دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (جەزء) بووە

جەزء(رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵەش ناوى جەزئە بەڵام ناوى باوك و رەچەڵەكی نەزانراوە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[1]

جەزء هاتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ژن و مناڵم لێم یاخى دەبن، جا بە چی سزایان بدەم؟ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (تعفوا ثلاثا فإن عاقبت فعاقب بقدر الذنب و اتق الوجه[2] (سێ جار لێیان خۆش بە، ئەگەر-دواى ئەوە-سزات دان ئەوا بەپێی تاوانەكە سزایان بدەو وریاش بە نەدەیت لە دەموچاویان).

جەزى (رضي الله عنه)

ناوى جەزیە یان دەوترێت ناوى جەزئە، كونیەكەى ئەبووخوزەیمەیەو لە سولەمەیەكانە، یان دەوترێت لە ئەسلەمیەكانە، كوڕێكى هەبوو بە ناوى حیببان كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە، كوڕێكی تریشی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە فەرموودەى لە حیببانى برایەوە گێڕاوەتەوە.[3]

جەزى لەگەڵ چەند كەسێكی تر بێباوەڕ بوون و هاوەڵێكی پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) بەند كردبوو، دواتر ئەوانە موسڵمان بوون و جەزیش موسڵمان بوو و هاوەڵەكەى هێنایەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) دوو جلى پێ بەخشی.[4]

پێدەچێت هۆكارى موسڵمانبوونەكەیان بەهۆی كاریگەرى كردارو گوفتارى ئەو هاوەڵە بەندكراوەوە بووبێت، چونكە دەبینین هەموو ئەوانەى ئەو هاوەڵەیان بەندكردبوو باوەڕیان هێنا.

جەزئی كوڕی حیدریجان (رضي الله عنه)

ناوى جەزئی كوڕی حیدریجانى كوڕی مالیكی یەمانیە، كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڕەحمان كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە،[5] جەزء و باوكیشی هەردووكیان هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بون.[6]

هەروەها برایەكى هەبوو بە ناوى قوداد.[7]

جەزئى كوڕی حیدریجان دەڵێت قودادى برام بە ئیمانى خۆی و ژن و منداڵە موسڵمانبووەكانی و كەس وكاریەوە كە نزیكەی شەش سەد ماڵ دەبوون شوێن كەوتەى قداد بوون چوو بەرەو مەدینە، بەڵام لە رێدا گەیشت بە سریەیەكى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، قداد بەوانى وت موسڵمان بووە، بەڵام ئەوان بڕوایان پێ نەكرد و كوشتیان، جەزئى كوڕی حیدریجان دەڵێت كە ئەو هەواڵەم پێ گەیشت چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو ئەم ئایەتە دابەزی(يا أيها الذين ءامنوا إذا ضربتم في سبيل الله فتبينوا...)، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خوێن بایی براكەمى پێدام كە سەد وشتری سوور بوو، هەروەها بەشدارى هێرش بردنە سەر (طيء) م كرد و دەستكەوتێكی زۆرم دەستكەوت و چل ئافرەتم بە كەنیزە گرت و هەموویانم هێنا بۆ مەدینە،[8] خواى گەورە ئەو ئافرەتانەى رێنموونى كرد و موسڵمان بوون،[9] پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ئەو ئافرەتانەى مارە كرد لە هاوەڵەكانى.[10]

جەزئی كوڕی حیدریجان ماوەیەك خزمەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەكرد.[11]

 

 

جەزئی كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى جەزئی كوڕی عەمرى عوذریە، هاتوەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) نامەیەكى بۆ نووسی.[12]

جەزئی كوڕی موعاویە (رضي الله عنه)

ناوى جەزئی كوڕی موعاویەى كوڕی حوصەینە، لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا بەرپرسی ئەهواز بوو، خەلیفە عومەریش تەنها هاوەڵانى دەكردە بەرپرس، بۆیە ئەوە بەڵگەیە لەسەر هاوەڵبوونى.[13]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 479

[2] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1585، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2089، ضعفه الألباني في سلسلة الأحاديث الضعيفة، الرقم 2850.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص 414.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 480.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 478.

[6] - أسد الغابة، ج1، ص 412.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 478.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 478.

[9] - أسد الغابة، ج1، ص 413.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 478، و قال ابن حجر إسناده مجهول.

[11] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 864.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص 413.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 479.

 2110
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.