دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  جابیرى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى جابیرى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی عەمرى كوڕى حەرامى كوڕی كەعبە،[1] لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان لە سولەمیەكان.

سەبارەت بە كونیەكەی هەریەك لە ئەبووعەبدوڵا و ئەبووعەبدوڕەحمان و ئەبوو موحەممەد هاتووە،[2] ئیبن ئەثير دەڵێت راستتر ئەوەیە كونیەكەى ئەبووعەبدوڵایە.[3]

جابیر خۆیشی و عەبدوڵاى باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بون،[4] عەبدوڵاى باوكى لە بەشداربوانى عەقەبە بوو و یەكێك بوو لە دوانزە نەقیبەكە.[5]

دایكی ناوى ئەنیسەى كچی عەنمەى كوڕی عەددیە،[6]ژنەكەى جابیر ناوى سهیمەى كچی مەسعوودى كوڕی ئەوس بوو كە پوورزاى جابیر بوو، لەم ژنەى كوڕێكى هەبوو بە ناوى عەبدوڕرەحمان و كچێكیشی هەبوو كە بە ئوممو حەبیب ناسراوە،[7] عەبدوڕەحمانى كوڕی فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە،[8] هەروەها ژنێكى تریشی هەبوو بە ناوى ئوممولحارثى كچی موحەممەد، لەم ژنەشی كوڕێكی هەبوو بە ناوى[9] موحەممەد كە فەرموودەى لێوە گێڕاوەتەوە.[10]

جابیر یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبەى دووەم كە لەگەڵ باوكیدا بەشدارى كرد،[11] لەناو ئەو حەفتا كەسەشدا لە رووى تەمەنەوە لە هەموویان بچووكتر بوو.[12]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە تەمەنى جابیرى كوڕی عەبدوڵا نۆزدە یان بیست ساڵ بوو، چونكە سەبارەت بە مردنى هاتووە لە ساڵی حەفتا و سێ یان حەفتاو چوارى كۆچی و لە تەمەنى نەوەدو چوار ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە.[13]

ذەهەبی دەڵێت دەوترێت جابیر نەوەدو چوار ساڵ ژیاوە، بۆیە لە كاتى جەنگى بەدردا تەمەنى هەژدە ساڵ بووە.[14]

سەبارەت بە بەشدارى كردنى لە غەزاى بەدردا بوخارى لە ئەبووسوفیان لە جابیرەوە هێناویەتى كە دەڵێت من لە رۆژی بەدردا ئاوم دەگێڕا بۆ هاوەڵانم، ئیبن حەجەریش دەڵێت سەنەدەكەى صەحیحە، بەڵام واقیدی ئەو گێڕانەوە بەرپەرچ دەداتەوە.[15]

جابیر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى بیست و یەك غەزا بوو و منیش لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)  بەشدارى نۆزدە غەزام كردووە، هەروەها جابیر دەڵێت بەشدار نەبووم لە غەزاى بەدر و ئوحوددا چونكە باوكم رێی پێ نەدام بەشدارى بكەم، بەڵام كاتێك لە رۆژی ئوحوددا عەبدوڵا-باوكى- كوژرا ئیتر لە هیچ غەزایەكدا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دوانەكەوتم.[16]

جابیر دەڵێت جارێك نەخۆش بووم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر بە پیادەو بێ سوار هاتن بۆ سەردانم، كاتێك گەیشتنە ئەوێ من لەهۆش خۆم چووبووم، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستنوێژی گرت و لە ئاوى دەشتنوێژەكەى پرژاند بەسەرمدا، منیش هۆشم هاتەوە بە خۆمدا، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چی بكەم بە سامانم؟ چۆن داوەرى لەسەر بكەم؟ پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدامەوە تا ئایەتى میرات دابەزى،[17] چونكە ئەوكات جابیر هێشتا خوشكەكانى لەلاى بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەی جابیر وا نابینم لەم نەخۆشیەتدا بمریت، خواش ئایەتى دابەزاند و بەشی بۆ خوشكەكانت دیارى كرد.[18]

جابیر دەڵێت جارێك باوكم فەرمانى كرد خواردنى (خەزیزە) ئامادە كرا، ئینجا بە مندا ناردى بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش بردم بۆى و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵی خۆی بوو، فەرمووى (ئەى جابیر ئەوە چیە؟ ئایا گۆشتە؟) وتم نا بەڵكو خواردنى (خەزیزە)یە، ئەویش فەرمانى كرد و خواردنەكەیان لەدەست گرتم، كاتێك گەڕامەوە بۆ لاى باوكم وتى ئایا پێغەمبەرى خوات (صلى الله عليه وسلم) بینی؟ وتم بەڵێ، وتى ئایا هیچی وت؟ وتم بەڵێ فەرمووى (ئەى جابیر ئەوە چیە؟ ئایا گۆشتە؟) باوكم وتى لەوانەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تاسەی گۆشتى كردبێت، چوو گێسكێكی سەربڕی و چاك برژێنرا، ئینجا پێی وتم بیبە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش كە گەیشتمە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەر لەو شوێنەى خۆی بوو، فەرمووى (ئەوە چیە ئەى جابیر) وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) گەڕامەوە بۆ لاى باوكم و تى ئایا پێغەمبەرى خوات (صلى الله عليه وسلم) بینی؟ وتم بەڵێ، وتى ئایا هیچی فەرموو؟ وتم بەڵێ واى فەرموو، باوكیشم وتى لەوانەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تاسەی گۆشتى كردبێت، بۆیە چوو گێسكێكی سەربڕی و چاك برژێنرا، ئینجا پێی وتم بیبە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (جزى الله الأنصار عنا خيرا، و لا سيما عبدالله بن عمرو بن حرام و سعد بن عبادة[19] (خواى گەورە لە بری ئێمە پاداشتى خێری پشتیوانان بداتەوە بەتایبەت عەبدوڵاى كوڕی عەمرى كوڕی حەرام و سەعدى كوڕى عوبادە).

كاتێك بڕیار بوو غەزاى ئوحود رووبدات، عەبدوڵا جابیرى كوڕی بانگ كرد و وتى –كوڕم- هیوام وایە سبەینێ یەكەم كەس بم بپێكرێم، جا وەسیەتت بۆ دەكەم لەگەڵ كچەكانى عەبدوڵا-خوشكەكانت- باش بە، جابیر دەڵێت ئەوەبوو بەیانى باوكم كوژرا و دوو دوو تەرمەكان دەخرانە یەك گۆڕەوە، باوكیشم لەگەڵ كەسێكی تر خرایە یەك گۆڕەوە، شەش مانگ وابوو، دواتر دڵم ئۆقرەى نەگرت تا بڕیارم دا بە جیا لەیەك گۆڕدا بیخەمە ژێر خاك، تەرمەكەیم دەرهێنایەوە، بینیم خۆڵ و زەویەكە هیچى بە جەستەى نەكردبوو تەنها تۆزێكی نەرمایی گوێی نەبێت.[20]

عەبدوڵاى باوكى جابیر لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و لەو غەزایەشدا شەهید بوو، دواتریش كە تەرمەكان خرانە ژێر خاك هەریەك لە عەبدوڵاى كوڕی عەمر و عەمرى كوڕی جەمووح خرانە یەك گۆڕەوە.[21]

جابیر دەڵێت كاتێك تەرمى باوكم هێنرا و تەرمەكەشی شێوێنرابوو، تەرمەكەى هێنرا و لەبەردەم پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دانرا و بە جلێكیش داپۆشرابوو.[22]

جابیر دەڵێت كاتێك تەرمى باوكم دانرابوو پۆشاكەكەى سەر دەموچاویم لادەبرد و سەیرم دەكرد و دەگریام، هاوەڵانى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رێگرییان لێدەكردم، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێگری لێ نەدەكردم،[23] ویستم هەمتر پۆشاكەكەى سەر دەموچاوى لابەرم بەڵام هاوەڵان نەیانهێشت، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی لایبرد-یان فەرمانى كرد لابرا- كە دەموچاوى دەركەوت دەنگى گریانێك بەرزبوویەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەوە كێیە؟ وتیان كچی عەمرە،[24] فاطيمهى كچی عەمری پوورم لەسەر تەرمى باوكم دەگریا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (تبكين أو لا تبكين ما زالت الملائكة تظله بأجنحتها حتى رفعتموه)،[25] (بگریت بۆی یان نەگریت بەردەوام فریشتەكان بە باڵەكانیان سێبەری بۆ دەكەن تا تەرمەكەى هەڵدەگرن).

باوكى یەكێك بوو لە شەهیدانى غەزاى ئوحود، دواتریش لە سەردەمى دەسەلآتى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا كە موعاویە جۆگایەكى بەلاى گۆڕی شەهیدانى ئوحوددا راكێشا تەرمى عەبدوڵاى باوكى جابیر دەركەوت، ئەوەبوو پاش ماوەیەكى زۆر جابیر سەرلەنوێ جەستەى باوكى خۆی بینی و تەماشاى كرد جەستەى هیچ تێكنەچووبوو.[26]

لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا موعاویە فەرمانى كرد جۆگایەك رابكێشرێت، ئەوانەى ئیشەكەیان دەكرد نامەیان نووسی بۆ موعاویە كە هەر دەبێت ئەو جۆگەیە بەناو گۆڕستانى ئوحوددا بڕوات، ئەویش نامەى نووسی بۆیان گۆڕەكان هەڵدەنەوە، جابیر دەڵێت تەرمى شەهیدەكانم دەدى بەسەر شانى ئەو خەڵكەوە بوون دەتوت خەوتون، پاچێك بەر لایەكى قاچی حەمزەى كوڕی عەبدولموتەلیب كەوت، خوێن لە قاچی هات.[27]

خێرا جابیر پاش شەهیدبوونى باوكى رێی جیهادى گرتەبەر، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواى شكستى ئوحود ویستى سوپا كۆبكاتەوەو بچێت بەدواى بێباوەڕاندا، فەرمانى كرد تەنها ئەو كەسانە بێن كە لە جەنگى ئوحوددا بەشدار بون، جابیر وتى ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من بۆ ئوحود ویستم بەشدارى بكەم كەچی باوكم رێی پێ نەدام، دەى ئێستا دەرفەتم پێ بدە تا بێم لەگەڵتدا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رێی پێدا، لەو غەزایەدا جگە لە جابیر هیچ كەسی تر نەبوو بەشدارى ئوحود نەبووبێت و چووبێت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[28]

جابیر دەڵێت دواى مەرگى باوكم خەڵكێك قەرزیان لاى باوكم بوو، منیش داوام لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد داوا لە خاوەن قەرزەكان بكات لە قەرزەكەیان خۆش بن، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) داواى كرد لێیان، بەڵام ئەوان رازى نەبوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (اذهب فصنف تمرك أصنافا، العجوة على حدة، وعذق زيد على حدة، ثم أرسل إلي)، (بڕۆ و خورماكەت بەش بەش بكە، خورماى عەجوە لەلایەك و خورماى عذق لەلایەك، ئینجا بنێرە بەشوێنمدا)، منیش چووم و وامكرد و دواتر هەواڵم نارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش هات و لە سەروو یان لە لاى ناوەڕاستى خورماكانەوە وەستا، پاشان فەرمووى (بیكێشە بۆ خەڵك)، منیش بۆم دەكێشان تا چی قەرزیان هەبوو پێمدانەوە، ئینجا خورماكەش وەك خۆی مایەوە وەك ئەوەى هیچی لێ كەم نەبووبێتەوە.[29]

یەكێك لەو كەسانەى قەرزى لاى عەبدوڵاى باوكى جابیر بوو كابرایەكى جوولەكە بوو، سی كۆڵ خورماى لاى عەبدوڵا بوو، جابیر داواى كرد كابراى جوولەكە ماوەیەك لەسەرى بوەستێت، بەڵام ئەو رازى نەبوو، جابیر چوو لەگەڵ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) قسەى كرد تا لاى كابراى جوولەكە سكالآى بۆ بكات، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لاى كابراى جوولەكەو داواى لێكرد لەبرى قەرزەكەى بەرهەمى خورماكەى ئەو ببات، بەڵام كابرا رازى نەبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە ناو دارخورماكان و پیایدا تێپەڕ بوو، پاشان بە جابیری فەرموو (جد له، فأوف له الذي له)، (بۆی لێبكەرەوەو ئەوەى هی ئەوە بۆی بكێشە)، ئەویش دەستی پێكرد، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەڕایەوە جابیر سی كۆڵەكەى دا بە كابرا و لە سەروو ئەوەشەوە حەڤدە كۆڵی تر مایەوە، جابیر هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا هەواڵی پێبدات چی روویداوە، كەچی بینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی عەسر دەكات، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژەكەى تەواو كرد جابیر پێی وت ئەو زیادەى ماوەتەوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (هەواڵی ئەوە بدە بە كوڕی خەططاب)، جابیریش چوو بۆ لاى عومەر و هەواڵی ئەوەى پێدا، عومەریش پێی وت: من بە دڵنیایی دەمزانى كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەناو دارخورماكاندا تێدەپەڕی خوا بەرەكەت دەخاتە ناو دارخورماكانەوە.[30]

جابیرى كوڕ عەبدوڵا دەڵێت لە رێیەكدا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووین و منیش لەسەر وشترێك بووم، لە دواى خەڵكەكەوە بوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە شتێك كە لەدەستیدا بوو داى لە وشترەكە-بۆ ئەوەى بڕوات- ئیتر وشترەكە پێش خەڵكەكە دەكەوت، ئیتر واى لێهاتبوو جڵەوم دەگرت تا زۆر نەڕوات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بە ئەوەندەو ئەوەندە ئەیفرۆشیت و خواش لێت خۆش بێت؟ وتم پێشكەشت بێت ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بە ئەوەندەو ئەوەندە ئەیفرۆشیت و خواش لێت خۆش بێت؟ وتم پێشكەشت بێت ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)،[31] منیش شەرمم كرد، چونكە تەنها ئەو وشترەمان هەبوو، وتم بەڵێ دەیفرۆشم، ئەوەبوو فرۆشتم پێی بە مەرجێك تا دەگەمە مەدینە پێم بێت، ئینجا وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من زاوام، بۆیە داواى مۆڵەتم لێكرد،[32]پێی فەرمووم ئایا دواى باوكت هاوسەرگیریت كردووە؟ وتم بەڵێ، فەرمووى كچ یان بێوەژنت هێنا؟ وتم بێوەژن، فەرمووى (فهلا تزوجت بكرا تضاحكك وتضاحكها، وتلاعبك وتلاعبها[33] (خۆزگە كچێكت بهێنایە تا بتخاتە پێكەنین و بتخستایەتە پێكەنین و گەمەى لەگەڵ بكردایتایەو گەمەت لەگەڵ بكردایە)، منیش وتم ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باوكم رۆژی ئوحود كوژرا و نۆ كچی جێهێشتووە كە نۆ خوشكن بۆ من، منیش حەزم نەكرد ئافرەتێكى پێنەگەیشتووى وەك خۆیان بێنم بۆ لایان، بەڵام ژنێك بێت كۆیان بكاتەوەو چاوى لەسەریان بێت باشترە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (أصبت)، (چاكت كرد)،[34] ئینجا مۆڵەتى پێدام، منیش پێش خەڵك بەرەو مەدینە چووم تا هاتمەوە مەدینە، خاڵۆم گەیشت پێم و سەبارەت بە وشترەكە پرسیارى لێكردم، منیش پێم وت چیم پێكردووە، ئەویش سەركۆنەى كردم، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە وشترەكەم بۆ برد، ئەویش پارەى وشترەكەى پێدام و وشترەكەشی دایەوە بە خۆم. [35]

ئەم رووداوەش كاتى گەڕانەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو لە غەزاى (ذاتورقاع).[36]

جابیرى كوڕی عەبدوڵا لە دواى غەزاى ئوحودەوە لە هەموو غەزاكانى تردا بەشدار بوو، هەروەها یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان.[37]

هەروەها جابیر لە غەزاكانى تریشدا بەشدارى كردووەو وردەكاریەكانى هەڵسوكەوتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لەو غەزایانەدا باس كردووە، هەروەك لە باسی خەیبەردا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێگری لێكردین لە خواردنى گۆشتى كەرەكێوی بەڵام رێی پێداین بۆ گۆشتى ئەسپ، یان لە فەتحى مەككەدا دەڵێت هیچ شتێك بە غەنیمەت نەگیرا، هەروەها سەبارەت بە حەجى ماڵئاواییش باسی وردەكاریەكانى حەجەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكات كە چی كردووە بە قوربانى و چەندى كردووەو چۆن رەجمى كردووەو...هتد،[38] باسی دواساتەكانى ژیانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەگێڕێتەوە كە چۆن لە نزیكیەوە بووە، دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى كرد پەڕەیەك بهێنن تا وەسیەتێك بنووسێت تا ئوممەتەكەى دواى خۆی گومڕا نەبن و سەریان لێ نەشێوێت، بەڵام قسەو دەمەبۆڵەیەك هەبوو و عومەرى كوڕی خەططابیش قسەی تێدا كرد، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نامەكەى نەنووسی،[39] بەمجۆرە جابیر هەمیشە لە نزیكی پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) بوو.

كاتێك ئەبووبەكر بوو بە خەلیفە و لە بەحرەینەوە سامانێكی بۆ هات، وتى كێ لەلایەن پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) بەڵێنێكی پێدراوە با بێت وەریبگرێت، جابیریش چوو بۆ لاى ئەبووبەكر و وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەڵێنى پێدام ئەگەر سامانى بەحرەینی بۆ هات ئەوەو ئەوەم پێبدات، ئاماژەی بە هەردوو مشتى كرد، ئەبووبەكریش وتى بیبە، ئەویش بە هەردوو مشتى هەڵیگرت نزیكەى پێنج سەد درهەمى كرد، ئەبووبەكریش ئەو پێنج سەد درهەمەو هەزار درهەمی تریشی پێدا.[40]

دواى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جابیر لە مەدینە مایەوەو لە مزگەوتى مەدینە-مزگەوتەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- دا بازنەى وانەوتنەوەى هەبوو و خەڵكى زانستیان لێ وەردەگرت.[41]

جابیرى كوڕی عەبدوڵا مێزەرێكی سپی لەسەری دەبەست و لە پشتەوە مێزەرەكەى شۆڕدەكردەوە، هەروەها ئەو جلەى لەبەرى دەكرد نەدەگەیشتە لاى قولەپێی، ریشیشى خەنەیی دەكرد، جاریش هەبوو سەر و ریشی هەر بە سپێتى دەهێشتەوە.[42]

هەروەها جابیرى كوڕی عەبدوڵا موفتى مەدینە بوو.[43]

لە كۆتاییەكانى تەمەنیدا جابیرى كوڕی عەبدوڵا چوو بۆ مەككەو ماوەیەك لەوێ بو، ئینجا گەڕایەوە بۆ مەدینە.[44]

پەیوەندى جابیر لەگەڵ خەلیفە عەبدولمەلیكی كوڕی مەڕواندا باش بوو، بەڵكو عەبدولمەلیك فەرمودەى لە جابیر دەبیست و لەبەرى دەكرد،[45] كاتێك عەبدولمەلیك هات بۆ حەج جابیر چوو بۆ لاى، عەبدولمەلیكیش پێشوازى لێكرد،[46] جابیر وتى ئەى ئەمیری باوەڕداران مەدینە ئەوەیە كە دەیبینیت و (طيبة) یە و پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) ناوى ناوە و خەڵكەكەشی سنووردراون، جا ئەگەر ئەمیری باوەڕداران پێی باش بێت سەردانیان بكات و مافیان بزانێت، عەبدولمەلیك حەزى بەوە نەكرد، جابیریش بەردەوام لێی دووبارە دەكردەوە تا ئەوەى قوبەیصە ئاماژەی كرد بۆ كوڕەكەى كە سەركردەى ئەو بوو-جابیریش ئەوكات بینایی لەدەست دابوو-بە ئاماژە پێی وت بێدەنگى بكە، كوڕەكەشی هەوڵی دەدا جابیر بێدەنگ بكات، جابیر وتى قوڕت بەسەر چیم پێ دەكەیت؟ وتى بێدەنگ بە، جابیریش بێدەنگ بوو، كاتێك جابیر چوویەدەرەوە قوبەیصە دەستى جابیری گرت و وتى ئەی ئەبووعەبدوڵا ئەو خەڵكە بون بە پاشا و دەسەلآتدار، جابیریش پێی وت خوا تاقیكردنەوەى چاكى بەخشی، هیچ بیانووت بۆ نیە و بەرپرسەكەشت ئەو قسانەت لێ دەبیستێت، ئەویش وتى دەبیستێت و نابیستێت، ئەوەى بیەوێت بیستوویەتى، ئەمیری باوەڕداران فەرمانى كردووە پێنج هەزار درهەمت پێ بدرێت، جا تۆش سوودى لێوەربگرە، جابیریش وەریگرت.[47]

جابیرى كوڕی عەبدوڵا ماوەیەك پێش مردنى بینایی چاوەكانى لەدەست دا.[48]

قەتادە دەڵێت جابیر كۆتا هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو لە مەدینە كۆچی دوایی كردبێت، بەڵام بەغەوى دەڵێت كۆتا هاوەڵ لە مەدینە كۆچی دوایی كردبێت سەهلى كوڕی سەعد بوو.[49]

راى راستیش ئەوەیە سەهلى كوڕی سەعد كۆتا هاوەڵ بوو كە لە مەدینە كۆچی دوایی كرد، چونكە جابیر لە ساڵی حەفتا و سێ یان حەفتاو چوارى كۆچیدا وەفاتى كردووە، بەڵام سەهلى كوڕی سەعد لە ساڵی هەشتاو هەشت –یان رایەك دەڵێت نەوەدو یەك-ى كۆچی و لە تەمەنى نەوەدو شەش یان سەد ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.[50]

سەبارەت بە ساڵی مردنەكەى رایەك دەڵێت لە ساڵی حەفتاو سێی كۆچی مردووە، رایەكی تریش دەڵێت لە ساڵی حەفتاو چوارى كۆچیدا مردووە،[51] بەڵام ئیبن سەعد دەڵێت ساڵی حەفتاو هەشتى كۆچی وەفاتى كردووە،[52] ئیبن حەجەریش ساڵی حەفتاو چوارى كۆچی بە راستتر دادەنێت.[53]

دەوترێت كاتێك جابیرى كوڕی عەبدوڵا وەفاتى كرد تەمەنى نەوەد و چوار ساڵ بوو.[54]

واتە كۆتا هاوەڵ كە لە مەدینە مردبێت نەك كۆتا هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە كۆچی دوایی كردبێت، چونكە كۆتا هاوەڵ كە كۆچی دوایی كردبێت ئەنەسی كوڕی مالیك بووە وەك ئیمامى ذەهەبی دەڵێت: كۆتا هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە كۆچی دوایی كرد ئەنەسی كوڕی مالیك بوو.[55]

هەروەها جابیر كۆتا كەس بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبەی دووەم كە مرد، واتە هەموو بەشداربوان مردون و دواجار ئەو ماوەتەوە و پاش هەموویان وەفاتى كردووە.[56]

كاتێك جابیرى كوڕی عەبدوڵا كۆچی دوایی كرد والى مەدینە ئەبانى كوڕی عوثمان بوو كە ماوەى حەوت ساڵ والى مەدینە بوو.[57]

كاتێك جابیر كۆچی دوایی كرد تەرمەكەى لەناو بەنى سەلەمەدا بوو، كە تەرمەكەى هێنرایەدەرەوە حەسەنى كوڕی حەسەنى كوڕی عەلى كوڕی ئەبووطالیب لە پێشەوە دارەمەیتەكەى هەڵگرتبوو، حەججاج فەرمانى پێكرد حەسەن لابچێت تا ئەو تەرمەكە هەڵگرێت، بەڵام ئەو رازى نەبوو، منداڵەكانى جابیر داوایان لێكرد حەسەن لابچێت، ئەمجار حەسەن رازى بوو، ئینجا حەججاج چوویە شوێنەكەى حەسەن و تەرمەكەى هەڵگرت تا دانرا، ئینجا نوێژی لەسەركرد، پاشان هاتە لاى گۆڕەكە، ئەوكات حەسەنى كوڕی حەسەن دابەزیبوویە ناو گۆڕەكەوە، حەججاج فەرمانى پێكرد بێتەدەرەوە تا ئەو بڕواتە ناویەوە، بەڵام حەسەن رازى نەبوو، هەمدى كوڕانى جابیر داوایان لە حەسەن كرد بێتە دەرەوە، ئەویش رازى بوو، ئینجا چوویە دەرەوەو حەججاج چوویە ناو گۆڕەكەیەوە، ذەهەبی دەڵێت لەوانەیە حەججاج لەو كاتەدا بۆ حەج یان وەك سەردان چووبێتە حیجاز و هاتبێتە مەدینە.[58]

لەوانەیە هۆكارى ئەو توندیەى حەسەنى كوڕی حەسەنى كوڕی عەلى بەرامبەر بە حەججاج لەبەرئەوەى بووبێت كە وەك ئیبنولمدینی دەڵێت جابیر وەسیەتى كرد تا حەججاج نوێژی لەسەر نەكات،[59] واتە لەو كاتەدا حەججاج لەوێ بووبێت و جابیریش زانیبێتى لەوێیە و ئەو وەسیەتەى كردبێت.

ژمارەى ئەو فەرموودانەى بە سەنەد دەدرێنەوە پاڵ جابیری كوڕی عەبدوڵا نزیك بە هەزار و پێنج سەد و چل فەرموودەن،[60] پەنجاو هەشت فەرموودەى لاى هەریەك لە بوخارى و موسلیم هاتون،[61] هەروەها فەرموودەو گێڕانەوەى زۆرى گێڕاوەتەوە لە هەریەك لە ئەبووبەكرى صدیق و عومەرى كوڕی خەططاب و عەلى كوڕی ئەبووطالیب و ئەبووعوبەیدەو موعاذی كوڕی جەبەل و زوبەیری كوڕی عەوام و چەندینی تر، هەریەك لە ئیبن موسەییب و عەتائی كوڕی ئەبی رەباح و سامى كوڕی ئەبولجەعد و حەسەنى بەصری و حەسەنى كوڕی موحەممەد ئیبنولحەنەفیەو ئەبووجەعفەرى باقیر و سەعیدی كوڕی مینائو ئەبووزوبەیر و چەندینى تریش فەرموودەیان لێوەگێڕاوەتەوە.[62]

جابیر بۆ وەرگرتنى فەرموودەى قیصاص سەفەرێكى بەرەو میصر كرد تا ئەو فەرموودەیە لە عەبدوڵاى كوڕی ئەنیس ببیستێت، ئینجا گەڕایەوە بۆ مەدینە.[63]



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 377.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 434.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص 377.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 434.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 561.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 561.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 339.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 184.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 276.

[10] - التاريخ الكبير للبخاري، ج1، ص 53.

[11] - أسد الغابة، ج1، ص 377.

[12] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 192.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 434.

[14] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 191.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 434.

[16] - صحيح مسلم، الرقم 3471،

[17] - صحيح البخاري، الرقم 6354، صحيح مسلم، الرقم 3116، صحيح ابن خزيمة، الرقم 107، مستخرج أبي عوانة، الرقم 4523، سنن أبي داوود، الرقم 2515، سنن ابن ماجة، الرقم 2724، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6139، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 14011، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 1967.

[18] - السنن الكبرى للنسائي،7265.

[19] - صحيح ابن حبان، الرقم 7130، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7162، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2024، شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 5621، صححه الذهبي في تعليقاته على المستدرك، كما صححه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، الرقم 461.

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 563.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 44.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 1245.

[23] - صحيح البخاري، الرقم 1199.

[24] - صحيح مسلم، الرقم 4621.

[25] - صحيح البخاري، الرقم 1199، صحيح مسلم، الرقم 4622، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13903.

[26] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 190.

[27] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 11.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 49.

[29] - صحيح البخاري، الرقم 2038.

[30] - صحيح البخاري، الرقم 2288، مستخرج أبي عوانة، الرقم 4461.

[31] - صحيح مسلم، الرقم 2745.

[32] - صحيح مسلم، الرقم 3083.

[33] - صحيح مسلم، الرقم 2745.

[34] - صحيح البخاري، الرقم 3844.

[35] - صحيح مسلم، الرقم 3083.

[36] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 61.

[37] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 189.

[38] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 113، 143، 176، 177، 180، 187.

[39] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5683، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 1828، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 14437، قال الشيخ شعيب الأرناؤوط لما جاء في مسند أحمد بن حنبل: صحيح لغيره.

[40] - صحيح البخاري، الرقم 2195، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 317.

[41] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 434.

[42] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 194.

[43] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 190.

[44] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 191.

[45] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 234.

[46] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 193.

[47] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 231.

[48] - البداية والنهاية لابن كثير، ج9، ص 22.

[49] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 434.

[50] - أسد الغابة، ج2، ص 548.

[51] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 434.

[52] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 112.

[53] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 434.

[54] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 434.

[55] -  تاريخ الإسلام للذهبي، ج6، ص289.

[56] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 189.

[57] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 152.

[58] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 193-194.

[59] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 434.

[60] - البداية والنهاية لابن كثير، ج9، ص 22.

[61] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 194.

[62] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 189.

[63] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 192.

 3257
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.