێرا چوون و سوەيبيطيان كڕیەوەو هێنایانەوە، كە هاتنەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەیان بۆ باسكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵانى تا ماوەیەك پێدەكەنین.[4]

كاتێك حەفصە بێوەژن كەوت، عومەرى باوكى بڕیاری دا مێردێكی باش بدۆزێتەوە بۆ كچەكەى، بۆیە پێشنیازى كرد بۆ ئەبووبەكر تا بەهاوسەری بگرێت، بەڵام ئەبووبەكر رەزامەندى دەرنەبڕی، ئینجا پێشنیازى كرد بۆ عومەر، ئەویش رەزامەندى دەرنەبڕی و وتى بڕوام نیە بتوانم ئەم ماوە ژن بهێنم، عومەریش بەوە دڵتەنگ بوو و جۆرێك لە بێتاقەتى روى تێكرد و چوو لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآى كرد كە چی روویداوە، ئەویش فەرمووى(يتزوج حفصة من هو خير من عثمان و يتزوج عثمان من هي خير من حفصة)، (كەسی باشتر لە عوثمان حەفصە بەهاوسەر دەگرێت و عوثمانیش كەسی باشتر لە حەفصە بەهاوسەر دەگرێت)، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى حەفصەى كرد و بەهاوسەری گرت، دواتر كە ئەبووبەكر عومەرى بینی وتى دڵت شتێك نەكات بەرامبەرم، من بیستبووم كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باسی حەفصەی دەكرد، بۆیە –ئەمەشم پێ نەوتیت- وتم با نهێنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاشكرا نەكەم، بە دڵنیاییشەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەفصەی بەهاوسەر نەگرتایە من داوام دەكرد و بەهاوسەرم دەگرت.[5]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت ئەبووبەكر هاتە ژوورەوە بۆ لام و دوو كچۆڵەم لا بوون كە دەفیان لێدەدا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە جلەكانى خۆی داپۆشیبوو، ئەبووبەكر هەڵشاخى پیایاندا، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جلەكانى لەسەر دەموچاوى لابرد و فەرمووى(دعهما يا أبابكر فإنها أيام عيد و تلك الأيام أيام منى)،[6] (وازیان لێ بێنە ئەی ئەبووبەكر، چونكە ئەم رۆژانە رۆژانى جەژنن و رۆژانی مینان).

جارێك ئەبووبەكر میواندارى دەستەیەكى كرد و بە عەبدوڕەحمانى كوڕی وت میوانەكانت ببە وا من دەچم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، تا دێمەوە خزمەتیان بكە، عەبدوڕەحمانیش چوو و چی هەبوو داینا بۆیان و وتى بخۆن، ئەوانیش وتیان ئەى گەورەى ماڵ لە كوێیە؟ عەبدوڕەحمان وتى نانەكەتان بخۆن، ئەوانیش وتیان نان ناخۆین تا گەورەى ماڵ نەیەتەوە، ئەویش وتى خزمەتمان قبووڵ بكەن، بەڵام ئەوان رازى نەبوون، عەبدوڕەحمان زانى باوكى بێتەوە تووڕە دەبێت، بۆیە كە ئەبووبەكر هاتەوە عەبدوڕەحمان ماوەیەك خۆی ون كرد، دواتر ئەبووبەكر بە میوانەكانى وت چیتان كرد؟ ئەوانیش وتیان چی بووە؟ ئەبووبەكر وتى ئەی عەبدوڕەحمان، ئەویش بێدەنگ بوو و وەڵامى نەدایەوە، هەمدى بانگى كرد و ئەویش وەڵامى نەدایەوە، ئەبووبەكر تووڕە بوو و قسەیەكی پێ وت و وتى سوێندت دەدەم ئەگەر دەنگم دەبیستیت وەڵامم بدەرەوە، عەبدوڕەحمان هاتە دەرەوەو وتى پرسیار لە میوانەكانت بكە، ئەوانیش وتیان راست دەكات، خزمەتى كردین، ئەبووبەكر وتى یانى چاوەڕوانى من بوون؟ بەخوا ئەمشەو نان ناخۆم، ئەوانیش وتیان دەى بەخوا تا تۆ نان نەخۆیت ئێمەش نان ناخۆن، ئەبووبەكر وتى شەوی وەك ئەمشەو خراپم نەدیوە، ماڵوێرانان چیتانە؟ بۆچی میوانداری و خزمەتمان قبووڵ ناكەن؟ عەبدوڕەحمان خواردنەكە بهێنە، ئەوەبوو خواردنەكەى هێنا و ئەبووبەكر بیسمیلاهى كرد و لێی خوارد و ئەوانیش دەستیان كرد بە خواردن،[7] بۆ بەیانى ئەبووبەكر چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەى بۆ باسكرد و وتى ئەوان سوێندەكەیان بردە سەر و من سوێندەكەم خست، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بەڵكو تۆ بەوەفاتر بوویت بە سوێندەكەت و چاكترینیان بوویت).[8]

حەنظهلە دەڵێت جارێك ئەبووبەكر داى بە لامداو وتى ئەى حەنظهلە حاڵت چۆنە؟ وتم حەنظهلە توشی دووروویی بووە، ئەویش وتى سوبحانەلآ ئەوە چی دەڵێیت؟ منیش وتم: كاتێك لاى پێغەمبەرى خواین (صلى الله عليه وسلم) كە باسی دۆزەخ و بەهەشتمان بۆ دەكات وا دەزانین لەبەرچاومانەو بە چاوى خۆمان ئەو شتانە دەبینین، كەچی كە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەڕۆین گەمەو بەزمى ژن و منداڵ و بژێوی ژیان سەرقاڵمان دەكات و زۆر شتمان بیر دەچێتەوە، ئەبووبەكریش وتى دەی بەخوا ئێمەش هەر واین، بۆیە لەگەڵ ئەبووبەكر چووین بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) حەنظهلە تووشی نیفاق بووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى چی بووە؟ وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كاتێك لاى تۆین كە باسی دۆزەخ و بەهەشتمان بۆ دەكەیت وا دەزانین لەبەرچاومانەو بە چاوى خۆمان ئەو شتانە دەبینین، كەچی كە لاى تۆ دەڕۆین گەمەو بەزمى ژن و منداڵ و بژێوی ژیان سەرقاڵمان دەكات و زۆر شتمان بیر دەچێتەوە، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (والذي نفسي بيده إن لو تدومون على ما تكونون عندي، وفي الذكر، لصافحتكم الملائكة على فرشكم وفي طرقكم، ولكن يا حنظلة ساعة و ساعة)، (سوێند بەوەى گیانى منى بە دەستە، ئەگەر لەسەر ئەو بارە بەردەوام بن كە لاى منن و لە زیكر بەردەوام بن، ئەوە فریشتەكان لەسەر جێگەكانتان و لە سەرە رێكانتاندا تەوقەتان لەگەڵ دەكەن، بەڵام ئەی حەنظهلە ساتەو ساتە)، سێ جار ئەمەى فەرموو.[9]

جابیر دەڵێت جارێك نەخۆش بووم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر بە پیادەو بێ سوار هاتن بۆ سەردانم.[10]

جارێك جوبەیر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو كە ئافرەتێك هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە ئافرەتەكە جارێكی تر بێتەوە بۆ لاى، ئافرەتەكە وتى ئەى ئەگەر هاتمەوەو تۆم نەبینی؟ وەك ئەوەى بڵێت ئەگەر مردبوویت، ئەویش فەرمووى(إن لم تجديني فأتي أبابكر[11] (ئەگەر منت بەدى نەكرد وەرە بۆ لاى ئەبووبەكر).

شافیعی دەڵێت ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى خەلیفەى دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكرە.[12]

ئەسمائی كچی ئەبووبەكر دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چووین بۆ حەج تا گەیشتینە عەرج، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دابەزى و عائیشە لەكەنار پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم) دانیشت، منیش لەپاڵ باوكمەوە دانیشتم، كۆڵ و توێشووى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر یەكێك بوو و بە خزمەتكارێكی ئەبووبەكر بوو، ئەبووبەكر دانیشت و چاوەڕێی ئەو خزمەتكارە بوو بگات، ئەوەبوو خزمەتكارەكە دەركەوت و وشترەكەى پێ نەبوو، ئەبووبەكر وتى كوا وشترەكەت؟ خزمەتكارەكە وتى دوێنێ شەو ونم كرد، ئەبووبەكر وتى یەك وشترت پێ بوو و ونت كرد؟ ئیتر كەوتە لێدانى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بزەى دەكرد و دەیفەرموو (انظروا إلى هذا المحرم وما يصنع[13] (تەماشای ئەم ئیحرام بەستووە بكەن چی دەكات).

ئەبووسەعید كە بەشدار بوو لە حەجى ماڵئاواییدا، دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وتارى دا و فەرمووى (خواى گەورە بەندەیەكى سەرپشك كرد لەنێوان دنیا و ئەوەى لاى خوا بێت، ئەویش ئەوەى لاى خواى هەڵبژارد)، ئەبوبەكر كە ئەوەی بیست دەستی كرد بە گریان، منیش وتم ئەم پیاوە بەتەمەنە بۆچی دەگری؟ بەڵام دواتر تێگەیشتم كە ئەبوبەكر لە هەموومان شارەزاتر بوو، ئەو بەندەیە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو.[14]

ئبن عەبباس دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كاتى نەخۆشیەكەیدا بە پارچە قوماشێك سەری بەستبوو، چوویە سەر مینبەر و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر فەرمووى(إنه ليس من الناس أحد أمن علي في نفسه وماله من أبي بكر بن أبي قحافة، ولو كنت متخذا من الناس خليلا لاتخذت أبا بكر خليلا، ولكن خلة الإسلام أفضل، سدوا عني كل خوخة في هذا المسجد، غير خوخة أبي بكر[15] (كەس نیە بەهۆی گیان و سامانیەوە منەتباری بم جگە لە ئەبووبەكری كوڕی قوحافە، ئەگەر من دۆستی زۆر نزیكم لەنێو خەڵكدا بگرتایە، بە دڵنیایەوە ئەبووبەكر دەبوو، بەڵام هاودەمى ئیسلام باشترە، لەم مزگەوتەدا چی خێمە هەیە بەروومدا دایخەن جگە لە خێمەكەى ئەبووبەكر).

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كۆتا رۆژەكانى تەمەنیدا بوو، رۆژی چوارشەممەكەى تاو نارەحەتى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) داگرت، بەڵام رۆژی پێنج شەممە خۆی چوو ئالآكەى دایە دەست ئوسامەى كوڕی زەید تا هێرش ببەنە سەر رۆم، لەنێو سوپاكەیدا ئەبووبەكرى صدیق و عومەرى كوڕی خەطاب و ئەبوو عوبەیدەى كوڕی جەراح و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و چەندین هاوەڵی تری گەورە هەبوون.[16]

عەبدوڵاى كوڕی زەمعە دەڵێت كاتێك نەخۆشیەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆری بۆ هێنا، منیش هاودەم بە ژمارەیەك لە موسڵمانان لەلاى بووم، بیلال بانگى دا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كەسێك بنێرن نوێژ بكات بۆ خەڵكەكە، منیش چووم بینیم عومەر لەناو خەڵكەكەدایەو ئەبووبەكر لەوێ نیە، وتم ئەی عومەر نوێژ بكە بۆ خەڵكەكە، عومەریش هەستا، كە الله اكبری كرد، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەنگى بیست هەواڵى ئەبووبەكری پرسی، ئەوەبوو دواى ئەوە ئەبووبەكر نوێژی كرد بۆ موسڵمانان،[17] دواتر عومەر پێی وتم ماڵوێران ئیبن زەمعە چیت پێكردم، بەخوا كە وتت بەرنوێژی بكە، وامزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى ئەوەى پێكردویت، ئەگەر وا تێنەگەیشتمایە بەرنوێژیم نەدەكرد بۆ خەڵكەكە، منیش وتم بەخوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێنەكردم، بەڵام كە ئەبووبەكرم نەبینى، ئیتر تۆم بە شیاوتر زانى.[18]

سالیمى كوڕی عوبەید باسی ساتەكانى نەخۆشی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەكات و دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆش كەوت و لەهۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ منیش وتم بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى لە هۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ منیش وتم بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى لەهۆش خۆی چوو، دواتر هاتەوە هۆش خۆی، عائیشە وتى باوكم كەسێكی دڵناسكەو زوو گریان دایدەگرێت، بەڵكو كەسێكی تر بنێریت بۆ بەرنوێژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمدى فەرمووى ئایا كاتى نوێژ هاتووە؟ وتمان بەڵێ، فەرمووى بە بیلال بڵێن با بانگ بدات، بە ئەبووبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بۆ خەڵك بكات، هەمدى عائیشە وتى باوكم كەسێكی دڵناسكەو زوو گریان دایدەگرێت، بەڵكو كەسێكی تر بنێریت بۆ بەرنوێژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئێوەی ئافرەتان هاودەمە ژنەكانى یووسفن، بە بیلال بڵێن با بانگ بدات و بە ئەبوبەكریش بڵێن با بەرنوێژی بكات بۆ خەڵك)، هەمدى لەخۆش خۆی چوو، بیلال بانگى دا و قامەتى كرد و ئەبووبەكریش چوو بەرنوێژی بكات بۆ خەڵكەكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە هۆش خۆی و فەرمووى ئایا نوێژ دابەسراوە؟ وتم بەڵێ، فەرمووى (كەسێكم بۆ بانگ بكەن تا خۆمی پێوە بگرم)، ئەوەبوو بەریرەو كەسێكی تر هاتن و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باڵی دایە سەر شانیان و بەو حاڵەوە چوو بۆ نوێژ، لەپاڵ ئەبووبەكردا دانیشێنرا، ئەبووبەكر ویستی بگەڕێتە دواوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكری هێشتەوە تا نوێژەكە تەواو بوو.[19]

دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، عومەر تووڕە بووبوو دەیوت هەركەس بڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردووە بەم شمشێرە دەدەم لە گەردنى، خەڵكەكە بێدەنگ بوون، وتیان ئەی سالیم بڕۆ بۆ لاى هاوەڵەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بانگى بكە، منیش چووم بینیم ئەبووبەكر لە مزگەوت وەستاوە، كە منى بینی وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد؟ منیش وتم عومەر دەڵێت هەركەس بڵێت وەفاتى كردووە ئەوە بەم شمشێرەم دەدەم لە گەردنى، ئەبووبەكر دەستی خستە سەر شانم و كەوتە ڕێ تا هاتە ژوورەوەو خەڵكەكە رێیان بۆ كردەوە تا گەیشتە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خۆی دا بەسەریدا و دەموچاوى خستەڕوو و دەستی دا لە دەموچاوى و دڵنیا بوو وەفاتى كردووە، ئینجا ئەو ئاپەتەى خوێندەوە(إنك میت و إنهم میتون)، خەڵكەكە وتیان ئەی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئایا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردووە؟ وتى بەڵێ...[20]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، ئەبووبەكر پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) ماچ كرد،[21] ئەوەبوو كە هاتە ژوورەوەو بینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردووە، ماچی كرد و فەرمووى بە دایك و باوكمەوە بە قوربانت بم، بە زیندوویی و مردووییش بۆنت خۆشە، سوێند بەوەى گیانمى بەدەستە خوا هەرگیز دوو مەرگت پێ نۆش ناكات، دواتر چووە دەرەوەو هەواڵی مەرگى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) بە خەڵكەكە گەیاندو پێی وتن هەركەس موحەممەدى دەپەرست ئەوە موحەممەد مرد، هەركەسیش خوا دەپەرستێت ئەوە خوا زیندووەو نامرێت، چەند ئایەتێكی خوێندەوەو خەڵكیش دەستیان كرد بە گریان.[22]



[1] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 540.

[2] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16258، قال شعيب الأرناؤوط إسناده ضعيف جدا.

[3] - مفضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 499.

[4] - أسد الغابة، ج5، ص 367-368، مسند احمد بن حنبل، الرقم 26098، سنن ابن ماجة، الرقم 3716، ضعفه شعيب الأرناؤوط، كما ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 3719.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 3802، مسند احمد بن حنبل، الرقم 4647، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7، سير أعلام النبلاء، ج2، ص 228.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 958 و اللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 1527 حتى أيام عيد.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 5794.

[8] - صحيح مسلم، الرقم 3927.

[9] - صحيح مسلم، الرقم 5043، سنن الترمذي، الرقم 2498.

[10] - السنن الكبرى للنسائي،7265.

[11] - صحيح البخاري، الرقم 3480، صحيح مسلم، الرقم 4501، سنن الترمذي، الرقم 3696، صحيح ابن حبان، الرقم 6766، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15428، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16434، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7234، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1538.

[12] - نهاية الإرب للنويري، ج19، ص 26.

[13] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 26314، صحيح اب خزيمة، الرقم 2500، المستدرك على الصحيحين، الرقم 1606، سنن أبي داود، الرقم 1565، سنن ابن ماجة، الرقم 2930، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 8612، ضعفه شعيب الأرناؤوط، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي  داود، الرقم 1818.

[14] - صحيح البخاري، الرقم 456.

[15] - صحيح البخاري، الرقم 457، صحيح ابن حبان، الرقم 6970، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7834، مسند احمد بن حنبل، الرقم 2337، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2528، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 11723.

[16] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190.

[17] - سنن أبي داود، الرقم 4062، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6741، مسند احمد بن حنبل، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18521، الرقم 13858، قال الألباني في صحيح و ضعيف سن أبي داود حسن صحيح.

[18] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6741، مسند احمد بن حنبل، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18521، الرقم 13858.

[19] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 1527، سنن ابن ماجة، الرقم 1230، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سن ابن ماجة، الرقم 1234.

[20] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6889، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6239.

[21] - صحيح البخاري، الرقم 4197، مسند احمد بن حنبل، الرقم 1953.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 3488.

 764
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2023 All Rights Reserved.
© Copyright 2023 All Rights Reserved.