دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (جەبر) بووە

جەبر (رضي الله عنه)

ناوى جەبرەو مەولاى بەنى عەبدوددارە، ئەم كەسە سەرەتا جوولەكە بوو و لە مەككە بوو، گوێی لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو كە سوورەتى یووسفی دەخوێند، بەو هۆیەوە جەبر موسڵمان بوو و موسڵمانبوونى خۆی شاردەوە، دواتر مەولاكانى خۆی لەوە ئاگادار كردەوە كە ئەو موسڵمان بووە، ئەوانیش سزایان دا، كاتێك فەتحى مەككە كرا، جەبر چوو لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سكالآى كرد كە تووشی چ ئازارێك بووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پارەى پێدا و جەبریش خۆی كڕیەوەو بەرەبەرە شتێكی پێكەوەنا و ئافرەتێكی خانەدانى لە هۆزى بەنى عامر بەهاوسەرگرت.[1]

ئیبن حبان دەڵێت ئەم هاوەڵە یەكێك بوو لەوانەى كە ئەم ئایەتە لە بارەیانەوە دابەزى (إلا من أكره و قلبه مطمئن بالإيمان...) هەروەها ئەم ئایەتەش سەبارەت بە جەبر دابەزیوە (وجعلنا بعضكم لبعض فتنة).[2]

 

جەبرى كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى جەبری كوڕی عەبدوڵاى قيبطيه، دەوترێت مەولاى بەنى غیفار بووە،[3]  نوێنەرى موقەوقس بوو كە ماریەى هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[4]

جەبرى كوڕی عەبدوڵا دواتر لە ساڵی شەست و سێی كۆچیدا وەفاتى كرد.[5]

جەبرى كوڕی ئەنەس(رضي الله عنه)

جەبری كوڕی ئەنەسی كوڕی ئەبی زورەیق، تا سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیب ژیا و لە جەنگى صفینیشدا بەشدارى كرد،[6] رایەكیش دەڵێت جەبر لە غەزاى بەدردا بەشدار بوو،[7] بەڵام ئیبن حەجەر بەرپەرچی ئەوە دەداتەوە، هەروەك چۆن بەرپەرچی ئەوەش دەداتەوە جەبری كوڕی ئەنەس و جوبەیری كوڕی ئیاس یەك كەسایەتى بن.[8]

جەبرى كیندی(رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵەش فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوە كە كوڕەكەى لێوەی گێڕاوەتەوە و دەڵێت لە وەفدێكدا چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[9]

جەبرى ئەعرابی(رضي الله عنه)

ناوى جەبرە و ناوى باوكى نەزانراوە، ئەسوەدى كوڕی هیلال دەڵێت كەسێكی ئەعرابیمان لەناودا بوو كە لە (الحيرة) بانگى دەدا، پێی دەوترا جەبر، دەیوت عوثمان نامرێت تا  دواى ئەم دێت-دواى عومەرى كوڕی خەططاب دەبێتە خەلیفە-، پێی وترا چۆن ئەوە دەزانیت؟ وتى من لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی بەیانیم دەكرد، كاتێك سەلامى دایەوە سەیری ئێمەى كرد و فەرمووى (إن ناسا من أصحابي وزنوا الليلة فوزن أبو بكر فوزن ووزن عمر فوزن ثم وزن عثمان وهو صالح[10] (خەڵكانێ لە هاوەڵانم ئەمشەو كێشانە كران، ئەبووبەكر كێشانە كرا و كێشی –قورس- بوو، عومەریش كێشانە كرا و كێشی –قورس- بوو، ئینجا عوثمان كێشانە كراو كەسێكی صاڵح بوو)، بەڵام لە گێڕانەوەكەى ئەحمەددا ناوى جەبر نەهاتووە بەڵام هەمان بەسەرهاتە-واتە هەر جەبرە- و تیایدا سەبارەت بە عوثمانى كوڕی عەففان واهاتووە (ثم وزن عثمان فنقص صاحبنا وهو صالح[11] (ئینجا عوثمان كێشانە كرا و هاوەڵەكەمان كێشی تەواو نەبوو و پیاوچاك و صاڵحیشە).



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 452.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 452.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 451.

[4] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 231.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 451.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 451.

[7] - أسد الغابة، ج1، ص 390.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 451.

[9] - أسد الغابة، ج1، ص 391.

[10] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص 143.

[11] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16285، قال شعيب الأرناؤوط إسناده صحيح و رجاله ثقات رجال الشيخين.

 2797
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.