دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  جەعفەرى كوڕی ئەبووطالیب(رضي الله عنه)

ناوى جەعفەرى كوڕی ئەبووطالیبی كوڕی عەبدولموطهلیبی كوڕی هاشمە، ئامۆزاى پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، كونیەكەى ئەبووعەبدوڵایە، یەكێكە لە یەكەمین دەستەى موسڵمان بوان.

دایكی ناوى فاطيمهى كچی ئەسەدی كوڕی هاشمە.[1]

جەعفەر براى عەلى بوو و دە ساڵ گەورەتر بوو لە عەلى، هەروەها براى عەقیل بوو، عەقیلیش برا گەورەى جەعفەر بوو و دە ساڵ لە جەعفەر گەورەتر بوو،[2] طالیبی برایشیان گەورەى هەموویان بوو كە بیست ساڵ لە جەعفەر گەورەتر بوو.[3]

ژنەكەى جەعفەر ناوى ئەسمائی كچی عومەیس بوو كە ئەویش لە یەكەم موسڵمان بووەكان بوو،[4] منداڵەكانى جەعفەر و ئەسمائیش بریتی بوون لە عەبدوڵا و موحەممەد و عەون كە هەموویان لە خاكى حەبەشە لەدایك بوون.[5]

جەعفەر هەر لە قۆناغى مەككەو لە سەرەتاوە موسڵمان بوو، دەوترێت بیست و شەشەمین كەس بووە موسڵمان بووە، رایەكى تر دەڵێت سی و دووەم كەس بووە موسڵمان بووە.

ئەبووهورەیرە دەیوت دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جەعفەر چاكترین كەس بوو، هەروەها دەیوت جەعفەر چاكترین كەس بوو بۆ هەژاران، لەگەڵ هەژاراندا هەڵسوكەوتى دەكرد و خزمەتى هەژارانى دەكرد و ئەوانیش خزمەتیان دەكرد، ئیتر واى لێهات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئەبولمەساكین (باوكى هەژاران) ناوى دەبرد.[6]

جەعفەر لەرووى شێوەی روخسارى و پەیڕەوی رەوشتیەوە زۆر لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی دەفەرموو (أشبهت خلقي و خلقي[7] (لە شێوەو روخسارو رەوشتدا لە من دەچیت).

جەعفەر كۆچی كرد بۆ حەبەشەو لەوێ مایەوەو لەسەر دەستى ئەو نەججاشی و كەسانێكی تریش موسڵمان بوون، جەعفەر ماوەیەكى زۆر لە حەبەشە مایەوە تا دواتر لە كاتى جەنگى خەیبەردا لە حەبەشەوە كۆچی كرد بۆ مەدینە.[8]

جەعفەر لە كۆچی دووەمى موسڵمانانیشدا بۆ حەبەشە هاودەم بە ئەسمائی ژنی كۆچیان كرد بۆ حەبەشە.[9]

ئیبن مەسعوود دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئێمەى نارد بۆ لاى نەججاشی كە هەشتا پیاو دەبووین، من و جەعفەر و ئەبوومووساو عەبدوڵاى كوڕی عورفوطه و عوثمانى كوڕی مەظعوون، قوڕەیشیش عەمرى كوڕی عاص و عمارەى كوڕی وەلیدیان بە بڕێك دیاریەوە نارد و هاتن بۆ لاى نەججاشی، كە چوونە ژوورەوە بۆ لاى نەججاشی كڕنووشیان بۆ برد و چوون بۆ لاى، یەكێكیان لە لاى راستیەوەو ئەوی تریش لەلای چەپیەوە دانیشت، ئینحا وتیان دەستەیەك لە كەس وكارى ئێمە هاتوونەتە خاكى تۆ و پشتیان كردوەتە ئێمە، ئەویش وتى ئەوان لە كوێن؟[10] شتى وا هەیە؟ پێی وترا بەڵێ، نەججاشی وتى بەخوا نایاندەمەوە دەستتان تا قسەیان لەگەڵ نەكەم، ئەوەبوو ناردى بە شوێنیاندا،[11] جەعفەر بە هاوەڵەكانى وت من لەبری هەمووتان قسە دەكەم، هەموو بە دواى جەعفەردا چوونە ژوورەوە، بە جەعفەریان وت بۆچی كڕنووش نابەیت بۆ پاشا؟ وتى ئێمە تەنها كڕنووش بۆ خوا دەبەین، وتیان بۆچی؟ وتى چونكە خوا پێغەمبەرێكى لەنێوماندا نارد و فەرمانى پێكردین تەنها كڕنووش بۆ خوا بەرین و نوێژ بكەین و زەكات بدەین،[12] نەججاشی وتى ئەم ئایینەى ئێوە چیە؟ جەعفەریش وتى ئەى پاشا ئێمە گەلێك بووین لەسەر بێباوەڕی بووین و بتمان دەپەرست و مردارەوەبوومان دەخوارد و حەرامەكانمان بە حەلآڵ دەزانین و خوێنمان رەوا دەكرد، ئەوەبوو خوا لە ناو خۆماندا پێغەمبەرێكی بۆ ناردین كە وەفادارى و راستگۆیی و سپاردەكارى ئەومان دەزانى، بانگى كردین تا خواى تاك و تەنها بپەرستین و پەیوەندى خزمایەتى بگەیەنین و دراوسێیەتیمان باش بێت و نوێژ بكەین و رۆژوو بگرین،[13] عەمر وتى ئەوان سەبارەت بە كوڕی مەریەم و دایكی رایان پێچەوانەى راى ئێوەیە، نەججاشی وتى سەبارەت بە كوڕی مەریەم و دایكی چی دەڵێن؟ جەعفەریش وتى ئەوە دەڵێین كە خوا فەرموویەتى رۆح و كەلیمەى خوایە كە بەخشیویەتى بە مەریەمى پاكداوێنى بێ هاوسەر كە هیچ مرۆڤێك دەستى پێی نەگەیشتووە،[14] نەججاشی وتى هیچتان پێیە لەوەى بۆى دابەزیوە؟ فەرمانیشی كرد بە قەشەكان تا پەرتووكەكانى خۆیان بكەنەوە، جەعفەر وتى بەڵێ، ئەوەبوو بڕێك لە سوورەتى مەریەمى لە سەرەتاوە بۆ خوێندنەوە، نەججاشی دەستى كرد بە گریان تا ریشی تەڕ بوو، قەشەكانیش هەروا گریان تا پەرتووكەكانیان تەڕ بوو،[15] نەججاشیش دارێكی لەسەر زەوی هەڵگرت و وتى ئەی خەڵكی حەبەشە و قەشە و راهیبەكان ئێوە دەڵێن چی من ئەمەم پێ خراپ نیە، من شایەتى دەدەم ئەو پێغەمبەرى خوایەو ئەوەیە كە لە ئینجیلدا هاتووەو عیسا مزگێنی لەبارەوە داوە، سوێند بەخوا ئەگەر من لەم پاشایەتیەمدا نەبوومایە دەچووم بۆ لاى و دەبوومە نەعل هەڵگر و ئاوى دەستنوێژیم دەدا، ئینجا بە موسڵمانانى وت بڕۆن لەكوێ دەتانەوێت بمێننەوە، فەرمانیشی كرد دیاریەكانى قوڕەیشیەكان گێڕدرایەوە.[16]

جەعفەر ئەمیری هاوەڵانى موسڵمانى حەبەشە بووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى راگەیاند و نەججاشیش لەسەر دەستى ئەو موسڵمان بووە، ئەم گێڕانەوەش بەڵگەیەكە لەو بارەیەوە:

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نامەى نووسی بۆ نەججاشی بە عەمری كوڕی ئومەییەدا نامەكەى بۆ نارد و تیایدا هاتبوو (بسم الله الرحمن الرحيم من محمد رسول الله إلى النجاشي الأصحم ملك الحبشة، سلام عليك، فإني أحمد إليك الله الملك القدوس المؤمن المهيمن، وأشهد أن عيسى ابن مريم روح الله، وكلمته ألقاها إلى مريم البتول الطيبة الحصينة، فحملت بعيسى، فخلقه من روحه ونفخه كما خلق آدم بيده ونفخه، وإني أدعوك إلى الله وحده لا شريك له، والموالاة على طاعته، وأن تتبعني وتؤمن بي وبالذي جاءني، فإني رسول الله، وقد بعثت إليكم ابن عمي جعفرا، ومعه نفر من المسلمين، فإذا جاءوك فاقرهم ودع التجبر فإني أدعوك وجنودك إلى الله وقد بلغت ونصحت فاقبلوا نصيحتي , والسلام على من اتبع الهدى)، (بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان، لە موحەممەدى پێغەمبەرى خواوە بۆ نەججاشی ئەصحەمى پاشای حەبەشە، سەلامت لێ بێت، من سوپاسی خواى مەلیكی قوددوسی موئمینی موهەیمینت لا دەكەم، من شایەتى دەدەم عیساى كوڕی مەریەم رۆح و كەلیمەى خوایە كە بەخشی بە مەریەمى پاكداوێن و ئەویش سكپڕ بوو بە عیسا، خوا لە رۆحى خۆی دروستى كرد و فووى پێداكرد وەك چۆن بە دەست و فووى خۆی ئادەمى دروست كرد، من تۆ بانگ دەكەم بۆ لاى خوای تاك و تەنهاى بێ هاوەڵ و هەوادارى لەسەر گوێڕایەڵی خوا و شوێن من بكەویت و بڕوا بهێنیت بە خۆم و ئەو پەیامەى هێناومە، چونكە من پێغەمبەرى خوام، هەروەها من جەعفەرى ئامۆزام و دەستەیەك لە موسڵمانانم ناردووە بۆ لاتان، ئەگەر هاتن بۆ لات رێیان بكەرەوەو واز لە خۆسەپێنی بهێنە، چونكە من خۆت و سەربازانت بانگ دەكەم بۆ لاى خوا، من گەیاندم و ئامۆژگاریم بەخشی، دەى ئامۆژگاریەكەم قبووڵ بكەن، وە سەلام لەوەى شوێن رێنموونى دەكەوێت)، لە وەڵامدا نەججاشی نووسی(بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان، بۆ موحەممەدى پێغەمبەرى خوا لە نەججاشی ئەصحەمی كوڕی ئەبجەرەوە، سەلام و رەحمەت و بەرەكەتى خوات لێ بێت ئەی پێغەمبەرى خوا، هیچ پەرستراوێك نیە جگە لەو خوایەی كە رێنموونى كردم بۆ ئیسلام، ئەی پێغەمبەرى خوا نامەكەتم پێگەیشت كە سەبارەت بە عیسا باست كردووە، دەى سوێند بە پەروەردگارى ئاسمان و زەوى عیسا زیاتر نیە لەوەى كە باست كردووە، زانیمان چی پەیامێكت بۆ ناردوین، ئامۆزاكەت و هاورێكانیمان نزیك و رێزدار داناوە، شایەتى راستی دەدەم كە تۆ پێغەمبەرى خوایت، من بەیعەتم داوە بە تۆ و بەیعەتم داوە بە ئامۆزاكەت و لەسەر دەستى ئەو موسڵمان بوم، ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وا من ئەریحاى كوڕی ئەصحەمی كوڕی ئەبجەرت بۆ دەنێرم چونكە من تەنها دەسەلآتى خۆمم هەیە، ئەگەریش دەتەوێت بێم بۆ لات دێم بۆ لات ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، چونكە من شایەتى دەدەم ئەوەى دەیفەرموویت حەقە).[17]

جەعفەر لە حەبەشە بەرپرس و دەمڕاستی موسڵمانان بوو، كاتێكیش كاروانێكی موسڵمانان لە یەمەنەوە كەوتنەڕێ و رێیان كەوتە حەبەشە، لاى جەعفەر مانەوە تا تا دواتر هەموو پێكەوە چوونەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[18]

كاتێك جەنگى بەرد روویدا و موسڵمانان سەركەوتن، جەعفەر و هاوەڵانى هەواڵیان لا نەبوو، نەججاشی ناردى بە شوێن جەعفەرو هاوەڵانیدا، كە چوونە ژوورەوە بۆ لاى، لە ماڵێكدا بوو جلى پینەكراوى لەبەردا بوو، جەعفەرو هاوەڵانى دڵیان سووتا بۆی، نەججاشی كە دەموچاوى بێتاقەتى ئەوانى بینی وتى من موژدەیەكتان پێدەدەم كە دڵخۆشتان دەكات، هەواڵگرەكەم لە خاكى ئێوەوە هاتووە بۆ لام و هەواڵی پێداوم خوا پێغەمبەرەكەى سەرخستووەو دوژمنەكەى شكاندووەو فلآن و فلآنەكەس بەند كراون، لە دۆڵێك جەنگەكە بووە كە پێی دەوترێت بەدر كە دارى ئەراكى زۆرە، دەڵێیت ئەمڕۆیە دێتە بەرچاوم لەوێ شوانەیی وشترم دەكرد بۆ گەورەكەم كە كەسێك بوو لە بەنى ضهمرە، جەعفەر بە نەججاشی وت ئەوە چیە بۆچی لەسەر خۆڵ دانیشتویت و هیچ راخەرێكت لەژێردا نیە و ئەو جلانەت لەبەرە؟ ئەویش وتى لەوەدا كە خوا دایبەزاندووە بۆ سەر عیسا ئێمە ئەوەمان دیتووە كە حەقە لەسەر بەندەكانى خوا كاتێك بەخششێكی خوایان پێدەگات تەوازوع بنوێنن، كاتێك خواش سەركەوتنى پێغەمبەرەكەی بەخشی پێم، منیش ئەم تەوازوعەم بۆ نواند.[19]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەیامى نارد بۆ نەججاشی تا ئومموحەبیبەى لێ مارە بكات، نەججاشی ئامادەسازى بۆ كرد و ناردى بە شوێن جەعفەردا و موسڵمانانى هاودەمى جەعفەریشی بانگ كرد، كە هاتن نەججاشی وتارێكی پێشكەش كرد و بەبەرچاویانەوە شایەتومانى دووبارە كردەوە.[20]

عائیشەى دایكی باوەڕداران دەڵێت كاتێك جەعفەر و یارانى گەیشتنە مەدینە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نێوچاوانى جەعفەرى ماچ كرد،[21] ئینجا فەرمووى نازانم بە كامیان دڵخۆش بم، بە هاتنى جەعفەر یان بە فەتحى خەیبەر.[22]

جەعفەر و موسڵمانان هاودەم بە خۆیان بڕێكی زۆر دیارى و خەلآتى نەججاشیان بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێنابوو، دەستەى ئەبوومووساى ئەشعەریش كە لە یەمەنەوە چووبوونە حەبەشە لەگەڵ جەعفەر هاتنەوە بۆ مەدینە، هەروەها نەججاشی برازایەكى خۆی ناردبوو تا لە بری خۆیدا خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكات.[23]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)لە دەستكەوتەكانى خەیبەردا جەعفەر و هاوەڵانى بەشدار كرد، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ساڵانە پەنجا كۆڵ خورماى بڕیەوە بۆ جەعفەر.[24]

بە فەرمایشتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شایەتى بۆ جەعفەر و هاودەمانى دراوە كە پاداشتى دوو كۆچیان بۆ نووسراوە، كۆچێك بۆ حەبەشەو كۆچێكیش بۆ مەدینە، وەك لەو فەرموودەى صەحیحی بوخاریدا هاتووە كاتێ كۆچەرانى حەبەشە هاتنەوە بۆ مەدینە، خەڵكێ لە كۆچەران پێیان دەوتن ئێمە پێش ئێوە كۆچمان كردووە بۆ مەدینە، ئەسمائی كچی عومەیسیش كە لەو كۆچەرانەى حەبەشە بوو بە سەردان چوو بۆ لاى حەفصەى ژنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عومەر چوویە ژوورەوە بۆ لاى حەفصە و ئەسمائی لەوێ بینی، بە حەفصەى وت ئەو ئافرەتە كێیە؟ وتى: ئەسمائی كچی عومەیسە، عومەر وتى ئەمە حەبەشیەكەیە، ئەمە لەوانەى كەشتیەكەیە؟ (واتە ئەو كۆچەرانەى بە كەشتى لە حەبەشەوە هاتبوون بۆ مەدینە)، دایكی باوەرداران وتى بەڵێ، عومەر وتى: بە كۆچكردن پێشتان كەوتین، جا ئێمە لەئێوە لەپێشتر و شیاوترین بە پێغەمبەرى خوا، ئەسمائیش تووڕە بوو و وتى نەبەخوا، ئێوە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون و نانى برسیتانى دەدا و ئامۆژگارى نەزانتانى دەكرد، بەڵام ئێمە لە خاكێكی-یان وڵاتێكى- دوور و ناخۆش بووین لە حەبەشە، ئەوەش لەبەر خوا و لەبەر پێغەمبەرەكەى، سوێند بەخوا نان ناخۆم  و ئاو ناخۆمەوە تا ئەوەى وتت باسی نەكەم بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئێمە ئازارمان بەردەكەوت و دەترساین، دەچم و بۆی باس دەكەم  و پرسیارى لێدەكەم و درۆ  و فێڵیش ناكەم و كەم و زیادى بۆ ناكەم، ئەسماء چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مەسەلەكەى بۆ باس كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو ئەى تۆ چیت پێ وت؟ وتى ئاواو ئاوام پێ وت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ليس بأحق بي منكم، وله ولأصحابه هجرة واحدة، ولكم أنتم - أهل السفينة – هجرتان) (ئەو لە ئێوە شیاوتر نیە بە من، ئەو و هاوەڵانى یەك كۆچیان بۆ هەیە و ئێوەش-یارانى كەشتی- دوو كۆچتان بۆ هەیە).[25]

عەلى كە براى جەعفەر بوو زۆر جەعفەرى خۆشدەویست، بۆیە عەبدوڵاى كوری جەعفەر كە برازاى عەلیە دەڵێت هەركات داواى شتێكم لە عەلى بكردایەو نەیكردایە بموتایە لەبەر خاترى جەعفەر ئەوەم بدەرێ یەكسەر پێی دەدام.[26]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ عومرەى پاش حودەیبیە جەعفەریشی لەگەڵدا بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جەعفەرى نارد بۆ داواى مەیموونەى كچی حارث، مەیموونەش مەسەلەكەى دایە دەست عەبباس كە مێردى خوشكەكەی بوو، عەبباسیش مەیموونەى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مارە كرد.[27]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جەعفەرى كوڕی ئەبووطالیبی نارد بۆ شەڕی موئتە لە خاكى شام، ئەوەبوو لە مانگى جەمادیلئوولاى ساڵی هەشتەمى كۆچیدا لەو غەزایەدا شەهید بوو.

موئتە لە خوارووى بەلقا بوو ماوەیەك دوور بوو لە شام، ئەوەبوو لە مانگى جەمادیلئوولادا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە نامەیەكەوە حارثى كوڕی عومەیری ئەزدى نارد بۆ لاى پاشای بوصرا، كەچی كە گەیشتە موئتە شورەحبیلی كوڕی عەمرى غەسانى رێی پێ گرت و كوشتى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى لەسەر سەخت بوو، بۆیە سوپایەكى نارد كە نزیكەى سێ هەزار كەس دەبوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەمیری خەڵكەكە زەیدی كوڕی حارثهیە، ئەگەر كوژرا ئەوە جەعفەرى كوڕی ئەبوتالیب ئەمیرە، ئەگەر ئەویش كوژرا ئەوە عەبدوڵاى كوڕی رەواحە ئەمیرە، ئەگەر ئەویش كوژرا با موسڵمانان بە رەزامەندى خۆیان لەنێو خۆیاندا كەسێك دیارى بكەن و بیكەنە ئەمیریان)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآیەكى سپى دایە دەست زەیدى كوڕی حارثهو وەسیەتى كرد بۆیان تا بچنە شوێنی كوژرانەكەى حارثى كوڕی عومەیر و خەڵكی ئەوێ بانگ بكەن بۆ ئیسلام، ئەگەر موسڵمان بوون باشە، ئەگەرنا پشت بەخوا ببەستن و دژیان بجەنگن، خۆیشی بۆ بەڕێكردنیان لەگەڵیان چوو تا گەیشتە (ثنية الوداع)، ئیتر لەوێ وەستا و ماڵئاوایی كرد لێیان، موسڵمانانیش نزایان دەكرد بۆیان و دەیانوت خوا بتانپارێزێ و بە چاكى و دەستكەوتەوە بتانگێڕێتەوە، دوژمنیش ئەم هەواڵەی بیست و سوپاى كۆكردەوەو شورەحبیل نزیكەى سەد هەزار سەربازى كۆكردەوەو دەستەى پێشڕەوی نارد.

كاتێك موسڵمانان گەیشتنە خاكى شام و هەواڵی زۆری سوپاى دوژمن و هاتنى هیرەقلیشیان بە سوپایەكەوە بیست كە نزیك لەو ناوچە بوو، وتیان با نامە بنێرین بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا بزانین فەرمان بە چی دەكات، بەڵام عەبدوڵاى كوڕی رەواحە موسڵمانانى هاندا تا درێژە بدەن بە چوونەكەیان، ئەوەبوو درێژەیان دا بە چوونەكەیان تا گەیشتنە موئتە، دوژمنیش بە سوپایەكى گەورەوە هاتن و جەنگ لەنێوانیاندا روویدا، زەید بە ئالآكەوە جەنگا تا رمێكی بەركەوت و شەهید بوو، ئینجا جەعفەرى كوڕی ئەبووطالیب ئالآكەى گرتەدەست و لەسەر ئەسپەكەى دابەزى و دەمارێكی پێی ئەسپەكەى بڕی تا نیشانى بدات راكردن نیە، ئینجا جەنگا تا سەربازێكی رۆمی بە شمشێر لێیدا و وا لێیدا كردى بە دوو بەشەوە، یەكێك لە بەشەكانى جەستەى نزیكەى سی و ئەوەندە بریندارى پێوە بوو، بە هەموو جەستەیەوە نزیكەى حەفتاو ئەوەندە بریندارى بینرا چ لە بەركەوتنى  شمشێر یان رم بێت، ئینجا عەبدوڵاى كوڕی رەواحە ئالآكەى هەڵگرت و ئەویش جەنگا تا كوژرا، ئینجا موسڵمانان ئالآكەیان دایە دەست خالیدی كوڕی وەلید و ئەویش بە پلانێكی سەركەوتوو توانى پاشەكشە بكات بە سوپاى موسڵمانان.[28]

كاتێك جەعفەر ئالآكەى بەدەستى راستەوە گرتبوو شمشێرێك درا لە دەستى و دەستى بڕا، بۆیە بە دەستى چەپ ئالآكەى گرتە دەست، پاش كەمێكی تر درا لە دەستى چەپیشی و هەردوو دەستی بڕا.[29]

كاتێك ئەم رووداوانە روویاندەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە لەلایەن پەروەردگارەوە هەواڵی پێدەدراو دەیگێڕایەوە بۆ هاوەڵان.[30]

ئەسمائی ژنى جەعفەر دەڵێت جارێك هەویرم شێلا بوو و منداڵەكانم شۆردبوون و رۆنم دابوو لە قژیان و پاك و پوختم كردبوونەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لامان و فەرمووى (منداڵەكانى جەعفەرم بۆ بهێنە)، منیش ئەوانم هێنا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بۆنی ئەوانى دەكرد و فرمێسك بە چاوانیدا دەهاتە خوارەوە، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە دایك و باوكمەوە بە قوربانت بم بۆچی دەگریت، ئایا هیچت سەبارەت بە جەعفەر و هاوەڵانى بیستووە؟ فەرمووى (نعم أصيبوا هذ اليوم)، (بەڵێ ئەمڕۆ كوژران)، ئەسمائی كچی عومەیس دەڵێت منیش هەستام دەستم كرد بە شیوەن و ژنان لە دەورم كۆبوونەوە و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەڕایەوە بۆ ماڵەوەو بە ژن و خێزانەكانى فەرموو (لا تغفلوا آل جعفر من أن تصنعوا لهم طعاما فإنهم قد شغلوا بأمر صاحبهم[31] (بنەماڵەی جەعفەر پشتگوێ مەخەن و چاوتان لێیان بێت خواردنیان بۆ ئامادە بكەن چونكە ئەوان خۆیان پەشۆكاون بە مردووەكەیانەوە).

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە خەڵكى فەرموو (اصنعوا لآل جعفر طعاما فإنه قد أتاهم أمر شغلهم[32] (خواردنێك ئامادە بكەن بۆ خێزانى جەعفەر چونكە بارێكیان تووش بووە كە پەشۆكاوى كردون).

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی كوژرانى جەعفەر و زەید و عەبدوڵاى كوڕی رەواحەى بیست، دانیشت و خەفەت دەموچاوى داگرتبوو، پیاوێك هات وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئافرەتانى جەعفەر وا دەگرین و بەردەوامن لە گریانیان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بڕوات رێی گریانیان لێ بگرێت، ئەویش چوو و هاتەوەو وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) من پێم وتن بەڵام بەگوێیان نەكردم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەمتر ناردیەوە، كابرا چوو و هاتەوەو وتى بەخوا چاریان ناكەم هەر دەگرین، جاری سێیەمیش هەر وا بوو، عائیشە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە كابراى فەرموو (فاحث في أفواههن التراب)، (دەى خۆڵ بپرژێنە بە دەموچاویاندا).[33]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا سێ رۆژ مۆڵەتى دا خێزانى جەعفەر ماتەمینی بگێڕن، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ لایان و فەرمووى (لا تبكوا على أخي بعد اليوم)، (لەمڕۆ بەدواوە مەگرین بەسەر براكەمدا)، ئینجا فەرمووى (برازاكانمم بۆ بانگ بكەن)، ئەوانیش هاتن، ئینجا داواى سەرتاشی كرد و سەرتاش هات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد سەری كوڕەكانى جەعفەرى چاك كرد.[34]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (رأيت جعفرا يطير في الجنة مع الملائكة[35] (جەعفەرم بینی لە بەهەشتدا لەگەڵ فریشتەكاندا دەفڕی).



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 34.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 70.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص 421.

[4] - سير أعلام النبلاء، ج 1، ص 144.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 34.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 486.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 2573، صحيح ابن حبان، الرقم 4951.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 486.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 34.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[11] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 215.

[12] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[13] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 215.

[14] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[15] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 215-216.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[17] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 599.

[18] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 71.

[19] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 307-308.

[20] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 443.

[21] - سنن أبي داوود، الرقم 4564، البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 206.

[22] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12697، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1453،مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31567، مسند البزار، الرقم 1981، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1351، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4193، صححه الذهبي في تعليقاته على المستدرك، 

[23] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 78.

[24] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 41.

[25] - صحيح البخاري، الرقم 4004، صحيح مسلم، الرقم 4462، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8113، مسند أحمد بن حنبل، الرقم  19089، مسند أبويعلى الموصلي، الرقم 7151،

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 486.

[27] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 229.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 128-129.

[29] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 246.

[30] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 13843.

[31] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 26475، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 20234، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[32] - سنن أبي داوود، الرقم 2741، سنن ابن ماجة، الرقم 1605، المستدرك على الصحيحين، الرقم 1311، سنن الدارقطني، الرقم 1615، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6690، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1685، مسند الشافعي، الرقم 1544، مسند الطيالسي، الرقم 1014، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 6650، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1456، حسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داوود، الرقم 3132، كما حسنه شعيب الأرناؤوط في تعليقه على مسند أحمد بن حنبل.

[33] - صحيح البخاري، الرقم 1250، صحيح مسلم، الرقم 1602، صحيح ابن حبان، الرقم 3204، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 1953، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6678، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23755.

[34] - سنن أبي داوود، الرقم 3678، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8330، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1684، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1445، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 5227.

[35] -  سنن الترمذي، الرقم 3782، صحيح ابن حبان، الرقم 7156، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3763.

 2141
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.