دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خالیدى كوڕی زەید(ئەبوو ئەیووبی ئەنصارى)(رضي الله عنه)

ناوى خالیدی كوڕی زەیدی كوڕی كولەیبە،[1] لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە بەنى نەججار،[2] دایكی ناوى هیندی كچی سەعیدە، كونیەكەى ئەبوو ئەیووبەو زیاتر بە ئەبوو ئەییووبی ئەنصاری ناسراوە.[3]

ئەبوو ئەیووب كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدورەحمان، ژنەكەشی ناوى ئومموحەسەنى كچی زەید بوو،[4] كوڕێكی تری ناوى خالید بوو كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە،[5] هەروەها كچێكیشی هەبوو بە ناوى عەفراء.[6]

ئەبوو ئەییووب یەكێك بوو لە یەكەم موسڵمان بوانى پشتیوانان، یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە و غەزاى بەدر و لە هەموو غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد.[7]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە مەدینە یەكەمجار لە ماڵی خالید دابەزى و لەوێ مایەوە تا ئەو كاتەى مزگەوتى مەدینەو خانووى بۆ خۆی دروست كرد.[8]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە مەدینە، یەكە یەكەی لە پشتیوانان داوایان دەكرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێتە ماڵی ئەوەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد وشترەكەى لەبەردەم ماڵی كێدا مۆڵی خوارد دەچێتە ئەوێ چونكە ئەو وشترە لەلایەن خواوە فەرمانى پێكراوە، وشترەكەش لەبەردەم ماڵی ئەبوو ئەیووبدا مۆڵی خوارد.[9]

خانووەكەى ئەبوو ئەیووب دوو قات بوو، ئەبوو ئەیووب پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لە قاتى یەكەم داناو خۆی و خێزانى چوونە قاتى سەرەوە، جارێك بڕێك ئاو لە ژوورەكەیاندا رژا، خێرا هەستان و بە بەرگ و راخەرێك كە هەیانبوو ئاوەكەیان هەڵدەمژیەوە، بەڵام هەر كەمێك لە ئاوەكە داچۆڕایە خوارەوە، بۆیە ئەبوو ئەیووب چوو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) شیاو نیە ئێمە لە سەرەوە بین و تۆ لە خوارەوە بیت، دەبێت جەنابتان بچنە سەرەوە،[10]  پێم خۆش نیە بەسەر جەنابتانا بچمە سەرەوەو ئێوە لە خوارەوە بن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: خوارەوە بۆ من ئاسوودەترە، ئەبوو ئەیووبیش وتى قەت ناچمە قاتى سەرەوە جەنابتان لە خوارەوە بن،  ئیتر ئەبوو ئەیووب چوویە خوارەوە، زۆر جار خواردنى ئامادە دەكرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بۆی دەبردە خوارەوە، كاتێك بۆی دەگێڕایەوە ئەبوو ئەیووب تەماشاى دەكرد بزانێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كوێدا پەنجەى داناوە تا لەو بەشە بخوات.[11]

ئەبوو ئەیووب دەیوت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە خواردنێك دەنێریت تەماشا دەكەم بزانم جێ پەنجەكانت لە كوێ داناوە منیش دەست بۆ ئەوێ دەبەم.[12]

ئەبوو ئەیووب دەڵێت: كە خواردنێك دەهێنرا بۆ ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لێی دەخوارد و زیادەكەى دەنارد بۆ ئێمە، رۆژێك خواردنێكی بۆ هاتبوو هەمووى ناردبوو و هیچی لێ نەخواردبوو، چونكە سیری تێدا بوو، منیش وتم ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ حەرامە؟ فەرمووى: (لا ولكني أكرهه من أجل ريحه)، (نا، بەڵام من لەبەر بۆنەكەى رقم لێیەتى)، ئەبوو ئەیووبیش وتى دەى منیش حەز بە شتێك ناكەم كە تۆ حەزى پێ نەكەیت.[13]

ئەبوو ئەیووب دەڵێت: جارێك خواردنێكم بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر ئامادە كرد، تەنها بەشی ئەوانیشی ئەكرد، خواردنەكەم برد بۆیان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم برۆ و سی كەس لە پیاوماقوولآنى پشتیوانانم بۆ بانگ بكە، منیش زۆر ئەوەم لەسەر سەخت بوو، چونكە خواردنێكی زیاتر لەوەم نەبوو، بۆیە خۆم دا لە گێلی، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمان شتی لێ دووبارە كردمەوە، منیش چووم و بانگم كردن و ئەوانیش هاتن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  بخۆن، دەستیان كرد بە خواردن تا تێر بوون و گەڕانەوە دواوەو شایەتییان دا كە ئەوە پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، ئینجا پێش ئەوەى بچنە دەرەوە بەیعەتیان پێدا، پاشان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  بڕۆ و شەست كەس لە پیاوماقولآنى پشتیوانانم بۆ بانگ بكە، منیش چووم بانگم كردن و ئەوانیش هاتن، ئەوانیش نانیان خوارد و پێش ئەوەى بچنە دەرەوە بەیعەتیان دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  بڕۆ و نەوەد لە پشتیوانانم بۆ بانگ بكە، چووم و ئەوانیشم بانگ كرد و ئەوانیش تێر نانیان خوارد، دواتر شایەتییان دا كە ئەو پێغەمبەرى خوایەو پێش ئەوەى بچنە دەرەوە بەیعەتیان پێدا، بەوجۆرە سەد و هەشتا كەس لە پشتیوانان لەو نانەى منیان خوارد.[14]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە برایەتى خستە نێوان خالیدى كوڕی زەید و موصعەبی كوڕی عومەیرەوە،[15] رایەكى تر دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان ئەبوو ئەیووب و طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵاوە.[16]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) صەفییەى گواستەوە، ئەو شەوە تا بەیانى ئەبوو ئەیووب لەبەردەرگاى ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە شمشێرێكەوە وەستا، كە بەیانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە دەرەوە ئەبوو ئەیووب تەكبیری كرد، ئینجا وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)  من باوك و براو مێردى ئەم ئافرەتەم لە جەنگەكەدا كوشت و ئەم ئافرەتەشت تازە بەهاوسەرگرتووە، ترسم هەبوو زیانت پێ بگەیەنێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كە ئەو هەڵوێستەى ئەبوو ئەیووبی بینی پێكەنى و نزاى خێری بۆ كرد.[17]

ئەبوو ئەییووب دەڵێت: جارێك لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم كە كەسێك هات بۆ لاى و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئامۆژگاریم بكە بەڵام ئامۆژگاریەكى كورت و پوخت، ئەویش فەرمووى: (إذا قمت في صلاتك فصل صلاة مودع ولا تكلم بكلام تعتذر منه وأجمع اليأس عما في أيدي الناس[18] (كاتێك هەستایت نوێژت كرد وەك ئەو كەسە نوێژ بكە كە نوێژی ماڵئاوایی دەكات-واتە كۆتا نوێژی ژیانى دەكات-، قسەیەكیش مەكە كە دواتر پۆزشی بۆ بهێنیتەوە، تەواوى بێهیواییت كۆبكەرەوە بەرامبەر بەوەى لە دەستى خەڵكدایە-واتە هیچ چاوت نەبێت لەوەى لە دەستى خەڵكدایە-).

ئەبوو ئەییووب دواى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكرى صدیقدا ئەبوو ئەیووب كۆیلەیەكى هەبوو بە ناوى ئەفلەح، ئەبوو ئەیووب لەگەڵ ئەفلەح رێككەوت كە بەرامبەر چل هەزار-درهەم- ئازادى بكات، ئەوەبوو ئەفلەح خۆی ئازاد كرد، ئەبوو ئەیووب لەو كارەى پەشیمان بوو، داواى لە ئەفلەح كرد ئەگەر رازى بێت ڕێككەوتنەكە هەڵبوەشێننەوە، ژن و منداڵەكانى ئەفلەح وتیان دواى ئەوەى خوا رزگارى پێ بەخشیت دەتەوێت خۆت بكەیتەوە بە كۆیلە؟ ئەفلەح وتى بەخوا ئەبوو ئەیووب چیم لێ داوا بكات بۆى دەكەم، ئەبووئەیووب پارەكەى دایەوە بە ئەفلەح و رێككەوتنەكەیان هەڵوەشاندەوە، هێندەى نەبرد ئەبوو ئەیووب هەواڵی نارد بۆ ئەفلەح وتى تۆ ئازادیت و پارەكەش هەر بۆ خۆت.[19]

كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان شەهید كرا، بۆ بەیانیەكەى هەموو هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەیعەتیان دا بە عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، یەكێك لەوانە ئەبوو ئەیووبی ئەنصارى بوو.[20]

لە سەردەمى خیلافەتى عەلی كوڕی ئەبوو طالیبدا بەیعەتى دا بە عەلى و كاتێك عەلى چوو بەرەو عێراق ئەوى كرد بە بەرپرسی مەدینە، دواتر خالید خۆی گەیاندە عێراق بۆ لاى خەلیفە عەلى و لە جەنگى دژ بە خەواریجدا لە ناو سوپاى عەلیدا بەشدارى كرد.[21]

كاتێك ئیبن عەبباس لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبوو تالیبدا ئەمیری بەصرە بوو، ئەبوو ئەیووب چوو بۆ لاى، ئیبن عەبباسیش زۆر رێزى لێنا و وتى بە دڵنیاییەوە دەبێت پاداشتى ئەو رێزگرتنەت بدەمەوە كە بەرامبەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەنجامت دا، بۆیە چی شتێك لەناو ماڵەكەیدا هەبوو داى بە ئەبوو ئەیووب.[22]

هەرچەندە ئەبوو ئەیووب لە گەڵ عەلى كوڕی ئەبوو طالیبدا بوو، بەڵام لە جەنگى صفیندا بەشدارى نەكرد،[23] ئیبنولكەلبی و ئیبن ئیسحاق پێیان وایە ئەبوو ئەیووب لەگەڵ عەلیدا لە جەمەل و صفینیشدا بەشدارى كردووە، بەڵام شوعبە دەڵێت: لە صفیندا بەشدارى نەكرد، بەڵكو لە جەنگى نەهرەواندا بەشدار بوو.[24]

لە سەردەمى موعاویەدا ئەبوو ئەیووب چوو بۆ دیمەشق.[25]

ئەبوو ئەییووب لە دواییەكانى تەمەنیدا نەخۆش كەوت، سوپایەك ئامادە كرا بۆ غەزا و سەركردەى سوپاكە یەزیدی كوڕی موعاویە بوو، ئەو سوپایە بەرەو قوستەنتینیە بەڕێكرا، یەزید هات بۆ لاى و وتى چیت پێویستە؟ ئەبوو ئەیووب وتى ئەگەر هاتوو مردم تەرمەكەم هەڵبگرەو بیبە لە خاكى دوژمندا ئەسپەردەم بكە، ئەوەبوو كە مرد یەزید تەرمەكەى برد و لەوێ ئەسپەردەى كرد.[26]

تەرمەكەى برا لە لێوارى شووراكانى قوستەنتینیەدا ئەسپەردەكرا، پێشتریش یەزیدی كوڕی موعاویە نوێژی لەسەر تەرمەكەى كرد.[27]

پاشان یەزید فەرمانى كرد بڕێك سەرباز بە ئەسپەكانیان دەهاتن و دەچوون بەسەر گۆڕەكەیدا تا شوێنەوارى گۆڕەكەى دیار نەمێنێت نەبادا رۆمەكان دواتر تەرمەكەى دەربێنن.[28]

سەبارەت بە ساڵی مردنەكەى هەریەك لە ساڵانى پەنجا و پەنجاو یەك و پەنجا و دوو  هاتووە.[29]

چەند فەرموودەیەك كە ئەبوو ئەیووبی ئەنصارى گێڕاویەتیەوە:

ئەبوو ئەیووب دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو:(لا يحل لرجل أن يهجر أخاه فوق ثلاث ليال، يلتقيان فيعرض هذا ويعرض هذا، وخيرهما الذي يبدأ بالسلام).[30]

(حەلآڵ نیە بۆ هیچ كەسێك لە سەروو سێ رۆژەوە پشت لە براكەى بكات، ئیتر وایان لێ بێت كە دەگەن بە یەك هەركامەو پشت بكاتە ئەویان، چاكترینیشیان ئەوەیە كە پێشتر سەلام دەكات).

كاتێك دوو كەس پێكەوە قسە ناكەن و لەیەك دڵگران دەبن، هۆكارەكەى تەنها زاڵبوونى شەیتانە، ئیتر یان شەیتان زاڵ بووە بەسەر هەردووكیاندا، یان زاڵ بووە بەسەر یەكێكیاندا، بەوەش لەیەكى كردون، جا ئەگەر یەكەمیان بوو ئەوە دەبێت كەسانى دەوروبەر دڵیان بۆیان بسووتێت و بچن نێوانیان چاك بكەنەوە، نەك وازبێنن تا شەیتان ئەو دوو كەسە لەناوبەرێ، ئەگەریش حاڵەتى دووەم بوو ئەوە دەبێت كەسە راستەكە لارى بەرامبەرەكەى نەكاتە دڵگرانى و رق، بەڵكو دڵی بۆی بسووتێت و لەبری یارمەتیدانى شەیتان، لەپێناو خوادا براكەى ئاشت بكاتەوە، ئەمەیە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرمویت: : چاكترینیان ئەوەیانە یەكەمجار سەلام دەكات، چونكە پڕۆژە و كارى شەیتان یەكدەخات.

ئەبوو ئەییووب دەڵێت: كابرایەك هات و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كارێكم پێ بڵێ كە بەهۆیەوە بچمە بەهەشتەوە، خەڵكەكەش وتیان ئەو كابرا چیەتى، ئەوە چی دەڵێت؟ پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (أرب ما له)، (چیە، ئیشی زۆر گرنگى هەیە) ئینجا فەرمووى: (تعبد الله لا تشرك به شيئا وتقيم الصلاة وتؤتي الزكاة وتصل الرحم[31] (خوا بپەرستیت و هیچ هاوەڵێكى بۆ دانەنێیت و نوێژ بكەیت و زەكات بدەیت و پەیوەندى خزمایەتى ببەستیت و نەیپچڕێنیت)، كە كابرا چوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  ئەگەر پابەندی ئەوە بێت كە فەرمانى پێكرا ئەوە دەچێتە بەهەشتەوە.[32]

ئەبوو ئەیووبی ئەنصارى دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (لو أنكم لم تكن لكم ذنوب يغفرها الله لكم لجاء الله بقوم لهم ذنوب يغفرها لهم).[33]

(ئەگەر ئێوە هیچ تاوانێكتان نەبوایە تا خوا لێتان خۆش بێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە خواى گەورە خەڵكانێكی دەهێنا تاوانیان هەبوایە تا لە تاوانەكانیان خۆش بوایە).

ئەمە موژدەو دڵخۆشیەكى گەورەیە كە پەروەردگار چەندە لێبوردەیەو چەندەش حەز بە لێخۆشبوونى بەندەكانى دەكات، هەروەك هیوابەخشیەكى گەورەیە بۆ موسڵمانى تاوانبار تا بە هۆی تاوانیەوە بێهیوا نەبێت، بەڵكو بزانێت خواى گەورە لێی خۆش دەبێت، چونكە لێخۆشبوون لە تاوان دەبێت، ئایا تاوانەكە بەزاندنى سنووری خوا بێت، یان كەمتەرخەمى بێت لە بەجێگەیاندنى ئەركدا، هەروەك ئەمە بەخشینی دنیابینیەكى فراوانە بە تاك و كۆمەڵگەى موسڵمان تا تێبگەن مرۆڤ شایەنى هەڵەیە و هەڵە لەناو كۆمەڵگەدا بە گشتى و لە كۆمەڵگەى ئیسلامیشدا هەر دەبێت و لێبوردنى خوای گەورەش هەیە بۆ هەڵەكان.



[1] -معرفة الصحابة لابن مندة، ص 455.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 402.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 234.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 484.

[5] - صحيح ابن خزيمة، الرقم 1146.

[6] - فتوح الشام للواقدي، ط1، دار الكتب العلمية(بيروت – 1997)،ج2، ص 33.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 234.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 234.

[9] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 406.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 406.

[11] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 22890، صححه شعيب الأرناؤوط.

[12] - شرح معانى الآثار للطحاوي، الرقم 4385.

[13] - صحيح مسلم، الرقم 3920، مستخرج أبي عوانة، الرقم 6773.

[14] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3980، دلائل النبوة للفريابي، الرقم 11، قال الحافظ ابن كثير في البداية والنهاية ج6، ص 111: وهذا حديث غريب جدا إسنادا ومتنا.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 234.

[16] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 247.

[17] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6848، صححه الذهبي.

[18] - سنن ابن ماجة، الرقم 4168، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 22873، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3886، و ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 86.

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 31.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 234.

[22] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 404.

[23] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 410.

[24] - أسد الغابة، ج6، ص 28.

[25] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 406.

[26] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 404 – 405.

[27] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 412.

[28] - أسد الغابة، ج6، ص 29.

[29] - أسد الغابة، ج2، ص 118.

[30] - صحيح البخاري، الرقم 5732، صحيح مسلم، الرقم 4748 واللفظ له، سنن أبي داود، الرقم 4286، سنن الترمذي، الرقم 1904، صحيح ابن حبان، الرقم 5748، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 24846، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 22948، مسند الطيالسي، الرقم 587، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3850.

[31] - صحيح البخاري، الرقم 5643، صحيح ابن حبان، الرقم 3305، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5707، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 22922، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3824.

[32] - صحيح مسلم، الرقم 40.

[33] - صحيح مسلم، الرقم 5041.

 2040
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.