دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  جوبەیری كوڕی موطعيم (رضي الله عنه)

ناوى جوبەیری كوڕی موطعيمى كوڕی عەددى كوڕی نەوفەلى كوڕی عەبدمەنافی قورەیشی نەوفەلیە،[1] سەبارەت بە كونیەكەى دەوترێت ئەبووموحەممەدە، دەشوترێت بەڵكو كونیەكەى ئەبووعەددى بووە.[2]

دایكی ناوى ئومموحەبیبی كچی سەعید بوو، یان دەوترێت دایكی ناوى ئوممو جەمیلی كچی سەعید بوو.[3]

جوبەیر كوڕێكی هەبوو بە ناوى موحەممەد كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە،[4] كوڕێكی تریشی هەبوو بە ناوى نافع كە ئەویش فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە،[5] هەروەها كچێكی هەبوو بە ناوى ئومموحەبیب.[6]

ژنەكەى جوبەیر ناوى قتیلەى كچی عەمر بوو كە لەم ژنەى موحەممەدى بوو، ژنێكى تریشی هەبوو بە ناوى ئومموقیتالى كچی نافع كە لەم ژنەى نافیعی بوو. [7]

جوبەیر یەكێك بوو لە كەسە ژیر و خانەدانەكانى ناو قوڕەیش و سەبارەت بە رەچەڵەكى عەرەبیش پرسیاری لێ دەكرا چونكە شارەزایی زۆرى هەبوو بە رەچەڵەكى عەرەب.[8]

جوبەیر سەرقاڵی كارى بازرگانى بوو و هەندێ جار كەسى رادەسپارد تا كارى بازرگانى بۆ بكات.[9]

كاتێك بێباوەڕانى قوڕەیش ماوەى چەند ساڵێك پەیوەندییان لەگەڵ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و دارودەستەكەى پچڕاند و لە پەڕەیەكدا ئەوەیان نووسی، جوبەیر لەو ماوەدا بە نهێنی سەردانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خەڵكەكەى دەكرد و دواتریش یەكێك بوو لەوانەى بەشدار بوو لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو رێككەوتنەدا.[10]

جوبەیر لە جەنگى بەدردا بە بێباوەڕی بەشدارى كرد، خۆی دەڵێت پێش ئەوەى شكست بخۆین شتانێكم دەبینی لە ئاسمانەوە وەك مێروولەى سپی دادەبەزین، گومانم نیە ئەوانە فریشتە بوون.[11]

كاتێك جەنگى بەدر تەواو بوو و بەندیەكانى بێباوەران لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون، جوبەیر هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سەبارەت بە بەندكراوانى بەدر قسەی لەگەڵ كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لو كان المطعم بن عدي حيا ثم كلمني في هؤلاء النتنى لتركتهم له)، (ئەگەر موطعيمى كوڕی عەددى زیندوو بوایە و سەبارەت بەو بۆگەنانە بیدواندمایە-داواى بكردایە ئازادیان بكەم- ئازادم دەكردن).[12]

جوبەیر كۆیلەیەكى هەبوو بە ناوى وەحشی كە كۆیلەیەكی حەبەشی بوو، كاتێك طوعەیمەى كوڕی عەددى كە مامى جوبەیر بوو لە جەنگى بەدردا كوژرا، جوبەیر پێی وتم ئەگەر حەمزە بكوژیت ئەوا ئازادت دەكەم،[13] رمێكیشت دەدەمێ كە كەم جار لە وەشاندنیدا هەڵەی پێ كراوە و هەمیشە ئامانج دەپێكێت، ئەوەبوو وەحشی لە جەنگى ئوحوددا حەمزەى شەهید كرد.[14]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە طائیف گەڕایەوە جوبەیر پەناى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دا تا طهوافی عومرەى كرد.[15]

سەبارەت بە كاتى موسڵمانبوونى جوبەیر دوو را هەیە، رایەك دەڵێت پێش فەتحى مەككە موسڵمان بووە، رایەكى تریش دەڵێت پاش فەتحى مەككە موسڵمان بووە.[16]

بەڵام ذەهەبی دەڵێت یەكێك بووە لە طولەقاء كە بە چاكى موسڵمان بووە، واتە لە پاش فەتحى مەككە موسڵمان بووە.[17]

جوبەیر دەڵێت گوێم لێ بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە نوێژی ئێوارەدا سوورەتى (الطور) ى دەخوێند.[18]

جوبەیر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)لە غەزاى حونەیندا بەشدارى كرد، جوبەیر دەڵێ لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم كە لە حونەین دەگەڕایەوە و خەڵكی لەگەڵیدا بوون، ئەعرابەكان زۆر دەئالآن بە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) تا عەباكەی برا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناچار لاى دارێك وەستا و فەرمووى (أعطوني ردائي، فلو كان عدد هذه العضاه نعما لقسمته بينكم ثم لا تجدوني بخيلا و لا كذوبا و لا جبانا[19](عەباكەمم بدەنەوە، ئەگەر بە هێندەى ژمارەى ئەو دارە (عضاه)-جۆرێك دارى دڕكاوى گەورە بوو- وشتر بوایە بە دڵنیاییەوە دابەشم دەكرد لەنێوانتاندا و نەشتاندەبینی پیسكە و درۆزن و ترسنۆك بم).

ئەو سێ سیفەتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسی كردن نابێت هەرگیز لە سەركردەدا هەبن (پیسكەیی، درۆزنى، ترسنۆكی)، چونكە هەر سێییان هۆكارى لەناوچوونى تواناو هێزی سەركردەو نەمانى متمانەى خەڵكن بە سەركردەكەیان، كاتێك سەركردە پیسكە بوو هەمیشە ژێردەستەكانى برسی دەبن، سەركردە كە درۆزن بوو هاوڵاتیان متمانەیان پێی نامێنێت، سەركردەش كە ترسنۆك بوو لەسەر ئەو ترسەی بڕیارى خێراى وادەدات كە وڵات بەرەو هەلاكەت و نوشستی دەبات.

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستكەوتى غەزاى حونەینی دابەش كرد بەسەر تازە موسڵمان بواندا، سەد وشتریشی دا بە جوبەیر.[20]

جارێك جوبەیر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو كە ئافرەتێك هات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە ئافرەتەكە جارێكی تر بێتەوە بۆ لاى، ئافرەتەكە وتى ئەى ئەگەر هاتمەوەو تۆم نەبینی؟ وەك ئەوەى بڵێت ئەگەر مردبوویت، ئەویش فەرمووى (إن لم تجديني فأتي أبابكر[21] (ئەگەر منت بەدى نەكرد وەرە بۆ لاى ئەبووبەكر).

جوبەیر ژنێكی هێنابوو، بەڵام پێش ئەوەى بیگوازێتەوە تەلآقی دا، ئینجا ئەم ئایەتەى خوێندەوە (إلا أن يعفون أو يعفو الذي بيده عقدة النكاح)، جوبەیر وتى جا من لەو شیاوترم بە لێبوردەیی، بۆیە لە هەموو مارەییەكە خۆش بوو بۆ ئافرەتەكە.[22]

جوبەیر دەڵێت جارێك لەگەڵ عوثمانى كوڕی عەففان چووین بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، عوثمان وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆ بەخششت داوە بە بەنى موطهللیب و ئێمەت پشتگوێ خستووە، مەگەر ئێمەو ئەوان بۆ تۆ لە یەك ئاستدا نین؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (إنما بنو هاشم و بنو المطلب شيء واحد[23] (بەراستى بەنووهاشیم و بەنوموطهللیب یەك شتن).

جوبەیر لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا ماوەیەك والى كووفە بوو و پێش ئەوەى موغیرەى كوڕی شوعبە ببێتە والى كووفە جوبەیر لەوێ والى بوو.[24]

جوبەیر دەڵێت لە كۆتا حەجى عومەرى كوڕی خەططابدا بەشدار بووم ، ئێمە لە عەرەفە وەستابوین ... كەسێكى لیهبی دەیوت بەخوا عومەر ساڵێكی تر لەم شوێنەدا ناوەستێت، جوبەیر دەڵێت منیش چووم و چەند قسەیەكم وت بەو كابرایە.[25]

رایەك دەڵێت كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان شەهید كرا جوبەیری كوڕی موطعيم نوێژی لەسەر كرد، هەندێكیش دەڵێن بەڵكو حەكیمی كوڕی حیزام بووە، هەندێكیش دەڵێن بەڵكو میسوەرى كوڕی مەخرەمە نوێژی لەسەر كردووە.[26]

جوبەیر لە سەردەمى دەوڵەتى ئومەوی و لە ساڵی پەنجاو حەوت[27] یان پەنجاو هەشت یان پەنجاو نۆى كۆچیدا وەفاتى كرد.[28]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 462.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص 397.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 462.

[4] - أسد الغابة، ج1، ص 398.

[5] - أسد الغابة، ج2، ص 49.

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 30.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص 205.

[8] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 95.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 165.

[10] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 95.

[11] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 282.

[12] - صحيح البخاري، الرقم  2987.

[13] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 11.

[14] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 175.

[15] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 95.

[16] - أسد الغابة، ج1، ص 398.

[17] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 95.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 744، صحيح مسلم، الرقم 734، صحيح ابن خزيمة، الرقم 493، سنن أبي داود، الرقم 696، سنن ابن ماجة، الرقم 830، سنن الدارمي، الرقم 1317، صحيح ابن حبان، الرقم 1855، موطأ مالك، الرقم 169، مستخرج أبي عوانة، الرقم 1395، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 1041، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 3752، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16412، مسند الشافعي، الرقم 967، مسند الطيالسي، الرقم 976، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1475.

[19] - صحيح البخاري، الرقم 2996، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16435، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1533،

[20] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 96.

[21] - صحيح البخاري، الرقم 3480، صحيح مسلم، الرقم 4501، سنن الترمذي، الرقم 3696، صحيح ابن حبان، الرقم 6766، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15428، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16434، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 7234، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1538.

[22] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 98.

[23] - صحيح البخاري، الرقم 3332، سنن أبي داود، الرقم 2601، سنن ابن ماجة، الرقم 2878، صحيح ابن حبان، الرقم 3356، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4306، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 2664، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16459، مسند الشافعي، الرقم 1413، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1523،

[24] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 97.

[25] - أسد الغابة، ج4، ص 185.

[26] - أسد الغابة، ج3، ص 616.

[27] - أسد الغابة، ج1، ص 398.

[28] - سير أعلام النبلاء، ج3، ص 98.

 2324
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.