دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عوثمانى كوڕی عەففان (رضي الله عنه) - بەشی یەكەم

ناوى عوثمانى كوڕی عەففانى كوڕی ئەبیلعاصی كوڕی ئومەییەی قوڕەیشی ئومەویە، كونیەكەی ئەبوو عەبدوڵا یان ئەبووعەمرە.[1]

پێی دەوترا ذیننورەین واتە خاوەن دوو رووناكیەكە، ئەمەش لەبەرئەوەى دووو كچی پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بەهاوسەر گرتبوو، ئەم فەزڵەش تەنها بۆ عوثمان بووە كە دوو كچی پێغەمبەرێكی خوا یەك دواى یەك بەهاوسەر بگرێت.[2]

دایكی ناوى ئەرواى كچی كورەیزە.[3]

عوثمان شەش ساڵ پاش ساڵی فیل لەدایك بوو، واتە تەمەنى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەمتر بوو.[4]

ژن و منداڵەكانى:

روقییەى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاوسەری عوثمانى كوڕی عەففان بوو، سەرەتا روقییە هاوسەری كوڕێكی ئەبوو لەهەب بوو كە ناوى عوتبە بوو، ئەمەش پێش ماوەى پێغەمبەرایەتى بوو، بەڵام كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سروشی بۆ هات و ئەبوولەهەب دژایەتى كرد، فەرمانى كرد بە كوڕەكەى تا روقییە تەلآق بدات، ئەوكات هێشتا روقییە نەگوازرابوویەوە، ئەوەبوو تەلآقی دا، دواتر عوثمانى كوڕی عەففان روقییەى بەهاوسەر گرت و لەگەڵیدا خۆشی و ناخۆشیەكانى بەشكرد، پێكەوە كۆچیان كرد بۆ حەبەشەو پێكەوە گەڕانەوەو كۆچیان كرد بۆ مەدینەو لە مەدینەش تا وەفاتى روقییە عوثمان هەر لە لاى روقییە بوو.[5]

روقییە لە عوثمانى كوڕی عەففان كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا، بەڵام ئەو كوڕەی مرد و ئیتر دواى ئەوە روقییە منداڵی تری نەبوو،[6] عەبدوڵاى كوڕی تەمەنى گەیشتبوویە شەش ساڵان كە كەڵەشێرێك دەنووكى دا لە دەموچاوى و مرد.[7]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچوو بۆ غەزاى بەدر روقییە نەخۆش بوو، بۆیە عوثمانى كوڕی عەففان لاى روقییەى خێزانى مایەوە، ئەو رۆژەى زەیدی نێردراوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە موژدەوە هاتەوە بەرەو مەدینە تا هەواڵی سەركەوتنى بەدر بدات روقییە كۆچی دوایی كرد.[8]

ئومموكلثومى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە لە روقییەى خوشكی بچووكتر بوو و دواى مردنى روقییەى خوشكى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى مارە كرد لە عوثمانى كوڕی عەففان، بەڵام ئەمیش لە ساڵی نۆى كۆچیدا وەفاتى كرد و باوكى (پێغەمبەرى ئازیز(صلى الله عليه وسلم)) نوێژی لەسەر كرد.[9]

ژنێكی تری پاش وەفاتى هەردوو كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى فاخیتەى كچی غەزوان بوو كە عەبدوڵا ئەصغەرى لێ بوو، ژنێكی تری ناوى ئومموعەمری كچی جوندوب بوو كە عەمر و خالید و ئەبان و عومەر و مەریەمی لێ بوو، ژنێكی تری ناوى فاتیمەی كچی وەلید بوو كە سەعید و ئومموسەعیدی لێ بوو، ژنێكی تری ناوى ئوممولبەنین بوو كە عەبدولمەلیكی لێ بوو، ژنێكی تری ناوى رەملەى كچی شەیبە بوو كە عائیشەو ئومموئەببان و ئوممو عەمری لێ بوو، ژنێكی تری ناوى نائیلە بوو كە مەریەمی لێ بوو، لە ئوم وەلەدێك كچێكی هەبوو بە ناوى ئوممولبەنین.[10]

سەعیدى كوڕی عاص زاواى عوثمانى كوڕی عەففان بوو و دوو كچی عوثمان یەك دواى یەك هاوسەری ئەو بوون كە بریتی بوون لە ئومموعمر و مەریەمە.[11]

سەعید لە ماوەى والیەتى لە كووفە هێرشی بردە سەر طهبەرستان و فەتحى كرد، هێرشیشی بردە سەر جورجان، گەورە هاوەڵانى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لەناو سوپاكەیدا بوون.[12]

سەعید پاش پێنج ساڵ والیەتى كووفە گەڕایەوە بۆ مەدینەو لەو كاتەى ماڵەكەى عوثمانى كوڕی عەففان گەمارۆ درا، سەعید لە ماڵی خەلیفە بوو و بەرگرى لێدەكرد.[13]

موسڵمان بوونى:

عوثمانى كوڕی عەففان لە رێی ئەبووبەكری صدیقەوە موسڵمان بوو، كاتێك ئەبووبەكر موسڵمان بوو یەكەم هەنگاوى ئەوەبوو چوو بۆ لاى عوثمانى كوڕی عەففان و طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا و زوبەیری كوڕی عەووام و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و باسی ئیسلامى كرد بۆیان و بانگهێشتی كردن بۆ ئیسلام، هەموو ئەوانە موسڵمان بوون.[14]

هەریەك لە عوثمانى كوڕی عەففان و طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا بە دواى زوبەیری كوڕی عەووامدا چوونە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش باسی ئیسلامى بۆ كردن و قورئانى خوێندەوە بۆیان و مافەكانى ئیسلام و بەڵێنی رێزدارى لەلایەن خواوەى بۆ خستنەڕوو، ئەوانیش باوەڕیان هێنا.[15]

حەكەمى كوڕی ئەبیلعاص كە مامى عوثمانى كوڕی عەففان بوو،  كاتێك زانى عوثمان موسڵمان بووە بەرامبەر بە عوثمان توندى و خراپەى زۆری نواند، كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان موسڵمان بوو، حەكەم كە مامى بوو عوثمانى گرت و بە گوریس بەستیەوەو وتى سوێند بەخوا تا نەگەڕێیتەوە سەر ئایینی باوباپرانت ناتكەمەوە، عوثمانيش وتى سوێند بەخوا هەرگیز وازى لێ ناهێنم، كاتێك حەكەم بینی عوثمان زۆر سوورە لەسەر ئایینەكەى وازى لێهێنا و بەریدا.[16]

كۆچكردن بۆ حەبەشە

لە مانگى رەجەبی ساڵی پێنجەمى پێغەمبەرایەتیدا لە یەكەم كۆچی حەبەشەدا كە یانزە پیاو و چوارئافرەت بوون- بە گێڕانەوەى تر هەشتاو دوو پیاو جگە لە ژنەكان-، هەموویان كەشتیەكیان بە كرێ گرت بۆ حەبەشە، عوثمانى كوڕی عەففان هاودەم بە روقییەی خێزانى كە كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو كۆچیان كرد بۆ حەبەشە.[17]

كاتێك عوثمان و روقییە كۆچیان كرد بۆ حەبەشە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ماوەیەك هەواڵی ئەوانى نەزانى، بۆیە هەوڵی دەدا هەواڵیان بزانێت، ئافرەتێك هات بۆ لاى و هەواڵی عوثمان و روقییەى پێ بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (إن عثمان أول من هاجر إلى الله بأهله بعد لوط[18] ( عوثمان یەكەم كەسە دواى پێغەمبەر لووط لەپێناو خوادا بە ژنیەوە كۆچی كردبێت).

دواتر هەواڵێك بیسترا كە بێباوەڕانى مەككە موسڵمان بون، بۆیە عوثمان هاودەم بە روقییەو ژمارەیەكی تر گەڕانەوە بۆ مەككە.[19]

كۆچكردن بۆ مەدینە

كاتێ موسڵمانان كۆچیان كرد بۆ مەدینە عوثمانى كوڕی عەففان لە ماڵی ئەوسى كوڕی ثابت دابەزى و لەوێ مایەوە،[20] دواتریش پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان ئەو دوانەوە.[21]

لە جەنگى بەدردا ئوسامە نەچوو بۆ جەنگەكە و لەگەڵ عوثمانى كوڕی عەففاندا مایەوە،[22] بە فەرمانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەریەك لە عوثمان و ئوسامە لاى روقییە مانەوە،[23] كاتێ روقیییەى كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خێزانى عوثمانى كوڕی عەففان وەفاتى كرد، ئوسامە لەگەڵ عوثماندا سەرقاڵ بوو بە ئەسپەردەكردنى تەرمى روقییەوە، لەو كاتەدا عوثمان دەنگى اللە أكبرى بیست، وتى ئوسامە ئەوە چیە؟ كە چوون سەیریان كرد زەیدی باوكى ئوسامەیە موژدەى شكستی بێباوەرانى هێناوە.[24]

كاتێك روقییە وەفاتى كرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (الحقي بسلفنا عثمان بن مظعون)، (پەیوەست بە بە پێشینمان عوثمانى كوڕی مەظعوون)، پێشتر كە عوثمانى كوڕی مەظعوون وەفاتى كردبوو، ژنەكەى وتى بەهەشتت لێ پیرۆز بێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە توورەییەوە تەماشای كرد و فەرمووى:  تۆ چووزانیت؟ ئەویش وتى ئەو سوارچاك و هاوەڵی تۆ بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  (سوێند بەخوا نازانم چی پێ دەكرێت)، ئیتر هاوەڵان ئەوەیان زۆر لەسەر سەخت بوو كە چۆن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ عوثمان واى فەرموو، بەڵام كاتێك روقییە مرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى فەرموو ئیتر هاوەڵان تێگەیشتن.[25]

لە غەزاى ئوحوددا عوثمان بەشدارى كرد، بەڵام كاتێك موسڵمانان بلآوەیان لێكرد، عوثمانيش یەكێك بوو لەوانە، دواتر خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە كە لێیان خۆش بووە، بەڵام نەیارەكانى عوثمان ئەوەیان كرد بە تانەیەك لەسەری.

لە ساڵی سێیەمی كۆچیدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ غەزاى نەجد و عوثمانى كوڕی عەففانى وەك بەرپرسی مەدینە دانا، ماوەى یانزە رۆژ عوثمان بەرپرسی مەدینە بوو تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەڕایەوە.[26]

كاتێك حەفصەى كچی عومەر بێوەژن كەوت، عومەرى باوكى بڕیاری دا مێردێكی باش بدۆزێتەوە بۆ كچەكەى، بۆیە پێشنیازى كرد بۆ ئەبووبەكر تا بەهاوسەری بگرێت، بەڵام ئەبووبەكر رەزامەندى دەرنەبڕی، ئینجا پێشنیازى كرد بۆ عوثمان، ئەویش رەزامەندى دەرنەبڕی و وتى بڕوام نیە بتوانم ئەم ماوە ژن بهێنم، عومەریش بەوە دڵتەنگ بوو و جۆرێك لە بێتاقەتى روى تێكرد و چوو لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآى كرد كە چی روویداوە، ئەویش فەرمووى (يتزوج حفصة من هو خير من عثمان و يتزوج عثمان من هي خير من حفصة)، (كەسی باشتر لە عوثمان حەفصە بەهاوسەر دەگرێت و عوثمانيش كەسی باشتر لە حەفصە بەهاوسەر دەگرێت)، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى حەفصەى كرد و بەهاوسەری گرت، دواتر كە ئەبووبەكر عومەرى بینی وتى دڵت شتێك نەكات بەرامبەرم، من بیستبووم كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باسی حەفصەی دەكرد، بۆیە –ئەمەشم پێ نەوتیت- وتم با نهێنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاشكرا نەكەم، بە دڵنیاییشەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەفصەی بەهاوسەر نەگرتایە من داوام دەكرد و بەهاوسەرم دەگرت.[27]

هەر لە ساڵى سێیەمى كۆچیدا بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئومموكلثومیشی لە عوثمانى كوڕی عەففان مارە كرد، لە مانگى جومادیلئاخیرەی هەمان ساڵدا گواستیەوە.[28]

لە ساڵی چوارەمى كۆچیدا عەبدوڵاى كوڕی عوثمان كە لە روقییەی كچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و تەمەنى نزیكەی حەوت ساڵان دەبوو كۆچی دوایی كرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی لەسەر كرد، عوثمان خۆی دابەزیە ناو گۆڕەكەیەوە.[29]

رێككەوتنى حودەیبیە

كاتێ موسڵمانان بە هاودەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەڕێكەوتن بۆ عومرە و بێباوەڕان بەریان پێگرتن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عوثمانى كوڕی عەففانى نارد تا بچێت بۆ مەككە و لەگەڵ بێباوەراندا وتوێژ بكات،[30] كاتێ عوثمان چوو بۆ مەككە ئەبان پەناى داو بەرپرسیارێتى پاراستنى عوثمانى گرتە ئەستۆی خۆی و عوثمانى سوارى ئەسپەكەى خۆی كرد و وتى بە بێترس بە كوێی مەككەدا دەگەڕێیت بگەڕێ.[31]

عوثمانيش چوو و ئەبووسوفیان و قوڕەیشیەكانى دواند و پەیامى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بەوان گەیاند، ئەوانیش وتیان خۆت دەتوانیت تەواف بكەیت، ئەویش وتى تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەواف نەكات من تەواف ناكەم، ئینجا قوڕەیشیەكان عوثمانيان لەوێ دەستبەسەر كرد، هەواڵ گەیشتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمانان كە عوثمان كوژراوە، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیارى تۆڵەی دا و موسڵمانانى بانگهێشت كرد بۆ بەیعەتدان كە ناسراوە بە بەیعەتى ريضوان.[32]

     بەیعەتى ريضوان لە سەروبەندى رێككەوتنى حودەیبیەدا بوو، كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ هاوەڵان ویستى بچن بۆ عەمرە و بێباوەرانى قورەیش رێیان پێگرتن، بۆ دواندنى بێباوەڕان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عوثمانى كوڕی عەففانى نارد بۆ ناو قورەیش، بەڵام دەنگۆ بلآو بوویەوە كە عوثمانيان شەهید كردووە، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بن درەختی ئەو شوێنەى تیایدا مابوونەوە داواى لە هاوەڵان كرد بێن و بەیعەت بدەن، هاوەڵانیش چوون بەیعەتیان دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بری عوثمان دەستەكەى ترى خۆی خستە دەستى و لە بریدا بەیعەتى دا،[33] خواى گەورەش شایەتى راستگۆیی پێدان و ئایەتى لەسەر دابەزاند(لقد رضي الله عن المؤمنين إذ يبايعونك تحت الشجرة).[34]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەتحى مەككەدا لێخۆشبوونى بۆ هەندێ كەس بە رەوا دانەنا، یەكێك لەوانە عەبدوڵاى كوڕی سەعد بوو كە دەبوو لە هەر كوێ بینرا بكوژرێت، عەبدوڵایش چوو لاى عوثمانى كوڕی عەففان خۆی شاردەوە، عوثمان ئەوی هێنا بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەیعەت لە عەبدوڵا وەربگرە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەری بەرز كردەوەو سێ جار تەماشای كرد و هەر جارە ئامادە نەبوو بەیعەتى لێ وەربگرێت، دواتر بەیعەتى لێ وەرگرت، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هاوەڵانى فەرموو (ئەرێ پیاوماقووڵێكتان-ژیرێكتان- تێدا نەبووكە منى بینی بەیعەتى لێ وەرناگرم هەستێت بیكوژێت؟) هاوەڵان وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێمە چووزانین نیازی دڵی تۆ چیە؟ با بە چاو ئاماژەیەكت بكردایە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)فەرمووى (بۆ پێغەمبەرێك شیاو نیە چاوى ناپاكى هەبێت).[35]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكانى هەوەزاندا كەنیزەكێكی بەخشی بە عەلى كوڕی ئەبووطاليب كە ناوى رەيطهى كچی هیلال بوو، كەنیزەیەكیشی بەخشی بە عوثمانى كوڕی عەففان كە ناوى زەینەبی كچی حەییان بوو.[36]

زەید دەڵێت: چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش دەیفەرموو فلآنە كەس لە كوێیە؟ بەردەوام هەواڵی یەكەیەكەیانى دەپرسی و دەینارد بە شوێنیاندا تا هەموویان هاتن و كۆبوونەوە، ئینجا فەرمووى: (إني أحدثكم بحديث فاحفظوه وعوه وحدثوا به من بعدكم، إن الله عز وجل اصطفى من خلقه خلقا، ثم تلا هذه الآية الله يصطفي من الملائكة رسلا ومن الناس خلقا يدخلهم الجنة، وإني مصطف منكم من أحب أن أصطفيه ومواخي بينكما كما آخى الله عز وجل بين الملائكة عليهم السلام)، (من قسەیەكتان بۆ دەكەم جوان وەریبگرن و لەبیرتان بمێنێت و لێی تێبگەن و بیگەیەنن بەوانەى دواى خۆتان، خواى گەورە لە دروستكراوەكانى دەستەیەكى هەڵبژاردووە، پاشان ئەم ئایەتەى خوێندەوە (الله يصطفي من الملائكة رسلا و من الناس)، منیش لەنێوتاندا ئەوانە هەڵدەبژێرم كە حەز دەكەم هەڵیبژێرم، برایەتى دەخەمە نێوانتانەوە وەك چۆن خواى گەورە برایەتى خستە نێوان فریشتەكانەوە)، پاشان هەریەك لە ئەبووبەكر و عومەرى بەدواى یەكدا  بانگ كرد و تایبەتمەندى هەركامیانى فەرموو و ئەوانى كرد بە برای یەكدى، عوثمانى كوڕی عەففانى بانگ كرد و پێی راگەیاند كە تووشی چ نارەحەتیەك دەبێت، پاشان عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفى بانگ كرد و باسی بەخشندەییەكەى عەبدوڕەحمانى كرد، پاشان طهلحەو زوبەیرى بانگ كرد و هەردووكیانى كرد بە براى یەكدى، پاشان سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و عەممارى كوڕی یاسری بانگ كرد و هەردووكیانى كرد بە براى یەكدى، پاشان عوەیمیر و سەلمانى فارسی بانگ كرد و ئەوانیشی كرد بە براى یەكدى، دواتر موژدەى حەوزى كەوسەری دا بە هاوەڵانى... عەلى كوڕی ئەبووطالیب هەستا و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) گیانم دەرچوو و پشتم شكا كاتێك دەبینم لەگەڵ هاوەڵانت وات فەرموو من نەبێت كە هیچت پێ نەفەرمووم، ئەگەر لە تووڕەییەوەیە ئەوە سزا و رێزداریش هەر بۆ جەنابتە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  (سوێند بەوەى منى بە حەق ناردووە تۆم بۆ خۆم هەڵبژاردووە، تۆ بۆ من وەك پێگەى هاروون بۆ مووسا وایت، تەنها هێندە هەیە دواى من هیچ پێغەمبەرێكی تر نیە، بۆیە تۆ برا و میراتگری منیت)، عەلى وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چی لە تۆ بە میرات دەگرم؟ فەرمووى: (ئەوەى پێش تۆ پێغەمبەران بە میراتیان گرتووە، كتێبی خوا و سونەتى پێغەمبەرەكەیان، تۆ براو هاودەمى منیت).[37]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ویستی غەزاى تەبووك بكات، داواى كرد خەڵكێك كۆمەكى ماددى پێشكەش بكەن تا پێداویستیەكانى جەنگ ئامادە بكرێن بۆ موسڵمانان، ئەوەبوو عوثمانى كوڕی عەففان لە هەموو كەسێك زیاترى بەخشی.[38]

عەبدوڕەحمان دەڵێت لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بووم كە خەڵكی هاندەدا تا هاوكار بن بۆ دابینكردنى پێداویستیەكانى سوپاى تەبووك، عوثمانى كوڕی عەففان هەستاو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دووسەد وشتر بە شمەكەكانیەوە لە رێی خوادا لەسەر من، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمدى خەڵكی هاندەدا، عوثمان هەمدى هەستا و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دووسەد وشتر بە هەموو شمەكەكانیەوە لەرێی خوادا لەسەر من، هەمدى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خەڵكی هاندەدا، عوثمان هەمدى هەستا و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سێ سەد وشتر بە هەموو پێداویستیەكانیەوە لە رێی خوادا لەسەر من، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە سەر مینبەرەكە دادەبەزی و دەیفەرموو (ما على عثمان ما عمل بعد هذه، ماعلى عثمان ما عمل بعد هذه[39] (دواى ئەمە عوثمان هەرچی بكات لەسەری نیە، دواى ئەمە عوثمان هەرچی بكات لەسەری نیە).

عوثمانى كوڕی عەففان هەندێ جار نامەى دەنووسی بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو كاتێك وەفدى كینانە هاتن و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نووسراوێكی بۆ نووسین، عوثمانى كوڕی عففان نووسراوەكەى نووسی.[40]

عائیشە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی نارد بۆ عوثمانى كوڕی عەففان و ئەویش هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دواتر كۆتا وتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوە بوو كە داى بەسەر شانى عوثماندا و پێی فەرموو (يا عثمان، إن الله عز وجل عسى أن يلبسك قميصا، فإن أرادك المنافقون على خلعه، فلا تخلعه حتى تلقاني، يا عثمان، إن الله عسى أن يلبسك قميصا، فإن أرادك المنافقون على خلعه، فلا تخلعه حتى تلقاني[41] (ئەى عوثمان، لەوانەیە خواى گەورە جلێكت بەبەردا بكات، جا ئەگەر دووڕوەكان ویستیان لایبەرن لایمەبە تا دەگەیتەوە پێم، سێ جار ئەوەى پێ فەرموو).

مەبەست بەو جلە خیلافەتێك بوو كە خوا پێی بەخشی و دووڕووەكانیش ئەو ئاشووبگێڕانە بوون كە ویستیان لە خیلافەتەكەى لایبەرن، دواجاریش شەهیدیان كرد.



[1] - أسد الغابة، ج3، ص 606.

[2] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 347.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 53.

[4] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 456.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 648-649.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 648-649.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 251.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 649.

[9] - أسد الغابة، ج7، ص 421.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 54.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 30.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 107.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 446.

[14] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 30.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 55.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 55.

[17] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 66.

[18] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 141.

[19] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 91.

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص55، البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص174.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص503.

[22] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص1842، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص649.

[23] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص304.

[24] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج4، ص1842، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص649.

[25] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 8193، مسند الطيالسي، الرقم 2807.

[26] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 2.

[27] - صحيح البخاري، الرقم 3802، مسند احمد بن حنبل، الرقم 4647، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7، سير أعلام النبلاء، ج2، ص 228.

[28] - البداية والنهاية، ج4، ص 61.

[29] - البداية والنهاية، ج4، ص 89.

[30] - البداية والنهاية، ج4، ص164-167.

[31] - أسد الغابة، ج1ص59، سير أعلام النبلاء، ج1ص261.

[32] - البداية والنهاية، ج4، ص 167.

[33] - السيرة النبوية لابن هشام، ج4، ص 275-283.

[34] - تفسير ابن كثير، ج4، ص192.

[35] - سنن أبي داود، الرقم 3814، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 3408، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4306، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 4359.

[36] - البداية والنهاية، ج4، ص 354.

[37] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 2380، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 4998، فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 1094.

[38] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 4.

[39] - سنن الترمذي، الرقم 3720، ضعفه شعيب الأرناؤوط، كما ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3700.

[40] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 91.

[41] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 24012، صححه شعيب الأرناؤوط.

 1648
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.