دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حاجیب (رضي الله عنه)

حاجیبى كوڕى زورارە (رضي الله عنه)

ناوى حاجیبی كوڕی زورارەى كوڕی عەدەسى تەمیمیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عوطارید كە ئەویش هاوەڵى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو و پاش فەتحى مەككە هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[1]

حاجیب دوو براى هەبوو بە ناوەكانى میعبەد و وەكیع.[2]

حاجیب كەسێكی زۆر ژیر و نەرمونیان بوو، تەنانەت ئەو سیفەتەى وا ناسرابوو كە ژیری و نەرمونیانى قەعقاعی كوڕی میعبەدیان دەچواند بە ژیری و نەرمونیانى حاجیبی مامى.[3]

كاتێك حاجیبی كوڕی زورارە لە مەدینە بوو صەفوانى كوڕی ئەسیدیش هاتە مەدینە، كابرایەكى بەنى لەيث لەوێ بوو و بەدواى كەسێكی تەمیمیدا دەگەڕا تا بیكوژێت، كە صەفوانى بینی كوشتى، خێرا حاجیب لەگەڵ وەكیعی برایدا ئەو كەسەیان گرت و بردیان بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتیان ئەم كەسە هاوەڵەكەى ئێمەى كوشتووە، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) ئەو كەسەى نەدەناسی چونكە هێشتا موسڵمان نەبووبوو، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) پێشنیارى خوێن بایی كرد بۆیان و ئەوانیش وتیان جگە لە ئێمە كەسى تر هەیە شیاو بێ بەو خوێن باییە، مەبەستیان هاوڕێكانیان بوو، كاتێ كەسوكارەكەى هەواڵیان پێ گەیشت كە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) حەزى كردووە لەبری كوشتنەوەى خوێن بایی وەربگرن، لەو كەسە خۆش بوون و وازیان هێنا.[4]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) حاجیبی نارد تا زەكاتى هۆزەكەى خۆی كۆبكاتەوە، بەڵام هێندەى نەبرد حاجیب مرد، ئەمجار عوطاردی كوڕی حاجیب و زوبرقانى كوڕی بەدر چوون بۆ ئەو ئەركە.[5]

حاجیبی كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى حاجیبی كوڕی زەیدی كوڕی تیمى كوڕی ئومەییەیە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[6] ئین ئەثير دەڵێت لە خەزرەجیەكانە،[7] لە غەزاى ئوحوددا بەشدار بوو.[8]

حاجیبی كوڕی یەزید(رضي الله عنه)

ناوى حاجیبی كوڕی یەزید یان دەوترێت كوڕی زەیدە، لە پشتیوانانە لە ئەشهەلیەكان، لە جەنگى یەمامەدا بەشداى كردو تیایدا شەهید بوو.[9]



[1] - أسد الغابة، ج4، ص 47.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 248 و ج3، ص 432.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 248.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 432.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 432.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 561.

[7] - أسد الغابة، ج1، ص 461.

[8] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 281.

[9] - أسد الغابة، ج1، ص 461.

 2355
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.