دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عائیشەی كچی ئەبووبەكر (رضي الله عنها) - بەشی سێیەم

چەند دیمەنێ لە ژیانى ئاسایی لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

طهخفە دەڵێت ئێمە لە مزگەوت ئەهلى صوففە بووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواى نوێژی ئێوارە فەرمووى ئەی فلآنە كەس تۆ لەگەڵ فلآنە كەس بڕۆ، تۆش لەگەڵ فلآنە كەس بڕۆ، بەو جۆرە تا هەمووی چوو و من پێنجەم كەس بووم مابوومەوە، فەرمووى لەگەڵ من وەرن، لەگەڵی چووینەوە بۆ ماڵەوەو لە ماڵی عائیشە بوو، هێشتا ئایەتى حیجاب دانەبەزیبوو، فەرمووى ئەی عائیشە خواردنمان بۆ بهێنە، ئەویش نانێكی بۆ هێناین، دواتر هەمدى فەرمووى ئەی عائیشە خواردنمان بۆبهێنە، ئەویش خواردنى حەیسی-خورما و شیر و رۆن پێكەوە لێبنرێت- بۆ هێناین، هەمدى داواى خواردنى كرد و ئەویش قاپێ-شیری- بۆ هێناین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لێی خواردەوەو دواتر فەرمووى ئەی عائیشە خواردنەوەمان بۆ بهێنە، ئەویش قاپێكی تر –شیری- هێنا، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى پێتان خۆشە لاى ئێمە بمێننەوەو بخەون، حەزیش دەكەن بچن بۆ مزگەوت و لەوێ بخەون، ئیمەش چووین بۆ مزگەوت.[1]

عائیشەى دایكى باوەڕداران دەڵێت: بەیانیەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە دەرەوەو جلێكی خورى لەبەر بوو كە لە مووى رەش دروستكرابوو، ئینجا حەسەنى كوڕی عەلى هات و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێنایە ژوورەوە، دواى ماوەیەكى تر حوسەین هات و لەگەڵی هاتە ژوورەوە، دواتر فاطيمه هات و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەویشی هێنایەژوورەوە، ئینجا عەلیش هات و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەویشی هێنایە ژوورەوە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەم ئایەتەى خوێندەوە(إنما يريد الله ليذهب عنكم الرجس أهل البيت و يطهركم تطهيرا).[2]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت جارێك ئەبووبەكر هاتە ژوورەوە بۆ لام و دوو كچۆڵەم لا بوون كە دەفیان لێدەدا، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە جلەكانى خۆی داپۆشیبوو، ئەبووبەكر هەڵشاخى پیایاندا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جلەكانى لەسەر دەموچاوى لابرد و فەرمووى(دعهما يا أبابكر فإنها أيام عيد و تلك الأيام أيام منى)،[3] (وازیان لێ بێنە ئەی ئەبووبەكر، چونكە ئەم رۆژانە رۆژانى جەژنن و رۆاژنی مینان).

ئەنەس دەڵێت دراوسێیەكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فارس بوو، شلەى –گۆشتاوى- زۆر بەتامى دروست دەكرد، جارێك ئامادەى كرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هات بانگهێشتی پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) كرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەمەش) مەبەستى عائیشە بوو كە لەگەڵیدا بوو، كابرا وتى نا تەنها خۆت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى دەى نایەم، ئەوەبوو كابرا هەمدى هاتەوەو پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) بانگهێشتكردەوە، هەمان شت روویدایەوە، لە جاری سێیەمدا كابرا وتى باشە با ئەویش بێت، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و عائیشە بە شانەخڕێ و گەمەكردنەوە چوون تا گەیشتنە ماڵی كابراى فارس.[4]

عائیشە دەڵێت جارێك لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێشبڕكێمان كرد، من لێم بردەوە، دواى ماوەیەك قەڵەو بووم، هەمدى پێشبڕكێمان كرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لێی بردمەوەو فەرمووى ئەمەیان بەوى تر.[5]

عائیشە دەڵێت جارێك لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرچووین، كە گەیشتینە ناوچەی بەیدا ْ گەردنبەندێكم پچڕا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆى گەڕا و خەڵكیش بۆی گەڕان و هیچ ئاویشمان پێ نەبوو، خەڵكی هاتن بۆ لاى ئەبووبەكر و وتیان نابینیت عائیشە چی كرد؟ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و خەڵكەكەى سەرقاڵ كرد و هیچ ئاویشمان پێ نیە و نزیكیش نین لە ئاوەوە، ئەبووبەكر هات و بینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەری لەسەر رانم بوو خەوتبوو، وتى ئاوا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خەڵكەكەت دواخست و هیچ ئاویش لێرە نیەو ئاویشمان پێ نیە؟ زۆر سەركۆنەى كردم و بەدەستى تێیدەخوڕیم، تەنها لەبەرئەوە نەدەجوولآم كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر رانم خەوتبوو، كە رۆژ بوویەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەستاو ئاو نەبوو، خواى گەورە ئایەتى تەیەمومى دابەزاند، خەڵكەكە تەیەمومیان كرد، ئوسەیدی كوڕی حوضهیر وتى ئەی بنەماڵەی ئەبووبەكر ئەمە یەكەمجارتان نیە ئاوا بەرەكیتان هەبێت، ئینجا ئەو وشترەی لەسەری بووم جوولآ، دەبینین گەردنبەندەكە لەژێر ئەودایە.[6]

عائیشە دەڵێت جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (إني لأعلم إذا كنت عني راضية، وإذا كنت علي غضبى)، (من دەزانم تۆ كەی لێم رازیت و كەی لێم تووڕەیت) منیش وتم چۆن دەزانیت؟ فەرمووى (أما إذا كنت عني راضية، فإنك تقولين لا ورب محمد، وإذا كنت علي غضبى قلت لا ورب إبراهيم)، (ئەگەر لێم رازى بیت دەڵێیت نا بە خواى موحەممەد، ئەگەریش لێم تووڕە بیت دەڵێیت نا بەخواى ئیبراهیم)، منیش وتم بەڵێ بەخوا وایە ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[7]

لە حەجى ماڵئاواییدا كە عائیشەش هاودەم بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چوو و عەبدوڕەحمانی براى عائیشەش بەشدار بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە عەبدوڕەحمان تا عائیشە ببات تا عومرەكەى بكات و دواتر بگەڕێتەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[8]

عائیشە دەڵێت شەوێك دواى نوێژی عیشا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دواكەوتم، دواتر چوومەوە بۆ لاى، فەرمووى لە كوێ بوویت؟ وتم گوێمان لە قورئانخوێندنى هاوەڵێكت دەگرت لە مزگەوت قورئانى دەخوێن، دەنگى وا خۆش و خوێندنى وا دروستم نەبیستبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەستا و منیش لەگەڵی هەستام، چوو گوێی لێگرت، دواتر لایكردەوە بە لاى مندا و فەرمووى(ئەوە سالیمی مەولاى ئەبووحوذەیفەیە، سوپاس بۆ خوا كە كەسی واى لە ئوممەتەكەمدا داناوە).[9]

 

غیرەى دایكانى باوەڕداران عائیشە

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت ئەو غیرەى بەرامبەر خەدیجە هەمبوو بەرامبەر هیچ كەسی تر هێندە نەمبوو، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)زۆر باسی دەكرد.[10]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە گۆشتى دەنارد بۆ هاوڕێكانى خەدیجەو و هێندەش زۆر باسی خەدیجەى دەكرد وام لێدەهات دەموت ئەڵێیت هەر خەدیجە ژن بووە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو ئەو ئاواو و ئاوا بوو و من لەو منداڵم هەبوو).[11]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت جارێك هالەى خوشكی خەدیجە هاتە بەردەرگا، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زانى هالەیە خێرا راپەڕی و فەرمووى(اللهم هالە) (ئاى خوایە هالە هاتووە)، منیش غیرە دایگرتم و وتم چیە ئەوەنە باسی ئەو پیرەژنە قوڕەیشیە دەكەیت،[12] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەى لێ بیستم دەموچاوى تووڕە هەڵگەڕا.[13]

عائیشەی دایكی باوەڕداران دەڵێت كاتێك ناوى خەدیجە دەبرا ئیتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر وەسفی دەكرد و زۆر یادى دەكردەوە، منیش رۆژێك غیرەم هەبوو وتم چیە ئەوەنە باسی ئەو لاجانگ سوورە ئەكەیت خوا لە بری ئەو چاكتری پێ بەخشیویت، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(ما أبدلني الله عز وجل خيرا منها، قد آمنت بي إذ كفر بي الناس، وصدقتني إذ كذبني الناس، وواستني بمالها إذ حرمني الناس، ورزقني الله عز وجل ولدها إذ حرمني أولاد النساء[14] (خواى گەورە لەو چاكتری پێ نەبەخشیوم، خەدیجە كاتێك باوەڕی پێ هێنام كە خەڵكی بڕوایان پێ نەدەهێنام، كاتێك خەڵكی بە درۆیان دەخستمەوە بەراستى زانیم، كاتێك خەڵك بێبەشیان دەكردم ئەو بە سامانەكەى دڵنەوایی و پاڵپشتی دەكردم، خواى گەورە لەو منداڵی پێ بەخشیم كەچی لە ژنەكانى ترم بێبەشی كردم لە منداڵ).

عائیشە و حەفصەی دایكانى باوەڕداران غیرەیەكیان هەبوو بەرامبەر بە هەڵوێستێك كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ زەینەبی كچی جەحش هەیبوو، حەفصە دواى عائیشەو زەینەبیش دواى حەفصە بوون بە هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دەچوو بۆ لاى زەینەب لاى ئەو هەنگوینی دەخوارد، عائیشەو حەفصەش بڕیاریاندا پێكەوە كارێك بكەن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راگرن لەو خواردنى هەنگوینە، بۆیە بڕیاریان دا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێت بۆ لاى هەركامیان بڵێن ئەوە مەغافیرت خواردووە (خواردنێكی بۆن ناخۆشە)، ئەو بۆنەت لێ دێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەى پێ وترا فەرمووى (نا، بەڵام من لاى زەینەبی كچی جەحش هەنگوینم خواردووە، ئیتر هەرگیز نایخۆم و سوێندیشم خواردووە، هەواڵی ئەمەش مەڵێ بە كەس)،[15] ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ لِمَ تُحَرِّمُ مَا أَحَلَّ اللَّهُ لَكَ تَبْتَغِي مَرْضَاتَ أَزْوَاجِكَ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ، قَدْ فَرَضَ اللَّهُ لَكُمْ تَحِلَّةَ أَيْمَانِكُمْ  وَاللَّهُ مَوْلَاكُمْ  وَهُوَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ، وَإِذْ أَسَرَّ النَّبِيُّ إِلَى بَعْضِ أَزْوَاجِهِ حَدِيثًا فَلَمَّا نَبَّأَتْ بِهِ وَأَظْهَرَهُ اللَّهُ عَلَيْهِ عَرَّفَ بَعْضَهُ وَأَعْرَضَ عَنْ بَعْضٍ فَلَمَّا نَبَّأَهَا بِهِ قَالَتْ مَنْ أَنْبَأَكَ هَذَا  قَالَ نَبَّأَنِيَ الْعَلِيمُ الْخَبِيرُ، يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنْفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ عَلَيْهَا مَلَائِكَةٌ غِلَاظٌ شِدَادٌ لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ[16] (ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆچی شتێك لە خۆت حەرام دەكەیت كە خوا بۆی حەڵاڵ كردوویت تۆ ڕەزامەندی ژنەكانت دەوێ لە كاتێكدا خوا لێخۆشبووی میهرەبانە، بێگومان خوا دایناوە بۆتان هەڵوەشاندنەوەی سوێندەكانتان خوا كارساز و دۆستی ئێوەیە وە ئەو زانای كاردروستە، كاتێك كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەنهێنی لای هەندێ لە ژنەكانی قسەیەكی دركاند ئینجا كە ئەو (ژنە) قسەكەی كرد (بۆ هەوێكەی) خواش پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) ئاگادار كرد (پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)) هەندێك (لە قسەكان) ی باسكرد و بێ دەنگ بوو لە هەندێكی تری ئینجا كە پێی وت (ژنەكەی) وتی: كێ ئەمەی پێ گەیاندی فەرمووی خوای زانای ئاگادار پێی گەیاندم، ئەی (حەفصە و عائیشە) ئەگەر هەردووكتان تەوبە بكەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا (جێ ی خۆیەتی) چونكە بەڕاستی دڵتان لایدا (لە حەق و ڕاستی) وە ئەگەر پشتی یەكتر بگرن لە دژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) (سەركەوتوو نابن) چونكە بێگومان خوا پشگیری ئەوەو هەروەها جوبرەئیل و ئیماندارە چاكەكانیش دوای ئەوان فریشتەكانیش پشتیوانی ئەون).

لە گێڕانەوەیەكى ترى موسلیمدا هەمان بەسەرهات هاتووە، بەڵام وا هاتووە كە خاوەنى هەنگوینەكە حەفصە بووەو پلان دانانەكەش عائیشەو سەودە بون،[17] بەڵام ئیبن حەجەر لە شەرحى بوخاریدا دەڵێت دەگونجێت ئەو رووداوە جارێكی تر بووبێت و پەیوەست نەبووە بەم رووداوەو بە دابەزینی ئەم ئایەتانەوە، چونكە رووداوى هەنگوینەكەى زەینەب و پێ ناخۆش بوونى عائیشەو حەفصە چەسپاوە، لەو بارەشەوە مشتومڕێكى ورد دێنێت، ئەو پێی وایە كە لەوانەیە رووداوەكەى هەنگوین خواردن لاى حەفصە پێش ئەم رووداوە بووبێت و پەیوەست نەبووبێت بەو ئایەتانەوە،[18] بەڵام ئەمە وردەكاری دەوێت، چونكە ناكرێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دوو جار بە هەمان رووداو تێكەوتبێت، وەك خۆی لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت (لا يلدغ المؤمن من جحر واحد مرتين[19] (باوەڕدار دوو جار لە كونێكدا ناگەزرێت)، ناگونجێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یەكەم جار بەو جۆرەى بەرامبەر كرابێت و بۆ جارى دووەمیش هەمان شتى بەرامبەر كرابێت و هەستی پێ نەكردبێت، دوور بێت لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) ئەمە بە لاوازدانانى هەست و پێزانینی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، بۆیە دەكرێت ئەگەرێكی تر هەبێت، ئەویش ئەوەیە دەبێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئاگادار نەبووبێت بە رووداوى یەكەم و ئەو شتەى بۆ ئاشكرا نەبووبێت تا لە رووداوى دووەمدا ئینجا خواى گەورە ئاشكراى كردبێت، چونكە وەك هاتووە كاتێك هەریەك لە عائیشەو سەودە وا دەڵێن بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش دەچێتەوە بۆ لاى حەفصە، حەفصە دەڵێت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەو هەنگوینەت بۆ تێبكەم؟ ئەویش دەفەرموێت نا پێویستم نیە، ئینجا سەودە بە عائیشەی وت سوبحانەلآ، بەخوا ئەو هەنگوینەمان لێ حەرام كرد، عائیشەش بە سەودەى وت بێدەنگ بە،[20] بۆیە نابینین هیچ سوێند خواردنێكی تێدا بووبێت بۆ نەخواردنى و باسی دابەزینی ئایەتەكەشی تێدا نیە.

بەهەرحاڵ ئەم رووداوە بەڵگەیە لەسەر بوونى غیرە لاى ئافرەتان، وەك دەبینین ئوممو سەلەمەى دایكی باوەڕداران خۆی دان بەوەدا دەنێت و كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى دەكات ئەو دەڵێت ئاخۆ من ئافرەتێكم غیرەیەكى زۆرم تێدا هەیە،[21] هەروەها كاتێك پرسیار دەكرێت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆچی ئافرەتێكی پشتیوانان بەهاوسەر ناگریت؟ ئەویش لە وەڵامدا دەفەرموێت (إن فيهم غيرة شديدة[22] (ئەوان غیرەیەكى زۆر زۆریان تێدایە).

هەروەك ئەمە بەڵگەیەكى جوان و روونە بۆ موسڵمان تا ئەگەر هەڵەیەكى لە هەر كەسێك بەدى كرد نەیكاتە بیانوو بۆ سفركردنەوە یان شكاندنى ئەو كەسە، چونكە مرۆڤ هەركات جێی هەڵەكردنەو دەكەوێتە هەڵەوە، دەبینین ئەوە هاوسەرانى پێغەمبەرى خوان (صلى الله عليه وسلم) و دایكانى باوەڕدارانن، كەچی دەكەونە هەڵەوەو تەوبەش دەكەن و خواى گەورەش نایانشكێنێتەوە، بەڵكو پێشنیازى تەوبەیان بۆ دەخاتەڕوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هەڵوێستى قورسی نەگرتەبەر بەرامبەریان و كارەكەى جێهێشت بۆ فەرمانى خوا، كەچی دەبینین لە رۆژگارى ئەمڕۆدا موسڵمانانێك هەن چاو دادەخەن لە ئاست هەوڵ و ماندوێتی بانگەواز و جیهاد و رەنجى دەیان یان سەدان بانگخوازى رێی خوادا و بە بینینى هەڵەیەك لە هەر كەسێك لەوانە دەكەونە زەقكردنەوەى هەڵەكەى و شكاندنى و ئیدى بە كەم تەماشاكردنى، جا خۆ ئەگەر وا بوایە دەبوو ئەم ژنانەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو ئاستە بەرزەیان داماڵرابان و دەركرابان، بەڵام ئایا خوا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیار و خوێندنەوەیان بۆ بارى مرۆیی وایە؟ نەخێر، خوا دایناوە مرۆڤ هەڵە دەكات و تەوبەى لەسەر واجب دەبێت، وەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (كل بني آدم خطاء و خير الخطائين التوابون)، (هەموو ئادەمیزاد هەڵەكارن و چاكترینی هەڵەكاران تەوبەكارانن)، تەنانەت خواى گەورە دایناوە هەر دەبێت مرۆڤ هەڵە بكات و تەوبەى لێ بكات، وەك لە فەرموودەى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە (والذي نفسي بيده لو لم تذنبوا لذهب الله بكم، ولجاء بقوم يذنبون فيستغفرون الله فيغفر لهم[23] (سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە ئەگەر ئێوە تاوان نەكەن، بە دڵنیاییەوە خواى گەورە ئێوە لادەبات و خەڵكانێك دێنێت كە تاوان دەكەن و ئینجا داواى لێخۆشبوون لە خوا دەكەن و خواى گەورەش لێیان خۆش دەبێت).



[1] - صحيح ابن حبان، الرقم 5627، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[2] - صحيح مسلم، الرقم 4554، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 31462، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 2662،

[3] - صحيح البخاري، الرقم 958 و اللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 1527 حتى أيام عيد.

[4] - صحيح مسلم، الرقم 3891، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12001.

[5] - صحيح ابن حبان، الرقم 4764، سنن أبي داود، الرقم 227، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 8669، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 25704، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 2578.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 331، صحيح مسلم، الرقم 576، صحيح ابن حبان، الرقم 1316، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 290، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 930، مسند احمد بن حنبل، الرقم 24883، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 19032.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 4933، صحيح مسلم، الرقم 4573، صحيح ابن حبان، الرقم 7219، مسندأحمد بن حنبل، الرقم 23760.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 1494.

[9] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4953، صححه الذهبي.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 3629.

[11] - صحيح البخاري، الرقم 3630.

[12] - صحيح البخاري، الرقم 3633.

[13] - صحيح ابن حبان، الرقم 7118.

[14] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 24309، قال الذهبي في البداية والنهاية (ج3، ص 128) إسناده لا بأس به، صححه شعيب الأرناؤوط.

[15] - صحيح البخاري، الرقم 4630.

[16] - صحيح مسلم، الرقم 2772.

[17] - صحيح مسلم، الرقم 2773.

[18] - فتح الباري، ج9، ص 376 - 377.

[19] - صحيح البخاري، الرقم 5787، صحيح مسلم، الرقم 5427، صحيح ابن حبان، الرقم 664، سنن أبي داود، الرقم 4241، سنن الدارمي، الرقم 2731، مسند احمد بن حنبل، الرقم 8725، المعجم الاوسط للطبراني، الرقم 6889.

[20] - صحيح مسلم، الرقم 2773.

[21] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16024،

[22] - المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 8367، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5197، معجم أبي يعلى الموصلي، الرقم 160.

[23] - صحيح مسلم، الرقم 5042، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 7874.

 1869
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.