دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (ئیبراهیم) بووە

ئیبراهیمى نەجار (رضي الله عنه):

هەریەك لە ئیبن حەجەر و ئیبن ئەثير ناوى ئەم كەسایەتیە بە هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەهێنن و پێیان وایە ئەم كەسەیە كە مینبەرەكەى پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) دروست كردبێ،[1] بەڵام هەریەك لە ئیبن مندە و ئیبن قانع و  ئیبن عەبدولبەر ناوى ئەم كەسەیان نەهێناوە.

ئەوەى لەبارەى ئەم هاوەڵەوە هاتووە فەرموودەیەكە كە طهبەرانى لە (المعجم الأوسط) هێناویەتى لە جابری كوڕی عەبدوڵاوە (رضي الله عنه) كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لاى دارخورمایەك وتارى دەدا و پاڵی پێوە دەدایەوە، پێی وترا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئیسلام تەواو بوو-تەواو بلآوبووەتەوە- و خەڵكى زۆر بون و لە هەموو ئاسۆكانەوە خەڵكى دێن بۆ لات، بەڵكو فەرمان بكەیت شتێ دروست بكرێ تا لەسەری دیار و لەبەرچاو بیت، ئەویش بە كەسێكى فەرموو، ئایا مینبەر دروست ئەكەیت؟ وتى بەڵێ، فەرمووى ناوت چیە؟ وتى فلآن، فەرمووى تۆ هی ئەم كارە نیت، كەسێكى تری بانگ كرد و پرسیارى لێكردو هەمان جۆر روویدا، ئینجا كەسێكى تری بانگ كرد و پێی فەرموو ئایا مینبەر دروست ئەكەیت؟ وتى بەڵێ إن شاء الله، ، فەرمووى ناوت چیە؟ وتى  ئیبراهیم، فەرمووى دەست بكە بە دروست كردنى، ...).[2]

بەڵام بە گێڕانەوەى صەحیحی ئیمامى بوخارى و بەپێی زۆرینەى سەرچاوەكانى هاوەڵان ئەو كەسەی مینبەرەكەى دروست كردووە كۆیلەى ئافرەتێك بوو،[3] ئەو ئافرەتەش یەكێك بوو لە پشتیوانان،[4]لە هەندێ سەرچاوەدا ناوى ئەو كەسەى مینبەرەكەى دروستكردووە بە باقوم هاتووە.[5]

لە صەحیحی بوخاریدا لە جابری كوڕی عەبدوڵاوە هاتووە ئافرەتێك بە پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) وت ئەى پێغەمبەرى خوا شتێكت بۆ دروست نەكەم لەسەری دابنیشیت؟ چونكە من كۆیلەیەكم هەیە دارتاشە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: ئەگەر ئەتەوێ باشە، ئەویش دەستى كرد بە دروستكردنى.[6]

ئیبن حەجەر دەڵێت لەوانەیە ئەمە هەر ئەم هاوەڵە بێت و ناوى ئیبراهیم و نازناوەكەى باقووم بووبێت.[7]

لەو ئەگەرەى ئیبن حەجەرەوە ئەو ئەگەرەى تریش هەیە لەوانەیە ئەو كەسە بە باقووم ناسرابێت و دواتر كە موسڵمان بووبێت ناوى خۆی گۆڕیبێت بە ئیبراهیم.

ئیبراهیمی كوڕی جابر (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە كۆیلەى خەرشەی ثهقەفی بوو، سەبارەت بە وردەكارى لەسەر ژیانى ئەم هاوەڵە تەنها ئیبن حەجەر لە (الإصابة)دا شتێكى كەمى لەسەر هێناوە، بەڵام هەریەك لە ئیبن مندە و ئیبن ئەثير و ئیبن قانع و ئیبن عەبدولبەر لە كتێبەكانیاندا تایبەت بە ژیانى هاوەڵان ناوى ئەم هاوەڵەیان نەهێناوە.

ئەم هاوەڵە لە جەنگى طائیف موسڵمان بوو كاتێ ئەوانەى لە قەلآى طائیف بوون دابەزین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئیبراهیمی كوڕی جابریش یەكێك بوو لەوانەى لەگەڵ ژمارەیەك كۆیلەى تردا دابەزین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئازادى كرد و دایە دەست ئوسەیدی كوڕی حوضهیر و فەرمانى بە حوضهیر كرد تا یارمەتى بدات و لە پێویستى خواردن وپۆشاك و پێویستیەكانى تردا یارمەتى بدات، هەروەها زانستى فێر بكات.[8]

مەبەست بە فێركردنەكە ئەوەبووە شارەزاى بكات لە ئیسلامدا.

پەند و وانە:

ئەم هەنگاوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئیبراهیمی كۆیلەى تازە موسڵمان بووی دایە دەست ئوسەید تا هەم پێویستى دابین بكات و هەم زانستی پێ ببەخشێت، دوو لایەنى گرنگى لەخۆگرت، ئەویش بریتیە لە دڵخۆشی و پاڵپشتى ماددى بۆ برا موسڵمانەكەت، هاوكات تێركردنی بە زانیاریە پێویستیەكانى ئیسلام، واتە دڵنیاكردنى پێویستیە دنیاییەكان بۆ تاكى تازەموسڵمان بوو و لەگەڵ ئەوەشدا شارەزاكردنى بە ئیسلام، هەرچەندە حاڵەكە حاڵەتى جەنگ بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو بەرنامەى پشتگوێ نەخست، ئەمەش سیفەتى سەركردەیە كە دەبێت بیری لاى دنیا و قیامەتى تاكەكانى ناو كۆمەڵگە بێت و بە كردەیی وانەى برایەتى ئیمانییان پێ پەیڕەو بكات تا تێبگەن خواى گەورە ئەم برایەتیەى لا لەپێشترە، برایەتیەك نا كە لە زار و دڵەكان زیاتر هیچ نەبێت، بەڵكو زار و دڵ و كرداریشی لەخۆگرتووە.

ئیبراهیمی كوڕی حارث(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە قورەیشیە و یەكێكە لە كۆچەران كە لە گەڵ حارثى باوكیدا كۆچی كرد بۆ مەدینە، سەبارەت بە باوكى دوو راهەیە: یەكەمیان دەڵێت كۆچی كرد بۆ حەبەشەو لەوێ خوا سێ منداڵی پێدا، مووسا و زەینەب و ئیبراهیم كە هەرسێیان لەوێ مردون، راى دووەمیش دەڵێت: حارث بە خۆی و مناڵەكانیەوە چووە بەرەو مەدینە بەڵام لە رێدا لە ئاوێكیان خواردەوە، هەموویان مردن جگە لە حارث.[9]

ئیبن حەجەر پێی وایە لەوانەیە حارث جگە لەم ئیبراهیمە كوڕێكى ترى هەبووبێت بەناوى ئیبراهیم، چونكە ئەم ئیبراهیمەیان كوڕێكى بووەو كوڕەكەشی ناوى موحەممەد بووە.[10]

ئیبراهیم فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە،[11] هاوكات موحەممەدى كوڕیشی یەكێك بوو لە فەرموودەناسە گەورەكان كە فەرموودەى گێڕاوەتەوە.[12]

 

ئیبراهیمی كوڕی عەبباد(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە بەڕێزە یەكێكە لە پشتیوانەكان، واتە خەڵكى مەدینەیە و سەر بە ئەوسیەكانە، رەچەڵەكى ئەم هاوەڵە واهاتووە: ئیبراهیمی كوڕی عەببادى كوڕی ئەسافی كوڕی عەدى كوڕی یەزیدی كوڕی جوشەمى كوڕی حارثهى كورى حارثى كوڕی خەزرەجى كوڕی عەمرى كوڕی مالیكی كوڕی ئەوسە.[13]

بەڵام ئیبن ئەثير لە (أسد الغابة) دا لە نێوان عەبباد و ئەسافدا نوهەیك دێنێت.[14]

باوكى ئیبراهیم لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) پێشنوێژی  قەومەكەى بووە، لە فەرموودەیەكدا هاتووە جارێكیان عەبباد نوێژی بۆ كردون، گوێی لە هاواركەرێ بوو هاوارى دەكرد وریابن پێغەمبەرى خوا رووى بەرەو كەعبە وەرچەرخاند، ئەوانیش وەرچەرخان بەولادا و روویانكردە كەعبە.[15]

ئیبراهیم لە جەنگى ئوحوددا بەشدار بوو.[16]

هەروەها ئیبراهیم فەرموودەیەكى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە كە ئیبن قانع لە (معجم الصحابة)دا هێناویەتى.[17]

ئیبراهیمی كوڕی عەبدورەحمانى عوذری(رضي الله عنه):

ناوى ئیبراهیمى كوڕی عەبدورەحمانى عوذریە،[18] فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[19]

ئیبراهیمی كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه):

ناوى ئیبراهیمی كوڕی عەبدوڵاى كوڕی قەیسە،[20] باوكى ئەبوومووساى ئەشعەرى هاوەڵى ناودارى پێغەمبەرى خوایە.[21]

ئیبراهیم گەورە كوڕی ئەبوومووساى ئەشعەرى بوو.[22]

ئەبوو مووساى ئەشعەرى دەڵێت لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا منداڵێكمان بوو ، منیش بردم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش ناوى نا ئیبراهیم و بە خورمایەك لێوى شیرین كرد و نزاى بەرەكەتى بۆ كرد ئینجا دایەوە كۆشی خۆم).[23]

ئیبراهیمی كوڕی قەیس(رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە ناوى ئیبراهیمی كوڕی قەیسی كوڕی حجری كوڕى مەعدیەكریبی كندیە، برایەكى هەبوو بە ناوى ئەشعەث،[24] كوڕێكیشی هەبوو بە ناوى ئیسحاق ئەعرەج.[25]

ئیبراهیمی كوڕی قەیس بە وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)[26] و موسڵمان بوونى خۆی راگەیاند.[27]



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص21، أسد الغابة، ج1ص70.

[2] - المعجم الأوسط للطبرانى، الرقم 5369، أسد الغابة، ج1ص70.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 440، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13979.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 2011، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13979.

[5] - معرفة الصحابة لإبن منده، ص306، أسد الغابة، ج1ص70، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص21.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 440، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13979.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص21.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1 ص19.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص19.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص19.

[11] - صحيح البخاري، الرقم 3027، 3034، صحيح مسلم، الرقم 2236،

[12] - سير أعلام النبلاء، ج5ص294.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص19، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص61.

[14] - أسد الغابة، ج1ص66.

[15] - معجم الصحابة، ج2ص189.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص19، أسد الغابة، ج1ص66، الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1ص61.

[17] - معجم الصحابة، ج2ص189.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص225.

[19] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 694، أسدالغابة، ج 1، ص67.

[20] - أسدالغابة، ج1، ص68.

[21] - معجم الصحابة لابن قانع، ج2، ص124، أسدالغابة، ج3، ص376.

[22] - أسدالغابة، ج1، ص68.

[23] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص107، أسدالغابة، ج1، ص68

[24] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص19.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص19.

[26] - أسد الغابة، ج1ص69.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص19.

 1890
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.