دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  ئەو هاوەڵانەی ناویان (طوفەیل) بووە

طوفەیلى كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى طوفەیلى كوڕی حارثى قورەیشیە، دایكی ناوى سوخەیلەیە، ئەم هاوەڵە یەكێكە لە كۆچەران، كاتێك كۆچی كرد بۆ مەدینەو دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان ئەم هاوەڵەو مونذیری كوڕی موحەممەدەوە، یان دەوترێت لەگەڵ سوفیانى كوڕی نەسردا بوون بە براى یەك.[1]

یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، لە غەزاى ئوحودیشدا بەشدار بووە، دواتریش بەشدارى هەموو غەزاكانى تر بووە، هاودەم بە حوصەینی براى لە ساڵی سی و یەك یان سی و دووى كۆچیدا وەفاتى كرد،[2] كاتێك وەفاتى كرد تەمەنى نزیكەى حەفتا ساڵان بوو.[3]

طوفەیلى كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى طوفەیلى كوڕی زەیدە، پێشتر مەسیحی بوو، تەمەنێكی زۆری هەبوو، كە هەواڵی هاتنى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بیست، چووە خزمەتى و موسڵمان بوو، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و تەمەنى لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا نزیكەی سەدو شەست ساڵ دەبوو.[4]

 

طوفەیلى كوڕی سەخبەرە(رضي الله عنه)

ناوى طوفەیلى كوڕی سەخبەرەیە، لە سەرى دایكیەوە براى عائیشەی دایكی باوەڕدارانە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[5]

 

طوفەیلى كوڕی سەعد(رضي الله عنه)

ناوى طوفەیلى كوڕی سەعدە، لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، لە رووداوى بیئر مەعوونەدا شەهید بوو.[6]

 

طوفەیلى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى طوفەیلی كوڕی عەمرى دەوسیە، ناسراوە بە ذەنوور، واتە خاوەن رووناكى.[7]

طوفەیل كەسایەتیەكى خانەدان و شاعیر بوو، جارێك چوو بۆ مەككە، خەڵكێ لە قوڕەیشیەكان چوون بۆ لاى و وتیان ئەی طوفەیل، تۆ هاتویتەتە شارى ئێمەو ئەم كابرایەی لەنێوماندایە-مەبەستیان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو- بارى خراپ كردوین و ریزی تێكداوین و قسەی ئەڵێیت جادووەو كوڕ وباوك و براو برا و ژن و مێرد لە یەك ئەكات، دەترسین بارى تۆ و هۆزەكەشت بشێوێنێت، بۆیە هیچ قسەی لەگەڵ مەكەو گوێی بۆ مەگرە، طوفەیل وتى بەخوا هێندەیان پێ وتم برَیارم دا هیچ گوێی لێ نەگرم و قسەی لەگەڵ نەكەم، دواتر چووم بۆ حەرەم و هەردوو گوێم ئاخنیبوو تا قسەی موحەممەد نەبیستم، رۆژێك چووم بۆ مزگەوت، دەبینم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لاى كەعبەوە نوێژ دەكات، منیش كەمێك لە نزیكیەوە وەستام، ویستی خوا وابوو هەندێ قسەی ببیستم، قسەكانى وان بوون، لە دەروونى خۆمدا وتم دایكم رۆڵەرۆم بۆ بكات، خۆ من كەسێكی ژیر و شاعیرم و دەزانم چاك و خراپ چیە، با گوێی لێبگرم، ئەگەر چاكى وت وەری دەگرم و ئەگەریش خراپی وت وازى لێدێنم، كەمێك وەستام تا چوویەوە بەرەو ماڵەوە، كەوتمە شوێنی، كە چوویە ماڵەوە، منیش لەگەڵی چوومە ژوورەوەو وتم ئەی موحەممەد هۆزەكەت پێیان وتووم تۆ ئاواو ئاوایت، وایان لێكردم گوێم ئاخنى تا قسەت نەبیستم، بەڵام ویستی خوا وابوو شتێك لە قسەكانتم بیست، قسەكانت جوان بون، بۆیە باسی خۆتم بۆ بكە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) مەسەلەكەى بۆ باسكرد و قورئانى بەسەردا خوێندەوە، ئەویش وتى بەخوا تا ئێستا قسەی وا باشم نەبیستووە و لەمە راستتر و دادوەرانەترم نەبیستووە، بۆیە موسڵمان بووم و شایەتومانى حەقم هێنا، ئینجا وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من كەسێكم لەناو هۆزەكەمدا قسەم وەردەگیرێت و سەبارەت بە ئیسلام قسەیان لەگەڵ دەكەم، جا نزام بۆ بكە خوا یارمەتیم بدات بانگەوازەكەم لەنێویاندا سەركەوتوو بێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (اللهم اجعل لە آية)، (خوایە نیشانەی پێ ببەخشە) منیش دەرچووم و گەیشتمەوە ناو هۆزەكەم، كە گەیشتمە بەرزایی رووەو هۆزەكەم، رووناكیەك كەوتە نێوچاوانمەوە دەوت چرایە، وتم خوایە با نیشانەكە لە دەموچاومدا نەبێت، چونكە دەترسم وابزانن لەبەر وازهێنانم لە ئایینەكەیان دەموچاوم شێواوە، ئیتر رووناكیەكە كەوتە سەر جێدەستی قامچیەكەى دەستم، خەڵكەكە كە لەوێ بوون ئەو رووناكیەیان دەبینی، چوومەوە ماڵەوە،  باوكم هات بۆ لام، وتم بابە گیان كەنار بگرە لێم، نە دەتناسم و نە دەمناسیت، وتى بۆچی كوڕە شیرینەكەم، وتم من موسڵمان بووم و شوێن ئایینی موحەممەد كەوتووم، ئەویش وتى كوڕی شیرینم ئایینی منیش هەمان ئایینی تۆیە، وتم دەی بڕۆ خۆت بشۆ و جلەكانت پاك راگرە، ئینجا هاتەوە، باسی ئیسلامم بۆ كرد و ئەویش موسڵمان بوو، دواتر ژنەكەم هات و چیم وت بە باوكم بەویشم وت، وتى بۆچی بە باوكمەوەبەقوربانت بم، وتم من موسڵمان بووم و شوێن ئایینی موحەممەد كەوتووم، ئەویش ئامادەیی دەربڕی موسڵمان بێت، داوام كرد بڕوات خۆی بشوات، چوو و خۆی شۆردو هاتەوەو باسی ئیسلامم بۆ كرد و موسڵمان بوو، دواتر دەوسیەكانم بانگ كرد بۆ ئیسلام و ئەوان خێرا موسڵمان نەبوون، بۆیە چوومەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەككەو وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەوسیەكان نایەن بەدەم داواكەمەوە، دەى نزاى سەختیان لەدژ بكە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى رێنموونى كرد بۆیان.[8]

طوفەیل هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رات چیە بێیت بۆ قەلآیەكى بەهێز و پتەو؟ بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رازى نەبوو، دواتر كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینە، طوفەیل كۆچی كرد بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و یەكێك لە ئەندامانى هۆزەكەشی لەگەڵیدا كۆچی كرد، بەڵام ئەو هاوڕێیەى تووشی نەخۆشی بوو و ترس دایگرت، بۆیە سەرەتیرێكی هەڵگرت و دەمارێكی دەستی پێ بڕی، خوێن لە دەستی دەچوو تا مرد، طوفەیل لە خەویدا ئەو هاوڕێیەى بینی لە شێوەیەكی زۆر جواندا بوو، بەڵام دەستی پێچابوو، طوفەیل وتى پەروەردگار چی پێكردیت؟ ئەویش وتى لەبەر كۆچكردنم بۆ لاى پێغەمبەرەكەى لێم خۆش بوو، وتى ئەی بۆچی دەستت وایە؟ وتى پێم وترا ئەوەى خۆت شێواندووتە بۆت چاك ناكەینەوە، بەیانى كە طوفەیل لە خەو هەستا، چوو خەوەكەى گێڕایەوە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد بۆ هاوڕێكەى و فەرمووى (خوایە لە دەستەكانیشی خۆش بە).[9]

جارێك طوفەیل چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەوسیەكان سەركەش و یاخى بون، جا نزا بكە خوا لەناویان بەرێت، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد و فەرمووى (خوایە رێنموونى دەوس بكەو بیانهێنە).[10]

هاتنى طوفەیل بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پاش غەزاى خەندەق بوو، دواتر هۆزەكەشی هاتن، بۆ غەزاى خەیبەر خۆی گەیاند بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەوێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پشكی بۆ بڕیەوە.[11]

هاودەم بە طوفەیل نزیكەی حەفتا یان هەشتا كەس لە هۆزەكەى هاتن بۆ مەدینە بۆ خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لەنێویاندا ئەبووهورەیرەش هەبوو كە هاوەڵی زۆر ناسراوى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم).[12]

لە مانگى شەووالى ساڵی هەشتەمى كۆچیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) طوفەیلى كوڕی عەمرى نارد بۆ لەناوبردنى بتەكەى عەمرى كوڕی حیممەى دەوسی، فەرمانیشی كرد داواى هاوكارى لە هۆزەكەى بكات بۆ ئەو كارە، ئەویش بتەكەى لەناوبرد.[13]

طوفەیل لە مەدینە لە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مایەوە تا ئەو كاتەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد.[14]

لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكری صدیقدا طوفەیل لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و هاودەم بە خۆیشی عەمرى كوڕیشی بەشدارى كرد، جا خەوێكی بینی، وتى لە خەومدا سەرم تاشرابوو و لە دەممەوە باڵندەیەك دەرچوو و ئافرەتێكم پێگەیشت كە بە داوێنیدا منى بردە ناو خۆیەوەو عەمرى كوڕیشم بینی بەدوامدا دەهات و نەیدەتوانى بگات پێم، كە خەوەكەى گێڕایەوە پێی وترا خێرە، وتى من وا لێكمداوەتەوە كە سەرتاشینەكەم پەڕینی سەرمەو باڵندەكەش رۆحمەو ژنەكەش زەویەو نەگەیشتنى كوڕەكەم پێم هەوڵدانیەتى بۆ ئەوەى من پێی دەگەم و پێی ناگات، ئەوەبوو طوفەیل لە جەنگى یەمامەدا شەهید بوو و عەمرى كوڕیشی بریندار بوو، بەڵام چاك بوویەوە و دواتر لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا شەهید بوو.[15]

 

 

طوفەیلى كوڕی مالیك(رضي الله عنه)

ناوى طوفەیلى كوڕی مالیكەو فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[16]

 

طوفەیلى كوڕی مالیكى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى طوفەیلی كوڕی مالیكی كوڕی خەنسائە، دایكی ناوى ئەسمائی كچی قەینە،[17] ئەم  هاوەڵە لە پشتیوانانە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە،[18] لە بەدرو ئوحود[19] و خەندەقدا بەشدارى كردو لە خەندەقدا شەهید بوو.[20]

 

طوفەیلی كوڕی نوعمان (رضي الله عنه)

ناوى طوفەیلى كوڕی نوعمانى كوڕی خەنسائە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە و غەزاى بەدر.[21]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 52.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 519.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 52.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 519.

[5] - سنن ابن ماجة، الرقم 2115.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 521.

[7] - أسد الغابة، ج3، ص 76.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 238-239.

[9] - صحيح مسلم، الرقم 192، صحيح ابن حبان، الرقم 3071، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 14693، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2119، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 2447.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 4140، صحيح مسلم، الرقم 4690، صحيح ابن حبان، الرقم 983،  مسند أحمد بن حنبل، الرقم 9573.

[11] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5094.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 353.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 157.

[14] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 240.

[15] - أسد الغابة، ج3، ص 78.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 524.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 572.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 523.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 572.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 523.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 524.

 1260
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.