دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ثه وبان (رضي الله عنه)

ثهوبان (رضي الله عنه)

ناوى ثهوبانە، باپیری عومەرى كوڕی حەكەمە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[1]

ثهوبانى مەولاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

ناوى ثهوبانى كوڕى بوجدود یان كوڕی جحدرە، كونیەكەى ئەبوو عەبدوڵایەو خەڵكی یەمەن بووە لە حیمیەریەكان، یان دەوترێت لە ناوچەى سرات بووە كە لەنێوان مەككەو یەمەندایە.[2]

سەرەتا كەسێكی ئازاد بوو، دواتر لە جەنگێكدا بە كۆیلە گیرا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوی كڕی.[3]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوى بە كۆیلەیی كڕی و دواتر ئازادى كرد،[4] ئینجا پێی فەرموو (ئەگەر دەتەوێت بگەڕێرەوە بۆ ناو ئەوانەى كە تۆ لەوانیت-واتە كەسوكارت- ئەگەریش دەتەوێت لە ئێمەى ئەهلوبەیت بە) ثهوبانیش لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوەو لە سەفەرو ماڵ و شوێنانى لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و تا مردن خزمەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) كرد،[5] دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ ناوچەی رەملە،[6] لەوێشەوە چوو بۆ میصر، دواتریش چوو بۆ حیمص و لەوێ مایەوە[7] تا لەوێ لە ساڵی پەنجاو چوارى كۆچی وەفاتى كرد.[8]

ثهوبان دەڵێت جارێك لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم كە حیبرێكى جوولەكە هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى سەلامت لێ بێت ئەی موحەممەد، منیش پاڵێكم پێوەنا و خەریك بوو بكەوێت، وتى بۆ وادەكەیت؟ وتم بۆچی ناڵێیت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)؟ ئەویش وتى ئێمە بەو ناوەى خۆیەوە بانگى دەكەین كە كەسوكارەكەى ناویان ناوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ناوم موحەممەدە و كەسوكارم ئەو ناوەیان لێ ناوم)، كابراى جوولەكە وتى هاتوم پرسیارت لێ بكەم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەگەر هەواڵت پێبدەم-قسەت بۆ بكەم- هیچ سوودێكى دەبێت بۆت؟) ئەویش وتى بە هەردوو گوێم گوێت لێ رادەگرم...[9]

مەعدانى كوڕی ئەبوو طهلحەى یەعمەرى دەڵێت جارێك گەیشتم بە ثهوبانى مەولاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتم كارێكم فێر بكە كە خوا بەو كارە بمخاتە بەهەشتەوە؟ یان خۆشەویستترین كار لاى خوا چیە پێم بڵێ؟ ثهوبانیش بێدەنگ بوو، تا سێ جار لێی دووبارە كردەوە، دواتر ثهوبان وتى من ئەو پرسیارەم كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش فەرمووى (عليك بكثرة السجود لله فإنك لا تسجد لله سجدة إلا رفعك الله بها درجة وحط عنك بها خطيئة[10](سوجدەى زۆر ببە بۆ خوا، چونكە هەر سوجدەیەك بیبەیت بۆ خوا ئەوا خوا بەو سوجدەیە پلەیەك بەرزت دەكاتەوەو تاوانێكت لەسەر دەسڕێتەوە).

ثهوبان خۆی هەموو كاروبارى خۆی رادەپەڕاندو داواى یارمەتى لە كەس نەدەكرد چونكە لەسەر ئەوە بەڵێنی دابوو بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (كێ كەفیلیم بۆ دەكات داواى هیچ لە هیچ كەس نەكات تا من كەفیلى بەهەشتى بۆ بكەم؟) منیش وتم من ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئیتر هیچكات داواى هیچی لە خەڵك نەدەكرد،[11] جار هەبوو قامچیەكەى لێ دەكەوت یان داردەستەكەى لێ دەكەوت بە كەسی نەدەوت بیدەنەوە دەستم، بەڵكو خۆی لەسەر ولآخەكەى دادەبەزى و هەڵیدەگرتەوە.[12]

كاتێك ثهوبان لە حیمص بوو نەخۆش كەوت، ئەوكاتیش والى حیمص عەبدوڵاى كوڕی قرط بوو،  پیاوێك هات بۆ لاى ثهوبان و سەردانى كرد، ثهوبان پێی وت ئایا دەزانیت بنووسیت؟ كابرا وتى بەڵێ، ثهوبان وتى دەی نامەیەكم بۆ بنووسە، ئەوەبوو نامەیەكى نووسی بۆ ئەمیر عەبدوڵاى كوڕی قرط كە تیایدا هاتبوو:

لە ثهوبانى مەولاى پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم)،

پاشان: ئەگەر مووسا و عیسا-پێغەمبەر- مەولایەكیان هەبوایەو مەولاكەیان لاى تۆ بوونایە ئەوا سەردانیت دەكرد.

ئەوەبوو كە نامەكە هێنرا بۆ عەبدوڵا و خوێندیەوە، خێرا هەستاو بە دڵەخورپێ و دڵگرانیەوە راپەڕى، خەڵكى وتیان ئەوە ئەمیر بۆ واى لێهات دەبێت چی روویدابێت؟ ئەمیر چوو بۆ لاى ثهوبان و سەردانى كرد و ماوەیەك لەلاى دانیشت و دواتر هەستا، ثهوبانیش عەباكەى ئەمیری گرت و وتى دانیشە تا فەرموودەیەكت بۆ بگێڕمەوە كە لە پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) بیستووە، گوێم لێبوو دەیفەرموو (ليدخلن الجنة من أمتي سبعون ألفا لا حساب عليهم ولا عذاب مع كل ألف سبعون ألفا[13] (بەدڵنیاییەوە حەفتا هەزار كەس لە ئوممەتم بەبێ موحاسەبەو لێپێچینەوە دەچنە ناو بەهەشت و هیچ سزایەكیان لەسەر نیە، لەگەڵ هەر هەزارێك لەوانەش حەفتا هەزارى تریش دەچنە بەهەشتەوە).

هەروەها ثهوبان فەرموودەیەكى تریش لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتى (من فارق الروح الجسد وهو بريء من ثلاث دخل الجنة من الكبر والغلول والدين)،[14] (هەركەس گیانى لە جەستەى جیابێتەوە و دوور بێت لە سێ شت ئەوا دەچێتە بەهەشتەوە، لە خۆبەزلزانین و فڕوفێڵ-غەشكردن- و قەرزارى)

 

ثهوبانى ئەنصارى (رضي الله عنه)

لە پشتیوانانەو كوڕێكى هەبوو بە ناوى عەبدورەحمان، فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە،[15]كونیەكەى ئەبوعەبدوڕەحمانە.[16]

ثهوبان دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (من رأيتموه ينشد شعرا في المسجد فقولوا فض الله فاك (ثلاث مرات) ومن رأيتموه ينشد ضالة في المسجد فقولوا لا وجدتها (ثلاث مرات) ومن رأيتموه يبيع أو يبتاع في المسجد فقولوا لا أربح الله تجارتك)،[17] (هەركەستان بینی لە مزگەوت شیعری دەهۆنیەوە بڵێن خوا زمانت لەگۆ بخات، هەركەستان بینی لە مزگەوت بانگەوازى بۆ ونبووەكەى دەكرد، بڵێن هەر نەیدۆزیتەوە، سێ جار ئەوەى فەرموو، هەركەستان بینی لە مزگەوت كڕین و فرۆش دەكات بڵێن خوا خێر نەخاتە بازرگانیەكەتەوە).



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 414.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص 367.

[3] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 218.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 413.

[5] - أسد الغابة، ج1، ص 367.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 413.

[7] - أسد الغابة، ج1، ص 367.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 400.

[9] - صحيح مسلم، الرقم 499و اللفظ له، صحيح ابن خزيمة، الرقم 232، مستخرج أبي عوانة، الرقم 654، صحيح ابن حبان، الرقم 7529، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8792، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1400.

[10] - صحيح مسلم، الرقم 782.

[11] - سنن أبي داود، الرقم 1413،  صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 1643.

[12] - جامع معمر بن راشد، الرقم 613.

[13] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 21823، صححه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 2179.

[14] -مسند أحمد بن حنبل، الرقم 21796 و اللفظ له، سنن الترمذي، الرقم 1537، صححه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 2785.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 413.

[16] - أسد الغابة، ج1، ص 368.

[17] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1438، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1323، ضعفه الألباني في سلسلة الأحاديث الضعيفة، الرقم 2131.

 2110
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.