دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) - بەشی دووەم

عەبباس لە جەنگى بەدردا:

عەبباس بە ناچاری و بە نابەدڵی لە جەنگى بەدردا لەگەڵ بێباوەڕاندا بەشدارى كرد و تیایدا بە دیل گیرا، جا كابرایەكى بالآكورتى پشتیوانى عەبباسی بە دیلی هێنا، كە گەیشتنە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عەبباس وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەخوا ئەمە منى بەدیل نەگرت، كەسێكی زۆر كەشخە كە لەسەر ئەسپێكی رەش و سپی بوو منى گرت، ئەو كەسە لەناو ئەم خەڵكەدا نابینم، كابراى پشتیوانى وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من ئەوم بەدیل گرت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بێدەنگ بە، خوا بە فریشتەیەكى رێزدار پاڵپشتى كردیت.[1]

پێش ئەوەى جەنگى بەدر رووبدات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ببە هاوەڵانى فەرموو هەركەس عەبباسی بینی نەیكوژێت چونكە بە نابەدڵی دەرچووە،[2] ئەبووحوذەیفە وتى یانى باوك و كوڕ و براى خۆمان بكوژین و عەبباس نەكوژین؟! بەخوا بگەم پێی بە شمشێر پارچە پارچەی دەكەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەی بیستەوە، بە عومەرى فەرموو (ئەی ئەبووحەفص رەوایە بە شمشێر بدرێت لە دەموچاوى مامى پێغەمبەرى خوا؟)، عومەر وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتم بدە بە شمشێر بدەم لە گەردنى ئەو كابرایە، ئەوە مونافیق بووە، ئەبووحوذەیفە پەشیمان بوو لەو قسەی دەیكرد و دواتریش هەمیشە دەیوت هیچ كات دڵنیا نیم لەو قسەی ئەو رۆژە كردم و هیوام وایە تەنها شەهیدبوونم ئەو تاوانەم لەسەر بسڕێتەوە.[3]

ئەو شەوەى عەبباس دیل بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخەوت، هاوەڵان وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆچی ناخەویت؟ فەرمووى نركەى عەبباسی مامم بیست كە كۆتكراوە، ئەوانیش چوون كۆتەكەیان لابرد، ئیتر عەبباس بێدەنگ بوو، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خەوت.[4]

عەبباس كەسێكی كەشخەو بالآبەرز بوو، جەستەی بەخۆ بوو، لە كاتى بەندكردنەكەیدا جلێكیاندەست نەدەكەوت بۆی ببێت، تەنها جلەكەى عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی كوڕی سەلوول نەبێت، بۆیە جلەكەى ئەویان كردە بەرى، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ئەو چاكەى عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی لەبیر نەكرد و كاتێك مرد، هەرچەندە سەركردەى دوورووەكان بوو، كەچی جلەكەى خۆی كرد بە كفن بۆی.[5]

دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە عەبباسی فەرموو ئەی عەبباس خۆت و عەقیلى برازات و نەوفەلی كوڕی حارث و عوتبەى هاوپەیمانت بە سامان ئازاد بكە، چونكە تۆ سامانت هەیە، ئەویش وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) من موسڵمان بووم، بەڵام هۆزەكەم بە زۆر منیان هێنا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى خوا زاناترە بە موسڵمان بوونت، ئەگەر وابێت كە دەیڵێیت ئەوە خوا پاداشتت دەداتەوە، بەڵام رووكەشی بارەكەت ئەوەیە كە دەبێت خۆت ئازاد بكەیت، ئەویش وایكرد.[6]

كاتێك بێباوەڕان خۆیان ئامادە كرد بۆ جەنگى ئوحود، عەبباس وردەكارى زانیارى بێباوەڕانى بە نامەیەك نووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[7]

كۆچی عەبباس بۆ مەدینە

ماوەیەك پێش فەتحى مەككە، عەبباس بە ژن و منداڵیەوە كەوتەڕێ بۆ مەدینە، بەڵام لە نیوەی رێدا گەیشت بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەچوو بۆ فەتحى مەككە.[8]

عەبباس لە فەتحى مەككەدا

لە شەوی فەتحى مەككەدا عەبباس بە ئەبووسوفیانى وت ماڵوێران سەركەوە با بتبەم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و داواى پەنات بۆ بكەم، ئەبووسوفیانیش لە دواى عەبباسەوە سەركەوت، بەردەوام دەیاندا بە لاى ئاگرى موسڵماناندا و یەك یەك عەبباس دەستەكانى پێ دەناساند، كە گەیشتە لاى ئاگرەكەى عومەرى كوڕی خەططاب، عومەر چوو و ئەبووسوفیانى بینی، وتى ئەبوسوفیان، ئەی دوژمنى خوا، سوپاس بۆ خوا كە بێ بوونى پەنا و بەڵێنێك تۆی خستە بەردەستم، ویستی بیكوژێت كە عەبباس نەیهێشت، عومەر بەوەوە نەوەستا لەگەڵیان چوو تا گەیشتنە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەمە دوژمنەكەى خوا بێ بوونى پەنا و بەڵێنێك كەوتووەتە بەردەستم، دەرفەت بدە تا بدەم لە گەردنى، عەبباس وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) من پەنام داوە، ئینجا عەبباس وتى ئەی عومەر ئیتر بەسە، ئەگەر ئەمە كەسێك بوایە لە بەنى عەددى وات نەدەوت، بەڵام دەزانیت لە بەنی عەبدمەنافە وا دەڵێیت، عومەر وتى راوەستە عەبباس، سوێند بەخوا موسڵمانبوونەكەى تۆم لە موسڵمانبوونى خەططاب لا خۆشتر بوو، چونكە دەمزانى موسڵمان بوونى تۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە موسڵمانبوونى خەططاب خۆشترە، ئینجا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی عەبباس بیبە بۆ لاى خۆت و كە بەیانى هات بیهێنە بۆ لام، بۆ بەیانى عەبباس ئەبووسوفیانى هێنایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ماڵت وێران بێت ئەبووسوفیان ئیتر كاتى نەهاتووە بزانیت هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خودا؟! ئەبووسوفیان وتى بە دایكو باوكمەوە بەقوربانت بم چەندە لەسەرخۆ و خزم دۆست و بەخشندەیت، عەبباسیش وتى ماڵوێران دەی موسڵمان بە پێش ئەوەى بدات لە گەردنت، ئەبووسوفیانیش شایەتومانى هێنا.[9]

عەبباس وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەبووسوفیان حەزى بە شانازى و ناوبانگە، بەڵكو پایەیەكى بۆ دابنێیت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(بەڵێ، هەركەس  بچێتە ماڵی ئەبووسوفیانەوە پارێزراوە، هەركەسیش دەرگاى ماڵی خۆی دابخات پارێزراوە).[10]

پێشتر لە ژیانى (صەخرى كوڕی حەرب) وردەكارى ململانێی نێوان هاشمی و ئومەویەكانمان باسكردووەو لێرەدا دووبارەى ناكەینەوە.

 



[1] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 919، صححه شعيب الأرناؤوط.

[2] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 284.

[3] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4941.

[4] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16875.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 166.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 13-14.

[7] -الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 37.

[8] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 287.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 290.

[10] - سنن أبي داود، الرقم 2642، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 36243، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 16995، حسنه الألباني في صحيح وضعيف سنن أبي داود، الرقم 3022.

 1276
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.