دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  بورەیدەى كوڕی حوصەیب(رضي الله عنه)

ناوى بورەیدەى كوڕی حوصەیبی كوڕی عەبدوڵاى ئەسلەمیە،[1] سەبارەت بە كونیەكەى چەند كونیەیەك هاتووە، ئەبووسەهل، ئەبولحوصەیب، ئەبوو ساسان، بەڵام زیاتر بە ئەبوو عەبدوڵا ناسراوە.[2]

كوڕێكى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە لەگەڵ باوكیدا بەشدارى جیهادى دەكرد تا دواجار لەگەڵ باوكى لە مەروو نیشتەجێ بوو، هەروەها فەرموودەى لە باوكیەوە دەگێڕایەوە.[3]

كوڕێكی تریشی هەبوو بە ناوى سولەیمان كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[4]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بەرەو مەدینە، داى بە ناو ناوچەكەى ئەم هاوەڵەدا كە نزیكەی هەشتا ماڵ دەبوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگهێشتى كردن بۆ ئیسلام، لەوێ بورەیدەى كوڕی حوصەیب و ئەوانەشی لەگەڵی بوون كە نزیكەى هەشتا ماڵ دەبوون موسڵمان بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی خەوتنانى بۆ كردن و ئەوانیش لە دوایەوە نوێژیان كرد، پاش ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو پاش ماوەیەكى زۆر و دواى جەنگى ئوحود بورەیدە چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەوێ لەگەڵیدا بوو و بەشدارى غەزاكانى دەكرد، هەروەها لە رێككەوتنى حودەیبیەو بەیعەتى ريضواندا بەشدار بوو.[5]

ئەو بەرنوێژیەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ ئەو هەشتا ماڵە لە نوێژی عیشادا بوو، بورەیدەش هەر لەو شەوەدا بڕێك لە قورئانى پیرۆز فێر بوو.[6]

لە غەزاى مورەیسیعدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بورەیدەى نارد تا هەواڵی دوژمنانى بۆ وەربگرێت، ئەویش هەواڵی بۆ وەرگرت و گەڕایەوە... دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێرشی بردە سەریان و ژمارەیەكى زۆری لێ كوشتن و زۆرێكی لێ بەدیل گرتن و بورەیدەى راسپارد تا ئاگادارى دیلەكان بێت.[7]

لە موحەرەمى ساڵی نۆیەمى كۆچیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بورەیدەى كوڕی حوصەیبی نارد بۆ كۆكردنەوەى صەدەقەى ئەسلەم و غیفار.[8]

هەروەها لە فەتحى مەككەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآیەكى دایە دەست بورەیدەى كوڕی حوصەیب، لە غەزاى تەبووكیشدا بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەو غەزایە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بورەیدەى نارد بۆ لاى ئەسلەم تا پێیان بڵێت لە غەزادا بەشداری بكەن.[9]

بورەیدە هەر لە مەدینە مایەوەو لەوێ نیشتەجێ بوو، دواى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ بەصرەو لەوێ مایەوە، دواتریش لەوێ دانەنیشت و بۆ جیهادى رێی خوا رووەو خوراسان چوو و دواجار لە ناوچەی مەرو نیشتەجێ بوو و لەوێ مایەوە تا لەوێ كۆچی دوایی كرد و لەوێیش ئەسپەردە كرا و كوڕەكەشی هەر لەوێ لە مەروو مایەوە.[10]

عەبدوڵاى كوڕی فەرموودەیەكى لە بورەیدەى باوكیەوە گێڕاوەتەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (ما من أحد من أصحابي يموت بأرض إلا بعث قائدا ونورا لهم يوم القيامة[11] (هەر هاوەڵێكم لە خاكێكدا بمرێت ئەوا كاتێك رۆژی دوایی زیندوو دەكرێتەوە وەك سەركردەو رووناكیە بۆ خەڵكی ئەو شوێنە).

فەرموودەیەكى تر لە بورەیدەوە گێردراوەتەوە كە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە من و حەكەمى غیفاری فەرموو (أنتما عينان لأهل المشرق، وبكما يحشر أهل المشرق)، (ئێوە ئەو دوانەتان چاوى خەڵكی رۆژهەلآتن و خەڵكەكەى بە ئێوەوە حەشر دەكرێن)، ئەوەبوو هەردووكیان چوونە ناوچەی مەرو و لەوێیش كۆچی دواییان كرد.[12]

بورەیدە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبووطالیبی نارد بۆ لاى خالیدی كوڕی وەلید تا پێنج یەكى دەستكەوت دابەش بكات، كە بەیانى بوویەوە عەلى ئاو لەسەری دەچۆڕا، خالید بە بورەیدەى وت دەبینیت (عەلى) چی دەكات یان دەبینیت چی كردووە؟ بورەیدە دەڵێت منیش رقم بوو لە عەلى، كاتێك گەڕامەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵم پێدا عەلى چی كردووە، ئەویش فەرمووى ئەى بورەیدە ئایا تۆ رقتە لە عەلی؟ وتم بەڵێ، فەرمووى رقت لێی نەبێت.[13]

لە گێڕانەوەكەى ئیمامى بوخاریدا وا هاتووە كە بورەیدە بە خالیدی وت نابینیت چی كردووە؟ جا كە گەڕاینەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەم بۆ باسكرد، ئەویش فەرمووی ئەى بورەیدە ئایا رقتە لە عەلى؟ وتم بەڵێ، فەرمووى رقت نەبێت لێی چونكە لە پێنج یەكدا بەشی لەوە زیاتریشی بۆ هەیە).[14]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە بورەیدە دەڵێت هێندە رقم لە عەلى بوو كەسى تر نەبوو هێندە رقم لێی بێت، تەنانەت پیاوێك هەبوو لە مەككە بەس لەبەرئەوە خۆشم دەویست كە رقی بوو لە عەلى، جا لە سوپایەكدا هاودەمى ئەو پیاوەم كرد بەس تەنها لەبەرئەوەی كە رقی بوو لە عەلی، ئەوەبوو بڕێ دەستكەوتمان دەستكەوت، ئەو كەسە هەواڵی نارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەسێك بنێرە تا پێنج یەكەكەی دابەش بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) عەلی نارد، لە دیلە ئافرەتیەكاندا ئافرەتێك هەبوو كە لە هەموویان جوانتر بوو، عەلى ئەوەی لە پێنج یەكەكە دانا و دابەشی كرد، دواتر هاتەدەر و سەری ئاوى لێدەچۆڕا، وتمان ئەی ئەبولحەسەن ئەوە چیە؟ وتى وەصیفە (ئافرەتەكە) نابینن كە لە كەنیزەكەكان بوو، من دابەشم كرد و بەر پێنج یەكەكە كەوت، دواتر بوو بە بەشی ئالوبەیتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دواتر بوو بە بەشی بنەماڵەی عەلى و منیش چوومە لاى، پیاوە سەركردەكە نامەى نووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و منیش وتم من وەك نێردراو و پشت راست بنێرە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كە نامەكەم دەخوێندەوەو دەموت راستی نووسیوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەستى گرتم و نامەكەشی گرتە دەستى و فەرمووى ئایا رقتە لە عەلى؟ وتم بەڵێ، فەرمووى (دەى رقت لێی نەبێت، ئەگەریش خۆشت دەوێت زیاتر خۆشت بوێت، دە سوێند بەوەى گیانى موحەممەدى بەدەستە پشكى بنەماڵەى عەلى لە پێنج یەكدا باشتر و زیاترە لە وەصیفە)، بورەیدە دەڵێت سوێند بەخوا دواى ئەو فەرموودەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەس نەبوو هێندەى عەلى لام خۆشەویست بێت.[15]

دواى ئەوە لە ساڵی دەی كۆچیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبووطالیبی نارد بۆ یەمەن و سوپایەكى لەگەڵدا نارد، لەناو سوپاكەشدا بورەیدەى كوڕی حوصەیب بەشدار بوو، فەرمانى پێكرد نەجەنگێت تا ئەوان دەست پێ نەكەن، جەنگ روویدا و موسڵمانان سەركەوتن و عەلى كوڕی ئەبووطالیب بورەیدەى كوڕی حوصەیبی لاى غەنیمەو دەستكەوتەكان دانا.[16]

بورەیدە دەڵێت لەو چوونەماندا بۆ یەمەن رەقی و توندیەكم لە عەلیدا بەدیكرد، بۆیە كە هاتمەوە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەوتمە رەخنەگرتن لە عەلى، بینیم دەموچاوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گۆڕا و رەنگى تێكچوو، ئینجا فەرمووى (يا بريدة ألستُ أولى بالمؤمنين من أنفسهم)، (ئەى بورەیدە ئایا من بۆ باوەڕداران لەخۆیان لەپێشتر نیم؟) وتم با ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى (من كنتُ مولاه فعلي مولاه[17] (دەى من مەولاى هەر كەس بم عەلیش مەولایەتى).

بورەیدە دەڵێت گەمارۆی خەیبەرمان دا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئالآكەى دایە دەست ئەبووبەكر كەچی بۆی فەتح نەكرا، دواتر دایە دەست عومەر ئەویش بۆی فەتح نەكرا، موسڵمانان زۆر ماندوو بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بەیانى ئالآكە دەدەمە دەست پیاوێك كە خواو پێغەمبەرى خوا خۆشیان دەوێت و ئەویش خوا و پێغەمبەرى خواى خۆش دەوێت، ناگەڕێتەوە تا بۆی فەتح دەبێت)، ئیتر بێخەم شەومان بەسەربرد، بەیانى زوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی كرد دواى نوێژەكە داواى ئالآكەى كرد و خەڵكی ریزیان بەست، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبووطالیبى بانگ كرد و ئەویش ئازارى چاوى هەبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تفی دا لە چاوانى و دواتر ئالآكەى دایە دەستى، ئەوەبوو خواى گەورە فەتحى پێ بەخشی.[18]

هەروەها بوریدە لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم)لەو سوپایەدا بەشدارى كرد كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێكیخست و ئوسامەى كوڕی زەیدى كردە سەركردەى سوپاكە، تیایدا بورەیدە ئالآكەى بەدەستەوە بوو،[19] دواتر كە زانرا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەخۆشە، بورەیدە ئالآكەى ئوسامەى كوڕی زەیدى هێنا و لەبەردەم ماڵی پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) دایكوتا، دواتر كە بەیعەت درا بە ئەبووبەكری صدیق خەلیفە فەرمانى كرد بە بورەیدەى كوڕی حوصەیب تا ئالآكە هەڵگرێت و بیبات بۆ ماڵی ئوسامەى كوڕی زەید، ئەویش ئالآكەى برد بۆ سەربازگەى یەكەمى موسڵمانان كە ئوسامەى كوڕی زەیدی لێ بوو، هەرچەندە كاتى هەڵگەرانەوەى عەرەبەكان بوو و هەوڵ درا ئەبووبەكر رازى بكرێت تا ئوسامەى كوڕی زەید بەو سوپایەوە نەنێرێت، بەڵام ئەبووبەكر رازى نەبوو سوپایەك بوەستێنێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كردبوو بە رۆیشتنى، ئەوەبوو سوپاكە چوو و سەركەوت و دواتر بورەیدە بە ئالآكەوە گەڕایەوە بۆ مەدینەو ئالآكەى بەرەو مزگەوت برد و چوویە ژوورەوەو دوو ركات نوێژی كرد، ئینجا بەرەو ماڵی خۆی گەڕایەوە.[20]

لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا بورەیدەى كوڕی حوصەیب رووەو خوراسان چوو بۆ غەزا و لەوێ لە مەروو مایەوە تا لە سەردەمى یەزیدى كوڕی موعاویەدا لەوێ كۆچی دوایی كرد.[21]

پیاوێك لە هۆزى بەكری كوڕی وائیل باس لەوە دەكات كە لە سجستان بورەیدەى كوڕی حوصەیبی بینیوە، دەڵێت ویستم راى ئەو سەبارەت بە عوثمانى كوڕی عەففان و عەلى كوڕی ئەبووطالیب و طهلحە و زوبەیر بزانم، كەوتمە قسەكردن لەسەریان و بە خراپە ناوبردنیان، ئەویش روویكردە قیبلە و دەستەكانى بەرز كردەوەو وتى خوایە لە عوثمانی كوڕی عەففان خۆش بە، خوایە لە عەلى كوڕی ئەبووطالیب خۆش بە، خوایە لە طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا خۆش بە، خوایە لە زوبەیری كوڕی عەوام خۆش بە، كابرا دەڵێت پاشان بورەیدە روویكردە من و وتى بێ باوك بكەویت دەتەوێت بمكوژیت، منیش وتم ناوەلآ كوشتنى تۆم ناوێت بەڵكو ئا ئەم قسانەم لە تۆ دەویست، بورەیدە وتى ئەوانە خەڵكانێك بوون هەندێ شتیان كرد، ئەگەر خوا بیەوێت بە هۆی چاكەى پێشینیانەوە لێیان خۆش دەبێت، ئەگەریش بیەوێت لەسەر كارەكانیان سزایان دەدات، حیسابیان لاى خوایە.[22]

بورەیدەى كوڕی حوصەیب لە ساڵی شەست و دووى كۆچیدا وەفاتى كرد.[23]

ذەهەبی دەڵێت سەدو پەنجا فەرموودە لە بورەیدەى كوڕی حوصەیبەوە گێڕدراوەتەوە.[24]

گۆڕەكەى هەریەك لە بورەیدەو حەكەمى كوڕی عەمر لە مەروو لەپاڵ یەكدا بوو.[25]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص241، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص286.

[2] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص185، أسد الغابة، ج1، ص263.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص263.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص221.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص242، أسد الغابة، ج1، ص263.

[6] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 185.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص63-64.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص160.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص242.

[10] - أسد الغابة، ج1، ص263.

[11] - سنن الترمذي، الرقم 3882، ضعفه الألباني في السلسلة الضعيفة، الرقم 4468.

[12] - مختصر تاريخ دمشق لابن منظور، ج2، ص175، أسد الغابة، ج1، ص264.

[13] - فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 1135، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1175، أسد الغابة، ج1، ص 264.

[14] - صحيح البخاري، الرقم 4102.

[15] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 22354، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12113، مشكل الآثار للطحاوي، الرقم 2590.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص169.

[17] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7875، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 22332، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1174، البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص344، صححه الألباني في سلسلة الأحاديث الصحيحة، 4/336.

[18] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص338.

[19] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص713.

[20] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190-191.

[21] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج5، ص77، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص8.

[22] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص243.

[23] - شذرات الذهب لابن العماد الحنبلي، ج1، ص70، تاريخ الإسلام للذهبي، ج5، ص22.

[24] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج5، ص77.

[25] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص356.

 2284
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.