دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خەوواتى كوڕی جوبەیر (رضي الله عنه)

ناوى خەوواتى كوڕی جوبەیرى كوڕی نوعمانە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، كونیەكەى ئەبوو عەبدوڵایە، یان دەوترێت كونیەكەى ئەبوو صاڵحە.[1]

برایەكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە ئەویش یەكێك بوو لە هاوەڵە گەورەكان و لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە و بەدر بوو و لە غەزاى ئوحوددا بەرپرسی تیرهاوێژەكان بوو و تا دواسات لە شوێنی خۆی مایەوەو دواجار شەهید بوو.[2]

خەووات یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، بەڵام بەهۆی بریندارى قاچیەوە نەیتوانى بەشدارى خودى جەنگەكە بكات، بەڵام لە دەستكەوت و پاداشتیشدا وەك بەشداربوویەك حسابی بۆ كرا.[3]

دواى ئەوەش خەووات لە غەزاى ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاكانى تریشدا بەشدار بوو.[4]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خەوواتى كوڕی جوبەیری نارد بۆ لاى بەنى قورەيضه تا بانگەوازیان بكات بۆ ئیسلام، ئەوانیش وتیان ئێمە وەك پیاوێكی دوو پەل واین كە پەلێكی بڕاوەو یەكێكی ماوە، بۆیە رازى نەبوون.[5]

خەووات دەڵێت: لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەڕوظههران بووم، ئینجا لە خەیمەكەى خۆم هاتمە دەرەوە دەبینم بڕێك ئافرەت قسە ئەكەن، منیش كەیفم هات بە وەزعەكە، بۆیە چوومەوە ناو چادرەكەم و جلە جوانەكانم پۆشی و هاتمەوە لەگەڵ ئافرەتەكان دانیشتم، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە خێوەتەكەى هاتە دەرەوەو و پێی فەرمووم (ئەى ئەبوو عەبدوڵا ئەوە بۆ چ شتێك لەگەڵ ئەو ئافرەتانە دانیشتویت؟) منیش كە پغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) بینی سام دایگرتم و قسەم لێ شێوا و وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وشترێكم دەرچوو و منیش ویستم گوریسێكم دەست بكەوێت تا بچم وشترەكەمى پێ بهێنمەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) عەباكەى خۆی بۆ فڕێدام و چوو تارەتى گرت و دەستنوێژی گرت و هاتەوە، ئاو لە ریشیەوە دەچۆڕایە سەر سنگى، ئینجا فەرمووى  ئەی ئەبووعەبدوڵا وشترەكەت چی لێهات؟ ئیتر كەوتینە ڕێ، لەو ڕێیەدا هەركات پێم دەگەیشت دەیفەرموو ئەى ئەبوو عەبدوڵا وشترە راكردوەكەت چی لێهات؟ منیش بەوە شەرمەزار دەبووم و هەوڵم دەدا زوو بگەمەوە مەدینە، ئیتر رووم نەبو وبچمە مزگەوت و كۆڕی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ماوەیەكى زۆر وا بووم، ئیتر جارێك كە زانیم مزگەوت چۆڵە دەرفەتم قۆستەوەو چوومە مزگەوت و نوێژم كرد، لە نوێژدا بووم كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هاتە مزگەوت، دوو ركاتى كورت نوێژی كرد، منیش هەر نوێژەكەم درێژ ئەكردەوە بەو هیوایەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕوات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (سەلامت لێ بێت ئەبوو عەبدوڵا وشترە راكردووەكەت چی بەسەرهات؟) منیش وتم سوێند بەوەى تۆی بە حەق ناردووە ئەو وشترەم تا ئێستا بۆ تاكە جارێكیش راینەكردووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (رەحمەتى خوات لێ بێت) سێ جار ئەوەى فەرموو، ئیتر دواى ئەوە ئەو پرسیارەى لێ نەدەكردم.[6]

جا لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە خەووات دەڵێت: جارێك نوێژم ئەكرد و نوێژەكەم درێژ ئەكردەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (نوێژەكەت درێژ مەكەرەوە، ئیشمان پێتە)،[7] پێدەچێت لە هەمان رووداودا بووبێت كاتێك خەووات نوێژەكەى درێژ كردوەتەوە تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕوات.

خەووات دەڵێت: جارێك لەگەڵ عومەرى كوڕی خەططاب چووین بۆ حەج، لە كاروانێكدا بووین كە ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەرراح و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفى تێدا بوو، خڵكەكە وتیان ئەی خەووات شیعرێكمان بە ئاوازەوە بۆ بڵێ، منیش بە ئاوازەوە بڕێ شیعرم بۆ وتن، ئینجا وتیان لە شیعرى فلآنمان بۆ بڵێ، عومەرى كوڕی خەططاب وتى وازى لێ بێنن با لەوانەى ناخى دڵی خۆیمان بۆ بڵێت، منیش شیعرى دڵی خۆمم بە ئاوازە دەهۆنیەوە بۆیان تا هێندە بەردەوام بووم دەمەو پارشێو هات، عومەر وتى بەسە وا دەمەو بەیانە، ئەبووعوبەیدە وتى خەووات وەرە بۆ لاى من لە عومەر خراپتر نیم (یانى مەجالت دەدەم)، پێكەوە چووینە ئەولاوەو هەتا كاتى نوێژی بەیانى هەر بە ئاوازەوە شیعرم بۆ هۆنیەوە.[8]

خەووات لە خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو طالیبدا لەناو ریزی سوپاى عەلیدا بوو.[9]

خەووات لە ساڵی چلى كۆچی و لە تەمەنى حەفتا و چوار ساڵیدا كۆچی دوایی كرد،[10] رایەكى تریش دەڵێت: لە ساڵی چل و دووى كۆچیدا وەفاتى كردووە.[11]

خەووات بۆ رەنگى ریشی خەنەو وسمەى بەكاردەهێنا،[12] دیارە دەبێت ئەمەش لە دواییەكانى تەمەنیدا بووبێت.



[1] - أسد الغابة، ج2، ص 182.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 35.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 330.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 346.

[5] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 4376.

[6] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4035، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2258،

[7] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4039.

[8] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 8620.

[9] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4031.

[10] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5734.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 347.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 477.

 3149
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.