دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ریعیەى سوحەیمی (رضي الله عنه)

ناوى ریعیەى سوحەیمیە، چوویە خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەویش نامەیەكى بۆ نووسی.

ریعیە كە چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نامەیەكى بۆ نووسی، ریعیەش نامەكەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) برد و كونێكى سەتڵەكەى پێ گرت، پاش ماوەیەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سریەیەكى نارد و سریەكە ژن و مناڵ و كەلوپەلى ریعیەیان برد، ریعیە بە بێ جل و بە رووتى بەسەر ئەسپەكەیەوە هات و هات بۆ لاى كچەكەى كە شووی كردبوو بە كوڕێكی بەنى هیلال، ئەوان پێشتر موسڵمان بووبوون و ئەو ئافرەتەش لەگەڵیان موسڵمان بووبوو، كە چوو بۆ لاى كچەكەى بینی لە سووچی ماڵەكەیەوە دانیشتووە، كە كچەكەى باوكى بینی خێرا جلێكی دا بە سەریدا و وتى چیتە؟ ئەویش وتى هەرچی خراپ بێت ئەوەمە، هیچیان بۆ نەهێشتوومەتەوە، ریعیە وتى ئەى پیاوەكەت كوا؟ وتى لەناو رانە وشترەكاندایە، خێرا چوو و هەواڵی پێدا، هەرچەند ویستى شمەك بدات بە ریعیە بەڵام ئەو وتى تەنها كونەیەك ئاو و بڕێ خواردنى رێبوارم بدەنێ تا بچمە لاى موحەممەد تا ماڵ و سامان و ژن و منداڵەكەى دابەش نەكردوم، ئەوەبوو كەوتەڕێ و جلێكی لەبەردا بوو كە ئەگەر سەری دابپۆشیایە قنگى دەردەكەوت و ئەگەریش خوارووى دابپۆشیایە سەری دەردەكەوت، چوو تا بە شەو گەیشتە مەدینە، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی بەیانى كرد ریعیە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەستت بكەرەوە تا بەیعەتت پێ بدەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى كردەوە، كە ریعیە دەستى برد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى قوچی، ریعیە وتى ئەی  پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستت بكەرەوە تا بەیعەتت پێ بدەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  تۆ كێیت؟ وتى من ریعیەی سوحەیمیم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسكی گرت و بەرزى كردەوەو فەرمووى:  ئەی خەڵكینە ئەمە ئەو ریعیەیە كە من نامەم بۆ نووسی و ئەویش بە نامەكەم كونى سەتڵەكەى گرت، پاشان ریعیە وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژن و مناڵ و سامانەكەم؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (سامانەكەت لەنێو موسڵماناندا دابەش كرا، بەڵام بۆ ژن و منداڵەكانت بڕۆ بزانە كامیانت دەست دەكەوێتەوە) ریعیەش چوو سەیری كرد كوڕێكی لە لایەكەوە وەستاوە، چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەوە منداڵی منە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بیلالى لەگەڵ نارد و فەرمووى:  لەگەڵی بڕۆ و پرسیار لێ بكە ئایا ئەوە باوكتە؟ ئەگەر وتى بەڵێ ئەوە بیدەرەوە پێی، بیلال چوو و پرسیاری لێكرد ئایا ئەوە باوكتە؟ منداڵەكەش وتى بەڵێ، بۆیە منداڵەكەى دایەوە بە ریعیە، ئینجا بیلال چوویەوە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى بەخوا نەمدى هیچكامیان هاوسۆزی بنوێنن بۆ ئەوی تریان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ذلك جفاء العرب[1] (ئەوە جەفا و هەست ساردى عەرەبە)، لە گێڕانەوەكەى ئەحمەددا هاتووە(ئەوە جەفاى ئەعرابیەكانە).



[1] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 35957، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 21869، قال شعيب الأرناؤوط  رجاله ثقات رجال الشيخين لكنه منقطع.

 1182
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.