دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (جوبەیر) بووە

جوبەیری كوڕی حوباب(رضي الله عنه)

ناوى جوبەیری كوڕی حوبابی كوڕی مونذیرە،[1] لە پشتیوانانە.[2]

لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا لە ناو ریزەكانى سوپاى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا لە جەنگى صفیندا بەشدارى كرد.[3]

جوبەیری كوڕی مالیك(رضي الله عنه)

ناوى جوبەیرى كوڕی مالیكە، بەڵام زیاتر بە جوبەیرى كوڕی بوحەینە ناسراوە، بوحەینە دایكی بوو،[4] برایەكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا، ئەم هاوەڵە لە ئەزدیەكانە، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو.[5]

جوبەیری كوڕی نەوفەل(رضي الله عنه)

ناوى جوبەیری كوڕی نەوفەلەو فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، جوبەیر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ما تقرب عبد إلى الله بأفضل مما خرج منه[6] (بەندە بە هیچ شتێك هێندەى ئەوە لە خوا نزیك نابێتەوە كە لێی دەرچووە-واتە قورئان-).

 

جوبەیری كوڕی ئیاس(رضي الله عنه)

ناوى جوبەیری كوڕی ئیاسى كوڕی خەلدەى كوڕی موخەللەدى كوڕی عامرە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان،[7] لە غەزاى بەدر و ئوحودیشدا بەشدارى كرد.[8]

گێڕانەوەى فەرموودەیەك هاتووە كە تیایدا باسی جوبەیر كراوە، ئەویش ئەوەیە كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە حودەیبیە گەڕایەوە، ئەو گەورانەى جوولەكە كە لە مەدینە مابوونەوەو خۆیان بە موسڵمان نیشاندابوو بەڵام دووڕوو بوون هاتن بۆ لاى لوبەیدی كوڕی ئەعصەم كە جوولەكە بوو، لوبەید هاوپەیمانى بەنى زریق بوو و جادووگەریش بوو، ئەو جوولەكانە داوایان لە لوبەید كرد تا جادوو بكات لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەرامبەر بەوە سێ دیناریان پێدا، ئەویش جادوویەكى ئامادە كرد و دواتر لەناو بیردا داینا، ئیتر بارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) واى لێهات واى دەزانى شتێكی كردووە كەچی نەشیكردبوو تا ئەوەبوو خواى گەورە ئاگادارى كردەوە كە جادووى لێكراوەو جادووەكەش لە كوێیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جوبەیری كوڕی ئیاسی بانگ كرد كە یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەدر، شوێنی جادووەكەى لە بیرەكەدا پێ نیشان دا تا بڕوات ئەو جادووە دەربكات، جوبەیر چوو و جادووەكەى دەركرد، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناردى بە شوێن لوبەیددا و فەرمووى (چی وایكرد ئەوە بكەیت، وا خوا ئاگادارى كردمەوە لە جادووەكەت و هەواڵی پێدام چیت كردووە)، ئەویش وتى ئەی ئەبولقاسم خۆشەویستى دینار وایكرد ئەو كارە بكەم.[9]

بەڵام لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە عائیشە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئایا جادووەكەت دەرهێنا؟ فەرمووى نا،[10] ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد و بیرەكە پڕ كرایەوە.[11]



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 396.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 460.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص 396.

[4] - أسد الغابة، ج1، ص 396.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 460.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 463.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 460.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 592.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 197.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 5440.

[11] - صحيح مسلم، الرقم 4153.

 2194
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.