دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (جوەیریە) بووە

جوەیریەى عەصرى (رضي الله عنه)

بە جوەیریەى عەصری ناسراوەو دەڵێت لەگەڵ وەفدى عەبدولقەیس هاتمە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و مونذیرمان لەگەڵدا بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (دوو ئاكارت تێدان كە خوا خۆشی دەوێن، لەسەرخۆیی و نەرمونیانی).[1]

 

جوەیریەى كچی حارث(رضي الله عنها)

ناوى جوەیریەى كچی حارثى كوڕی ئەبی ضيرارى خوزاعى موصطهلەقیە،[2] جوەیریە دایكی باوەڕداران و ژنی پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم).

جوەیریە برایەكى هەبوو بە ناوى عەمر كە ئەویش دواتر موسڵمان بوو و فەرموودەشی لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[3]

ئەم ئافرەتە ژنى موسافیعی كوڕی صەفوان بوو كە لە غەزاى مورەیسیعدا كوژرا، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە غەزاى مورەیسیعدا هێرشی بردە سەر بەنیلموصطهلەق جوەیریە بە كەنیزەك گیرا، بوو بە پشكى ثابتى كوڕی قەیس.[4]

جوەیریە دەڵێت كاتێك سوپاكەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەرەو روومان هات، باوكم وتى وا سوپایەكى بێ سەر و بن هات، منیش سوپایەكم بەرچاو دەكەوت كە لە زۆریدا لەباس نەدەهات، كەچی كاتێك موسڵمان بووم و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەهاوسەری گرتم و موسڵمانانم بینی زانیم ئەوە هەمووى ترس و شكۆیەك بوو كە خوا بەخشیبووى بە موسڵمانان.[5]

جوەیریە دەڵێت سێ شەو پێش ئەوەى موسڵمانان هێرش بێنن بۆمان خەوم بینی مانگ لە مەدینەوە هات و كەوتە ناو ژوورەكەمەوە، بەڵام حەزم نەكرد ئەو خەوە بۆ كەس بگێڕمەوە.[6]

جوەیریە ئافرەتێكی زۆر جوان و خوێن شیرین بوو و هەركەس بیبینیایە دڵی دەچوویە سەری.[7]

جوەیریە بۆ ئەوەى نەبێتە كۆیلەى ثابت هات بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و داواى یارمەتى كرد، دایكمان عائیشە دەڵێت سوێند بەخوا هەر كە بینیم رق بەرامبەرى دایگرتم، جوەیریە كە هاتە ژوورەوە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من جوەیریەى كچی حارثم كە گەورەى هۆزەكەی خۆیەتى، دەبینیت تووشی چی بوم، جا من لەگەڵ ثابت پەیمانى خۆكڕینەوەم داوە، دەى یارمەتیم بدە تا خۆم بكڕمەوەو خۆم ئازاد بكەم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئایا لەوە چاكترت پێ ببەخشم و بە هاوسەرت بگرم؟) ئەویش وتى بەڵێ، ئەوەبوو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) وایكرد، ئینجا خەڵكی بیستیانەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جوەیریەى بەهاوسەر گرتووە وتیان چۆن دەكرێت خزمانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لاى ئێمە كۆیلەو كەنیزەك بن، بۆیە چی كۆیلەو كەنیزەكى بەنیلموصطهلەقیان لا بوو هەموویان ئازاد كردن، بەوە بەهۆی ئەم ئافرەتەوە خواى گەورە نزیكەى سەد ماڵی بەنیلموصطهلەقی ئازاد كرد.[8]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جوەیریەى بە هاوسەر گرت باوكى جوەیریە هات و وتى كچی وەك كچی من نابێت بە كەنیزەك بگیرێت، دەى وازى لێ بهێنەو ئازادى بكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى پێت چۆنە من جوەیریە خۆی سەرپشك بكەم بۆ بڕیاردان؟ باوكى پرسیارى كرد لە جوەیریە هاتنەوەت پێ باشە یان مانەوە؟ جوەیریە لە وەڵامدا وتى من خواو پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) هەڵبژاردووە.[9]

جوەیریە دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەهاوسەری گرتم من تەمەنم بیست ساڵان بوو.[10]

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ لاى جوەیریەو رۆژی هەینی بوو و ئەوكات جوەیریە بەرۆژوو بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئایا دوێنێ بەرۆژوو بوویت؟ وتى نا، فەرمووى بەیانیش رۆژوو دەگریت؟ وتى نا، فەرموى دەى رۆژووەكەت بشكێنە.[11]

سەرەتا ناوى بەڕرە بوو و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە جوەیریە.[12]

جوەیریە زۆر جار سەرقاڵی پەرستش و خواپەرستی بوو، جارێك پێغەبمەر (صلى الله عليه وسلم) داى بە لاى جوەیریەدا بینی سەرقاڵی نزاكردنە، دواى ماوەیەكى تر هەمدى داى بە لایدا تەماشای كرد سەرقاڵى پەرستشە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى هێشتا سەرقاڵیت بەو حاڵەتەوە؟(سەرقاڵی نزا كردنیت؟) وتى بەڵێ، فەرمووى (لقد قلت بعدك أربع كلمات ثلاث مرات، لو وزنت بما قلت منذ اليوم لوزنتهن: سبحان الله وبحمده، عدد خلقه ورضا نفسه وزنة عرشه ومداد كلماته[13] (من دواى تۆ سێ جار چوار وشەم وت ئەگەر كێشانە بكرێن لەگەڵ ئەوەى ئەمڕۆ تۆ دەتوتن قورسایی ئەوەى تۆیان دەبێت: سبحان الله وبحمده ، عدد خلقه ورضا نفسه وزنة عرشه ومداد كلماته).

سەبارەت بە كاتى مردنى جوەیریە راجیایی هەیە، رایەك دەڵێت لە ساڵی پەنجاى كۆچیدا وەفاتى كردووە، رایەكى تریش دەڵێت لە مانگى رەبیعولئەوەلى ساڵی پەنجاو شەش كۆچیدا وەفاتى كرد، دەوترێت كاتێك وەفاتى كردووە تەمەنى شەست و پێنج ساڵ بوو،[14] مەڕوانى كوڕی حەكەمیش نوێژی لەسەر كرد.[15]

 

جوەیریەى كچی ئەبووجەهل(رضي الله عنها)

ناوى جوەیریەى كچی ئەبووجەهلى كوڕی هیشامە، دایكی ناوى ئەرواى كچی عەیصە، جوەیریە موسڵمان بوو و بەیعەتی دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[16]

عەلى كوڕی ئەبووطالیب كاتێك كە فاطيمهى كچی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ژنى بوو، چووە داواى جوەیریەى كچی ئەبووجەهل، بەنوموغیرە بۆ ئەو مەسەلەیە هاتن داواى مۆڵەتیان كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى نەدان و فەرمووى (فاطيمه بەشێكە لە من و ئەو شتەى ئەو ئازار دەدات منیش ئازار دەدات).[17]

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (سوێند بەخوا كچی پێغەمبەرى خوا و كچی دوژمنى خوا لاى یەك پیاو كۆ نابنەوە)، عەلى كوڕی ئەبووطالیب كە ئەمەى بیست كشایەوە و نەیهێنا.[18]

دواتر عیتابی كوڕی ئەسید چووە داواى جوەیریەو بەهاوسەرى گرت،[19] لەم مێردەى كوڕێكی بوو بە ناوى عەبدوڕەحمان.[20]



[1] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1556.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 565.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 2607.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 565-566.

[5] - تأريخ الإسلا للذهبي، ج2، ص 260.

[6] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 159.

[7] - الطبقات الكبرى، ج8، ص 116.

[8] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 263.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 566.

[10] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج4، ص 190.

[11] - صحيح البخاري، الرقم 1902، صحيح ابن حبان3671، الرقم ، صحيح ابن خزيمة، الرقم2009، سنن أبي داود، الرقم2082، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 7836، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2711، مسند احمد بن حنبل، الرقم 26165.

[12] - صحيح ابن حبان، الرقم 5910، مسند احمد بن حنبل، الرقم 2889.

[13] - صحيح مسلم، الرقم 5011، صحيح ابن خزيمة، الرقم 728، سنن أبي داود، الرقم 1298، سنن ابن ماجة، الرقم 3805.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 566.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد ، ج8، ص 120، تاريخ الإسلام للذهبي، ج4، ص 190.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 262.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 262.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 3544، صحيح مسلم، الرقم 4589، سنن ابن ماجة، الرقم 1995، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 13837، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 18527، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 16844.

[19] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 531.

[20] - أسد الغابة، ج3، ص 487.

 4084
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.