دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی كوڕی مالیكە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، باوكى سەركردەى دووڕووەكان بوو لە مەدینە، عەبدوڵا لە هاوەڵە زۆر چاك و ناسراوەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، سەرەتا ناوى وباب بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بەعەبدوڵا.[1]

پێش جەنگى ئوحود حەنظهلەى كوڕی ئەبی عامیر و عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵاى ئوبەی كوڕی سەلوول-كە ژنبراى حەنظهلە بوو- هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، داوایان لێكرد مۆڵەتیان بدات تا باوكى خۆیان بكوژن، حەنظهلە لەبەرئەوەى بینی باوكى بەرەى دژ بە پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) گرتووەتەبەر و شمشێری لەدژ هەڵكردووە، عەبدوڵاش لەبەر ئەوەى بینی باوكى بووەتە رێبەرى دورووان و دژ بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خەبات دەكات، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێی نەدا بە هیچكامیان.[2]

ئەم دوو هاوەڵە خۆشەویستەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بریتین لە حەنظهلەى كوڕی ئەبی عامیرو عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی بە تەواوى واتا فەرمانى خوایان بەجێگەیاند لە هەڵبژاردەكەیاندا، ئایا خواو پێغەمبەر و رێبازەكەى هەڵدەبژێریت یان باوك و كەسوكارێك كە دژایەتى پەیامى خوا دەكەن (قُلْ إِنْ كَانَ آبَاؤُكُمْ وَأَبْنَاؤُكُمْ وَإِخْوَانُكُمْ وَأَزْوَاجُكُمْ وَعَشِيرَتُكُمْ وَأَمْوَالٌ اقْتَرَفْتُمُوهَا وَتِجَارَةٌ تَخْشَوْنَ كَسَادَهَا وَمَسَاكِنُ تَرْضَوْنَهَا أَحَبَّ إِلَيْكُمْ مِنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ وَجِهَادٍ فِي سَبِيلِهِ فَتَرَبَّصُوا حَتَّى يَأْتِيَ اللَّهُ بِأَمْرِهِ وَاللَّهُ لا يَهْدِي الْقَوْمَ الْفَاسِقِينَ)،[3] (ئەی موحەممەد(صلى الله عليه وسلم) بڵێ: ئەگەر باوكانتان و كوڕانتان و برایانتان و هاوسەرانتان و خزم و عەشرەتان و ماڵ و دارایی یەك (بە زەحمەت) پەیداتان كردووە و بازرگانیەك كە دەترسن برەوی نەبێ (بێ بازاڕبێ) و خانوو بەرەیەك كە پێ ی ڕازین خۆشەویست ترە لاتان لە خواو پێغەمبەرەكەی و تێكۆشان لە ڕێگەكەیدا ئەوە چاوەڕوان بكەن هەتا خوا فەرمان (و تۆڵە) ی خۆی دێنێ (بۆتان) وە خوا ڕێنموونی كەسانی تێپەڕ لە سنوور ناكات).

عەبدوڵا لە هەریەك لە غەزاكانى بەدرو ئوحود و هەموو غەزاكانى دواتریشدا بەشدارى كرد.[4]

زەید دەڵێت: لە غەزایەكدا بەشداربووم، جا گوێم لە عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی بوو-سەركردەى مونافیقەكان- دەیوت دەستگرۆی ئەوانەى دەورى پێغەمبەر مەبن تا دەورى چۆڵ بێت، ئەگەر بگەڕێینەوە مەدینە شكۆدار سەرشۆڕى تێدا دەردەكات، منیش چووم ئەوەم گێڕایەوە بۆ مامم-یان بۆ عومەر-، ئەویش لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسی كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى بانگ كرد و منیش بەسەرهاتەكەم بۆ گێڕایەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناردى بە شوێن عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی و هاوەڵانیدا، كە هاتن سوێندیان خوارد شتی وایان نەوتووە، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕواى بە قسەكەى ئەو كرد، ئیتر من تووشی دڵتەنگیەك بووم خەفەتى وام نەدیبوو، لە ماڵەوە بۆ خۆم دانیشتم، ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە (إِذَا جَاءَكَ الْمُنَافِقُونَ قَالُوا نَشْهَدُ إِنَّكَ لَرَسُولُ اللَّهِ وَاللَّهُ يَعْلَمُ إِنَّكَ لَرَسُولُهُ وَاللَّهُ يَشْهَدُ إِنَّ الْمُنَافِقِينَ لَكَاذِبُونَ (1) اتَّخَذُوا أَيْمَانَهُمْ جُنَّةً فَصَدُّوا عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ إِنَّهُمْ سَاءَ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناردى بە شوێنمدا، منیش چووم بۆ لاى، فەرمووى: (ئەى زەید خواى گەورە قسەكەى بە راست دانایت).[5]

جا عەبدوڵاى كوڕی چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەسەرهاتەكەى باوكمم بیستووە، جا ئەگەر نیازى شتێكت هەیە، خۆم بنێرە تا سەرى بهێنم بۆت، خەزرەجیەكان دەزانن كەس نیە هێندەى من لەگەڵ باوكى خۆی چاك بێت، جا دەترسم فەرمان بكەیت كەسێكی تر بیكوژێت و منیش خۆم نەگرم و بچم لەبری بێباوەڕێكدا باوەڕدارێك بكوژمەوەو بەوەش بچمە دۆزەخەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(بەڵكو تا لەگەڵمان بمێنێتەوە لەگەڵی نەرمونیان دەبین و بە چاكى هەڵسوكەوتى لەگەڵ دەكەین).[6]

كاتێك عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی سەركردەى دووڕووەكان مرد، عەبدوڵاى كوڕی هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) جلەكەى خۆتم پێ بدە تا بیكەم بە كفن بۆ باوكمو نوێژیش لەسەر تەرمەكەى بكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جلەكەى خۆی پێدا، ئینجا كە ویستی نوێژ لەسەر تەرمەكەى بكات، عومەر پێغەمبەرى خواى(صلى الله عليه وسلم) گرت و وتى مەگەر خوا رێگری لێنەكردویت نوێژ نەكەیت لەسەر دووڕوان؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى با، من لە نێوان دوو بژاردەدام (استغفر لهم أو لا تستغفر لهم إن تستغفر لهم سبعين مرة فلن يغفر الله لهم) بۆیە نوێژی لەسەر كرد، ئەوەبوو ئایەتى خوا دابەزى(ولا تصل على أحد منهم مات أبدا ، ولا تقم على قبره).[7]

عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی ئوبەی یەكێك بوو لە نووسەرانى خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[8]

عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵا دواى ئەوەش ژیا و پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكری صدیقدا بەشدارى جەنگى یەمامەى كرد دژ بە موسەیلەمەى درۆزن و لەو جەنگەدا شەهید بوو.[9]



[1] - أسد الغابة، ج3، ص 302.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 137.

[3] - التوبة: 24.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص 302.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 4619، سنن الترمذي، الرقم 3317.

[6] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1408.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 1222، صحيح مسلم، الرقم 4517، صحيح ابن حبان، الرقم 3223، سنن الترمذي، الرقم 3106، السنن الكبرى لنسائي، الرقم 10778.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 155.

[9] - أسد الغابة، ج3، ص 303.

 1217
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.