دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زەیدی كوڕی حارثه(رضي الله عنه)

ناوى زەیدی كوڕی حارثهى كوڕی شەراحیلى كەعبیە، دایكی ناوى سەعدى كچی ثهعلەبەیە.[1]

زەید هێشتا بچووك بوو كە لەگەڵ سەعدى دایكی چوو بۆ لاى هۆزەكەى دایكی، لەو ماوەدا هێرش كرایە سەر ئەو هۆزەو تیایدا زەید بەدیل گیرا و دواتر برا بۆ بازاڕی عوكاظ و لەوێ فرۆشرا، حەكیمی كوڕی حیزام زەیدی كڕی بۆ خەدیجەى پووری، بە چوارسەد درهەم ئەوى كڕى، ئیتر زەید لاى خەدیجە مایەوە تا ئەوەى خەدیجە شووی كرد بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوكات بەخشی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[2]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە حارثه ئافرەتێكی لە هۆزى (طيء) بەهاوسەر گرت، لەو ئافرەتە سێ منداڵی بوو كە بریتی بوون لە جەبەلەو ئەسما و زەید، پاش ماوەیەك ئەو ژنەى مرد، ئینجا ئەو مندالآنە لاى باپیرەیان مانەوە، حارثه ویستى بیانبات لەگەڵ خۆیدا، بەڵام باپیرەى هات و وتى با لاى ئێمە بن باشترە بۆیان، ئەویش هەریەك لە جەبەلەو ئەسمائی برد و زەیدى لەوێ جێهێشت، پاش ماوەیەك سوارەیەكى تیهامە هات و داى بەسەر ناوچەی هۆزەكەى دایكی زەیددا و زەیدیان بە كۆیلە گرت و بردیانە بازاڕی مەككەو لەوێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوی بینی و وەسفی كرد بۆ خەدیجەو خەدیجەش زەیدی كڕی و لەوێ لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوە و دواتر كۆچی كرد بۆ مەدینە، كاتێك حارثه هات بۆ مەدینەو زەیدی بینی زەید لەبەر رێزی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەبەری هەڵنەسا، حارثهو دەستەكەى بانگى زەیدیان كرد بەڵام ئەو وەڵامى نەدایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەى زەید ئەوانە كێن؟ وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەیان باوكمەو ئەوەشیان ماممەو ئەوەشیان برامەو ئەوەش هۆزەكەمن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (دەى هەستەو سەلامیان لێ بكە) ئەوانیش سەلامیان لێكرد، ئینجا وتیان ئەی زەید لەگەڵ ئێمە وەرەوە، زەید وتى بەس لاى پێغەمبەرى خوام دەوێت و نایگۆڕمەوە بە كەس، ئەوانیش وتیان ئەی موحەممەد چەند بەرامبەر خوێن باییت پێ دەدەین لەبرى ئەم كۆیلەیە تا بیدەیتەوە پێمان، چەندەت دەوێت دەتدەینێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى داواتان لێ دەكەم شایەتى بدەن هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا و من كۆتاو سەرمۆری پێغەمبەرانى خوام ئینجا دەینێرم لەگەڵتان، بەڵام ئەوان بەوە رازى نەبوون، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێی دا بیبەن، بەڵام زەید ئامادە نەبوو لەگەڵیان بڕوات، دواتر حارثه وتى من خۆم ئامادەم موسڵمان بم، ئەوەبوو شایەتومانى هێنا و ئەوانى تر ئامادە نەبوون موسڵمان بن.[3]

ئوسامەى كوڕی زەید لە باوكیەوە دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگهێشتى حارثهى كوڕی شەراحیلى كرد بۆ ئیسلام و ئەویش موسڵمان بوو.[4]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆشەویستى زۆر بوو بۆ زەید، جا كاتێك خەدیجەى هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەیدی زۆر خۆشدەوێت زەیدی بەخشی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[5]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە كە دەستەیەك لە هۆزەكەى زەید هاتن بۆ حەج و لەوێ زەیدیان بینی و یەكتریان ناسیەوە، هەواڵیان برد بۆ باوكى و ناونیشانیان پێدا، باوكیشی هاودەم بە كەعب هات بۆ مەككەو پرسیارى پێغەمبەرى خوایان (صلى الله عليه وسلم) كرد و وتیان لە مزگەوتە، ئەوانیش چوون بۆ لاى و وتیان تۆ گەورەى هۆزەكەتى و خەڵكی شارێكیت كە كەعبەى تێدایە، دەستگرۆی نەدار و نانبەخشن، هاوتین تا ئەو كۆیلەت كە هەتە كوڕی ئێمەیە منەتبارمان بكەیت و ئازادى بكەیت و لە بەرامبەردا چیت دەوێت پێت دەبەخشین، ئەویش فەرمووى:  كامەیە؟ وتیان زەید، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  بانگى بكەن و سەرپشكی بكەن، ئەگەر ئێوەی هەڵبژارد ئەوە بەبێ هیچ بەرامبەرێك بۆ ئێوەو ئەگەریش منى هەڵبژارد ئەوە بە خوا من كەسێك دوورناخەمەوە كە من هەڵبژێرێت، ئەوانیش وتیان زۆر لەوە زیاترت پێ بەخشیوین كە ئێمە داوامان كردووە، ئەوەبوو هێنرا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئەمانە دەناسیت؟ وتى بەڵێ، ئەوە باوكمەو ئەوەش مامەمە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئەى زەید من ئەوەم كە دەمناسیت و هاوەڵیت كردوم، جا یان من هەڵبژێرە یان ئەو دوانە هەڵبژێرە، زەید وتى تەنها تۆ هەڵدەبژێرم، تۆ بۆ من وەك باوك و مامیش بویت، باوكى و مامى وتیان ماڵوێران كۆیلایەتیت پێ خۆشە تا ئازادى و هاودەمى باوكت و مام و كەسوكارت؟ زەید وتى بەڵێ، من شتێكم لەم پیاوە بەدیكردووە كە ئیتر بڕیارم داوە جگە لەم كەس هەڵنەبژێرم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئەمەى بینی بردیەوە ناو ژوورەكەى و فەرمووى:  شایەت بن زەید كوڕی منەو میراتم لێ دەگرێت و مێراتى لێدەگرم، كاتێك باوكى و مامى ئەمەیان بینی دەروونیان ئارامى گرت و چوون، ئیتر هەمیشە زەید بە ناوى زەیدی كوڕی موحەممەد بانگ دەكرا تا ئەوەى ئیسلام هات.[6]

زەید دە ساڵ لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچووكتر بوو و بالآشی كورت بوو، رەنگى سپی بوو.[7]

هاوسەرگیریەكانى زەید

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیاری دا ژن بهێنێت بۆ زەید، بۆیە ئومموئەیمەنى بۆ هێنا و لەم ژنەى زەید كوڕێكی بوو بە ناوى ئوسامە[8] كە پێشتر لە پیتى ئەلفدا لەژێر ناوى ئوسامەى كوڕی زەیددا بە وردى ژیانەكەیمان باس كردووە.

دواتر زەید زەینەبی كچی جەحشی بەهاوسەر گرت، ئەمیش پوورزاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، بەڵام دواتر زەید زەینەبی تەلآق دا، دواى ئەوە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ژنێكی تری بۆ هێنا بە ناوى ئومموكلثوومى كچی عوقبە، لەم ژنەى كوڕێكی بوو كە ناوى نا زەید، كچێكیشی بوو ناوى نا روقییە، دواتر روقییەشی تەلآق دا و ژنێكی تری هێنا بە ناوى دوڕرەى كچی ئەبی لەهەب، دواتر ئەویشی تەلآق دا و هیندی كچی عەوامى بەهاوسەر گرت كە خوشكی زوبەیری كچی عەوام بوو.[9]

كاتێك زەید ویستى زەینەب تەلآق بدات، لەگەڵیدا نەدەگونجا، بۆیە دەهاتە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سكالآى حاڵی خۆی دەكرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پێی دەفەرموو (لەخوا بترسەو ژنەكەت لاى خۆت بهێڵەرەوە)، زەید هەر تەلآقی داو دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەینەبی بەهاوسەر گرت، ئەوەش لە قورئاندا باس كراوە،[10] خوا دەفەرمویت: (وَإِذْ تَقُولُ لِلَّذِي أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَأَنْعَمْتَ عَلَيْهِ أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ وَتَخْشَى النَّاسَ وَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَاهُ فَلَمَّا قَضَى زَيْدٌ مِنْهَا وَطَرًا زَوَّجْنَاكَهَا لِكَيْ لَا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ إِذَا قَضَوْا مِنْهُنَّ وَطَرًا وَكَانَ أَمْرُ اللَّهِ مَفْعُولًا)

 (بیربكەرەوە كاتێ دەت وت بە كەسێ (زەیدی كوڕی حارثه) كە خوا بەهرەی بەسەردا ڕشتبوو تۆیش چاكەت لەگەڵدا كردبوو (بە ئازاد كردنی و پەروەردە كردنی) خێزانت (زەینەب) لای خۆت ڕاگرەو بیهێڵەوە وە لەخوا بترسە لە دڵی خۆتدا شتێك دەشاریتەوە كە خوا ئاشكرای دەكات وە لە (قسەی) خەڵك دەترسی لە كاتێكدا خوا شیاوترە كە لێ ی بترسی ئینجا كاتێ زەید پێویستی بەو (زەینەب) نەما و تەڵاقی دا ئێمە ئەو (زەینەب) مان لێ مارەكردی بۆ ئەوەی هیچ ناڕەحەتی (و تاوانێ) نەبێت لەسەر ئیمانداران لە (مارەكردنی) ژنانی بە كوڕ كراوەكانیاندا كاتێ پێویستیان پێیان نەماو تەڵاقیان دان وە فەرمانی خوا (بە مارە كردنی زەینەب بۆت) دراوە و بڕاوەیە).

زەید لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێش هاتنى وەحى

زەید دەڵێت: رۆژێكی گەرمى مەككە بوو، لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چووینە دەرەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى لەپێش خۆیەوە سوارى ولآخەكەى كردبوو، چووین بۆ لاى یەكێك لە بتەكان و ئاژەڵێكمان بۆ سەربڕی و برژاندمان، زەیدی كوڕی عەمر تێپەڕ بوو و هەردووكیان سەلامى سەردەمى جاهیلیان لە یەكتر كرد، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئەى زەید چیە دەبینم هۆزەكەت رقیان لێ هەڵگرتویت؟ ئەویش وتى ئەی موحەممەد بەخوا من هیچ زیانێكم نەبووە بۆیان، بەڵام دەرچووم تا هەواڵی ئەو دینە وەربگرم تا چوومە لاى راهیبەكانى فەدەك بینیم پەرستشی خوایان دەكرد و هاوەڵیشیان بۆ دادەنا، منیش وتم ئەوە ئەو دینە نیە كە من دەمەوێت، پیرێكیان وتى ئەو دینەى تۆ هەواڵی دەپرسیت تەنها لاى پیرێكە لە حیرە منیش چووم بۆ لاى، كە منى بینی وتى تۆ لە كوێوە هاتویت؟ وتم لە مەككەوە، ئەویش وتى ئەوەى تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت لە ناوچەی خۆتدا دەردەكەوێت، پێغەمبەرێك نێردراوە كە ئەستێرەكەى دەركەوتووە، منیش چی كەس  دەبینم هەموو لە گومڕاییدان و هەستم بە هیچ نەكردووە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خوانەكەى لێ نزیك كردەوە، زەید وتى ئەوە چیە؟ فەرمووى:  ئەوە مەڕێكە سەرمان بڕیوە بۆ یەكێك لە بتەكان، ئەویش وتى من سەربڕاوێك ناخۆم كە ناوى خواى لەسەر نەهاتبێت، ئێنجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو تەوافی كەعبەى كرد و منیش لەگەڵی بووم، صەفاو  مەروەى كرد، لەوێ دوو بتى مس هەبوون كە پێیان دەوترا یەساف و نائیلە، خەڵكی كە تەوافیان دەكردن دەستیان پێدا دەهێنا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  دەستیان پێدا مەهێنە چونكە ئەوانە پیسن، منیش لە دەروونى خۆمدا وتم هەر دەستیان پێدا دێنم بزانم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی دەكات؟ دەستم هێنا پیایاندا، ئەویش فەرمووى:  ئەى زەید مەگەر رێگریت لێ نەكرا؟[11]

زەید لە بانگەوازى مەككەدا (رضي الله عنه)

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگەوازى راگەیاند و بێباوەڕان كێشەیان بۆ دروست دەكرد، هاتن بۆ لاى ئەبووطالیب و پێشنیازی ماددییان دەخستە بەردەم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا واز بهێنێـ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  تەنها یەك وشەم دەوێت لێتان، بڵێن لا الە الا اللە، بەڵام ئەوان رازى نەبوون، یەكێكیان وتى ئەمە تەنها چارەسەری بریتیە لە تیرۆركردنى، بۆ شەوەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دیار نەما، ئەبوو تالیب و مامەكانى هاتن بۆ ماڵی، كەچی لەوێ نەبوو، بۆیە گەنجانیان كۆكردنەوە وهەركام ئاسنێكیان بە دەستەوەبوو، ئەبوو طالیب وتى دەچمە لاى كەعبەو هەركامتان لاى سەركردەیەكیان بوەستن، ئەگەر موحەممەد كوژرابوو دەیانكوژین، لەو كاتەدا زەید هاتەوە، ئەبووطالیبی بەو شڵەژاویە بینی، ئەبووطالیب وتى ئەی زەید برازاكەمت نەدیوە؟ وتى با كەمێك لەمەوبەر لەگەڵ من بوو، ئەبووطالیب وتى ناچمەوە ماڵ تا نەیبینم، خێرا زەید چوویە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە لە ماڵێك لاى صەفا لەگەڵ هاوەڵانى بوو، هەواڵ و بەسەرهاتەكەى بۆ باسكرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) گەڕایەوەو هات بۆ لاى ئەبوو طالیب.[12]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ طائیف زەیدی كوڕی حارثهش لەگەڵیدا چوو، كاتێك خەڵكەكەى پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) بەردباران دەكرد، زەید خۆی دەدایە بەر بەردەكان و پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەپاراست، ئینجا كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ حەسانەوە لەژێر دارخورمایەكدا دانیشتبوو، زەید پێی وت چۆن دەچیتەوە ناو مەككە لەكاتێكدا قوڕەیشیەكان تۆیان دەركرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەى زەید ئەم حاڵەى تۆ دەیبینیت خواى گەورە دەرووى خێر و رزگارى بۆ دەكاتەوە، خوا ئایینی خۆی سەردەخات و پێغەمبەرەكەى سەردەخات).[13]

 

كۆچكردنى زەید بۆ مەدینە

زەید دواتر كۆچی كرد بۆ مەدینە، لەوێ لە غەزاى بەدرو ئوحود و غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد تا لە غەزاى موئتەدا شەهید بوو.[14]

زەید كە كۆچی كرد بۆ مەدینە لە ماڵی كلثومى كوڕی هدم مایەوە، رایەكی تر دەڵێت: بەڵكو لە ماڵی سەعدى كوڕی خەيثهمە مایەوە.[15]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی ئەبووئەییووبى ئەنصاری بوو، هەریەك لە زەید و ئەبوورافیعی بانگ كرد و دوو وشتری پێدان و پێنج سەد درهەمیشی پێدان و ئەوانى نارد بۆ مەككە تا بچن فاطيمهو ئومموكلثوومى كچانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سەودەى كچی زەمعەو ئوسامەى كوڕی زەید بهێنن بۆ مەدینە.[16]

كاتێك زەینەب كەوتەڕێ بۆ كۆچەكەى لەگەڵ كینانیەكان چوو، خێرا كۆمەڵێك كەوتنە شوێنی تا ئازارى بدەن، لەوانە هەببارى كوڕی ئەسوەد بوو كە ئەو هەڵوێستەى نواند، ئەوكات زەینەب سكی هەبوو، بەو كەوتنەى سكەكەى خست و خوێنیشی لێ رۆیشت، لەسەرئەوە هاشمی و ئومەویەكان كەوتنە دەمەبۆڵەو هەركام دەیانوت ئێمە نزیكترین لێیەوە، ئەوەبوو زەینەب برایەوە بۆ لاى هیندی كچی عوتبە، هیند پێی دەوت هەموو ئەم بەزمانە لەبەر باوكتە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)زەیدی كوڕی حارثهى نارد بە شوێنیدا و فەرمووى:  (دەتوانیت بچیت زەینەبم بۆ بهێنیت؟)، ئەویش وتى بەڵێ ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى خاتەمەكەم ببە، زەید چوو و بە وشترەكەیەوە نزیك بوویەوە تا گەیشت بە شوانێك، وتى شوانەى كێیت؟ ئەویش وتى هی ئەبولعاصم، وتى ئەی ئەو مەڕانە هی كێن؟ وتى هی زەینەبی كچی موحەممەدن، زەید لەگەڵیدا چوو، دواتر بە شوانەكەى وت ئەگەر شتێكت بدەمێ دەیگەیەنیتە دەستى زەینەب بەڵام لاى كەس باسی نەكەیت؟ وتى بەڵێ، زەید خاتەمەكەى پێدا، كابراى شوانە چوویەوەو مەڕەكانى كردەوە شوێنی خۆیان و خاتەمەكەى دا بە زەینەب، زەینەبیش خاتەمەكەى ناسیەوەو وتى كێ ئەمەى پێدایت؟ شوانەكە وتى كابرایەك، زەینەب وتى ئەی لەكوێ جێتهیشت؟ وتى لە فلآنە شوێن، زەینەبیش بێدەنگ بوو تا شەو هات، ئینجا چوو بۆ لاى زەید، كە گەیشتە لاى زەید، زەید وتى (سەركەوە لەپێش منەوە دابنیشە)، زەینەب وتى نەخێر تۆ سەركەوەو لەپێش منەوە دابنیشە، زەینەب لە دواوەو زەید لە پێشیەوە بەسەر وشترەكەوە چوونەوە بەرەو مەدینە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (ئەمە چاكترین كچمە كە لەبەر من تووشی نارەحەتى بوو).[17]

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینەو برایەتى خستە نێوان پشتیوانان و كۆچەران، برایەتى خستە نێوان ئوسەیدى كوڕی حوضهیرو زەیدی كوڕی حارثهوە.[18]

زەید لە قورئاندا و لە سوورەتى ئەحزابدا ناوى هاتووە، ئەمیش تاكە هاوەڵە كە لە قورئاندا ناوى هێنرابێت.[19]

 

بەشدارى زەید لە غەزادا

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەیدی لە هەر سریەیەكدا بناردایە دەیكرد بە ئەمیری سریەكە،[20] ئەوەبوو لە حەوت سریەدا زەید ئەمیر بوو،[21] ئەگەریش پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچوایەتە دەرەوەو زەید لە مەدینە بوایە ئەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیكرد بە بەرپرسی مەدینە تا خۆی دەگەڕایەوە.[22]

زەید سیفەتی سەركردایەتى و ئەمیرایەتى تێدابوو، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كۆتا رۆژەكانى تەمەنیدا بوو، رۆژی چوارشەممەكەى تاو نارەحەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) داگرت، بەڵام رۆژی پێنج شەممە خۆی چوو ئالآكەى دایە دەست ئوسامەى كوڕی زەید تا هێرش ببەنە سەر رۆم، لەنێو سوپاكەیدا ئەبووبەكرى صدیق و عومەرى كوڕی خەطاب و ئەبوو عوبەیدەى كوڕی جەراح و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و چەندین هاوەڵی تری گەورە هەبوون، لەسەر ئەوە كەسانێ نارەزاییان دەربڕی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەواو توورەبوو و لەتاو ئازاریش سەری بەستبوو، چوویە سەر مینبەر و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر فەرمووى:  (پاشان ئەى خەڵكینە ئەو قسەو باسە چیە پێم گەیشتوەتەوە لە هەندێكتان سەبارەت بەوەى ئوسامەم بە ئەمیر داناوە، ئەگەر تانە دەدەن لە ئەمیرایەتى ئوسامە پێشتریش تانەتان دا لەوەى باوكیم بە ئەمیر دانا، ئەرێ بەخوا ئەو كەسە بۆ ئەمیرایەتى دروست كرابووو دواى خۆیشی كوڕەكەشی بۆ ئەمیرایەتى دروست كراوە...)[23]

زەید لە غەزاى بەدردا بەشدار بوو، كاتێك غەزاى بەدر تەواو بوو و موسڵمانان سەركەوتن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەیدى وەك موژدەدەر ناردەوە بۆ مەدینە تا موژدەى سەركەوتنى موسڵمانان ببات بۆ مەدینە.[24]

بیست و دوو مانگ دواى كۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ مەدینە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەیدی كردە ئەمیری سریەیەك و ناردى تا رێ بگرن بە كاروانێكی قوڕەیشیەكان، ئەویش لە ناوچەی قیرەدە، زەید بە سەد سوارەوە چوو و رێی بە كاروانەكە گرت و دەستكەوتێكی زۆریان لێ گرت و كاروانەكەیان هێنایەوە بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم).[25]

لە غەزاى خەندەقدا زەید ئالآى كۆچەرانى بەدەستەوە بوو، هاوكات بۆ پاسەوانى مەدینە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەند دەستەیەكى دەنارد، زەیدی كردبوو بە بەرپرسی دەستەیەكى سێ سەد كەسی تا پاسەوانى مەدینە بكەن.[26]

لە ساڵی شەشەمى كۆچی و لە مانگى رەبیعولئاخیردا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەیدی كردە ئەمیری سریەیەك بۆ سەر بەنو سولەیم،[27] دواتر لە مانگى جومادیلئولاى هەمان ساڵدا زەیدی كردە ئەمیری سریەیەك بۆ ناوچەی عیص كە چوار شەو رێ دوور بو ولە مەدینەوە تا رێ بگرن بە كاروانێكی قوڕەیش كە لە شامەوە دەهاتنەوە، زەید بە سەدو حەفتا سوارەوە چوو و رێی گرت پێیان و بە دەستكەوتێكی زۆرەوە گەڕانەوەو خەڵكانێكشیان بەدیل هێنایەوە، هەر لەو ساڵەو لە مانگى جومادیلئاخیرەدا زەیدی بە سریەیەكەوە نارد بۆ ناوچەی طهرف كە بیرێك بوو نزیكەی پەنجا كیلۆمەترێك لە مەدینەوە دوور بوو و زەید بە دەستكەوتەوە گەڕایەوە بۆ مەدینە.[28]

هەر لەو مانگەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەیدی بە سریەیەكەوە نارد بۆ ناوچەی حسما لە پشت وادیلقوراوە، ئەمەش لەبەرئەوەى لەوێ ڕێیان گرتبوو بە دیحیەى كەلبی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەیدی نارد و هێرشی كردە سەریان و كوشتارێك روویدا، زەید بە دەستكەوتێكی زۆرەوە گەڕایەوە بەرەو مەدینە، بەڵام پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی نارد شتەكان بگێڕێتەوە، ئەویش فەرمانەكەى بەجێگەیاند.[29]

هەر لە مانگى رەجەبی ساڵی شەشەمی كۆچیدا زەید بە سریەیەكەوە چوو بۆ وادیلقورا،[30] ئەمەش لەبەرئەوەى پێشتر زەید بۆ بازرگانى بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرەو شام چووبوو، كەچی لەو ناوچە رێیان پێگرت، بۆیە زەید هاتەوەو هەواڵی هێنایەوە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە سریەیەكەوە ناردى بۆ ئەوێ، هێرشی بردە سەریان و كوشتارى لێكردن، لەو هاتنەوەیدا بوو كە خێرا لەگەڵ گەڕانەوەى چوو بۆ ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش هێشتا تەواو جلەكانى لەبەر نەكردبوو چوو بەرەو رووی و باوەشی پێدا كرد و ماچی كرد.[31]

دواتر زەید لە هەریەك لە حودەیبیەو غەزاى خەندەقیشدا بەشدارى كرد.[32]

 

 

 

 

 

خۆشەویستى زەید لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

عائیشەى دایكی باوەڕداران دەڵێت: زەیدی كوڕی حارثه هات بۆ مەدینە، ئەوكات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە لاى من بوو، زەید هات و تەقەی دا لە دەرگا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرەورووى هەستا و جلەكانى بەدواى خۆیدا رادەكێشاو باوەشی كرد بە زەیددا و ماچی كرد.[33]

جارێك جەعفەر و عەلى و زەید پێكەوە بوون، جەعفەر وتى من لەهەمووتان لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆشەویستترم، عەلی وتى بەڵكو منم، زەید وتى بەڵكو منم، وتیان دەی با هەموومان بچین بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و پرسیارى لێبكەین، ئەوەبوو چوون، ئوسامەى كوڕی زەید لەبەردەرگا بوو و داواى چوونەژوورەوەیان كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئوسامەى فەرموو برۆ دەرەوە بزانە ئەوانە كێن؟ ئوسامەش وتى جەعفەر و عەلى و زەیدن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى مۆڵەتیان بدە، كە چوونە ژوورەوە وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خۆشەویستترین كەست كێیە؟ فەرمووى: (فاطيمه)، وتیان سەبارەت بە پیاو پرسیارت لێدەكەین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (أما أنت يا جعفر فأشبه خلقك خلقي، وأشبه خلقي خلقك، وأنت مني وشجرتي، وأما أنت يا علي فختني وأبو ولدي، وأنا منك وأنت مني، وأما أنت يا زيد فمولاي ومني وإلي، وأحب القوم إلي)،[34] (تۆ ئەی جەعفەر لە هەموو كەس زیاتر شێوەت لە من دەچیت، ئاكاریشم زۆر لە ئاكارت دەچێت، تۆ لەمن و لە شەجەرەى منیت، تۆ ئەی عەلى زاواو باوكى منداڵەكانمیت و من لە تۆم و تۆیش لە منیت، تۆیش ئەی زەید مەولاى منیت و لە منیت و بۆ منیت و خۆشەویستترینی خەڵكیت بۆم).

 

چوونى زەید بۆ موئتەو شەهیدبوونى

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەیدی كوڕی حارثهی نارد بۆ شەڕی موئتە لە خاكى شام، ئەوەبوو لە مانگى جەمادیلئوولاى ساڵی هەشتەمى كۆچیدا لەو غەزایەدا شەهید بوو.

موئتە لە خوارووى بەلقا بوو ماوەیەك دوور بوو لە شام، ئەوەبوو لە مانگى جەمادیلئوولادا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە نامەیەكەوە حارثى كوڕی عومەیری ئەزدى نارد بۆ لاى پاشای بوصرا، كەچی كە گەیشتە موئتە شورەحبیلی كوڕی عەمرى غەسانى رێی پێ گرت و كوشتى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى لەسەر سەخت بوو، بۆیە سوپایەكى نارد كە نزیكەى سێ هەزار كەس دەبوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەمیری خەڵكەكە زەیدی كوڕی حارثهیە، ئەگەر كوژرا ئەوە جەعفەرى كوڕی ئەبوتالیب ئەمیرە، ئەگەر ئەویش كوژرا ئەوە عەبدوڵاى كوڕی رەواحە ئەمیرە، ئەگەر ئەویش كوژرا با موسڵمانان بە رەزامەندى خۆیان لەنێو خۆیاندا كەسێك دیارى بكەن و بیكەنە ئەمیریان)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآیەكى سپى دایە دەست زەیدى كوڕی حارثهو وەسیەتى كرد بۆیان تا بچنە شوێنی كوژرانەكەى حارثى كوڕی عومەیر و خەڵكی ئەوێ بانگ بكەن بۆ ئیسلام، ئەگەر موسڵمان بوون باشە، ئەگەرنا پشت بەخوا ببەستن و دژیان بجەنگن، خۆیشی بۆ بەڕێكردنیان لەگەڵیان چوو تا گەیشتە (ثنية الوداع)، ئیتر لەوێ وەستا و ماڵئاوایی كرد لێیان، موسڵمانانیش نزایان دەكرد بۆیان و دەیانوت خوا بتانپارێزێ و بە چاكى و دەستكەوتەوە بتانگێڕێتەوە، دوژمنیش ئەم هەواڵەی بیست و سوپاى كۆكردەوەو شورەحبیل نزیكەى سەد هەزار سەربازى كۆكردەوەو دەستەى پێشڕەوی نارد.

كاتێك موسڵمانان گەیشتنە خاكى شام و هەواڵی زۆری سوپاى دوژمن و هاتنى هیرەقلیشیان بە سوپایەكەوە بیست كە نزیك لەو ناوچە بوو، وتیان با نامە بنێرین بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا بزانین فەرمان بە چی دەكات، بەڵام عەبدوڵاى كوڕی رەواحە موسڵمانانى هاندا تا درێژە بدەن بە چوونەكەیان، ئەوەبوو درێژەیان دا بە چوونەكەیان تا گەیشتنە موئتە، دوژمنیش بە سوپایەكى گەورەوە هاتن و جەنگ لەنێوانیاندا روویدا، زەید بە ئالآكەوە جەنگا تا رمێكی بەركەوت و شەهید بوو، ئینجا جەعفەرى كوڕی ئەبووطالیب ئالآكەى گرتەدەست و لەسەر ئەسپەكەى دابەزى و دەمارێكی پێی ئەسپەكەى بڕی تا نیشانى بدات راكردن نیە، ئینجا جەنگا تا سەربازێكی رۆمی بە شمشێر لێیدا و وا لێیدا كردى بە دوو بەشەوە، یەكێك لە بەشەكانى جەستەى نزیكەى سی و ئەوەندە بریندارى پێوە بوو، بە هەموو جەستەیەوە نزیكەى حەفتاو ئەوەندە بریندارى بینرا چ لە بەركەوتنى  شمشێر یان رم بێت، ئینجا عەبدوڵاى كوڕی رەواحە ئالآكەى هەڵگرت و ئەویش جەنگا تا كوژرا، ئینجا موسڵمانان ئالآكەیان دایە دەست خالیدی كوڕی وەلید و ئەویش بە پلانێكی سەركەوتوو توانى پاشەكشە بكات بە سوپاى موسڵمانان.[35]

كاتێك جەعفەر ئالآكەى بەدەستى راستەوە گرتبوو شمشێرێك درا لە دەستى و دەستى بڕا، بۆیە بە دەستى چەپ ئالآكەى گرتە دەست، پاش كەمێكی تر درا لە دەستى چەپیشی و هەردوو دەستی بڕا.[36]

كاتێك ئەم رووداوانە روویاندەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە لەلایەن پەروەردگارەوە هەواڵی پێدەدراو دەیگێڕایەوە بۆ هاوەڵان.[37]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی كوژرانى جەعفەر و زەید و عەبدوڵاى كوڕی رەواحەى بیست دانیشت و خەفەت دەموچاوى داگرتبوو،[38] ئینجا دەیفەرموو:(وایە لە زەید خۆش بیت، خوایە لە زەید خۆش بیت، خوایە لە زەید خۆش بیت، خوایە لە جەعفەر خۆش بیت، لە عەبدوڵاى كوڕی رەواحە خۆش بیت).[39]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو سەردانى ماڵی زەیدی كرد، كچەكەى زەید هەنیسكی گریان گرتبووی و بە گریانەوە رووەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) زۆر بە تاسەوە دەستی كرد بە گریان، سەعدى كوڕی عوبادە كە لەوێ بوو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەو گریانە چیە؟ فەرمووى: (ئەوە تاسەی خۆشەویستە بۆ خۆشەویستەكەى).[40]

كاتێك زەید شەهید بوو تەمەنى پەنجاو پێنج ساڵ بوو.[41]



[1] - أسد الغابة، ج2، ص 335.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 598.

[3] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4899.

[4] - أسد الغابة، ج1، ص  522.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 604.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 599.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 222.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 600.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 600.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 7005،

[11] - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 4105، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7052، قال حسين سليم أسد إسناده حسن، قال الذهبي في إسناده محمد لا يحتج به وفي بعضه نكارة بينة.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 203.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 211.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 600.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 44.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 237.

[17] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2744، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 18858، صححه الألباني في سلسلة الاحاديث الصحيحة، الرقم 3071.

[18] - أسد الغابة، ج1، ص143.

[19] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 220.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 601.

[21] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 226.

[22] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 601.

[23] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190.

[24] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 19.

[25] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 36.

[26] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 67.

[27] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 86.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 87.

[29] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 88.

[30] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 89.

[31] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 90.

[32] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 45.

[33] - سنن الترمذي، الرقم 2727، صعفه الألباني في تحقيق رياض الصالحين، الرقم 896.

[34] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 21212، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4910، صححه الذهبي في التلخيص، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[35] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 128-129.

[36] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 246.

[37] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 13843.

[38] - صحيح البخاري، الرقم 1250، صحيح مسلم، الرقم 1602، صحيح ابن حبان، الرقم 3204، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 1953، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6678، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23755.

[39] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 11769،

[40] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 46.

[41] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 601.

 1547
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.