دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خوبەیبى كوڕی عەددى (رضي الله عنه)

ناوى خوبەیبى كوڕی عەددى كوڕی مالیكى كوڕی عامیرە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[1]یەكێكە لە بەشداربوانی غەزاى بەدر.[2]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دە كەسی لە هاوەڵانى بە سریەیەك نارد، عاصیمی كوڕی ثابتی ئەنصارى كرد بە ئەمیریان، كە گەیشتنە ناوچەیەكى نێوان عوسفان و مەككە، دەستەی بەنوولیحیان بە نزیكەى دووسەد كەسەوە هاتن و كەوتنە شوێنیان، كە گەیشتنە شوێنەكەیان بینییان ناوكى خورما جێماوە، وتیان ئەم ناوكە هی خورماى مەدینەیە، بۆیە كەوتنە شوێنیان، كاتێك عاصیم و هاوەڵەكانى ئەوانیان بینی هەستیان بە مەترسی كرد و لە شوێنێك خۆیان پەنا دا، بەڵام بەنولیحیان گەمارۆیان دان و وتیان خۆتان بدەن بە دەستەوە لە پەنادا دەبن و كەستان ناكوژین، عاصمی ئەمیری سریەكە وتى بەخوا من خۆم نادەمە بەر پەناى بێباوەڕ، خوایە هەواڵی ئێمە بگەیەنەرە پێغەمبەرەكەت، ئەوەبوو بەنولیحیان تیربارانیان كردن، ئەوەبوو عاصم و حەوت كەسی تریان شەهید بوون، سێ كەسەكەى تر كە مابوونەوە خۆیان دا بە دەستەوەو داوای پەنایان كرد، یەكێك لەو سێ كەسە خوبەیب بوو، كاتێك گەیشتنە لاى بەنولیحیان خێرا ئەوانیان بەستنەوە، یەكێك لە سیانەكە وتی ئەمە سەرەتاى ناپاكیەكەیانە، بەخوا من لەگەڵتان نایەم، ئەو كوژراوانەمان پێشەنگى رەوان، ئەوانیش بە زۆر رایاندەكێشا تا لەگەڵیان بچێت بەڵام ئەو نەدەچوو، بۆیە ئەویشیان كوشت، ئینجا خوبەیب و ئەو كەسەكەی تریان برد و ئەوانیان فرۆشتن بە خەڵكی مەككە، ئەوەبوو بەنو حارثى كوڕی عامیر خوبەیبیان كڕی، چونكە خوبەیب لە جەنگى بەدردا باوكى ئەوانى كوشتبوو، خوبەیبیان كڕی و بە دیلی لاى خۆیان هێشتیانەوە، لە ماڵەوە لە شوێنێك بەندیان كردبوو تا ئەو كاتەى بیكوژن، خوشكەكەیان لەوێ پاسەوانى بوو، خوبەیب داواى گوێزانى لەو ئافرەتە كرد تا خۆی پێ پاك بكاتەوە، كوڕێكی ئەو ئافرەتەش لاى خوبەیب بوو، خوبەیب لەسەر ئەژنۆی خۆی داینیشاندبوو، ئافرەتەكە دەیوت منیش ترسام بە مووسەكە ئەو كوڕەم ئازار بدات، بۆیە بە ترسەوە بەرەو ئەوێ چووم، خوبەیب كە منى بینی زانى ترساوم، وتى ترسایت ئەم منداڵە بكوژم؟ من شتی وا ناكەم، ئافرەتەكە دواتر دەیوت بەخوا هیچ بەندیەكم نەدیبوو هێندەى خوبەیب چاك بێت، سوێند بەخوا رۆژێك بینیم هەرچەندە لاى ئێمە بەندكراو بوو كەچی ترێی دەخوارد لەكاتێكدا بە زنجیر بەسترابوویەوە و لەو كاتەشدا لە هەموو مەككە ترێ دەست نەدەكەوت، بۆیە دڵنیام ئەوە رۆزیەكى خوایی بوو ناردبووى بۆ خوبەیب،[3] ئەوان خوبەیبیان بە بەند كراوى هێشتەوە تا مانگە حەرامەكان تەواو بوون،[4] خوبەیب بە یەكێك لەوانەى وت كە بەندیان كردبوو سێ داواكاریم لێت هەیە، ئاوى سازگارم بۆ بهێنیت و گۆشتی بە حەرام سەربڕاوم بۆ نەهێنیت (گۆشتى قوربانى كراو بۆ بتەكان) ئەگەریش ویستیان بمكوژن پێم بڵێیت،[5] ئینجا هاتن و خوبەیبیان برد تا بیكوژن، خوبەیب وتى دەرفەتم بدەن تا دوو ركات نوێژ بكەم، ئەوانیش مۆڵەتیان دا، خوبەیب دوو ركات نوێژی كرد، دواتر كە تەواو بوو تى ئەگەر لەبەر ئەوە نەبوایە كە وابزانن لە ترسا نوێژەكەم درێژ دەكەمەوە زۆر نوێژەكەم درێژە پێدەدا،[6] ئەمەش بوو بە یەكەم سوننەتى دوو ركات نوێژی پێش كوشتنى موسڵمانان كە خوبەیب ئەنجامى دا، ئینجا نزاى كرد لێیان و وتى خوایە هەموویان كۆكەرەوەو بە جارێ لەناویان بەرەو تاقیان مەهێڵە،[7] ئینجا ئەم شیعرەى وت:

ولست أبالی حین أقتل مسلما

                                                   على أی شق كان لله مصرعی[8]

هیچ باكم نیە وەك موسڵمانێ كاتێ دەكوژرێم

لەبەرخـودایە، بەهەر جـۆرێ بێ با لەنـاو ببرێـم

جۆری كوشتنەكەى بە وجۆرە بوو لەخاچدرا و ئینجا لێی دەدرا تا دەمرد،[9] كاتێك بەرزیان كردەوە بۆ سەر دارخورماكە تا بیبەستنەوە خوبەیب ئەم شیعرەى دەوت:

هــــەمـوان لە دەورم تینیــــان گرتــووە

هۆز و دەستەكـان پـــەنگیـان خواردووە

ژن و منــــداڵیــان خـــڕ بــوون لەو لاوە

منیــش هەڵــواســراو بە دار خــورمــاوە

نـــاڵـــەى بێكەســی و ئاهــى هەر ژانــێ

بــۆ ئـــەم كوشتنـــەم خودا دەیــزانـــێ

پەروەردگارم! صەبرێكـــم هـەبێ

بــــۆ مەرگێ كـــە وان لـــە منیان دەوێ

ئـــــەمــــەش لەپێنــاو پــەروەردگــارێ

بۆ جەستەى لەت بووم گەر ویستى هەبێ

خــــۆی دەیپارێــــزێ و رێــزی لێ دەنێ[10]

ئینجا خوبەیب وتى: خوایە وا ئێمە پەیامى پێغەمبەرەكەتمان گەیاند، دەى تۆیش هەواڵی ئێمە بە پێغەمبەرەكەت بگەیەنە.[11]

جا لەو كاتەى تیریان بۆ دەهاویشت پێیان دەوت حەزت ئەكرد ئێستا موحەممەد لە شوێنی تۆدا بێت؟ ئەویش دەیوت نە سوێند بە خواى گەورە، حەز ناكەم لە بری ئەم لەناوچوونەى من دڕكێكیش بچێت بە پێیدا، ئەوانیش پێدەكەنین.[12]

كاتێك خوبەیب كوژرا دەموچاوى خوبەیبیان بە پێچەوانەى كەعبەوە وەرچەرخاند، كەچی دواتر تەماشایان كرد دەموچاوى روو بە كەعبەیە، چەند جار وایان لێكرد كەچی هەر دەموچاوى رووى دەكردەوە بەرەو قیبلە، بۆیە وازیان لێهێنا.[13]

موعاویەى كوڕی ئەبوو سوفیان دەڵێت: من ئەو رۆژە ئامادەى كوشتنەكەى خوبەیب بووم، لە ترسی نزاكەى خوبەیب وام دەزانى زەوى قووتم دەدات.[14]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە هەواڵی خوبەیبی پێ گەیشت، هەریەك لە میقداد و زوبەیری نارد تا تەرمى خوبەیب لە دارخورماكە دابگرن، كە گەیشتنە ناوچەی تەنعیم دەبینن چل كەس لەوێن، هەرچۆنێك بێت تەرمەكەى خوبەیبیان داگرت، زوبەیر تەرمەكەى خستە سەر ئەسپەكەى و تەرمەكەشی هیچ تێك نەچووبوو، بەڵام بێباوەڕەكان پێیان زانین، كاتێك كەوتنە شوێنیان زوبەیر تەرمەكەى خستە خوارەوە، زەوى تەرمەكەى خوبەیبی قووتدا و تەرمەكەى دیار نەماو نەكەوتە دەست بێباوەڕان.[15]

رایەكى تر دەڵێت: بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەنها عەمرى كوڕی ئومەییەى نارد تا تەرمەكەى خوبەیب ببات، ئەویش چوو و تەرمەكەى خوبەیبی خستەخوارەوە، زەوی تەرمەكەى خوبەیبی قووت دا، دواتر كەمێك گەڕام بۆ تەرمەكە لە هیچ شوێنێك تەرمەكە دیار نەبوو، تا ئێستاش تەرمى خوبەیب دیار نیە.[16]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 262.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 262.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 2901، سنن أبي داود، الرقم 2301

[4] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 67.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 248.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 2901، سنن أبي داود، الرقم 2301.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 3788، مسند احمد بن حنبل، الرقم 7722، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5143.

[8] - صحيح ابن حبان، الرقم 7149.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 2901، سنن أبي داود، الرقم 2301، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8565،

[10] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5143، ئەگەرچی وتەكان دەقی تەواوى عەرەبیەكە نین، بەلآم كرۆكی واتاى عەرەبیەكەن، بۆیە كردمان بە كوردى تا خوێنەر ئاهى سەرەمەرگى ئەو هاوەڵە تێبگات.

[11] - حلية الاولياء، ج1، ص 113.

[12] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5143.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 263.

[14] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 66.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 263.

[16] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 67.

 1307
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.