دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  جابیرى كوڕی عەبدوڵاى عەبدى (رضي الله عنه)

ناوى جابیرى كوڕی عەبدوڵا یان كوڕی عوبەیدی كوڕی جابیری عەبدیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا،[1]كونیەكەى ئەبووعەبدوڕەحمان بوو.[2]

عەبدوڵاى كوڕی جابیر دەڵێت كاتێك وەفدى عەبدولقەیس هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منیش هاتم، بەڵام یەكێك نەبووم لە عەبدولقەیس، لەگەڵ باوكم هاتبووم، كاتێك چووینە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هۆشیارى پێدان كە لەم جۆرە قاپ و قاچاخانەدا خواردنەوە نەخۆنەوە (الدباء، الحنتم، النقير، المزفت) [3].[4]

عەبدوڵاى كوڕی جابیرى عەبدى دەڵێت پاش ئەوەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كرد من لەگەڵ باوكم چووم بۆ حەج، لە مینا بووین كە باوكم وتى ئادەى كوڕم وەرە با بڕۆین سەلام بكەین لە حەسەنى كوڕی عەلى، عەبدوڵا دەڵێت كە چووین بۆ لاى حەسەن هەر كە باوكمى بینی سەلامى لێكرد و بە گەرمى پێشوازى لێكرد و رێی بۆ كردەوە، ئێمەش دانیشتین، سەبارەت بە چۆڕاوەى-شەربەتى- ناو گۆزە پرسیارى لێكرا، ئەویش مۆڵەتى پێدا، باوكم پێی وت ئەى باوكى فلآن ئەمە دەڵێیت لە كاتێكدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو بارەوە واى پێ فەرمووین كە فەرمووى؟ حەسەن وتى بەڵێ، دواى ئێوە مۆڵەت درا بەوە).[5]

ئەمە ئاماژەیە بەوەى جابیر كە هاتووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زوو چووەتەوەو ماوەیەكى زۆر نەهاتوەتەوە بۆ ئەوێ تا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی دوایی كردووە، هەروەها ئاماژەیە بەوەى جابیر زۆر بە جوانى رێنمایی و فەرموودەكانى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لەبەركردووەو بیری ماوە.

لە گێڕانەوەیەكى تردا عەبدوڵا دەڵێت لەگەڵ باوكم (جابیری عەبدی)حەجم كرد، ئینجا رێی مەدینەمان گرتەبەر، باوكم وتى ئەرێ بۆ نەڕۆین سەرێك بدەین لە دایكی باوەڕداران؟ وتم زۆر باشە، ئەوەبوو سەركەوتین بۆ لاى و چووین بۆ لاى، من گوێم دەگرت و باوكیشم قسەی لەگەڵ دایكی باوەڕداران دەكرد، باوكم وتى من لەو وەفدە بووم كە لە بەحرەینەوە هاتن، ئایا هیچت بیستووە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواى چوونەوەى ئێمە هیچ لەو جۆرە خواردنەوانەى مۆڵەت پێ دابێت كە پێشتر بە حەرامى دانابوون؟ دایكی باوەڕدارانیش وتى نا.[6]

ئەمەش ئاماژەیە بە گەورەیی و زانایی دایكی باوەڕداران تا ئاستێك كەسانى دووریش زانیویانە عائیشەى دایكی باوەڕداران شارەزاییەكى كەموێنەی هەیە لە ئیسلامدا لەبەر نزیكی لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).

ئەم هاوەڵە دواتر لە بەصرە نیشتەجێ بوو، رایەكیش دەڵێت بەڵكو لە بەحرەین نیشتەجێ بوو.[7]

جا پێدەچێت سەرەتا لە بەحرەین نیشتەجێ بووبێت و دواتر چووبێت بۆ بەصرە.



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 435.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص 379.

[3] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23116.

[4] - سەبارەت بە واتاى ئەو وشانە:

الدباء: كوولەكەى خڕ-كوولەكە ئاوى- بوو كە ناوەكەى هەڵدەكۆڵراو خواردنەوەى تێدەكرا.

الحنتم: گۆزەیەك بوو كە ناوەكەى بە چەورى چەور دەكرا، ئیتر چی خواردنەوەى تێبكرایە خواردنەوەكە تێكدەچوو.

النقیر: بریتی بوو لە بنى دارخورما كە ناوەكەى هەڵدەكۆڵراو دواتر خواردنەوەى تێدەكرا.

المزفت: ئەو قاپ و قاچاخەى كە ناوپۆش دەكرا بە زفت(كە بریتی بوو لە ماددەیەكى رەشی رەق-قیر-).

[5] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 3600.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 435.

[7] - أسد الغابة، ج1، ص 379.

 2233
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.