دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف(رضي الله عنه) - بەشی یەكەم

 

ناوى عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفى كوڕی عەبدعەوفى قوڕەیشی زوهریە، كونیەكەى ئەبووموحەممەدە، دایكی ناوى شیفائی كچی عەوفە.[1]

یەكێكە لە دە موژدەپێدراوانى بەهەشت و یەكێكیشە لە شەش هاوەڵی شووراى سەردەمى عومەرى كوڕی خەططاب، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا وەفاتى كرد لێی رازى بوو.[2]

عەبدوڕەحمان سەرەتا ناوى عەبدعەمر یان عەبدولكەعبە بوو، بەڵام كە موسڵمان بوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا عەبدوڕەحمان.[3]

برایەكى هەبوو بە ناوى ئەسوەد كە ئەمیش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و ماوەیەك پێش فەتحى مەككە كۆچی كرد بۆ مەدینە،[4] برایەكى تریشی هەبوو بەناوى عەبدوڵا كە لەرۆژی فەتحى مەككەدا موسڵمان بوو.[5]

خوشكێكی هەبوو بە ناوى حەمنەن كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو،[6]خوشكێكی تری ناوى شیفائی كچی عەوف بوو كە لە مەككە موسڵمان بوو و هاودەم بە عاتیكەى خوشكی كۆچی كرد بۆ مەدینە.[7]

ژن و منداڵەكانى:

ژنێكی هەبوو بە ناوى ئومموكلثومى كچی عوتبە كە كوڕێكی لێ بوو بەناوى سالم، ژنێكی تری كچی شەیبە بوو كە كچێكی لێی بوو بە ناوى ئوممولقاسم، ژنێكی تری ناوى ئومموكلثومى كچی عوقبە بوو كە موحەممەد و ئیبراهیم و حەمید و ئیسماعیل و حەمیدەو ئەمەتورەحمانى لێی هەبوو، ژنێكی تری ناوى سەهلەى كچی عاصم بوو كە میعەن و عومەر و زەید و ئەمەتوڕەحمانى بچووكى لێی هەبوو، ژنێكی تری ناوى بەحریەی كچی هانی ْ  بوو كە كوڕێكى لێی هەبوو بە ناوى عوروە، ژنێكی تری ناوى سەهلەى كچی سوهەیل بوو كە سالمی بچووكى لێ هەبوو، ژنێكی تری ناوى ئومموحەكیم بوو كە ئەبووبەكری لێی هەبوو، ژنێكی تری كچی ئەبیلحەیس بوو كە كوڕێكی لێی هەبوو بەناوى عەبدوڵا، ژنێكی تری ناوى تەماضوری كچی ئەصبەع بوو كە عەبدوڵاى بچووكى لێ هەبوو، ژنێكی تری ناوى ئەسمائی كچی سەلامە بوو كە عەبدوڕەحمانى لێی هەبوو، ژنێكی تری ناوى ئومموحورەيث بوو كە موصعەب و ئامینەو مەریەمى لێ هەبوو، ژنێكی تری ناوى مەجدى كوڕی یەزیدە كە كوڕێكی لێی هەبوو بە ناوى سوهەیل، ژنێكی تری ناوى غەزالى كچی كیسرا بوو كە كەنیزەك بوو و كوڕێكی لێی هەبوو بە ناوى عوثمان، چەند ئوممووەلەدێكی تری هەبوو بەناوى عوروەو یەحیا و بیلال، ژنێكی تری ناوى بادیە بوو كە جوەیریەی لێ هەبوو، ژنێكی تری ناوى زەینەبی كچی صەباح بوو كە ئوممویەحیاى لێ هەبوو.[8]

عەبدوڕەحمان دە ساڵ لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچوكتر بوو، چونكە دە ساڵ پاش ساڵی فیل لەدایك بوو.[9]

موسڵمانبوونى:

موسڵمانبوونى عەبدوڕەحمان هاوكات بوو لەگەڵ موسڵمانبوونى عوثمانى كوڕی مەظعوون و عوبەیدەى كوڕی حارث و ئەبووعوبەیدەدا، ئەمەش پێش ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بچێتە ماڵی ئەرقەم و لەوێ بانگەواز بكات، عەبدوڕەحمان هاودەم بەو هاوەڵانەى چوونە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باسی ئیسلامى كرد بۆیان و وردەكاریەكانى ئیسلامى خستەڕوو بۆیان، ئەوانیش موسڵمان بوون.[10]

عەبدوڕەحمان یەكێكە لە بەشداربوانى كۆچی حەبەشەو لە هەردوو كۆچەكەدا بەشدارى كرد، دواتر گەڕایەوە بۆ مەككەو لەوێوە كۆچی كرد بۆ مەدینە.[11]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان سەعدى كوڕی رەبیع و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفەوە.[12]

عەبدوڕەحمان كە سەرەتا هاتە مەدینە كەسێكی هەژار و نەدار بوو، هیچی نەبوو.[13]

سەعد كەسێكی دەوڵەمەند بوو، بە عەبدوڕەحمانى وت  ماڵەكەم لەگەڵتدا دووكەرت دەكەم و ژنێكیشت لێ مارە دەكەم، ئەویش وتى خواى گەورە بەرەكەت بخاتە ژن و ماڵتەوە، رێی بازاڕم نیشان بدەن.[14]

حارث لە غەزاى بەدریشدا بەشدارى كرد، عەبدوڕەحمان دەڵێت لە بەدردا لە ریزدا وەستابووم، تەماشای راست و چەپی خۆم كرد، دوو منداڵی پشتیوانانم بینی، یەكێكیان وتی مامە گیان ئەبووجەهل دەناسیت؟ وتم بەڵێ، بۆچیتە برازاكەم؟ وتی بیستوومە قسەوی وتووە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، سوێند بەوەى گیانمى بەدەستە ئەگەر بیبینم وازى لێ ناهێنم تا دەیكوژم یان دەمكوژێت، ئەوی تریش هەمان شتی پێ وتم، منیش نیشانم دان و ئەوانیش كوشتیان و دواتر هاتنەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى كامتان كوشتی؟ هەركامیان وتى من، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى كەستان شمشێرەكەتان سڕیوە؟ وتیان نا، سەیری هەردوو شمشێرەكەى كرد و فەرمووى هەردووكتان كوشتووتانە.[15]

حارث دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە شیوەكە بوو سەبارەت بە عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف پرسیارى لێكردم و هەواڵی ئەوی پرسی، منیش وتم وا لە لاپاڵی شاخەكەوەیە، بینیم دەستەیەكى دوژمن هاتبوون بۆی و منیش ویستم بچم بۆ پاڵپشتی ئەو، بەڵام كە تۆم بینی هاتم بۆ لاى تۆ،  پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(ألا إن الملائكة تقاتل معه)، (چاك بزانە فریشتەكان لەگەڵ ئەودا دەجەنگن و پاڵپشتى دەكەن)، حارث دەڵێت منیش گەڕامەوە بۆ لاى عەبدوڕەحمان و بینیم لە نێو حەوت لاشەی كوژراودایە، پێم وت نەناڵیت هەموو ئەمانەت كوشت؟ وتى ئەمەیان ئەرطهئەى كوڕی شورەحبیل كوشتى، ئەم دوانەش من كوشتنم، بەڵام ئەمانەى تر بەدەستى كەسانێك كوژران كە نەمدەبینین، منیش وتم خوا و پێغەمبەرەكەى راستیان فەرموو.[16]

عەبدوڕەحمان لە غەزاى بەدردا برینی زۆری تووش بوو، نزیك بە بیست پێكان و برین بە جەستەیەوە بوو و قاچی تووشی شەلینێك كرد.[17]

سائیبی كوڕی ئەبی حوبەیش دەڵێت لە غەزاى بەدردا كابرایەكی قژدرێژ بالآبەرز بەسەر ئەسپێكەوە منى بەدیل گرت و منى بەستەوە، دواتر عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف هات و وتى كێ ئەمەى بەند كرد؟ كەس نەبوو وەڵامى بداتەوە، ئەویش سائیبی برد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى یەكێك لە فریشتەكان تۆی بەدیل گرت، پاشان فەرمووى ئەی كوڕی عەوف دیلەكەت ببە.[18]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ساڵی شەشەمى كۆچیدا عەبدوڕەحمانى كرد بە ئەمیری سریەیەك و ناردى بۆ دەومەتەلجەندەل و فەرمانى پێكرد ئەگەر موسڵمان بوون ئەوە كچی پاشاكەیان بەهاوسەر بگرێت، ئەوانیش موسڵمان بوون و عەبدوڕەحمانیش كچەكەى پاشاكەیانى بەهاوسەرگرت كە ناوى تەماضورى كچی ئەصبەعى كەلبی بوو.[19]

لە رێككەوتنى حودەیبیەشدا بەشدارى كرد و یەكێك بوو لە شاهیدەكانى رێككەوتنەكە.[20]

عەبدوڕەحمانى كوڕی عوف یەكێكە لە موژدەپێدراوانى بەهەشت، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (أبو بكر في الجنة، وعمر في الجنة، وعثمان في الجنة، وعلي في الجنة، وطلحة في الجنة والزبير في الجنة، وعبد الرحمن بن عوف في الجنة، وسعد في الجنة، وسعيد في الجنة، وأبو عبيدة بن الجراح في الجنة[21] (ئەبووبەكر لە بەهەشتە، عومەر لە بەهەشتە، عوثمان لە بەهەشتە، عەلى لە بەهەشتە، طهلحە لە بەهەشتە، زوبەیر لە بەهەشتە، عەبدورەحمانى كوڕی عەوف لە بەهەشتە، سەعد لە بەهەشتە، سەعید لە بەهەشتە، ئەبووعوبەیدەى كوڕی جەراح لە بەهەشتە).

جارێك موغیرە لاى سەعیدی كوڕی زەید قسەی بەرامبەر بە عەلى كوڕی ئەبووطاليب كرد، سەعید هەستاو وتى من شایەتى دەدەم بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (عشرة في الجنة: النبي في الجنة، وأبو بكر في الجنة، وعمر في الجنة، وعثمان في الجنة، وعلي في الجنة، وطلحة بن عبيد الله في الجنة، والزبير بن العوام في الجنة، وسعد بن مالك في الجنة، وعبد الرحمن بن عوف في الجنة)، (دە كەس لە بەهەشتدان: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بەهەشتدایە، ئەبووبەكر لە بەهەشتدایە، عومەر لە بەهەشتدایە، عوثمان لە بەهەشتدایە، عەلى لە بەهەشتدایە، طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا لە بەهەشتدایە، زوبەیری كوڕی عەووام لە بەهەشتدایە، سەعدى كوڕی مالیك لە بەهەشتدایە، عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف لە بەهەشتدایە)، ئینجا زەید وتى بمویستایە كەسی دەیەمیشم دەوت، وتیان كێیە؟ بێدەنگ بو، دواتر زۆریان لێكرد تا بیڵێت، ئەویش وتى سەعیدی كوڕی زەید-واتە خۆی-.[22]

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دواى عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفەوە نوێژی كردووە، ئەو فەزڵەش خوا تەنها بە ئەبووبەكری صدیق و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوفی بەخشی، موغیرەى كوڕی شوعبە دەڵێت لە سەفەرێكدا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووین، دەمى بەیان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خەڵكەكە دووركەوتەوەو منیش بەدوایدا چووم و لە دووریەوە چاوەڕوان بووم، كە هاتەوە فەرمووى كارت هەبوو ئەی موغیرە؟ وتم نا، فەرمووى ئایا ئاوت پێیە؟ وتم بەڵێ، دەستنوێژێكی تەواوەتى گرت و مەسحی سەر خوفەكانى كرد، كە گەیشتینەوە بە خەڵكەكە نوێژ دابەسرابوو، عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف بەرنوێژی دەكرد، ركاتێكی كردبوو و لە ركاتى دووەمدا بوو، ویستم بڕۆم بە عەبدوڕەحمان بڵێم دەست هەڵگرێت ئەوە پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم)، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رێگری لێكردم، ئێمەش ئەو ركاتەمان لە دوایەوە كرد و دواى سەلامدانەوەى عەبدوڕەحمان ركاتەكەى ترمان تەواو كرد.[23]

ئیبن كەثير دەڵێت ئەوەش لە غەزاى تەبووكدا بوو.[24]

عەبدوڕەحمان زۆر جار لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و بۆ دەرچوون و هەڵسوكەوتەكانى لەگەڵیدا بوو، بۆ نموونە جارێك سەعدى كوڕی عوبادە نەخۆش بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاودەم بە عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف و سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص و عەبدوڵاى كوڕی مەسعوود هات بۆ لاى تا سەردانى بكات.[25]

عەبدوڕەحمان دەڵێت جارێك چوومە مزگەوت و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوێ نەبوو، منیش كەوتمە دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تا بینیم چوویە ناو باخە خورمایەك و روویكردە قیبلەو سوجدەیەكی دوورودرێژی برد، منیش وەستابووم، وامزانى وەفاتى كردووە، چوم بەرەو لاى، سەرم نزم كردەوەو سەیرێكی دەموچاویم كرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەری بەرز كردەوەو فەرمووى چیە ئەی عەبدوڕەحمان؟ وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە سوجدەكەت درێژ كردەوە ترسام وەفاتت كردبێت بۆیە هاتم تەماشام كردیت، فەرمووى(إني لما دخلت النخل لقيت جبريل، فقال إني أبشرك أن الله يقول من سلم عليك سلمت عليه، ومن صلى عليك صليت عليه)،[26] (من كە هاتمە ناو باخە خورماكە گەیشتم بە جیبریل و ئەویش فەرمووى موژدەت پێدەدەم خوا دەفەرموێت هەركەس سەلامت لێ بكات سەلامى لێدەكەم و هەركەس صەلەواتت لەسەر بدات صەلەواتى لەسەر دەدەم).

هەروەها لەكاتى وەفاتى ئیبراهیمی كوڕی پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) عەبدوڕەحمان لە نزیك پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) بوو، ئەنەس دەڵێت لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چووم كە بەرەو لاى ئیبراهیم دەچوو، لە رێدا ئەبوو سەیفمان بینی كە  كوورەى ئاسنگەریەكەى تاو دەدا، ماڵیش پڕ دووكەڵ بوو، منیش لەبەردەم پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) خێراتر هەنگاوم هەڵنا و گەیشتمە لاى ئەبوو سەیف و پێم وت ئەى ئەبووسەیف دەست هەڵگرە وا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات، ئەویش دەستى هەڵگرت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داواى ئیبراهیمی كرد و گرتیە كۆش و لەخۆی گوشى و چەند جار فەرمووى (ماشاء الله)، ئیبراهیمیش خەریكبوو گیانى دەدا، چاوەكانى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فرمێسكیان دەڕشت، فەرمووى(تدمع العين ويحزن القلب و لا نقول إلا ما يرضي الرب و إنا بك يا إبراهيم لمحزونين)[27]، (چاو فرمێسك دەڕژێ و دڵ خەمبار دەبێ، هیچیش ناڵێین جگە لەوەى پەروەردگار پێی رازى بێت، ئەى ئیبراهیم ئێمە زۆر دڵگرانین بۆت)، عەبدورەحمانی كوڕی عەوفیش كە بینی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەگری وتى تۆیش ئەی پێغەمبەرى خوا؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (یا إبن عوف إنها رحمة)،(ئەى كوڕی عەوف ئەوە سۆزو رەحمە).[28]

جارێك عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف نیوەى سامانى خۆی هێنا بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوە نیوەی سامانەكەمەو هێناومە بۆت و نیوەكەى تریم هێشتوەتەوە بۆ ماڵ و مناڵم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(بارك الله لك فيما أعطيت و ما أبقيت)، (خوا بەرەكەت بخاتە ئەوەى بەخشیوتەو ئەوەشی هێشتووتەتەوە)، ئەوەبوو دوورووەكان بە لاچاو بە تانەوە سەیریان دەكرد و دەیانوت بەس لەبەر رووپامایی و حەزى ناوبانگ بەخشیویەتى، ئینجا یەكێك لە موسڵمانە هەژارەكان هات كە ناوى حەبحاب بوو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من ئەمڕۆ بە دوو بەش خورما كرێكاریم كردووە، بەشێكیم (مشتێك) داناوە بۆ ماڵ و منداڵم و ئەم مشتەشم هێناوە، دوورووەكانیش بە لاچاو سەیریان دەكرد و تانەیان لێدەدا و وتیان خوا و پێغەمبەرەكەى بێباكن لە مشتەكەى ئەبی عەقیل، ئەوەبوو خواى گەورە ئایەتى دابەزاند(الذين يلمزون المطوعين من المؤمنين في الصدقات والذين لا يجدون الا جهدهم فيسخرون منهم سخر الله منهم ولهم عذاب اليم[29] ئەوەش وەڵامێك بوو بۆ دوورووەكان.[30]

جارێك عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سكالآى لە خالید كرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە خالیدی فەرموو (ئەی خالید بۆچی ئازارى كەسێك لە بەشداربوانى بەدر دەدەیت؟ خۆ ئەگەر هێندەى ئوحود زێڕ ببەخشیت ناگەیتەوە بە كردەوەی ئەودا)، خالیدیش وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەر دەنێنە سەرم و قسەم لەروودا دەكەن، منیش ناچار دەبم وەڵامیان بدەمەوە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(لا تؤذوا خالدا فإنه سيف من سيوف الله صبه الله على الكفار[31] (ئازارى خالید مەدەن، چونكە ئەو شمشێرێكە لە شمشێرەكانى خوا كە بەرووى بێباوەڕاندا هەڵیكردووە).



[1] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 124.

[2] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 346.

[3] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 124.

[4] - أسد الغابة، ج1، ص 135.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 76.

[6] - أسد الغابة، ج2، ص 76.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 730.

[8] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 126-128.

[9] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 124.

[10] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 8.

[11] -  الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 125.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 58.

[13] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص 91.

[14] - صحيح البخاري، الرقم 1961.

[15] - صحيح البخاري، الرقم 2989، صحيح مسلم، الرقم 3383، صحيح ابن حبان، الرقم 4917.

[16] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3304، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1908.

[17] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 35.

[18] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 915، البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 281.

[19] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 179.

[20] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 169.

[21] - سنن الترمذي، الرم 3766، صحيح ابن حبان، الرقم 7112، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 1612، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 802، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الألباني في صحيح الجامع الصغيرو زيادته، الرقم 50.

[22] - صحيح ابن حبان، الرقم 7103 واللفظ له، سنن أبي داود، الرقم 4052، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الالباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 7454.

[23] - صحيح مسلم، الرقم 436واللفظ له، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17790، صحيح ابن خزيمة، الرقم 1541، صحيحابن حبان، الرقم 1363.

[24] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص 22.

[25] - صحيح البخاري، الرقم 1255، صحيح مسلم، الرقم 1583.

[26] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 756 و قال الحاكم ولا أَعْلَمُ فِي سَجْدَةِ الشُّكْرِ أَصَحُّ مِنْ هَذَا الْحَدِيثِ، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 3667، مسند أحمد بن حنبل، الرقم1600، صححه الذهبي في التلخيص،  صححه أحمد شاكر، قال شعيب الأرناؤوط حسن لغيره،

[27] - صحيح مسلم، الرقم 4402، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12818،

[28] - صحيح البخاري، الرقم 1254.

[29] - التوبة: 79.

[30] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 2078.

[31] - صحيح ابن حبان، الرقم 7200، المعجم الصغير للطبراني، الرقم 581، صححه شعيب الأرناؤوط.

 1283
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.