دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەبیەض (رضي الله عنه)

ئەبیەض (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە سەرەتا ناوى ئەسوەد بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕى و ناوى نا ئەبیەض،[1]ئەبیەض دواى فەتحى میصر چوو بۆ ئەوێ و لەوێ مایەوە.[2]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوە ناشیرینەكانى دەگۆڕی بە ناوى جوان، لەو بارەیەوە ئیبن قەیم دەڵێت:(لەبەرئەوەى ناوەكان قاڵب و دەلیلی واتاكانن، بۆیە حیكمەت و دانایی وادەخوازێ گونجان و پەیوەستیەك لەنێوان ئەو دوانەدا هەبێت... بەڵكو ناو كاریگەرى هەیە لەسەر ناولێنراوەكە لە رووى چاكى و ناشیرینی و خراپی وسووكى و قورسیەوە... پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە چاكى زانیوە ناوى جوان بنرێت لە كەس، ئەگەریش كەسێكیان بە پۆستەو پەیام بەر دابنایە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى دەكرد تا ناوى جوان و روخسارى باش بێت،[3]... وەك چۆن لە حودەیبیەدا بە هاتنى سوهەیل بۆ رێككەوتن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەشبینی نواند.[4]

لە پەیرەوى ژیانى پێغەمبەریشدا (صلى الله عليه وسلم) دەبینین ناوى چەندین هاوەڵی گۆڕیوە، بە نموونە: 

كچێكى عومەر پێی دەوترا (عاصیە) پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا (جەمیلە).[5]

سەعیدی كوڕی موسەیب دەگێڕێتەوە حەزەنى باپیری چووە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)پێی فەرموو ناوت چیە؟ وتى ناوم (حەزەن)ە، فەرمووى بەڵكو تۆ (سەهل)یت، ئەویش وتى ناوێك باوكم لێی ناوم نایگۆڕم، ئیبنولموسەیب دەڵێت لەوە بەدواوە هەر خەمبارى لەنێوماندا مایەوە.[6]

دەبینین پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كاتێ ناوى ئیبراهیمی كوڕی دەنێت رەچاوى واتاى ناوەكە دەكات و دەفەرموێت (سميته باسم أبي إبراهيم) (بەناوى ئیبراهیمی باوكمەوە ناوم ناوە).

ئەبیەض (رضي الله عنه):

ئەم هاوەڵە لە سەرچاوەكاندا تەنها ناوى خۆی هاتووەو رەچەڵەك و ناوى باوك و كەسوكارى نەهاتووە،[7] هەریەك لە ئیبن ئەثير و ئیبن حەجەر باسیان كردووە.

ئیبن حەجەر دەڵێت لەوانەیە ئەو هاوەڵە بێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى لە ئەسوەدەوە گۆڕی بۆ ئەبیەض،[8] بەڵام وەك پێشتر باسمان كرد ئەوە هاوەڵێكى تر بووە.

ئیبن ئەثير و ئین حەجەریش گێڕانەوەیەكى ئەبومووسایان هێناوە كە وەلید دەڵێت لەگەڵ ئەبیەض كە یەكێك بوو لە هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چووین بۆ سەردانى پیاوێك،[9] چووینە مزگەوت، سەیرمان كرد خەڵكى نوێژ دەكەن، منیش وتم سوپاس بۆ ئەو خوایەى كە بە ئیسلام سوورو رەشی (هەموانى) كۆكردەوە، ئەبیەضيش وتى: سوێند بەوەى گیانمى بەدەستە رۆژی دوایی نایەت تا لە  چی میللەتێكدا هەیە پشكێ لە ئێوەى تیا دەبێت، وتم دەستپێشخەرى دەكەن و لە ئیسلام دەردەچن؟ وتى (وەك ئێوە نوێژ دەكەن و لە مەجلیستاندا دادەنیشن و لە بارى گشتیدا لەگەڵتانن، هەر میللەتێ لەوانەش بەشێكى دەبێ).[10]

 



[1] - معرفة الصحابة لابن منده، ص196، أسد الغابة، ج1ص73، الاصابة في تمييز الصحابة، ج1ص24.

[2] - أسد الغابة، ج1ص73، الاصابة في تمييز الصحابة، ج1ص24.

[3] - زاد المعاد في هدي خير العباد لأبن القيم، ج2ص336.

[4] - زاد المعاد في هدي خير العباد لأبن القيم، ج2ص338.

[5] - رواه مسلم، الرقم 4105.

[6] - رواه البخاري، الرقم 5861 و 5864، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23136، صحيح ابن حبان، الرقم 5918، المعجم الكبير للطبرانى، الرقم 16602.

[7] - اسد الغابة، ج1، ص74، الاصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص25.

[8] - الاصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص25.

[9] - الاصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص25.

[10] - اسد الغابة، ج1، ص74.

 2278
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.