دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عائیشەی كچی ئەبووبەكر (رضي الله عنها) - بەشی حەوتەم

عائیشە لەنێوان هەوادارن و نەیارانیدا

بە گشتی ئەوانەى هەڵوێستى نەیارییان هەیە بەرامبەر بە دایكی باوەڕداران عائیشە، خۆیان لە دوو دەستەدا دەبیننەوە:

دەستەی یەكەم: دڵسۆزانێكی ئیسلام كە بە نەشارەزایی هەڵوێست دەنوێنن، ئەوانە پێیان وایە كە شكاندنى عائیشەو تانە لێدانى سەرخستنى دینە، ئەمانەش چەند جۆرێكن:

هەوادارانى ئالوبەیتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بەپێی شرۆڤەیەكى مەزهەبی پێیان وایە ئالوبەیت تەنها لە خێزانى عەلی كوڕی ئەبووطالیبدا بەرتەسك بووەتەوە، جا قەناعەتیشیان پێ كراوە كە عائیشەو عەلى هەر لە كۆنەوە نەیاری یەك بوون و عائیشە ئامانجى بووە هەر مافێكی ئاسمانى و زەمینی عەلى زەوت بكات و وا بكات بە مافى رەواى خۆی نەگات، ئیتر لێرەوە لە بری گەڕانێكی بێلایەنانە بە دواى راستیەكاندا، دەكەونە هەوڵی كۆكردنەوەى بەڵگە بۆ ئەو قەناعەتەیان، جا چ داماویەك، چاو لە ئایەتێ دابخەن كە عائیشەی بە دایكی باوەڕداران دانابێت و بەدواى بڕێ ریوایەتى بێ سەنەددا بگەڕێن، ئەمانە پێویستیان بە دڵسۆزی هەیە، دەبێت كەسانێكى دڵسۆزی شارەزاى نەرمونیان ببنە هاریكاریان و بەو چاوەوە بۆیان بروانن كە خوشك و براى خۆیانن و خەریكە دەكەونە چاڵێكی ئاگرینەوە، تا لێوارى چاڵەكە دەبێت دەستیان راكێشن بەرەو ئەملا، ئەو كاتەى هیواى رزگاربوون نەما ئەوجا دەستیان لێ بەربدەن تا ئەوانیش نەكەونە ئەو چاڵەوە، بەڵام نابێت لە نێوەندى ئەو دڵسۆزی نواندن و نەمونیانیەدا دەستبەردارى تاكە حەقیقەتێك بن، چۆن راشكاوانە دەبێت بڵێن عائیشە لە خیلافەتى عەلیدا ئیجتیهادى هەڵەی كرد، بە هەمان شێوە دەبێت تا دواجار جەخت لەوە بكەنەوە عائیشە پاك بووەو دایكی باوەڕداران و خۆشەویستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و گەورە زانایەكى ئوممەتى ئیسلام بووە.

دەستەیەكی تر لەوانەى دڵسۆزیەكى نەشارەزایانە دەنوێنن، بریتین لە موسڵمانانێكی دەروون بەزیو بەرامبەر بە نەیارانى ئیسلام و مێژووى ئیسلام و لەپێناو رازیكردنى دڵی نەیارانى ئیسلامدا ئامادەن تانە بدەن لە عائیشەو ئەوەش بە پاراستنى دین بزانن، وادەزانن ئەگەر بڵێن عائیشە هەندێ فەرموودەى هەڵبەستووە بەدەم پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم)، ئیتر ئیسلامیان سەرخستووە، بێئاگا لەوەى خوا بە دەقی ئایەت راستگۆیی عائیشەی سەلماندووە.

یان هەندێ لەپێناو راگرتنى بەرزى و شكۆی كەسانێكی تری وەك خەدیجە یان فاطيمهو...هتد، دێن لە شان و شكۆی عائیشە كەم دەكەنەوە، تا لەو مشتومڕەی دەوترێت عائیشە پلەى بەرزترە یان خەدیجە یان عائیشەو فاطيمه كامیان پلەیان بەرزترە، بەڵكو عائیشە بخەنە ریزی دووەمەوە، هەموو ئەم جۆرە كەسانەى وا دەڕواننە عائیشە نیەتێكی چاك و رێگەیەكی هەڵەو خراپیان گرتووەتەبەر.

دەستەی دووەم: نەیارانێكی شارەزاى كینەلەدڵ، ئەمانە لە نەشارەزاییانەوە نیە تانە دەدەن لە عائیشە، بەڵكو چاك شارەزاى بارەكەن، بەڵام لەپێناو سەرخستنى بڕواو روانینی خۆیان دەنەونە تانەدان لە عائیشە، جا ئەمانە یان كەسانێكن لەنێو رێبازى شیعەدا، یان كەسانێكن لە رۆژهەلآتناسان كە مەبەستیانە لە خستنى عائیشەوە بدەن لە خودى كەسێتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، زمان و دەست و دڵی ئەمانە بە دوو هۆكار دەوەستێت، یان خواى گەورە رێنموونییان پێ ببەخشێت، یان موسڵمانان وەڵامى رەواو یەكلا بە گومانەكانیان بخەنەڕوو، هەر هێرشێكی هەرچەشنەى ئەوان وەڵام بدەنەوە.

خستنى عائیشەو تانەلێدانى تەنها بریتی نیە لە لابردنى كەسێتیەك لە مێژووی ئیسلامیدا و بەس، بەڵكو ئەگەر بڵێین ئەو تۆمەتانەى دەدرێنەوە پاڵ عائیشە راستن، ئەوە ئەبێت بەم دەرەنجامانەش رازى بین:

یەكەم: گومان كردن لە قورئانى پیرۆز، چونكە قورئانی پیرۆز عائیشەی بە دایكی باوەڕداران ناوبردووە (النَّبِيُّ أَوْلَى بِالْمُؤْمِنِينَ مِنْ أَنْفُسِهِمْ وَأَزْوَاجُهُ أُمَّهَاتُهُمْ) جا چۆن دەكرێت قورئان ئافرتێكی خراپەكار بە دایكی باوەڕداران وەسف بكات، نەك تەنها دایكی موسڵمانان، بەڵكو دایكی باوەڕداران، وەك دەشزانین باوەڕدارى پلەیەكی بەرزترە لە موسڵمانێتی، هەروەها خواى گەورە بە دەقی ئایەت پاكى عائیشەی سەلماندووە وەك پێشتر لە رووداوى ئیفكدا باسمان كرد.

دووەم: گومان لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكەین، چ لە راستگۆیی، چ لە غیرەتى، چ لە پەیڕەوى، چونكە چۆن دەكرێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئافرەتێك بە هاوسەری خۆی بهێڵێتەوە كە تووشی زینا بووبێت، هاوكات لەسەر ئەو ئافرەتە سزاى هاوەڵانى خۆی بدات، پاشان حوكمى ئیسلامى بەسەردا جێبەجێ نەكات لە كاتێكدا سوێندی دەخوارد كە ئەگەر فاطيمهى كچم دزی بكات دەستی دەبڕم.

سێیەم: بە خستنى عائیشە بە جارێك سەدان فەرموودەى ناو كتێبەكانى فەرموودە لەكاردەكەون، چونكە گێڕەرەوەكەیان عائیشە بووە، جا عائیشە خۆی هێندە تاوانى هەبووبێت، چۆن فەرموودەى لێوە وەربگیرێت؟!

چوارەم: عەلى كوڕی ئەبوو طالیب ستەمێكی گەورەى كردووە كە ئافرەتێكی وا تاوانباری پاش جەنگێكی سەخت و خوێن رژانێك گرتبێت، ئینجا بە دایك ناوى ببات و بەڕێی بكات بۆ مەدینەو پارەشی پێ بدات و هیچ سزایەكى نەدات، لەكاتێكدا بەرامبەر بە خەواریجەكان ئەوەى كرد كە كردى.

پێنجەم: كۆمەڵگەی سەردەمى هاوەڵان و دەستەى یەكەمى خوێندكارانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تاوانبار بوون كە هێشتوویانە ئافرەتێكی وا بتوانێت بەو هەموو تاوانەوە رێرەوی بەشێك لە كۆمەڵگەى ئیسلامى و لایەكى فراوانى زانستی ئیسلامى بگرێتە دەست.

بۆیە مەسەلەى تانەدان لە عائیشە، تەنها تانەدان نیە لە كەسایەتیەكى ئاسایی و بەوە كۆتایی بێت، بەڵكو تانەدانە لە كەسێتیەك كە بەشێك لە بنەڕەتەكانى ئەم دینە پێوەی پەیوەست بوون، قورئان و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵان و كۆگایەك لە فەرموودەو فەتوا، ناشگونجێت یەك كۆمەڵگەی گەورە دەرفەت بدەن ئافرەتێكی خراپ(دوور لە دایكمان عائیشە) بتوانێت بە ویستی خۆی چی دەوێت بیكات.

 1388
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.