دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڵاى كوڕی عەتیك(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەتیكە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى كوشتنى ئیبن ئەبیلحوقەیقی جوولەكە، عەبدوڵا لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد وتیایدا شەهید بوو.[1]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیارى دا عەبدوڵاى كوڕی ئەبیلحوقەیقی جوولەكە بكوژرێت، دەستەیەك لە پشتیوانانى بۆ ئەو كارە نارد و عەبدوڵاى كوڕی عەتیكی كرد بە ئەمیریان، كاتێك چوون بۆ ئەوێ، عەبدوڵا بە هاوەڵەكانى وت لە شوێنی خۆتان دابنیشن، من دەڕۆم و خۆم لاى كابراى دەرگاوان شیرین دەكەم بەڵكو بچمە ژوورەوە، ئەوەبو چوو تا نزیك بوویەوە لە دەرگاكە، دواتر جلەكەى دا بەسەر خۆیدا وەك ئەوەی بڵێیت دەست بە ئاو دەگەیەنێت، خەڵكی دەچوونە ژوورەوە، دەرگاوانەكە پێی وت ئەی عەبدوڵا ئەگەر دەتەوێت بێیتە ژوورەوە وەرە چونكە دەمەوێت دەرگاكە دابخەم، عەبدوڵا دەڵێت چوومە ژوورەوەو خۆم حەشاردا، كە دەرگاكە داخرا و كلیلەكان هەڵواسران، چووم كلیلەكانم برد و دەرگاكەم كردەوە، كاتێك خەڵكەكە جێیانهێشت، چوومە سەرەوە بۆی، هەر دەرگایەكم دەكردەوە، لەودیوەوە دامدەخست، وتم با خەڵكەكە ئەگەریش زانییان فریام نەكەون تا تەواو بیكوژم، كە گەیشتمە لاى دەبینم لە ژوورێكی زۆر تاریكدایە لەناو ژن و منداڵیدا، نەمدەزانى كامیان ئەوە، بۆیە وتم ئەی ئەبوورافیع، ئەویش وتى ئەوە كێیە؟ منیش چووم بەرەو لاى دەنگەكەو بە شمشێرەكەم لێمدا، هاوارى لێ هەستا، منیش لە ژوورەكە چوومە دەرەوەو زۆر دوور نەكەوتمەوەو گەڕامەوە بۆ لاى و وتم ئەی ئەبوورافیع ئەوە چی بووە؟ وتى دایكت رۆڵەڕۆت بۆ بكات كەسێك لە ژوورەوە بوو بە شمشێر لێیدام، زانیم هێشتا نەیكوشتووە، بۆیە لا تیژەكەى شمشێرەكەم خستە سەر سكی و فشارم خستە سەر تا دڵنیا بووم لەوەى كوشتوومە، ئینجا یەك یەك دەرگاكانم دەكردەوە تا گەیشتمە لاى پەیژەیەك و قاچم دانا لەسەری، وامزانى گەیشتوومەتە خوار، كەچی كەوتم، قاچم شكا و بە مێزەرەكەى سەرم بەستم، دواتر چووم لەبەر دەرگا دانیشتم و وتم نارۆم تا دڵنیا نەبم لەوەى كوشتوومە، قووقەى كەڵەشێر هات و كەسێك هاوارى دەكرد ئەبوورافیع كوژرا، ئیتر گەڕامەوە بۆ لاى هاوەڵەكانم و وتم تەواو بوو، خوا ئەبوورافیعی لەناوبرد، ئینجا گەڕامەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەم بۆ باسكرد، فەرمووى قاچت راكێشە، قاچم راكێشا، دەستی بەسەردا هێنا، ئیتر دەتوت هیچی بەسەر نەهاتووە.[2]



[1] - أسد الغابة، ج3، ص 313.

[2] - صحيح البخاري، الرقم 3831.

 1380
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.