دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  خالیدی كوڕی وەلید(رضي الله عنه) -بەشی چوارەم-

چوونى خالید بۆ نەجران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ساڵی دەى كۆچیدا خالیدی كوڕی وەلیدی بە چوارسەد كەسەوە نارد بەرەو نەجران و فەرمانى كرد پێش ئەوەى لەگەڵیان بجەنگێت سێ رۆژ بانگیان بكات بۆ ئیسلام، ئەگەر رازى بوون ئەوا با وەریبگرێت و لەناویاندا بمێنێتەوەو قورئان و سوننەتى پێغەمبەرى خوایان فێر بكات، ئەگەر رازى نەبوون ئەوە لەگەڵیاندا بجەنگێت، خالید چوو بۆ ئەوێ و وەفدى نارد تا لە هەموو شوێنێك بانگەواز بكەن بۆ ئیسلام، خەڵكەكەش چوون بە دەم بانگەوازەكەوەو خالید لەناویاندا مایەوەو قورئان و سوننەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لەناویاندا بلآو دەكردەوە، ئینجا خالید نامەى نووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

(بسم الله الرحمن الرحيم لمحمد النبي رسول الله من خالد بن الوليد السلام عليك يا رسول الله ورحمة الله وبركاته، فإني أحمد إليك الله الذي لا إله إلا هو أما بعد يا رسول الله صلى الله عليك بعثتني إلى بني الحارث بن كعب وأمرتني إذا أتيتهم ألا أقاتلهم ثلاثة أيام وأن أدعوهم إلى الإسلام فإن أسلموا قبلت منهم وعلمتهم معالم الإسلام وكتاب الله وسنة نبيه وإن لم يسلموا قاتلتهم وإني قدمت عليهم فدعوتهم إلى الإسلام ثلاثة أيام كما أمرني رسول الله وبعثت فيهم ركبانا قالوا يا بني الحارث أسلموا تسلموا فأسلموا ولم يقاتلوا وأنا مقيم بين أظهرهم وآمرهم بما أمرهم الله به وأنهاهم عما نهاهم الله عنه وأعلمهم معالم الإسلام وسنة النبي حتى يكتب إلي رسول الله والسلام عليك يا رسول الله ورحمة الله وبركاته)

(بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان، بۆ موحەممەدى پێغەمبەرى خوا لە خالیدی كوڕی وەلیدەوە، سەلام و رەحمەت و بەرەكەتى خوات لێ بێت ئەی پێغەمبەرى خوا، سوپاسی خواى تاك و تەنهاى بێ هاوەڵ دەكەم، پاشان ئەی پێغەمبەرى خوا صەلاتى خوات لێ بێت، جەنابت منت نارد بۆ لاى بەنى حارثى كوڕی كەعب و فەرمات پێكردم كە چووم بۆ لایان تا سێ رۆژ لەگەڵیان نەجەنگم و بانگیان بكەم بۆ ئیسلام، ئەگەر موسڵمان بوون لێیان قبووڵ بكەم و رێنماییەكانى ئیسلام و كتێبی خوا و سوننەتى پێغەمبەرى خوایان فێر بكەم، منیش بڕێ سوارەم نارد بۆ ناویان و دەیانوت ئەی بەنى حارث موسڵمان بن پارێزراو دەبن، ئەوانیش موسڵمان بوون و نەجەنگان، منیش لەنێویاندا مامەوەو فەرمانى خوام پێدەگەیاندن و رێگریم دەكرد لەوەى خوا رێگری لێكردووەو رێنماییەكانى ئیسلام و كتێبی خوا و سوننەتى پێغەمبەرى خوام فێر كردون و چاوەڕێی وەڵامى پێغەمبەرى خوام، سەلام و رەحمەت و بەرەكەتى خوات لێ بێت ئەى پێغەمبەرى خوا).

لە وەڵامدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆی نووسی:

(بسم الله الرحمن الرحيم من محمد النبي رسول الله إلى خالد بن الوليد سلام عليك فإني أحمد الله إليك الذي لا إله إلا هو أما بعد فإن كتابك جاءني مع رسلك بخبر أن بني الحارث قد أسلموا قبل أن يقاتلوا وأجابوا إلى ما دعوتهم إليه من الإسلام وشهادة أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له وأن محمدا عبده ورسوله وأن قد هداهم الله بهداه فبشرهم وأنذرهم وأقبل وليقبل معك وفدهم والسلام عليك ورحمة الله وبركاته).

(بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان، لە موحەممەدى پێغەمبەرى خواوە بۆ خالیدی كوڕی وەلید، سەلامت لێ بێت، سوپاسی خواى تاك و تەنهاى بێ هاوەڵ دەكەم، پاشان، نامەكەت لەگەڵ نێردراوانتدا گەیشتە دەستم و هەواڵی بەنى حارثم پێگەیشت كە موسڵمان بون پێش ئەوەى بجەنگن و هاتون بەدەم بانگەوازەكەتەوە كە بانگت كردن بۆ ئیسلام و شایەتییان داوە هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خواى تاك و تەنهاى بێهاوەڵ و موحەممەدیش بەندەو نێردراوى خوایە، خوا رێنمونى خۆی بەخشیوە پێیان، دەى موژدەیان پێبدەو –بە دۆزەخ- بیانترسێنەو هۆشیاریان بكەرەوە و خۆیشت وەرەوەو با لەگەڵیشتدا وەفدیان بێت، سەلام و رەحمەت و بەرەكەتى خوات لێ بێت).

خالیدیش هاودەم بە وەفدى بەنى حارث هاتەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[1]

 

چوونى خالید بۆ یەمەن

ئەمجار پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خالیدی كوڕی وەلیدی نارد بۆ یەمەن تا بانگەوازیان بكات بۆ ئیسلام، بەڵام ئەوان نەهاتن بە دەم بانگەوازەكەوە، شەش مانگ بەو جۆرە لە هەوڵدا بوو، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبوو تالیبی نارد و فەرمانى كرد خالید بگەڕێتەوەو هەرچیەك لە سوپاكەى خالیدیش ویستی بمێنێتەوە ئەوە با بمێنێتەوە.[2]

دیارە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) عەلى نارد بۆ لاى خالید تا پێنج یەكى دەستكەوتەكان وەربگرێت، وەك لە فەرموودەى صەحیحی بوخاریدا هاتووەو وا لە خوارەوە ئاماژەی پێدەدەین:

بورەیدە دەڵێت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبووطالیبی نارد بۆ لاى خالیدی كوڕی وەلید تا پێنج یەكى دەستكەوت دابەش بكات.[3]

بورەیدە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەلى كوڕی ئەبووطالیبی نارد بۆ لاى خالیدی كوڕی وەلید تا پێنج یەكى دەستكەوت دابەش بكات، كە بەیانى بوویەوە عەلى ئاو لەسەری دەچۆڕا، خالید بە بورەیدەى وت دەبینیت (عەلى) چی دەكات یان دەبینیت چی كردووە؟ بورەیدە دەڵێت منیش رقم بوو لە عەلى، كاتێك گەڕامەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵم پێدا عەلى چی كردووە، ئەویش فەرمووى ئەى بورەیدە ئایا تۆ رقتە لە عەلی؟ وتم بەڵێ، فەرمووى رقت لێی نەبێت.[4]

لە گێڕانەوەكەى ئیمامى بوخاریدا وا هاتووە كە بورەیدە بە خالیدی وت نابینیت چی كردووە؟ جا كە گەڕاینەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەم بۆ باسكرد، ئەویش فەرمووی ئەى بورەیدە ئایا رقتە لە عەلى؟ وتم بەڵێ، فەرمووى رقت نەبێت لێی چونكە لە پێنج یەكدا بەشی لەوە زیاتریشی بۆ هەیە).[5]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە بورەیدە دەڵێت هێندە رقم لە عەلى بوو كەسى تر نەبوو هێندە رقم لێی بێت، تەنانەت پیاوێك هەبوو لە مەككە بەس لەبەرئەوە خۆشم دەویست كە رقی بوو لە عەلى، جا لە سوپایەكدا هاودەمى ئەو پیاوەم كرد بەس تەنها لەبەرئەوەی كە رقی بوو لە عەلی، ئەوەبوو بڕێ دەستكەوتمان دەستكەوت، ئەو كەسە هەواڵی نارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەسێك بنێرە تا پێنج یەكەكەی دابەش بكات، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) عەلی نارد، لە دیلە ئافرەتیەكاندا ئافرەتێك هەبوو كە لە هەموویان جوانتر بوو، عەلى ئەوەی لە پێنج یەكەكە دانا و دابەشی كرد، دواتر هاتەدەر و سەری ئاوى لێدەچۆڕا، وتمان ئەی ئەبولحەسەن ئەوە چیە؟ وتى وەصیفە (ئافرەتەكە) نابینن كە لە كەنیزەكەكان بوو، من دابەشم كرد و بەر پێنج یەكەكە كەوت، دواتر بوو بە بەشی ئالوبەیتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دواتر بوو بە بەشی بنەماڵەی عەلى و منیش چوومە لاى، پیاوە سەركردەكە نامەى نووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و منیش وتم من وەك نێردراو و پشت راست بنێرە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كە نامەكەم دەخوێندەوەو دەموت راستی نووسیوە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەستى گرتم و نامەكەشی گرتە دەستى و فەرمووى ئایا رقتە لە عەلى؟ وتم بەڵێ، فەرمووى (دەى رقت لێی نەبێت، ئەگەریش خۆشت دەوێت زیاتر خۆشت بوێت، دە سوێند بەوەى گیانى موحەممەدى بەدەستە پشكى بنەماڵەى عەلى لە پێنج یەكدا باشتر و زیاترە لە وەصیفە)، بورەیدە دەڵێت سوێند بەخوا دواى ئەو فەرموودەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەس نەبوو هێندەى عەلى لام خۆشەویست بێت.[6]

جارێك عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف هاتە خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سكالآى لە خالید كرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە خالیدی فەرموو (ئەی خالید بۆچی ئازارى كەسێك لە بەشداربوانى بەدر دەدەیت؟ خۆ ئەگەر هێندەى ئوحود زێڕ ببەخشیت ناگەیتەوە بە كردەوەی ئەودا)، خالیدیش وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەر دەنێنە سەرم و قسەم لەروودا دەكەن، منیش ناچار دەبم وەڵامیان بدەمەوە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (لا تؤذوا خالدا فإنه سيف من سيوف الله صبه الله على الكفار[7] (ئازارى خالید مەدەن، چونكە ئەو شمشێرێكە لە شمشێرەكانى خوا كە بەرووى بێباوەڕاندا هەڵیكردووە).

خالید دەڵێت: جارێك لەگەڵ عەممارى كوڕی یاسردا دەمەبۆڵەیەكمان بوو، عەمماریش چوو تا لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سكالآم لەسەر بكات، منیش هەر لێی تووڕە دەبووم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بێدەنگ بوو، ئیتر عەممار دەستى كرد بە گریان و وتى ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) گوێت لێیە چیم پێ دەڵێت:؟ پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) سەری بەرەو رووى من بەرزكردەوەو فەرمووى:  (هەركەس دژایەتى عەممار بكات خوا دژایەتى دەكات و هەركەسیش رقی لێی بێت خوا رقی لێی دەبێت)، منیش خێرا دەرچووم و ئیتر لەو ساتەوە هیچ  شتێك هێندەى ئەوە لام خۆشەویست نەبوو كە عەممار رازى بكەم، خێرا خۆم گەیاند بە عەممار و رازیم كرد.[8]

رۆژێك خالید لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بوو، عەلى كوڕی ئەبوو تالیب بڕێك دەستكەوتى لە یەمەنەوە ناردبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دابەشی كرد لە نێوان چوار كەسدا، ئینجا كابرایەك لەوێ بوو وتى ئێمە لەو كەسانە شیاوتر بووین وەری بگرین، ئەم قسەیە گەیشتەوە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و فەرمووى: (ئایا لێم دڵنیانین لە كاتێكدا من ئەمینی ئەوەم كە لە ئاسمانە، بەیانى و ئێوارە هەواڵی ئاسمانم بۆ دێنێ)، كابرایەك لەوێ بوو هەستا و وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەخوا بترسە، ئەویش فەرمووى: (ويلك، أولست أحق أهل الأرض أن يتقي الله)، (قوڕ بەسەر، مەگەر من شیاوترین كەسی سەر زەوى نیم بۆ ئەوەى لە خوا بترسم)، ئینجا كابرا پشتی هەڵكرد و چوو، خالیدى كوڕی وەلید وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) با بدەم لە گەردنى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (نا، لەوانەیە نوێژ بكات)، خالید وتى جا چەند كەس هەیە نوێژ دەكات و ئەوەى بە زمانى دەیڵێت لە دڵیدا نیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (إني لم أومر أن أنقب عن قلوب الناس و لا أشق بطونهم)، (من فەرمانم پێ نەكراوە پشكنین بكەم بۆ ناو دڵی خەڵك و سكیان هەڵدڕم)، پاشان فەرمووى: (إنه يخرج من ضئضئ هذا قوم يتلون كتاب الله رطبا، لا يجاوز حناجرهم، يمرقون من الدين كما يمرق السهم من الرمية[9] (لە پشت و وەچەى ئەم كابرایەوە خەڵكانێ دێن كە زۆر بە جوانى و ئاسانى قورئان دەخوێننەوە، بەڵام لە قوڕگیان تێپەڕ ناكات، وەك چۆن تێر لە كەوان دەردەچێت ئاوا لە دین دەردەچن).

لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) ماعیزى كوڕی مالیك هاتە خزمەتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى زینام كردووەو دەبێت پاك بكرێمەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جوابی كرد، بۆ بەیانیش هەر وا هاتەوەو هەمان شتی وتەوە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناردى بۆ لاى هۆزەكەى تا بزانن ئایا ماعیز هیچ كێشەی عەقڵی نیە؟ وتیان نا، كە جارى سێیەم ماعیز هاتەوە رەجم كرا، ئینجا ئافرەتێكی غامیدی هات و ئەویش وتى زینام كردووەو داوا دەكەم پاكم بكەیتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)زۆر هەوڵیدا مەسەلەكە وەلابنرێت، بەڵام ئافرەتەكە هەر دەهاتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى دا تا منداڵەكەى ببێت، دواتر تا شیری پێبدات تا دەكەوێتە نان خواردن، ئافرەتەكە هەر ئەو تەوبەی لەبیر نەكرد و هاتەوە تا رەجم بكرێت، ئەوەبوو خرایە ناو چاڵ تا رەجم بكرێت، خەڵكی بەردبارانیان كرد، خالیدی كوڕی وەلید بەردێكی بۆ وەشاند و داى لە سەری ژنەكەو خوێنى سەری ژنەكە بەر خالید كەوت، خالید قسەی وت بە ژنەكە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە ئەوەی بیست فەرمووى: (لەسەرخۆ خالید، سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە ئەو ئافرەتە تەوبەیەكى كردووە ئەگەر ئەو كەسەی دەیەك وەك باج وەردەگرێتوەرگر ئەو تەوبەی بكردایە لێخۆشبوونى بۆ دەبوو).[10]

خالید جگە لەوەى موجاهید و سەركردەیەكى خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، هاوكات نووسەرى خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو و نامەى دەنووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لە كۆتایی نامەكەدا دەینووسی (خالیدی كوڕی وەلید بە فەرمانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەمەى نووسیەوە).[11]



[1] - تاريخ الطبري، ج2، ص 195.

[2] - تاريخ الطبري، ج2، ص 197.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 4102.

[4] - فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 1135، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1175، أسد الغابة، ج1، ص 264.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 4102.

[6] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 22354، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12113، مشكل الآثار للطحاوي، الرقم 2590.

[7] - صحيح ابن حبان، الرقم 7200، المعجم الصغير للطبراني، الرقم 581، صححه شعيب الأرناؤوط.

[8] - صحيح ابن حبان، الرقم 7190، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5657، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 7994، مسند احمد بن حنبل، الرقم 16492،  صححه شعيب الأرناؤوط، كما صححه الألباني في صحيح الجامع الصغير و زيادته.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 4103، صحيح مسلم، الرقم 1827.

[10] - صحيح مسلم، الرقم 3294، سنن الدارمي، الرقم 2285، سنن ابي داود، الرقم 3874، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6964، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 22336،

[11] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 344.

 1281
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.