دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  جەهجاهى كوڕی سەعید(رضي الله عنه)

جەهجاهى كوڕی سەعید(رضي الله عنه)

ناوى جەهجاهەو كوڕی سەعیدە، یان دەوترێت كوڕی قەیسە یان دەوترێت كوڕی مەسعوودى غیفاریە.[1]

جەهجاهى غیفاری دەڵێت لەگەڵ دەستەیەك لە ئەندامانى هۆزەكەم هاتم تا موسڵمان بم، كاتێك هاتین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی ئێوارە بوو، كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەلامى دایەوە فەرمووى (با هەركامتان دەستى ئەوەى پاڵی بگرێت)، ئیتر هیچ كەس لە مزگەوتدا نەمایەوە جگە لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و من، منیش كەسێكی بالآبەرز و قەبە بووم و كەس خۆی نەدەدا لە قەرەم، ئەو شەوە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) منى بردەوە بۆ ماڵى خۆی، ئەوەبوو بزنێك دۆشرا بۆم، منیش هەموویم خواردەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شیری حەوت بزنى بۆ هێنام و منیش شیرەكەم دەخواردەوە، دواتر خواردنێكی ترم بۆ هێنرا و منیش خواردمەوە، ئومموئەیمەن وتى خوایە ئەوەى ئەمشەو پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) برسی كرد برسی بكەیت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (مه يا أم أيمن أكل رزقه و رزقنا على الله تعالى)، وس ئەی ئوممو ئەیمەن، رۆزى خۆی خواردووە و رۆزى ئێمەش لاى خوایە، بۆ بەیانى هەمدى هەموو هاوەڵان كۆبوونەوەو هەر هاوەڵێك باسی ئەوەى دەكرد شەو چی كردووەو چی خواردووە، جەهجاهیش وتى من شیری حەوت بزنم خواردوەتەوەو خواردنێكی تریشم (البرمة) بۆ هێنراوەو ئەویشم خواردووە، ئینجا هەموویان لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نوێژی ئێوارەیان كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (با هەركەستان كەسەكەی پاڵ خۆی بباتەوە لەگەڵ خۆی)، ئەوەبوو هەموو چوونەوەو تەنها مایەوە سەر من و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش كەسێكی بالآبەرز و زەبەلاح بووم و كەس خۆی نەدەدا لە قەرەم، هەمدى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى بردەوەو بزنم بۆ دۆشرا و منیش تێرم خواردەوەو تێر بووم، ئوممو ئەیمەن وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئایا ئەوە میوانەكەى دوێنێ شەومان نەبوو؟ فەرمووى با، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (إنه أكل في معاء مؤمن الليلة و أكل قبل ذلك في معاء كافر، والكافر يأكل في سبعة أمعاء و المؤمن يأكل في معاء واحد[2](ئەو ئەمشەو بە ریخۆڵەی باوەڕدار نانى خوارد و پێشتر بە ریخۆڵەی بێباوەڕ نانى دەخوارد، بێباوەڕ لە حەوت ریخۆڵەدا نان دەخوات و باوەڕداریش لە یەك ریخۆڵەدا نان دەخوات).

ئەم فەرموودەیە بە گێڕانەوەى تر لە هاوەڵی تریشەوە هاتووە كە بە صەحیح دانراوە، وەك لە سونەنى ترمذیشدا هەمان بەسەرهات و هەمان فەرموودە هاتووەو ئەبوهورەیرە دەیگێڕێتەوە، بەڵام ناوى میوانەكە نابات، شێخی ئەلبانیش بە صەحیحی داناوە.[3]

بەمەدا دەردەكەوێت جەهجاهى غیفارى شەوی یەكەم كە چووەتەوە بۆ ماڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تازە لە وەفدەكەدا بووەو بە بێباوەڕی چووەتەوە بۆ ماڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و شەو لەوێ ماوەتەوەو بۆ بەیانیەكەى باوەڕی هێناوە، هەروەك ئیبن ئەثير بە روونى ئەوە دەڵێت (حەوت شیرەكەى پێش موسڵمانبوونى خوارد، بەڵام كە باوەڕی هێنا شیری یەك دانەشیانى تەواو نەكرد).[4]

هەروەها چەند هاوەڵی تر هەبون كە ئەو فەرموودەیان لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) بیستووە، لەوانە نافیع دەڵێت ئیبن عومەر نانى نەدەخوارد تا هەژارێك نەهاتایە بۆ لاى و نانى لەگەڵ نەخواردایە، ئەوەبوو جارێك كەسێكم برد بۆ لاى تا نانى لەگەڵدا بخوات، دوایی ئیبن عومەر وتى ئەی نافیع ئەو كابرایە نەهێنیتەوە بۆ لام، چونكە من بیستوومە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (المؤمن يأكل في معاء واحد و الكافر يأكل في سبعة أمعاء[5] (باوەڕدار لە یەك ریخۆڵەدا نان دەخوات و بێباوەڕیش لە حەوت ریخۆڵەدا نان دەخوات).

هەریەك لە ئەبووهورەیرە و ئەبوسەعیدى خودرى و ئەبی نەضرەى غیفارى و جەهجاهى غیفارى و ئەبوو مووسا و مەیموونەو عەبدوڵاى كوڕی عەمر ئەم فەرموودەیان گێڕاوەتەوە،[6] ئەم هاوەڵە لە بەیعەتى ريضواندا بەشدار بوو.[7]

جەهجاهى غیفاری لە غەزاى مورەیسیعدا بەشدار بوو، ئەوەبوو لەگەڵ سینانى كوڕی وەبرەدا لەسەر ئاو كێشەو دەمەقاڵەیەكى بۆ دروست بوو، جەهجاهى غیفارى بە دەستى داى لە سینان، سینان هاوارى كرد ئەی پشتیوانان فریا كەون، جەهجاهیش هاوارى كرد ئەى قوڕەیش ئەی كینانە فریا كەون، هەردوولا خێرا هاتن و شمشێریان هەڵكێشا، خێرا بڕێك لە كۆچەران و پشتیوانان قسەی خێریان كرد، سینان وازى هێنا لە مافەكەى خۆی و لێی خۆش بوو و كێشەكە كۆتایی هات.[8]

جەهجاهى غیفارى دواى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیا، لە سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا جەهجاه تووشی هەڵەیەك بوو، كاتێك خەلیفە عوثمانى كوڕی عەففان وتاری دەدا جەهجاهى كوڕی سەعید هەستا و دارەكەى دەستى لەدەست سەندو بە ئەژنۆی دارەكەى شكاند، خەڵكی هاواریان لێكرد و عوثمانیش لە مینبەر دابەزیە خوارەوە و چوویەوە ماڵەوە و دواتر شەهید كرا، ئەوەبوو ئەژنۆی جەهجاهی غیفارى تووشی نەخۆشی بوو و ساڵێكی بەسەر شەهیدبوونى عوثماندا تێپەڕ نەبوو كە جەهجاهى غیفاری بەو نەخۆشیەشەوە مرد.[9]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 518

[2] - الآحاد و المثاني لابن أبي عاصم، الرقم 909، المطالب العالية لابن حجر، الرقم 2495، مسند ابن أبي سيبة، الرقم 24033، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 2111، معرفة الصحابة لأ[ي نعيم الأصبهاني، الرقم 1631.

[3] -  سنن الترمذي، الرقم 1788، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 1819.

[4] - أسد الغابة، ج1، ص 451.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 5083،

[6] - سنن الترمذي، الرقم 1787.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 518.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 65.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 519.

 1751
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.