دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان بە پیتی (س) دەستپێدەكات و زانیاری لەسەریان كەمە - بەشی دووەم

سەیحانى كوڕی صووحان (رضي الله عنه)

ناوى سەیحانى كوڕی صووحانە، بەڵگەی هاوەڵبوونى ئەوەیە كە لە جەنگى هەڵگەڕاوەكاندا ئەمیر بووە، خەلیفە راشیدینەكانیش لە غەزا و فتووحاتدا تەنها هاوەڵانیان دەكردن بە ئەمیر.[1]

سەیفی كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى سەیفی كوڕی قەیسە، هاودەم بە براكەى هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رایسپارد تا بانگ بدات بۆ هۆزەكەى، ئەویش تا ئەو رۆژەى وەفاتى كرد بانگى دەدا بۆ هۆزەكەى.[2]

سەییدی كوڕی بیشر (رضي الله عنه)

ناوى سەییدی كوڕی بیشرى عامیریە، چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمانبوو، دواتریش لە جەنگى هەڵگەڕاوەكاندا سەركردەى هۆزەكەى خۆی بوو.[3]

 

سەییدی نەجرانى (رضي الله عنه)

ناوى سەییدەو وەك ئەندامێكی وەفدێك هاتووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام وەفدەكە موسڵمان نەبوون و لەسەر سەرانە رێككەوتن، دواتر خێرا سەیید و عاقب كە دوو ئەندامى وەفدەكە بوون هاتنەوە مەدینەو موسڵمان بوون و پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ئەو ماوەیە لە ماڵی ئەبووئەیووبی ئەنصارى ئەوانى نیشتەجێ كرد.[4]

سدوسی كچی خەللاد(رضي الله عنها)

ناوى سدووسی كچی خەللادەو چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[5]

سوائی كوڕی خالید(رضي الله عنه)

ناوى سوائی كوڕی خالیدى خوزاعیە، هاودەم بە حەببەى راى چوونە خزمەت پێغەمبەرى خوا.[6]

سوبەیعەى كچی حارث(رضي الله عنها)

ناوى سوبەیعەى كچی حارثى ئەسلەمیە، سوبەیعە ژنى سەعدى كوڕی خەولە بوو، سەعد یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، لە حەجى ماڵئاواییدا سەعد كۆچی دوایی كرد و سوبەیعەش سكی هەبوو، كەمێك پاش وەفاتى سەعد منداڵەكەى بوو، كە لە خوێنەكەى پاك بوویەوە، خۆی رازاندەوە بۆ داواكاران-واتە دەرفەتى داواكارى دا و جلى ماتەمینی لابرد-، ئەبوسەنابیل هات بۆ لاى و وتى دەبینم نیازى شووت هەیە، بەخوا تۆ تا چوار مانگ و دە رۆژ تەواو نەكەیت شووت بۆ نیە، سوبەیعەش كە ئەوەی بیست چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لەو بارەوە پرسیارى لێكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ماوەت تەواو كردووە بە منداڵ بوونەكەت) ئینجا فەرمانى كرد ئەگەر سوبەیع خۆی حەز بكات شوو بكات.[7]

سوبەیعى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى سوبەیعى كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى بەدر و ئوحودیش.[8]

سوبەیعى كوڕی نەصر (رضي الله عنه)

ناوى سوبەیعى كوڕی نەصری موزەنیە، جارێك لە مزگەوتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبوو و قەرەباڵغیەكى زۆر بوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (رەحمەت لەو كەسەی هۆزەكەى خۆی لەلامان كەنار دەخات)، سوبەیع هەستا و وتى كێ لە هۆزى موزەینە لێرەیە با هەستێت، هەموو موزەنیەكان لەگەڵ سوبەیعدا چوون، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) سێ جار فەرمووى (رەحمەتى خوا لە موزەینە).[9]

سوبەیقی كوڕی حاطيب(رضي الله عنه)

ناوى سوبەیقی كوڕی حاطيبه، بە سوبەیعیش هاتووە، هەروەها بە سوەیبیقیش هاتووە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر و هەر لەو غەزایەشدا شەهید بوو.[10]

سوەيبيطى كوڕی سەعد(رضي الله عنه)

ناوى سوەيبيطه، سەبارەت بە ناوى باوكى هەندێ دەڵێن ناوى سەعدى كوڕی حەرمەلەیە، هەندێ دەڵێن ناوى حەرمەلەیە،[11] دایكی ناوى هونەیدەى كچی خەببابە.[12]

سوەيبيط یەكێكە لە كۆچەرانى حەبەشە، دواتر گەڕایەوە بۆ مەككەو لەوێوە كۆچی كرد بۆ مەدینەو لەوێ لاى عەبدوڵاى كوڕی سەلەمە لایدا، دواتر پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كە برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان سوەيبيط و عائيذی كوڕی ماعیصەوە.[13]

لە غەزاى بەدر[14] و ئوحودیشدا بەشدارى كرد.[15]

جارێك ئەبووبەكرى صدیق چوو بۆ شام، هاودەم بەویش نوعەیمانى كوڕی عەمر كە هاوەڵێكی بەشداربووى عەقەبە و غەزاى بەدریش بوو و بە كەسێكی قسەخۆش ناسرابوو، لەگەڵ سوەيبيطیشدا چوون، سوەيبيط سەرپەرشتی خواردنى كاروانەكەى دەكرد، نوعەیمان هات و وتى بڕێك خواردنم بدەرێ، سوەيبيط وتى نابێت، دەبێت ئەبووبەكر بێتەوە ئینجا، نوعەیمانیش چوو بۆ لاى بڕێك خەڵك كە لەوێ بوون و وتى كۆیلەیەكی عەرەبم هەیە لێم بكڕن، بەڵام زمان درێژی دەكات و لەوانەیە كە بیهێنم پێتان بڵێت من كۆیلە نیم و ئازادم، جا ئەگەر بەو حاڵەیەوە لێم دەكڕن با بیهێنم، ئەگەرنا با نەیهێنم و كۆیلەكەشم لێ هار مەكەن، ئەوانیش وتیان بیهێنە دەیكڕین، ئەویش چوو سوەيبيطى هێنا بەرەو لا خەڵكەكە، كە گەیشتنە ئەوێ بە خەڵكەكەى وت ئەوەتا ئەمەیە، ئەوانیش وتیان باشە دەیكڕین، سوەيبيط وتى ئەمە درۆ دەكات من كەسێكی ئازادم و كۆیلە نیم، ئەوانیش وتیان ئاگامان لە فێڵت هەیە، ئەوەبوو بە حەبل بەستیانەوەو بردیان، كە ئەبووبەكر هاتەوەو هەواڵەكەی بیست، خێرا چوون و سوەيبيطيان كڕیەوەو هێنایانەوە، كە هاتنەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەیان بۆ باسكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵانى تا ماوەیەك پێدەكەنین.[16]

سوحەیمی كوڕی خوفاف(رضي الله عنه)

ناوى سوحەیمی كوڕی خوفافە، دواتر لە حیمص نیشتەجێ بوو.[17]

سوحەیم دەڵێت جارێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لامان و باسی رۆژی دوایی و دەججالى كرد، هێندە بە نزیكی باسی كرد خێرا هەستام و چووم بۆ لاى رانەمەڕەكانم كە نزیكەى پێنج سەد سەر دەبوو لەگەڵ بڕێك وشتردا، هەموویانم فرۆشت چونكە وامدەزانى وا رۆژی دوایی دێت.[18]

سوخەیلەى كچی عوبەیدە(رضي الله عنها)

ناوى سوخەیلەى كچی عوبەیدەیەو لە فەرموودەیەكدا باسی هاتووە، ئەم ئافرەتە لە ساڵی دووەمى كۆچیدا وەفاتى كرد.[19]

سوخرورى كروِی مالیك(رضي الله عنه)

ناوى سوخرورى كوڕی مالیكە، چووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە، دواتر لە فەتحى میصردا بەشدارى كرد و هەر لە میصر نیشتەجێ بوو، ئەوەبوو لەوێ بەیعەتى بە ئیبن زوبەیر دابوو، هەستا و وتارى بۆ خەڵكێك خوێندەوەو هانى دەدان تا لەسەر بەیعەتى خۆیان بمێننەوە، دواتر كە خەڵكی میصر لەگەڵ مەروانى كوڕی حەكەم رێككەوتن، سوخروور وتى خوایە چاوم بە چاوى نەكەوێت، كە مەروان هاتە میصر نۆ شەو بەسەر هاتنیدا تێپەڕ نەبوو سوخروور كۆچی دوایی كرد.[20]

سوخطاى كچی قەیس(رضي الله عنها)

ناوى سوخطاى كچی قەیسە، لە پشتیوانانە لە سولەمیەكان، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[21]

 

سوخطاى كچی ئەسوەد(رضي الله عنها)

ناوى سوخطاى كچی ئەسوەدى كوڕی عەببادە، چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[22]

سورەقى كوڕی ئەسەد(رضي الله عنه)

ناوى سورەقی كوڕی ئەسەدى جوهەنیە، یان دەوترێت لە پشتیوانانە، دواتر لە میصر لە ئیسكەندەریە نیشتەجێ بوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەو ناوەى لێنا.[23]

سوعادى كچی رافیع(رضي الله عنها)

ناوى سوعادى كچی رافیعى كوڕی موعاویەیە، چوویە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێدا.[24]

سوعادى كچی سەلەمە(رضي الله عنها)

ناوى سوعادى كچی سەلەمەى كوڕی زوهەیرە، لە پشتیوانانەو چووەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[25]

سوعەیر (رضي الله عنه)

ناوى سوعەیرى كوڕی خوفافى تەمیمیە، كاربەدەستى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەناو خێڵی خۆیدا كردى بە كاربەدەست، ئەبووبەكر لە سەردەمى خیلافەتى خۆیدا ئەوی لەو پۆستەیدا هێشتووەتەوە.[26]

سوعداى كچی عەمر (رضي الله عنها)

ناوى سوعداى كچی عەمرەو هاوسەری طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵایە، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و فەرموودەیەكى لە عومەرى كوڕی خەطابەوە گێڕاوەتەوە.[27]

سوعداى كچی كورز(رضي الله عنها)

ناوى سوعداى كچی كورزەو پووری عوثمانى كوڕی عەففانە، سوعدا هەر لە مەككە باوەڕی هێنا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش هانى عوثمانى دا تا بچێتە داواى كچەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[28]

سوعداى كچی ئەوس(رضي الله عنها)

ناوى سوعداى كچی ئەوسی كوڕی عەددیە، ژنی صامیتی كوڕی عەددیە، لەم مێردەى كوڕێكی بوو بە ناوى سوەید، دواتر مێردەكەى مرد و شووی كرد بە سوهەیلی كوڕی حارث، سوعدا چووەتە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەیعەتى پێداوە.[29]

سولافەى كچی بەڕاْ (رضي الله عنها)

ناوى سولافەى كچی بەڕائی كوڕی مەعروورەو هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[30]

سولافى ئەنصاری (رضي الله عنها)

ئەم ئافرەتە ناوى سولافەو لە پشتیوانانەو دایكی بەڕائی كوڕی مەعروورە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەندێ جار دواى نوێژە فەرزەكان دەچوو بۆ ئەو مزگەوتەى كە پێی دەوترا (الحرمة) سولافی دایكی بەڕائیش لەوێ بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەند جار لەوێ نوێژی دەكرد.[31]

سولەیكى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى سولەیكى كوڕی عەمرى غەطهفانیە، جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە رۆژی هەینیدا لە مزگەوت وتارى دەفەرموو كە سولەیك چوویە مزگەوتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو ئایا نوێژت كردووە؟ وتى نا، فەرمووى دەى دوو ركات بكە.[32]

 

سولەیمانى شامى (رضي الله عنه)

ناوى سولەیمانى كوڕی ئەبی سولەیمانى شامیە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[33]

سولەیمانى كوڕی صەرد(رضي الله عنه)

ناوى سولەیمانى كوڕی صەردى خوزاعیە، ناوى یەسار بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە سولەیمان.

سولەیمان دەڵێت جارێك لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبووم كە دوو كەس دەمەبۆڵەیان بوو و هاتن بۆ خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، یەكێكیان رەگى ملى سوورهەڵگەرابوو هێندە تووڕە بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (من قسەیەك دەزانم ئەگەر ئەو كابرا بیڵێت ئەو حاڵەى نامێنێت، بڵێت پەنا ئەگرم بە خوا لە شەیتان، ئەو حاڵەى نامێنێت)، جا هاوەڵان بە كابرایان وت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێت دەفەرموێت پەنا بگرە بە خوا لە شەیتان، كابرا وتى خۆ شێتیم لەگەڵ نیە-جنۆكە دەستى لێ نەوەشاندوم-.[34]

سولەیمان لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا لەناو سوپاى عەلیدا بەشدارى جەنگى صفین بوو، دواتریش هەوادارى حوسەینی كوڕی بوو و بەڵێنی پێدا و نامەى بۆ نارد تا بێت بۆ كووفە و بەیعەتى پێبدات، كەچی دواتر پشتی لێكرد و وازى هێنا لە بەڵێنەكەى تا حوسەین كوژرا،  دواى ئەوە پەشیمان بوویەوەو هاودەم بە كۆمەڵێكی تر ویستی تۆڵەى تاوانەكەى بكاتەوەو دژ بە ئومەویەكان راپەڕی، بەڵام كوژرا، كاتێكیش كوژرا تەمەنى نزیكەی نەوەدو سێ ساڵ دەبوو.[35]

 

سولەیمانى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى سولەیمانى كوڕی عەمرى زورقیە، لەلایەن پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) نێردرا بۆ ناوچەی حەضرەمەوت و كیندە.[36]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 235.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 237.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 236.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 236.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8،ص 362.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 14.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 3789، صحيح مسلم، الرقم 2806، سنن أبي داود، الرقم 1975.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 33.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 33.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 32.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 222.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 122.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 122.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 222.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 122.

[16] - أسد الغابة، ج5، ص 367-368، مسند احمد بن حنبل، الرقم 26098، سنن ابن ماجة، الرقم 3716، ضعفه شعيب الأرناؤوط، كما ضعفه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 3719.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 35.

[18] - مسند الشاميين للطبراني، الرقم 2462.

[19] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 693.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 36.

[21] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 693.

[22] - الطبات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 409.

[23] - أسد الغابة، ج2، ص 398.

[24] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 370.

[25] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 696.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 120.

[27] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 696.

[28] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 697-698.

[29] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 355.

[30] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 702.

[31] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 702.

[32] -صحيح ابن خزيمة، الرقم 1717، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 6553.

[33] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 173.

[34] - صحيح البخاري، الرقم 3123، صحيح مسلم، الرقم 4831،

[35] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 182.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 172.

 1439
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.