دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عامیرى كوڕی عەبدوڵا (ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح) (رضي الله عنه)

ناوى عامیرى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی جەراحى كوڕی هیلالى قوڕەیشی فەهریە، كونیەكەى ئەبووعوبەیدەیەو زیاتریش بەو كونیەیە ناسراوە،[1] دایكی ناوى ئومەیمەى كچی غەنەمە.[2]

موسڵمانبوونى:

موسڵمانبوونى ئەبووعوبەیدە هاوكات بوو لەگەڵ موسڵمانبوونى عوثمانى كوڕی مەظعوون و عوبەیدەى كوڕی حارث و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف، ئەمەش پێش ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێتە ماڵی ئەرقەم و لەوێ بانگەواز بكات.

ئەبووعوبەیدە هاودەم بەو هاوەڵانەى چوونە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باسی ئیسلامى كرد بۆیان، ئەوانیش موسڵمان بوون.[3]

كۆچكردنى:

ئەبووعوبەیدە یەكێكە لە بەشداربوانى كۆچی حەبەشە، دواتر لەوێوە گەڕایەوە مەككەو لەوێوە كۆچی كرد بۆ مەدینە.

كاتێك كۆچی كرد بۆ مەدینە، لاى كلثومى كوڕی هدم مایەوە، دواتر كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان ئەبووعوبەیدەو موحەممەدى كوڕی مەسلەمەوە، رایەكیش دەڵێت بەڵكو لەگەڵ سالمى مەولاى حوذەیفەدا،[4] ئیبن ئەثير دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان ئەبووعوبەیدەو ئەبووطهلحەى ئەنصاریەوە،[5] ئەم رایەشیان راستە.[6]

بەشدارى لە غەزاكان:

ئەبووعوبەیدە لە غەزاى بەدرو ئوحودو خەندەق و هەموو غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد.[7]

لە غەزاى بەدردا ئەبوعوبەیدە بەشدار بوو و بە بەرچاوانیەوە باوكی كە لەناو سوپاى بێباوەڕاندا بوو كوژرا،[8] گێڕانەوەیەك دەڵێت ئەبووعوبەیدە كە باوكى بینی خۆی لێ كەنار دەگرت، كەچی باوكى دەیویست روبەڕووی ئەبووعوبەیدەی كوڕی بێتەوەو و وازى نەدەهێنا، دواجار ئەبووعوبەیدە كە زانى باوكى واز ناهێنێت هەڵمەتى برد و باوكى خۆی كوشت.[9]

ئەبووبەكرى صدیق دەڵێت كە خەڵكی لە ئوحوددا لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بلآوەیان كردبوو، یەكەم كەس من بووم چووم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دەبینم كەسێك لە دەورى بەرگری لێدەكات، وتم دەى ئەوە طهلحە بێت بە دایك و باوكمەوە بە قوربانى بم، دواتر بینیم لە دوایشەوە كەسێك هات دەتوت باڵندەیەو دەفڕێت، خێرا خۆی گەیاندە من، دەبینم ئەبووعوبەیدەیە، خێرا پێكەوە چووین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و طهلحەش لە بەردەم پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) كەوتبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى فریاى براكەتان بكەون، ئینجا تیرێك بەر تەوێڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و تیرێكیش بەر رومەتى كەوتبوو، ئەبووعوبەیدە وتى ئەی ئەبووبەكر سوێندت دەدەم بە خوا بهێڵە من لایبەرم، ئەوەبوو بە دەمى-ددانى- تیرەكەى گرت و هێواش هێواش دەریدەكرد و حەزى نەدەكرد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئازارى پێ بگات، دواتر ویستم من ئەو تیرەكەى تر دەربكەم، كەچی هەمدى ئەبووعوبەیدە سوێندى دام و بەهەمان شێوە ئەوی دیكەشی دەركرد.[10]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە كە تیرەكان بەر هەردوو كوڵمی كەوتبوون، ئەبووعوبەیدە بە دانەكانى دەریكردن و بۆ هەر تیرێكی دانێكی كەوت.[11]

جارێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سریەیەكى ئامادە كرد كە ژمارەى جەنگاوەرەكانى زیاد لە سێ سەد كەس دەبوون، ئەبووعوبەیدەشی كرد بە ئەمیری سریەكە، جابیری هاوەڵی ناسراوى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لەناو سریەكەدا بوو، جابیر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕێك خورماى پێدابووین كە ئێمەش لەبەر كەمیەكەى وەك منداڵ خورماكەمان دەمژی و بە دوایدا ئاومان دەخواردەوە، ئینجا ئەو گەلآیانەى كە وەریبوون   دەمانخواردو بەدوایدا ئاومان دەخواردەوە، ئینجا گەیشتینە كەناراوى دەریا، دەبینین ئاژەڵێكى گەورە كە پێی دەوترا عەنبەر لەوێدابوو، ئەبووعوبەیدە وتى مردارەوە بووە مەیخۆن، دواتر وتى ئەمە سوپاى پێغەمبەرى خوایەو لە رێی خوادایە و ئێمەش ناچارین، ناوى خوا بهێنن و لێی بخۆن، ئێمەش لێمان خوارد و بەشێكیشمان لێهەڵگرت، ئەو ئاژەڵە هێندە گەورە بوو كە نزیكەى سیانزە كەس لاى چاویەوە دانیشتبوون، ئەبووعوبەیدە پارچەیەكی لێهەڵگرت، كە هاتینەوە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی پرسین، ئێمەش بەسەرهاتەكەمان بۆ باسكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(ئەوە رۆزیەك بوو خوا پێی بەخشین، هیچیتان لێ هێناوەتەوە؟) وتمان بەڵێ،[12] بڕێكمان لێی برد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش لێی خوارد.[13]

لە گیڕانەوەكەى بوخاریدا لەبری ئاژەڵ یان گیاندارێك هاتووە دەڵێت حووتێك بوو، هەژدە شەوى تەواو سوپاكە لێی خوارد.[14]

ئەبووعوبەیدە لە ساڵی شەشەمی كۆچیشدا ئەمیری سریەیەكى چل كەسی بوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناردى بۆ بەجێگەیاندنى بەرپرسیارێتیەك.[15]

هەروەها ئەبووعوبەیدە لە فەتحى مەككەشدا بەشدارى كرد.[16]

لەو هێرشەی كە عەمرى كوڕی عاص بردیە سەر سنوورەكانى شام، عەمر داواى ناردنى سوپاى پشتیوانى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) سوپایەكى لە كۆچەران پێكهێناو ئەبووعوبەیدەی كرد بە بەرپرسیان، كە سوپاكە گەیشتە لاى عەمر، عەمر وتى من ئەمیرتانم، كۆچەرانیش وتیان بەڵكو تۆ ئەمیری سوپاكەى خۆتیت و ئەمیری ئێمە ئەبووعوبەیدەیە، عەمر وتى ئێوە سوپاى پشتیوانن بۆ یارمەتى من نێردراون، ئەبووعوبەیدە كە ئەوەى بینی، خێرا ئەمیرایەتى دایە دەست عەمر،[17] دواتر كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى بیست، فەرمووى رەحمەتى خوا لە ئەبووعوبەیدەی كوڕی جەراح بێت.[18]

ئەبووعوبەیدە تا دواساتەكانى ژیانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى غەزاكانى دەكرد و هەر هەوڵێكی دەدا بۆ خزمەتكردنى ئیسلام، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كۆتا رۆژەكانى تەمەنیدا بوو، رۆژی چوارشەممەكەى تاو نارەحەتى پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) داگرت، بەڵام رۆژی پێنج شەممە خۆی چوو ئالآكەى دایە دەست ئوسامەى كوڕی زەید تا هێرش ببەنە سەر رۆم، لەنێو سوپاكەیدا ئەبووبەكرى صدیق و عومەرى كوڕی خەطاب و ئەبوو عوبەیدەى كوڕی جەراح و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و چەندین هاوەڵی تری گەورە هەبوون.[19]

پلەوپایەى ئەبووعوبەیدە:

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەیەكدا كە باس لە فەزڵى هاوەڵانێكى دەكات دەفەرموێت (أرحم أمتي بها ابو بكر وأقواهم في دين الله عمر وأصدقهم حياء عثمان وأقضاهم على بن أبي طالب وأفرضهم زيد وأقرؤهم لكتاب الله أبي بن كعب وأعلمهم بالحلال والحرام معاذ بن جبل وأمين هذه الأمة أبو عبيدة بن الجراح وأبو هريرة وعاء)[20](بە رەحمترینی ئوممەتم بە ئوممەتەكەم ئەبوبەكرەو بەهێزترینیان لە ئایینی خوادا عومەرەو بە شەرمترینیان عوثمانە و دادوەرترینیان عەلى كورى ئەبووطالیبەو شارەزاترینیان بە فەرزەكان زەیدە و شارەزاترینیان بە قورئان خوێندنەوە ئوبەى كوڕى كەعبە و شارەزاترینیان بە حەلآڵ و حەرام موعازى كوڕی جەبەلەو ئەمیندارى ئەم ئوممەتەش ئەبوو عوبەیدەى كوڕی جەراحە و ئەبوو هورەیرەش قاپ و جامێكە).

ئەنەس دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (هەر ئوممەتێك ئەمینێكی هەیەو ئەمینی ئەم ئوممەتەش ئەبووعوبەیدەی كوڕی جەراحە).[21]

كاتێك وەفدى یەمەن هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، داوایان كرد كەسێك بنێرێت لەگەڵیان تا فێری سوننەت و ئیسلامیان بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەستی ئەبووعوبەیدەی گرت و فەرمووى(ئەمە ئەمینی-سپاردەكارى- ئەم ئوممەتەیە).[22]

ئەبووعوبەیدە یەكێكە لە موژدەپێدراوانى بەهەشت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (أبو بكر في الجنة، وعمر في الجنة، وعثمان في الجنة، وعلي في الجنة، وطلحة في الجنة والزبير في الجنة، وعبد الرحمن بن عوف في الجنة، وسعد في الجنة، وسعيد في الجنة، وأبو عبيدة بن الجراح في الجنة[23] (ئەبووبەكر لە بەهەشتە، عومەر لە بەهەشتە، عوثمان لە بەهەشتە، عەلى لە بەهەشتە، طهلحە لە بەهەشتە، زوبەیر لە بەهەشتە، عەبدورەحمانى كوڕی عەوف لە بەهەشتە، سەعد لە بەهەشتە، سەعید لە بەهەشتە، ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح لە بەهەشتە).

عەمرى كوڕی عاص دەڵێت پرسیار كرا لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كێ زۆر لات خۆشەویستە؟ فەرمووى عائیشە، وتیان ئەی لەپیاوان؟ فەرمووى ئەبووبەكر، وتیان دواتر، فەرمووى عومەر، وتیان دواتر، فەرمووى ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح.[24]

 

ئەبووعوبەیدە لە سەردەمى ئەبوبەكردا:

لە كاتى كۆبوونەوەى هاوەڵان لە كەپری بەنی ساعیدە، ئەبووعوبەیدە هاودەم بە ئەبوبەكر و عومەر چوو بۆ لاى هاوەڵە پشتیوانیەكان، دواى وتوێژ ئەبووبەكری صدیق لەوێ ئاماژەی بەوە كرد با ئەبووعوبەیدە یان عومەرى كوڕی خەططاب یەكێكیان ببێت بە خەلیفە.[25]

ئەبووعوبەیدە یەكێك بوو لە بەشداربوانى كۆكردنەوەى قورئانى پیرۆز.[26]

ئەبووبەكر ئەبووعوبەیدەى كردبوو بە بەرپرسی دارایی موسڵمانان، لە ساڵی سیانزەى كۆچیدا ئەبووبەكر ئەبووعوبەیدەى نارد بۆ شام و كردی بە ئەمیری ئەوێ.[27]

ئەبووبەكری صدیق پاش جەنگی هەڵگەڕاوەكان، سوپاى ئامادە كرد بۆ فتووحات، ئەبووعوبەیدەى هاودەم بە چەند كەسێكی تر نارد بۆ فتووحات[28] و جەنگى ئەجنادەین روویدا كە تیایدا موسڵمانان سەركەوتن، كاتێك هەواڵی سەركەوتن هاتەوە بۆ ئەبووبەكر، خەلیفە لە نەخۆشی سەرەمەرگیدا بوو.[29]

ئەبووعوبەیدە لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەتتابدا:

عومەرى كوڕی خەططاب لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا خێرا بەرپرسیارێتی گەورەى بە ئەبووعوبەیدە سپارد، نامەى نووسی بۆ خەڵكی یەرمووك و پێی راگەیاندن كە ئەبووعوبەیدەی كردووە بە ئەمیریان، بە ئەبووعوبەیدەشی وت تۆ بەرپرسی خەڵكیت، ئەگەر خوا سەریخستیت ئەوە خەڵكی عێراق بۆ عێراق بنێرەوە.[30]

كاتێك سەعدى كوڕی ئەبی وەققاص لە عێراق سەرقاڵی فتووحات بوو، عومەرى كوڕی خەططاب نامەى نارد بۆ ئەبووعوبەیدە لە شام و فەرمانى پێكرد سەربازەكانى بنێرێت بۆ عێراق بۆ پشتیوانى سەعد، ئەویش سەربازەكانى نارد و هاشمی كوڕی عوتبەى كرد بە ئەمیریان.[31]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب بوو بە خەلیفە، خالیدی كوڕی وەلیدی لە پۆستەكەى لابرد و بە نامەیەك ئەوەى نارد بۆ ئەبوو عوبەیدە، خالیدیش لە وەڵامدا وتى گوێڕایەڵی فەرمانى ئەمیری باوەڕدارانم،[32] پاش ئەوەش لە ژێر فەرمانى ئەبوو عوبەیدەدا مایەوەو بەردەوام جیهادى دەكرد، وەك لە فەتحى دیمەشقدا بەشدارى كرد و ئەبووعوبەیدەش بەرپرس بوو.[33]

كاتێك ئەبووعوبەیدە ئەو نامەى پێگەیشت كە خالید لە پۆستەكەى كەنار بخرێت خۆی ئامادە نەبوو بیڵێت بە خالید، كەسێكی تر ئەوەى گەیاند بە خالید، خالید چوو بۆ لاى ئەبوو عوبەیدەو وتى رەحمەتى خوات لێ بێت بۆچی خۆت پێت نەوتم؟ ئەویش وتى حەزم نەكرد هەواڵی ناخۆشت پێبدەم.[34]

ئەبووعوبەیدە لە ماوەى ئەمیرایەتیەكەیدا توانى فتووحاتێكی زۆر بكات و بە رێككەوتن فەتحى دیمەشقیش بكاتو خالیدی كوڕی وەلیدیش لەو فەتحەدا هاوكارێكی گەورەى بوو.[35]

    كاتێك ئەبووعوبەیدە ئەمیر بوو لە پیاوێك تووڕە بوو و ئازارێكی دا، خالیدیش وتى وا مەكە، پێی وترا ئەمیرت تووڕە كردووە، ئەویش چوو بۆ لاى ئەبووعوبەیدەو وتى من مەبەستم ئەوە نەبووە تۆ تووڕە بكەم، بەڵام بیستوومە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (إن أشد الناس عذابا يوم القيامة أشد الناس عذابا للناس في الدنيا[36] (سەختترین سزاى رۆژی دوایی بۆ ئەو كەسانەیە كە لە دنیادا زۆرترین سزاى خەڵكیان داوە).

عومەرى كوڕی خەططاب زۆر سەرسام بوو بە ئەبووعوبەیدە، دەیوت ئەگەر سەرەمەرگم هات و ئەبووعوبەیدە زیندوو بێت، دەیكەم بە جێنشینی خۆم، ئەگەریش پەروەردگارم پرسیارى لێكردم بۆچی ئەوم كردووە بۆ جێنشینی خۆم لەسەر ئوممەتى موحەممەد، ئەوە دەڵێم من بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (هەر ئوممەتێك ئەمینێكى هەیەو ئەمینی ئەم ئوممەتەش ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراحە).[37]

جارێك عومەر لەگەڵ هەندێ لە هاوەڵانیدا بوو، وتى هەركامتان هیوا و ئاواتى خۆتان بڵێن، هەركەسەو هیواو ئاواتى خۆیوت، عومەریش وتى من خۆزگە دەخوازم پڕی ماڵێك پیاوى وەك ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراحم هەبێت.[38]

جارێك عومەر گەیشت بە ئەبووعوبەیدە، پێكەوە تەوقەیان كرد و عومەر دەستی ئەبووعوبەیدەى ماچكرد، پاشان بە گریانەوە كەناریان گرت.[39]

لەو ماوەى ئەبووعوبەیدە لە شام بوو، جارێك لەلایەن دوژمنەوە گەمارۆ درا و فشارى لەسەر دانرا، عومەریش كە ئەمەی بیست، نامەیەكى بۆ نارد و داواى كرد خۆڕاگر بێت، لە وەڵامدا ئەبووعوبەیدەش نامەیەكى بۆ نووسی و بە چەند ئایەتێك پێی وت كە ژیانى دنیا گەمەیەو تاو بدەنە جیهاد، عومەر كە نامەكەى خوێندەوە، چوویە سەر مینبەر و نامەكەى ئەبووعوبەیدەی خوێندەوە بۆ خەڵكی مەدینەو هانى دان بۆ جیهاد.[40]

جارێك عومەرى كوڕی خەططاب بۆ سەردان چوو بۆ شام، لەوێ خەڵكی پێشوازیەكى گەرمیان لێكرد، عومەر وتى ئەبووعوبەیدەی برام كوا؟ وتیان ئێستا دێت، پاش كەمێك بە سوارى وشترێكەوە هات، دواتر لەگەڵ خۆی خەلیفەى بردەوە بۆ ماڵەوە، عومەر تەماشای كرد لە ماڵەكەیدا تەنها شمشێر و كەوان و كۆڵەكەى لەوێن، عومەر وتى بۆچی شتێكی وات لە ماڵەوە دانەناوە؟ ئەویش وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران ئەمە دەمانگەیەنێتە جێ،[41] دواتر داواى خواردنى كرد، ئەویش چوو چەند پارچە نانێكی رەقی هێنا، عومەر دەستی كرد بە گریان، پاشان وتى ئەی ئەبووعوبەیدە دنیا هەموومانى گۆڕی تەنها تۆ نەبێت.[42]

جارێك عومەرى كوڕی خەططاب بڕێك پارەى دا بە كەسێك و وتى بیبە بۆ ئەبووعوبەیدەو بزانە چی لێدەكات، ئەویش بۆی برد، ئەبووعوبەیدە هەمووى دابەشكرد، هەمان بڕی نارد بۆ موعاذیش، ئەویش هەمووی دابەشكرد كەمێكی نەبێت بۆ بژێوی خۆیان هێشتیەوە، عومەر كە هەواڵەكەى بیست، سوپاسی خواى كرد.[43]

خەووات دەڵێت جارێك لەگەڵ عومەرى كوڕی خەططاب چووین بۆ حەج، لە كاروانێكدا بووین كە ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەرراح و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفى تێدا بوو، خەڵكەكە وتیان ئەی خەووات شیعرێكمان بە ئاوازەوە بۆ بڵێ، منیش بە ئاوازەوە بڕێ شیعرم بۆ وتن، ئینجا وتیان لە شیعرى فلآنمان بۆ بڵێ، عومەرى كوڕی خەططاب وتى وازى لێ بێنن با لەوانەى ناخى دڵی خۆیمان بۆ بڵێت، منیش شیعرى دڵی خۆمم بە ئاوازە دەهۆنیەوە بۆیان تا هێندە بەردەوام بووم دەمەو پارشێو هات، عومەر وتى بەسە وا دەمەو بەیانە، ئەبووعوبەیدە وتى خەووات وەرە بۆ لاى من لە عومەر خراپتر نیم (یانى مەجالت دەدەم)، ئیتر پێكەوە چووینە ئەولاوەو هەتا نوێژی بەیانى هەر بە ئاوازەوە شعرم بۆ هۆنیەوە.[44]

ئەبووعوبەیدە دەیوت خۆزگە من بەرانێك بوومایەو ژن ومنداڵەكەم منیان سەربڕیایەو گۆشتەكەیان بخواردمایەو گۆشتاویان پێ دروست بكردمایە.[45]

ئەبووعوبەیدە كەسێكی بالآبەرزى لاواز بوو.[46]

ئەبووعوبەیدە بەوە ناسرابوو كە رەوشتی زۆر جوان بووەو زۆر لەسەرخۆو نەرمونیان بووە، كەسێكی تەواو خاكى بووە.[47]

جارێك كەسێك چوو بۆ لاى ئەبووعوبەیدەو تەماشای كرد وا دەگری، وتى بۆچی دەگریت؟ ئەویش وتى گریانم بۆ فەرموودەیەكی پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) كە رۆژێك باسی كرد خوا چەند ناوچە بۆ موسڵمانان فەتح دەكات، باسی شامیشی كرد، جا فەرمانى پێكردم ئەگەر گەیشتمە رۆژی وا، سێ خزمەتكار زیاترم نەبێت، یەكێك بۆ خزمەت و یەكێك بۆ سەفەرم و یەكێك بۆ خزمەتى ژن و مناڵم، سێ سواریش زیاترم نەبێت، كەچی وا ئێستا تەماشا دەكەم ماڵەكەم پڕە لە كۆیلەو پەچەى ئاژەڵەكانیشم پڕە لە ئەسپ و سوار، ئیتر چۆن بگەمەوە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كاتێكدا وەسیەتى بۆ دەكردین و دەیفەرموو (خۆشەویستترین و نزیكترینتان لە منەوە ئەوەیە بەو حاڵەوە پێم بگاتەوە كە لەكاتى جێهێشتنى مندا لەسەری بووە).[48]

هەموو گێڕانەوەكانى تر باس لەوە دەكەن ئەبووعوبەیدە ماڵێكی وا هەژارانەى هەبووە تەنانەت خەلیفە عومەرى كوڕی خەططابی گریاندووە، بەڵكو ئەبووعوبەیدە بەوپەڕی زوهدو دنیانەویستی ناوى دەركردووە، پاشان كەسێك كە ئەمینی ئوممەت بێت، چۆن رێنماییەكی وا گەورەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پشتگوێ دەخات؟

 

 

مردنى ئەبووعوبەیدە:

ئەبووعوبەیدە دواجار لە شام و بە نەخۆشی تاعوون كۆچی دوایی كرد.

لە شام نەخۆشی تاعوون بلآو بووبوویەوە، خەلیفە عومەرى كوڕی خەططاب ویستی ئەبووعوبەیدە رزگاربێت، نامەیەكى بۆ نووسی و وتى كارێكم هەیە بێ ئامادە بوونى تۆ بۆم ناكرێت، خێرا وەرەوە بۆ لام، ئەبووعوبەیدە كە خوێندیەوە، تێگەیشت و وتى پێویستیەكەى ئەمیری باوەڕداران دەزانم، ئەو دەیەوێت كەسێك بهێڵێتەوە كە بڕیار نیە بمێنێتەوە، نامەى بۆ نووسی و وتى من كارەكەت دەزانم، بمبوورە بە نەهاتنم بەدەم داواكەتەوە، چونكە من لە سەربازگەیەكى موسڵماناندام و خۆم لەوان پێ زیاتر نیە، عومەر كە نامەكەى خوێندەوە گریا، خەڵكەكە وتیان چی بووە؟ ئەبوعوبەیدە مردووە؟ وتى نا، دواى ماوەیەك ئەبووعوبەیدە مرد، پاش ئەوە نەخۆشیەكە لە شام نەما.[49]

كاتێك ئەبووعوبەیدە تووشی نەخۆشیەكە بووبوو، خەڵكێك سەردانیان كرد، ژنەكەشی لەلای بوو، هەواڵی ئەبوعوبەیدەیان پرسی، ژنەكەى وتى پاداشتی بۆ هەیە، لەولاوە ئەبووعوبەیدە وتى پاداشتم بۆ نیە، خەڵكەكە ئەو قسەیان پێ خۆش نەبوو، ئەبوعوبەیدە وتى ناڵێن بۆچی وام وت؟ وتیان قسەكەمان پێ خۆش نەبوو، ئیتر بۆچی بپرسین؟ ئەویش وتى دەى من بیستوومە  لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من أنفق نفقة فاضلة في سبيل الله فبسبع مائة، ومن أنفق على عياله أو عاد مريضا، أو ماز أذى، فالحسنة بعشر أمثالها، والصوم جنة ما لم يخرقها، ومن ابتلاه الله ببلاء في جسده فهو له حطة[50] (هەركەس خەرجیەكى چاك لەرێی خوادا ببەخشێت ئەوە بە حەوت سەد بەرامبەر پاداشتی بۆ هەیە، هەركەس خەرجى بۆ ژن و منداڵی بكات یان سەردانى نەخۆشێك بكات یان ئازارێك لاببات، ئەوە بە دە بەرامبەر پاداشتی بۆ هەیە، رۆژوویش قەڵغانە ئەگەر ئەو كەسە خراپی نەكات، هەركەس خوا جەستەی تووشی بەلآیەك بكات، ئەوە بۆی دەبێت بە وەرینی تاوان).

پێش ئەوەى وەفات بكات، لەكاتى نەخۆشیەكەیدا، لە شوێنی خۆیدا موعاذی كوڕی جەبەلى دانا تا ئەمیرایەتى خەڵكەكە بكات.[51]

دواجار ئەبووعوبەیدە لە ساڵی هەژدەى كۆچی و لە تەمەنى پەنجاو هەشت ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.[52]

سەبارەت بە شوێنی گۆڕەكەشی دەوترێت دەكەوێتە ئەردەن كاتێك بەرەو بەیتولمەقدیس چووە وتوویەتى لە كوێ مردم لەوێ ئەسپەردەم بكەن، رایەكیش دەڵێت گۆڕەكەى لە ناوچەی بیسانە.[53]

ئەبووعوبەیدە دەیوت: لەوانەیە كەسی وا هەبێت جلەكەى پاك و سپی بێت، كەچی دینداریەكەى پیس بێت، [54]هەروەها دەیوت: ئەگەر خوا بەرەكەت بخاتە كەمەوە، ئیتر ئەو شتە زۆرە.[55]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 586.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 409.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 8.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 410.

[5] - أسد الغابة، ج3، ص 126.

[6] -البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 227.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 586.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 8.

[9] - أسد الغابة، ج3، ص 125.

[10] - صحيح ابن حبان، الرقم 7090و اللفظ له، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[11] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4258.

[12] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4729، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 4354.

[13] - سنن أبي داود، الرقم 3361، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 3840.

[14] - صحيح البخاري، الرقم 2371.

[15] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 178.

[16] - تاريخ الطبري، ج2، ص 159.

[17] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 9.

[18] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 275.

[19] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص190.

[20] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص17، ئیبن ماجە بە دەقێكى هاوشێوەى ئەمە كە هەمان ئەم واتایە دەبەخشێت هێناویەتى، سنن ابن ماجة، الرقم 154، صحيح. مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12707، صحيح،  بەلآم لاى ئیبن ماجە و ئیمامى ئەحمەد باسی ئەبووهورەیرەى تێدا نیە، شێخى ئەلبانى ئەمەى بە صحیح داناوە(أرحم أمتي بأمتي أبو بكر و أشدهم في أمر الله عمر و أصدقهم حياء عثمان و أقرؤهم لكتاب الله أبي بن كعب و أفرضهم زيد بن ثابت و أعلمهم بالحلال و الحرام معاذ بن جبل و لكل أمة أمين و أمين هذه الأمة أبو عبيدة بن الجراح).الجامع الصغير و زيادتة، 897.

[21] - صحيح البخاري، الرقم 4130، سنن الترمذي، الرقم 3813.

[22] - صحيح مسلم، الرقم 4547، مسند احمد بن حنبل، الرقم 12540.

[23] - سنن الترمذي، الرم 3766، صحيح ابن حبان، الرقم 7112، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1612، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 802، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الألباني في صحيح الجامع الصغيرو زيادته، الرقم 50.

[24] - صحيح ابن حبان، الرقم 7108، صححه شعيب الأرناؤوط.

[25] - تاريخ الطبري، ج2، ص 233.

[26] - سير أعلام النبلاء،ج1، ص 8.

[27] - سير أعلام النبلاء، ج1،ص 15.

[28] - خوێنەرى خۆشەویست، لەبەرئەوەى بوارەكەمان تەواو تایبەت نەكردووە بە بوارە مێژووییەكەو وردەكاریەكانى، بۆ ئەوەى نووسینەكە قەبارەى زۆر گەورە نەبێت و لەبەر بوونى سەرچاوەى تر لەبوارى فتووحاتدا، بۆیە نەهاتوین وردەكارى رۆڵ و جووڵەی ئەبووعوبەیدە لە فتووحاتدا بخەینەڕوو، وەك چۆن بۆ هاوەلآنى تریش لە قۆناغى فتووحاتدا هەمان هەنگاومان گرتووەتەبەر.

[29] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 21.

[30] - تاريخ الطبري، ج2، ص 363.

[31] - الكامل في التأريخ، ج2، ص 279.

[32] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 19.

[33] - تاريخ دمشق، ج25، ص 475.

[34] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 380.

[35] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 19-20.

[36] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16497، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3728، مسند الحميدي، الرقم 545، قال شعيب الأرناؤوط إسناده ضعيف.

[37] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 10.

[38] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 14.

[39] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 15.

[40] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 16.

[41] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 17.

[42] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 17.

[43] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 17.

[44] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 8620.

[45] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 18.

[46] -سير أعلام النبلاء، ج1، ص 7.

[47] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 13.

[48] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1633، قال الذهبي حديث غريب، ضعفه شعيب الأرناؤوط،.

[49] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 19.

[50] - مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 843، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5115.

[51] - أسد الغابة، ج3، ص 127.

[52] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 23.

[53] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 589.

[54] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 18.

[55] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 22.

 1614
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.