دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەمرى كوڕی عاص(رضي الله عنه)

ناوى عەمرى كوڕی عاصی كوڕی وائیلى كوڕی هاشمى قوڕەیشی سەهمیە، كونیەكەی ئەبوو عەبدوڵا یان ئەبووموحەممەدە، [1]یەكێكە لە هاوەڵە دیارەكان و سەركردەیەكى بەرچاوى ناو مێژووی ئیسلامى.

كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا كە سەرەتا ناوى عاص بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڵا.[2]

عەمر لە ناو قوڕەیشدا پێگەو ناوبانگى هەبوو، بەڵام ئەو توانایەى هەیبوو بۆ دژایەتى كردنى موسڵمانان بەكارى دەهێنا تا ئەو كاتەى موسڵمان بوو.

ئیبن مەسعوود دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئێمەى نارد بۆ لاى نەججاشی كە هەشتا پیاو دەبووین، من و جەعفەر و ئەبوومووساو عەبدوڵاى كوڕی عورفوطه و عوثمانى كوڕی مەظعوون، قوڕەیشیش عەمرى كوڕی عاص و عمارەى كوڕی وەلیدیان بە بڕێك دیاریەوە نارد و هاتن بۆ لاى نەججاشی، كە چوونە ژوورەوە بۆ لاى نەججاشی كڕنووشیان بۆ برد و چوون بۆ لاى، یەكێكیان لە لاى راستیەوەو ئەوی تریش لەلای چەپیەوە دانیشت، ئینحا وتیان دەستەیەك لە كەس وكارى ئێمە هاتوونەتە خاكى تۆ و پشتیان كردوەتە ئێمە، ئەویش وتى ئەوان لە كوێن؟[3] شتى وا هەیە؟ پێی وترا بەڵێ، نەججاشی وتى بەخوا نایاندەمەوە دەستتان تا قسەیان لەگەڵ نەكەم، ئەوەبوو ناردى بە شوێنیاندا،[4] جەعفەر بە هاوەڵەكانى وت من لەبری هەمووتان قسە دەكەم، هەموو بە دواى جەعفەردا چوونە ژوورەوە، بە جەعفەریان وت بۆچی كڕنووش نابەیت بۆ پاشا؟ وتى ئێمە تەنها كڕنووش بۆ خوا دەبەین، وتیان بۆچی؟ وتى چونكە خوا پێغەمبەرێكى لەنێوماندا نارد و فەرمانى پێكردین تەنها كڕنووش بۆ خوا بەرین و نوێژ بكەین و زەكات بدەین،[5] نەججاشی وتى ئەم ئایینەى ئێوە چیە؟ جەعفەریش وتى ئەى پاشا ئێمە گەلێك بووین لەسەر بێباوەڕی بووین و بتمان دەپەرست و مردارەوەبوومان دەخوارد و حەرامەكانمان بە حەلآڵ دەزانین و خوێنمان رەوا دەكرد، ئەوەبوو خوا لە ناو خۆماندا پێغەمبەرێكی بۆ ناردین كە وەفادارى و راستگۆیی و سپاردەكارى ئەومان دەزانى، بانگى كردین تا خواى تاك و تەنها بپەرستین و پەیوەندى خزمایەتى بگەیەنین و دراوسێیەتیمان باش بێت و نوێژ بكەین و رۆژوو بگرین،[6] عەمر وتى ئەوان سەبارەت بە كوڕی مەریەم و دایكی رایان پێچەوانەى راى ئێوەیە، نەججاشی وتى سەبارەت بە كوڕی مەریەم و دایكی چی دەڵێن؟ جەعفەریش وتى ئەوە دەڵێین كە خوا فەرموویەتى رۆح و كەلیمەى خوایە كە بەخشیویەتى بە مەریەمى پاكداوێنى بێ هاوسەر كە هیچ مرۆڤێك دەستى پێی نەگەیشتووە،[7] نەججاشی وتى هیچتان پێیە لەوەى بۆى دابەزیوە؟ فەرمانیشی كرد بە قەشەكان تا پەرتووكەكانى خۆیان بكەنەوە، جەعفەر وتى بەڵێ، ئەوەبوو بڕێك لە سوورەتى مەریەمى لە سەرەتاوە بۆ خوێندنەوە، نەججاشی دەستى كرد بە گریان تا ریشی تەڕ بوو، قەشەكانیش هەروا گریان تا پەرتووكەكانیان تەڕ بوو،[8] نەججاشیش دارێكی لەسەر زەوی هەڵگرت و وتى ئەی خەڵكی حەبەشە و قەشە و راهیبەكان ئێوە دەڵێن چی من ئەمەم پێ خراپ نیە، من شایەتى دەدەم ئەو پێغەمبەرى خوایەو ئەوەیە كە لە ئینجیلدا هاتووەو عیسا مزگێنی لەبارەوە داوە، سوێند بەخوا ئەگەر من لەم پاشایەتیەمدا نەبوومایە دەچووم بۆ لاى و دەبوومە نەعل هەڵگر و ئاوى دەستنوێژیم دەدا، ئینجا بە موسڵمانانى وت بڕۆن لەكوێ دەتانەوێت بمێننەوە، فەرمانیشی كرد دیاریەكانى قوڕەیشیەكان گێڕدرایەوە.[9]

عەمر لە جەنگى ئوحوددا لەناو سوپاى بێباوەڕاندا بەشدارى كرد و هاودەم بە خۆیشی ژنەكەشی برد.[10]

لە جەنگى خەندەقیشدا دووبارە عەمرى كوڕی عاص لەگەڵ بێباوەڕاندا بەشدارى كرد، هەرجارەو بەشێك لە سوپاى بێباوەران هەنگاویان دەنا بۆ هێرش بردن، رۆژێك ئەبووسوفیان هێرشی دەبرد و رۆژێك خالیدی كوڕی وەلید و رۆژێك عەمری كوڕی عاص، زیاتریش پشتیان دەبەست بە تیرهاوێژەكانیان تا تیر بهاوێژن بۆ ئەوبەر خەندەقەكە.[11]

 

 

موسڵمانبوونى عەمر

لە دواى جەنگى خەندەق، عەمرى كوڕی عاص لەگەڵ كۆمەڵێك لە قوڕەیشیەكان كۆبوویەوەو وتى من دەبینم رۆژ دواى رۆژ دەسەلآتى موحەممەد زیاد دەكات، جا من رایەكم هەیە، وتیان راكەت چیە؟ وتى رام وایە بچین بۆ لاى نەججاشی و لەوێ لاى ئەو بمێنینەوە، جا ئەگەر موحەممەد سەركەوت بەسەر هۆزەكەماندا ئەوە ئێمە لاى نەججاشی دەبین، چونكە لەژێر دەستی نەججاشیدا بین باشترە تا لەژێر دەستی موحەممەددا بین، ئەگەریش هۆزەكەمان سەركەوتن ئەوە ئێمە ئەوان دەناسین و تەنها چاكەى ئەوانمان بەردەكەوێت، ئەوانیش وتیان راكەت پەسەندە، بۆیە كەوتنە كۆكردنەوەى دیارى بۆ نەججاشی و كەوتنەڕێ تا گەیشتنە حەبەشە، لەو كاتەدا نێردراوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ لاى نەججاشی كە عەمرى كوڕی ئومەییەى ضهمری بوو، سەبارەت بە جەعفەرو  هاوەڵانى پەیامى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بۆ نەججاشی هێنابوو، عەمر دەڵێت منیش وتم دەچم و داواى لێدەكەم عەمرى كوڕی ئومەییەم پێبدات تا بدەم لە گەردنى و بەوەش قوڕەیش دەزانن كە من بە كوشتنى نێردراوى موحەممەد چیم بۆ كردون، چوومە ژوورەوە بۆ لاى نەججاشی و وەك خۆیان سوجدەم بۆ برد، ئەویش وتى مەرحەبا لە هاوڕێكەم، لە وڵاتەكەتەوە هیچ دیاریەكت بۆ هێناوین؟ وتم بەڵی ئەی پاشا، ئینجا دیاریەكەم بۆ برد، ئەویش زۆر پێی سەرسام بوو، دواتر وتم ئەی پاشا من ئێستا بینیم كەسێك لەلات چوو و نێردراوى دوژمنێكی ئێمە بوو، ئەو كەسەم پێ بدە تا بیكوژم، چونكە ئەو پیاوماقووڵی زۆری ئێمەى كوشتووە، نەججاشی تووڕە بوو، وا شەرمەزار بووم كە ئەگەر زەوى شەقی ببردایە دەچووم بە زەویدا، دواتر وتم ئەی پاشا وامزانى تۆ رقتە لێی بۆیە داوام كرد، ئەویش وتى داوام لێدەكەیت نێردراوى كەسێكت پێ بدەم كە پەیامى خواى بۆ هاتووە(لە هەمان سەرچاوەكەى مووساوە) بۆ ئەوەى بیكوژیت، وتم ئەی پاشا جا وایە پەیامەكەیان یەك سەرچاوەیە؟ وتى ماڵت وێران بێت ئەی عەمر گوێم لێ بگرەو شوێنی بكەوە، بەخوا ئەو لەسەر حەقەو بەسەر نەیارانیشدا سەردەكەوێت وەك چۆن مووساى كوڕی عیمران سەركەوت بەسەر فیرعەون و سەربازەكانیدا، منیش وتم ئیسلامم پێ دەدەیت؟ ئەویش وتى بەڵێ، ئەوەبوو دەستی كردەوەو بەیعەتى ئیسلامم پێدا، دواتر چووم بۆ لاى هاوەڵانم و رام وەك پێشتر نەمابوو و موسڵمانبوونى خۆمم شاردەوەو دواتر گەڕامەوەو بڕیارم دا بچم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لە رێدا گەیشتم بە خالیدی كوڕی وەلید، وتم بۆ كوێ دەچیت؟ وتى دەچم تا موسڵمان بم، منیش وتم دەى بەخوا منیش بۆ ئەوە هاتوم، پێكەوە چووین بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و خالید پێشكەوت و موسڵمان بوو، دواتر من چومە پێشەوەو وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەسەر ئەوە بەیعەتت پێدەدەم كە تاوانى رابردووم بسڕیتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەی عەمر بەیعەت بدە، چونكە ئیسلام پێش خۆی دەسڕێتەوەو هیجرەتیش پێش خۆی دەسڕێتەوە)، منیش بەیعەتم پێدا و  گەڕامەوە دواوە.[12]

ئیبن كەثير دەڵێت موسڵمانبوونیان لە دواى رێككەوتنى حودەیبیە بووە.[13]

موسڵمانبوونى عەمرى كوڕی عاص هاودەم بوو بە موسڵمانبوونى خالیدی كوڕی وەلید، خالید كە باسی موسڵمانبوونى خۆی دەكات، دەڵێت چوومەوە ماڵەوەو فەرمانم كرد سوارەكەم ئامادە كرا و دەرچووم تا گەیشتم بە عوثمانى كوڕی طهلحە، وتم ئەمەیان هاوڕێمە، مەسەلەكەم بۆ باس كرد و ئەویش ئامادەبوو بێت، وتم ئەم ئێوارە دەمەوێت دەربچم، ئەوەبوو بۆ بەرەبەیان چووین، ... لە رێدا عەمری كوڕی عاصمان بینی، ئەویش هاتبوو تا موسڵمان بێت، ئەوەبوو لە مانگى صەفەرى ساڵی هەشتی كۆچیدا گەیشتینە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[14]

كاتێك ئەو سێ كەسە موسڵمان بوون پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر دڵخۆش بوو بە موسڵمانبوونیان.[15]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) عەمرى كوڕی عاصی نارد بۆ ذاتوسەلاسیل، كە عەمر چوویە ئەوێ لە زۆری ژمارەى دوژمن ترسا، بۆیە داواى هاوكارى ناردنى سوپاى دیكەی كرد لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[16] پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) سوپایەكى لە كۆچەران پێكهێناو ئەبووعوبەیدەی كرد بە بەرپرسیان، كە سوپاكە گەیشتە لاى عەمر، عەمر وتى من ئەمیرتانم، كۆچەرانیش وتیان بەڵكو تۆ ئەمیری سوپاكەى خۆتیت و ئەمیری ئێمە ئەبووعوبەیدەیە، عەمر وتى ئێوە سوپاى پشتیوانن بۆ یارمەتى من نێردراون، ئەبووعوبەیدە كە ئەوەى بینی، خێرا ئەمیرایەتى دایە دەست عەمر،[17] دواتر كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى بیست، فەرمووى رەحمەتى خوا لە ئەبووعوبەیدەی كوڕی جەراح بێت.[18]

عەمر دەڵێت لە غەزاى ذاتوسەلاسیلدا شەوێك تووشی لەشگرانى بووم، شەوێكی زۆر سارد بوو ترسام خۆم بشۆم لەناوچم، بۆیە تەیەممومم كرد و نوێژم كرد بۆ هاوەڵانم، دواتر ئەوان ئەوەیان باسكرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش فەرموووى (ئەى عومەر بە لەشگرانیەوە بەرنوێژیت بۆ هاوەڵانت كرد؟) منیش بۆم باسكرد بۆچی خۆم نەشۆرد، وتم من ئەم ئایەتەم بیستووە(ولا تقتلوا أنفسكم إن الله كان بكم رحیما)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێكەنى و هیچی نەفەرموو.[19]

هەروەها لە ساڵی هەشتەمى كۆچیدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەمرى كوڕی عاصی نارد بۆ لاى جیفەر و عەمرى كوڕانى جەلەندى.[20]

هەروەها لە هەمان ساڵدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەمرى كوڕی عاصی نارد بۆ لەناوبردنى بتی سواع، ئەویش چوو ئەو بتەى لەناوبرد.[21]

عەمرى كوڕی عاص دەڵێت جارێك لە مەدینە ترسێك بلآوبوویەوە، سالیم شمشێرەكەى گرتەدەستی و دانیشتبوو، منیش كە بینیم سالیم چی كردووە چووم شمشێرەكەم هەڵگرت و وەك ئەو دانیشتم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە دەرەوەو فەرمووى (ئەی خەڵكینە بۆچی ترستان بۆ لاى خوا و پێغەمبەرەكەى نەبێت، ئەوە چیتانە؟ بۆچی وەك ئەو دوو پیاوە باوەڕدارە ناكەن؟).[22]

عەلقەمەى كوڕی ريمثهى بەلوی دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عەمرى كوڕی عاصی نارد بۆ بەحرەین و دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی دەرچوو و ئێمەش لەگەڵی دەرچووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەنەوزێك گرتى و دواتر هەستا و فەرمووى رەحمەتى خوا لە عەمر، ئێمەش هەر كەس ناوى عەمر بوایە دەهات بە بیرماندا، هەمدى وەنەوزێكی كرد و هەستاو هەمان شتی فەرموو، بۆ جاری سێیەم وتمان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مەبەستت كام عەمرە؟ فەرمووى عەمری كوڕی عاص، لاى خوا بۆ عەمرى كوڕی عاص خێرێكی زۆر هەیە.[23]

لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكری صدیقدا چوو بۆ فتووحاتى شام و رۆڵی كاراى بینی.

لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابيشدا عەمرى كوڕی عاص سەركردایەتى سوپاى موسڵمانانى دەكرد لە جەنگى ئەجنادەیندا و توانى سوپاى رۆمەكان تێكبشكێنێت.[24]

دواى ئەوە عەمر داواى ناردنى سوپاى پشتیوانى لە عومەرى كوڕی خەططاب كرد تا درێژە بە فتووحات بدات،[25] كاتێك عەمرى كوڕی عاص داواى یارمەتى سوپایی كرد لە عومەرى كوڕی خەططاب و داواى سێ هەزار سوارەى كردبوو، خەلیفە خاریجەى كوڕی حوذافە و زوبەیرى كوڕی عەووام و میقدادى كوڕی ئەسوەدى نارد بۆ پشتیوانى عەمر،[26] لەگەڵ هەریەك لەوانەدا دەستەیەك لە سوپاى نارد.[27]

جارێك شورەحبیلى كوڕی حەسەنە بیستی عەمرى كوڕی عاص وتى طاعوون پیسیەو دوور بگرن لێی، شورەحبیل كە ئەوەى بیست وتى من كاتێك هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم كە عەمر لە گوێدرێژەكەى ماڵەوەى گومڕاتر بوو، ئەم نەخۆشیە رەحمەتى پەروەردگارتان و نزاى پێغەمبەرەكەتان و مەرگى پیاوچاكانى پێشینتانە، بۆی خڕبنەوەو بلآوەى لێ مەكەن، كە عەمر ئەوەى بیستەوە، وتى راست دەكات.[28]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب خۆی چوو بۆ شام و لەوێ عەمرى كوڕی عاص و شورەحبیلی كوڕی حەسەنەى بینی، باوەشیان كرد بە یەكدا و تاسەی دیدارى پاش دوورییان شكا.[29]

پاش ئەوەى فەتحى شام تەواو بوو، عومەرى كوڕی خەططاب عەمری كوڕی عاصی نارد بۆ میصر تا فتووحاتى میصر بكات، عەمریش بە سەركەوتوویی ئەركەكەى بەجێگەیاند و لەوێ بە والیەتى میصر مایەوەو كاروبارى میصری بەدەستەوە بوو تا سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففانیش،[30] هەر لە ماوەى والیەتیدا فتووحاتى زۆر ناوچەی تری كرد لەوانەش ئەو ناوچانەى دەكەونە لیبیاى ئەمڕۆوە.[31]

لێرەدا باسی وردەكارى فتووحاتەكە ناكەین، چونكە بە زمانى كوردی نووسینى باش لەو بارەوە هەیەو خوێنەر دەتوانێت بیخوێنێتەوە، ئەگەر لە ژیانى هەر هاوەڵێكدا وردەكارى فتووحات و هەندێ بوارى دیكەی ژیان بخەینەڕوو، ئەوە نووسینەكە ماندووكەر دەبێت.

عەمرى كوڕی عاص لە خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففاندا دڵسۆزی خەلیفە بوو، خەلیفەش لە مەسەلەكاندا راوێژی پێدەكرد و راى وەردەگرت، لەوانە مەسەلەى كوشتنى كچەكەى ئەبوولوئلوئە بوو لەلایەن عوبەیدوڵاى كوڕی عومەرەوە، عەمر راى وابوو عوبەیدوڵا نەكوژرێتەوەو خوێن باییەكەى بدرێت، عوثمانيش خوێن بایی ئەوانى لە سامانى تایبەتى خۆی بەخشی.[32]

كاتێك ئاشووبگێڕان ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر بە عوثمان، خەلیفە سەركردەكانى ناوچەكانى كۆكردەوە تا رایان وەرگبرێت، ئەوەبوو موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان و عەمری كوڕی عاص كە هێشتا ئەمیری میصر بوو و چەند سەركردەیەكى تریش هاتن و هەركامەو راى خۆیان دەربڕی، سەرەتا عەمر لەگەڵ عوثماندا بە رەقی قسەى كرد، دواتر پۆزشی هێنایەوە، دواجار عوثمان بڕیاری دا والیەكانى لە پۆستەكانیاندا بهێڵێتەوە.[33]

لە ساڵی بیست و پێنجی كۆچیدا خەلیفە عوثمانى كوڕی عەففان عەمرى كوڕی عاصی لە والیەتى میصر لابرد و عەبدوڵاى كوڕی سەعدى لە شوێنەكەى دانا،[34] رایەكی تریش دەڵێت بەڵكو لە ساڵی بیست و حەوتى كۆچیدا بوو.[35]

لابردنى عەمر نارەزایی خەڵكێكی میصری لێكەوتەوە، جا باس لەوەش كراوە كە عەمر بەهۆی لابردنیەوە بەرامبەر بە عوثمانى كوڕی عەففان هەڵوێستی نەیاری نواندووە.[36]

پاش شەهیدكردنى عوثمانى كوڕی عەففان، عەمر هاودەم بە موعاویە هەڵوێستی تۆڵەسەندنەوەى هەڵبژارد و شوێن راكەى عەلى كوڕی ئەبووطالیب نەكەوت و بەیعەتى نەدا بە خەلیفە عەلى كوڕی ئەبووطالیب.[37]

كاتێك عەلى ویستى كەسێك بنێرێت بۆ لاى موعاویە تا بەیعەتى لێ وەربگرێت، جەریرى كوڕی عەبدوڵا بە نامەیەكی عەلى كوڕی ئەبووطالیبەوە چوو بۆ لاى موعاویە كە داواى كردبوو بەیعەت بدات،[38] ئینجا جەریر خەڵكی كۆكردەوەو وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا داواى لە موعاویە كرد گوێڕایەڵی بنوێنێت و ناكۆكی نەنێتەوەو نەبێتە هۆی جەنگى نێوان موسڵمانان، موعاویەش داواى كرد پەلەى لێ نەكات تا راى خەڵكی شام وەربگرێت،[39] كە جەریر نامەكەى دا بە موعاویە، موعاویە عەمرى كوڕی عاص و گەورەكانى خەڵكی شامى كۆكردەوەو راوێژی كرد بە هەموویان، ئەوانیش وتیان تا بكوژانى عوثمان نەكوژرێنەوە بەیعەت نادەین یان دەبێت بكوژەكانى عوثمانيان بدرێنە دەست، ئەگەرنا جەنگى لەگەڵ دەكەن و بەیعەتى پێ نادەن، ئەوەبوو جەریر گەڕایەوەو هەواڵەكەى دا بە عەلى.[40]

لە جەنگى نیوان سوپاى عەلى و موعاویەدا لە رۆژی هەینیدا سوپاى عێراق بە سەركردایەتى عەممارى كوڕی یاسیر و سوپاى شام بە سەركردایەتى عەمرى كوڕی عاص بەریەككەوتن و جەنگێكی سەخت لەنێوانیاندا روویدا، دواتر گەڕانەوە، ئینجا لە رۆژی شەممەشدا دووبارە جەنگ روویدا، بەو جۆرە چەند رۆژێك جەنگ روویدا.[41]

لە جەنگى صفیندا كاتێك عەممار كوژرا، عەمرى كوڕی حەزم چوو بۆ لاى عەمری كوڕی عاص و وتى وا عەممار كوژرا و پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو دەستەى یاخی ئەو دەكوژن، عەمری كوڕی عاصیش خێرا راچڵەكى و خۆی كرد بە ژووردا بۆ لاى موعاویەو موعاویە وتى چی بووە؟ عەمر وتى عەممار كوژرا، موعاویە وتى جا كوژرا چی بوو؟ عەمر وتى بیستم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (دەستەى یاخیبوو دەیكوژن)، موعاویە قسەیەكی پێ وت و وتى مەگەر ئێمە كوشتمان، بەڵكو عەلى و هاوەڵانى كوشتیان كە هێنایان تا خستیانە بەر رمەكانمان.[42]

ئینجا عەبدوڵاى كوڕی عەمرى كوڕی عاص لاى موعاویە سەركۆنەى زۆری كردن كە بكوژى عەممار بوون و ئەوان دەستەی یاخی بوون، موعاویە وتى جا كە وایە بۆچی لەگەڵ ئێمەیت؟ ئەویش وتى چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردم گوێڕایەڵی باوكم بم، ئەگەر لەبەرئەوە نەبوایە لەگەڵت نەدەهاتم.[43]

مەسەلەى دادوەرى

كاتێك عەلى كوڕی ئەبووطالیب و موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان رێككەوتن لەسەر دانانى دوو دادوەر بۆ چارەسەری كێشەی نێوانیان و پێدانى دەسەلآتى تەواو پێیان تا بڕیاری كۆتایی بدەن، موعاویەی كوڕی ئەبووسوفیان عەمرى كوڕی عاصی راسپارد، عەلى كوڕی ئەبووطالیبیش ئەبوو مووساى ئەشعەرى راسپارد، هەرچەندە داواى لێكرا كە ئیبن  عەبباس بكات بە دادوەر، بەڵام لەلایەكەوە لەبەر فشارى یەمانیەكان و لە لایەكی تریشەوە لەبەر زانینی پلەوپایەى ئەبوو مووسا خەلیفە عەلى كوڕی ئەبووطالیب ئەبوو مووساى بۆ ئەو ئەركە راسپارد، خەلیفە بە ئەبوو مووسا و عەمرى كوڕی عاصیشی وت لەسەر بنەماى قورئان حوكم بدەن، قورئانیش پشتیوانى منە، ئەگەر بەپێی قورئان حوكم نەدەن بڕیارتان بۆ نیە.[44]

لێرەدا گێڕانەوەیەكى باو و بلآو سەبارەت بە دادوەریەكە هەیە كە زۆرێك لە سەرچاوەكان هێناویانەو كردوویانە بە بەڵگەیەك بۆ تانەدان لە  هەریەك لە ئەبوو مووساى ئەشعەرى و عەمرى كوڕی عاص، دەستەیەكیش وەڵامى ئەو گێڕانەوەیان داوەتەوە، بە كورتى هەردوو راكە دەخەینەڕوو:

ئەبوو موخنەف دەڵێت ئەبووجونابی كەلبی بۆی گێڕامەوە كاتێك عەمر و ئەبوو مووسا لە دەومەتولجەندەل كۆبوونەوە، عەمر پێش ئەبوو مووسا قسەی كرد و وتى تۆ هاوەڵی پێغەمبەرى خوایت و لە من بەتەمەنتریت، تۆ قسە بكەو منیش دواتر قسە دەكەم، لە هەموو شتێكدا عەمر ئەبوو مووساى پێشدەخست و بەوە خەڵەتاندى تا پێشتر ئەو عەلى كەنار بخات، عەمر دواتر ویستی موعاویە بهێڵێتەوە، بەڵام ئەبوو مووسا رازى نەبوو، ئینجا ویستی كوڕەكەى خۆی دابنێت، بەڵام رازى نەبوو، ئەبوو مووسایش ویستی عەبدوڵاى كوڕی عومەر دابنێن، بەڵام عەمر رازى نەبوو، عەمر وتى راى خۆتم پێ بڵێ، ئەبوو مووسا وتى رام وایە ئەم دوو پیاوە(عەلى و موعاویە) لا ببەین و مەسەلەكە بكەین بە شووراى نێوان موسڵمانان و موسڵمانان خۆیان بە حەزى خۆیان كەسێك هەڵبژێرن، عەمر وتى منیش هاوڕاى تۆم، ئەوەبوو چوون بۆ لاى خەڵكەكەو ئەبوو مووسا پێشتر قسەی كرد و وتى راى من و عەمر لەسەر یەك شتە كە هیوامان وایە خواى گەورە بەو هۆیەوە بارى ئەم ئوممەتە رێك بخات، عەمر وتى ئەبوو مووسا راست دەڵێت، ئەبوومووساى پێشخست، ئیبن عەبباس بە ئەبوومووساى وتماڵوێران وادەزانم لەخشتەت دەبات، ئەگەر ئێوە لەسەر شتێك رێككەوتون دەى تۆ ئەو پێش بخە با ئەو قسەكەى بكات ئینجا تۆ قسە بكە، چونكە عەمر كەسێكی ناپاكە...ئەبوومووسا سادە بوو و پێی وت ئێمە رێككەوتویننبۆیە پێشكەوت و سوپاس و ستایشی خواى كرد و دواتر وتى ئەی خەڵكینە ئێمە تەماشای بارى ئەم ئوممەتەمان كرد و باشترین شت بۆ ئەوە كە راى من و عەمری لەسەرە ئەوەیە عەلى و موعاویە لابەرین و ئەم ئوممەتە رووبكەنە مەسەلەكەو خۆیان بە حەزى خۆیان كەسێك بكەنە ئەمیر، وا من عەلی و موعاویەشم لابرد و ئێوە خۆتان كەسێك بكەن بە ئەمیر كە بە باشی دەزانن، دواتر ئەبوو مووسا كەنارى گرت و عەمرى كوڕی عاص هەستا و هاتە شوێنەكەى و سوپاس و ستایشی خواى كرد و وتى قسەكانى ئەوتان بیست كە هاوەڵەكەى خۆی لابرد، منیش وەك ئەو هاوەڵەكەى خۆی لادەبەم و موعاویەی هاوەڵم دەهێڵمەوە، چونكە ئەو وەلى عوثمانى كوڕی عەففانەو داواكارى خوێنی ئەوە و شیاوترین كەسە بە شوێنەكەى، ئەبوو مووسا وتى چیتە خوا مۆفەقت نەكات ناپاكیت نواند و لاتدا، نموونەى تۆ وەك سەگ وایە، عەمریش وتى نموونەى تۆیش وەك كەر وایە، جا شورەیحی كوڕی هانی ْ هەڵیكوتایە سەر عەمر و بە قامچی لێیدا، كوڕێكى عەمریش هەڵیكوتایە سەر شورەیح و بە قامچی لێیدا، خەڵكی هەستان و جیایان كردنەوە، جا شورەیح دواتر دەیوت پەشیمانم لەوەى لە بری قامچیەكەم بە شمشێر نەمدا لە عەمر...ئیبن عەبباسیش دەیوت خوا ئەبوو مووسا بێزراو بكات خۆ من هۆشیارم كردەوە كەچی وەرینەگرت... جا عەمر و شامیەكان گەڕانەوە بۆ لاى موعاویەو خیلافەتیان پێ سپارد و ئیبن عەبباس و شورەیحیش گەڕانەوە بۆ لاى عەلى، جا كە نوێژی بەیانى دەكرد لە قنووتدا نزاى دەكرد خوایە نەفرینت بنێرە بۆ موعاویەو عەمر و ئەبولئەعوەرى سولەمی و حەبیب و عەبدوڕەحمانى كوڕی خالید و ضهححاكى كوڕی قەیس و وەلید، موعاویەش كە ئەوەی بیست لە هەموو قنووتێكدا دەستی دەكرد بە نەفرین كردنى عەلى و ئیبن عەبباس و ئەشتەر و حەسەن و حوسەین.[45]

ئەم گێڕانەوەیە هی ئەبوو موخنەفە كە یەكێكە لەو شیعانەى زۆرترین گێڕانەوەى دژ بە هاوەڵان و ئەهلى سوننە تۆمار كردووە، ناوەڕۆكی گێڕانەوەكەشی زۆر جێی گومانە و ئەم تۆمەتانەى لێدەكەوێتەوە:

یەكەم: بە گەمژەو نەفام دانانى ئەبوو مووساى ئەشعەرى لە كاتێكدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەوى نارد بۆ یەمەن و بەرپرسیارێتی پێ سپارد، هەر لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) یەكێك بوو لەو چوار كەسەی كە فتواى دەدا، لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططاب و عوثمانى كوڕی عەففانیشدا والى و بەرپرس بوو.

دووەم: بە ناپاك دانانى عەمرى كوڕی عاص كە هاوەڵێكی ناسراوى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) و پێدانى سیفەتى ناپاكى پێی.

سێیەم: زمانى ئەبوو مووسا هى قسەوتنى وا ناشیرین نەبوو، زمانى عەمریش هەروا، هاوكات زمانى عەلى كوڕی ئەبووطالیب زمانى ئەو هەموو نەفرینە نیە لەو هەموو كەسە، ئەویش لەكاتى نوێژی بەیانیدا، هەروەك زمانى موعاویەش ئەو زمانە نەبوو.

چوارەم: ئەگەریش وابێت، خۆ مەرجى رازیبوون ئەوەیە هەردوولا لەسەر یەك وتە رێككەوتبن، خۆ ئەبوو مووسا وتى وا رێككەوتوین هەردووكیان لابەرین و وا من عەلى و موعاویەشم لابرد، بۆیە ئەگەریش عەمر وایكردبێت، ئەوە كارەكەى سەركەوتوو نەبووە.

بۆیە ئەم گێڕانەوەیە زیاتر دەمارگیری توندى مەزهەبی شیعەى پێوە دیارەو زۆر دووبارەبوونەوەشی لە سەرچاوەكاندا تەنها لەم بنەڕەتەوەیە كە گێڕەرەوەكەى ئەبوو موخنەفی شیعەیە، خواش زاناترە بە راستیەكان.

سەبارەت بە گێڕانەوەى دووەم دەقی نووسینەكەى ئیبنولعەرەبی لە كتێبی (الصواصم من القواصم) دادەنێین سەبارەت بە مەسەلەى تەحكیم (دادوەری):

خەڵكی سەبارەت بە تەحكیم حوكمیان داوەو شتانێكیان وتووە كە خوا پێی رازى نیە، ئەگەر جیا لە ئایینداریش بە چاوى پیاوەتى تەماشاى بكەیت، تێدەگەیت لە نووسینەكاندا بێماناییەك هەیە كە زیاتر بێدینیەو كەمترین شت بیڵێین دەڵێین نەفامیەكى روونە، ئەوەى لەو بارەوە راستە ئەوەیە كە پێشەوایانى وەك خەلیفە ئیبن خەییاط و دارەقوطنى گێڕاویانەتەوە كە كاتێك دەستەى عێراقی بە سەد هەزار و دەستەى شامى بە حەفتا یان نەوەد هەزارەوە دەرچوون و لە صفین لاى فورات دابەزین و لە رۆژی سێ شەممەو  لە بەرەبەیانەوە جەنگان و خەڵكی عێراق سەركەوتن بەسەریاندا، دواتر رۆژی چوارشەممە لە حەوتى صەفەرى ساڵی سی و حەوت هەمدى جەنگان تا ئەو كاتەى دوو كەس لە هەردوو لابڕیارى دادوەرییان پێدرا، لە بەرەی عەلیەوە پێنج شەممەو رۆژی هەینی و شەوی شەممە بوو، خەڵكی شام قورئانەكانیان بەرز كردنەوەو داواى رێككەوتنیان كرد و هەموان بلآوەیان لێكرد و لەسەر ئەوە رێككەوتن هەر دەستەیەك باری خۆی بداتە دەست كەسێك، ئەبوو مووسا لە بەرەى عەلى و عەمرى كوڕی عاص لە بەرەی موعاویەوە، ئەبوو مووسا كەسێكی زۆر خواناس و زانا و فیقهناس بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاودەم بە موعاذ ناردبووى بۆ یەمەن و عومەر پایەی پێدابوو و وەسفی تێگەیشتوویی كردووە، ئەو دەستە زبرە مێژووییە وتەى ناراستە كە ئەبوو مووسا بە گەمژەو ڕا لاواز و هەڵخەڵەتاو لە قسەدا وەسف دەكات و ئیبنولعاصیش بە زیرەك و لێزانى وا وەسف دەكات كە بە نموونە باسكراوە و جەخت دەكەنەوە لەو ویستی خراپەی هەیبووەو هەندێ نەفامیش شوێن ئەو رایە كەوتوون و چیرۆك و شتانێكی وایان سەبارەت بە ئەو و هاوەڵانى تریش نووسیوە.. دەڵێن كاتێك ئەوان لە ئەذرەح لە دەومەتولجەندەل كۆبوونەوە و دانووستانیان كرد و ریككەوتن لەسەر ئەوەی هەردوو لا بەرپرسانیان لاببەن، عەمر بە ئەبوومووساى وتووە تۆ پێشتر قسە بكە، ئەویش پێشكەوت و وتى من لە مەسەلەكە ورد بوومەوەو عەلیم لە پۆستەكەى لابرد و با موسڵمانان لەنێو خۆیاندا بڕیار بدەن وەك چۆن شمشێرەكەشم لە گەردنم لابرد، ئەوەبوو لایبرد و لەسەر زەوى داینا، عەمریش هەستا و شمشێرەكەى خستە سەر زەوى و وتى من لە مەسەلەكە رامام  و موعاویەم لە مەسەلەكەدا هێشتەوە و ئەم شمشێرەشم لە گەرنمدا دەهێڵمەوە، ئەبوو مووسا بەوە نارازى بوو و سەركۆنەى كرد و عەمریش وتى وا رێككەوتین، خەڵكەكە بەو بارى ناكۆكیە بلاوەیان لێكرد، ئەمە درۆیەكى راشكاوەو یەك پیتیشی لە راستیدا رووینەداوەو داهێنەران و مێژوونووسانى پاشایان ئەمەیان داناوەو خەڵكێ كە بە ئاشكرا لە فەرمانى خوا دەردەچن و بیدعە دەنوێنن بە میراتى ئەو وتانەیان وەرگرتووە، ئەوەى چەسپاوەو زانایانى راستبێژ گێڕاویانەتەوە ئەوەیە كاتێك ئەو دوانە كۆبوونەوە تا لە مەسەلەكە رامێنن و دەستەیەكى رێزدارى خەڵكیش ئامادە بوون لەوانە ئیبن عومەر و هاوچەشنانى، عەمریش موعاویەی كەنار خستووە، دارەقوطنى بە سەنەدى خۆی لە حوصەینی كوری مونذیرەوە هێناویەتى كاتێك عەمر موعاویەی كەنارخست، حوصەین چوو لە نزیك چادرەكەى موعاویەوە چادرى هەڵدا، موعاویە كە هەواڵی بیست ناردى بە شوێنیدا و وتى بیستوومە عەمر ئاواو ئاواى وتووەو كردووە، جا بڕۆ بزانە ئەوە چیە من لە بارەیەوە بیستوومە، حوصەین دەڵێت منیش چووم بۆ لاى و وتم باسی ئەو كارەم بۆ بكە كە تۆ و ئەبو ومووسا بۆی راسپێردراون چیتان كرد، ئەویش وتى خەڵكی قسەی خۆیان لەو بارەوە كرد، بەخوا بارەكە وەك ئەوەى ئەوان نەبوو، بەڵكو من بە ئەبوو مووسام وت رات لەم بارەیەوە چیە، ئەویش وتى من پێم وایە دەسەلآت بۆ یەكێك لەو كەسانە بێت كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد و لێیان رازى بوو، منیش وتم ئەی من و موعاویە چی لێدەكەیت؟ وتى پشتتان پێ ببەستێت چونكە ئێوە پشتیوانیتان لەدەست دێت، حوصەین چوویەوە بۆ لاى موعاویەو بەسەرهاتەكەى وەك خۆی بۆ گێڕایەوە، ئەویش ناردى بۆ لاى ئەبیلئەعوەرى ذەكوانى و بە سوارەكانیەوە ناردى، ئەویش چوو سوارى ئەسپەكەى بووو غارى دەدا و دەیوت كوا دوژمنى خوا؟ كوا ئەو فاسقە؟ عەمر چوو بۆ لاى ئەسپێكی لەژێر چادرەكەیدا و بێ زین هێنایە دەرەوەو بەرەو لاى چادرەكەى موعاویە غارى دەدا و دەیوت (إن الضجور قد تحتلب العلبة يا معاوية إن الضجور قد تحتلب العلبة) جار هەیە وشترى شیردەر سەتڵی شیرەكە پڕ دەكات ئەی موعاویە جار هەیە وشترى شیردەر سەتڵی شیرەكە پڕ دەكات.[46]

بەڵام مەسەلەیەكی دى هەیە كە ئەویش ئەوەیە موعاویە بەهێزی و لێزانى عەمری لا روون بووو دەیزانى خەڵكی میصر چەندە هەوادارى ئەون، بۆیە لە ساڵی سی و هەشتی كۆچیدا عەمری نارد بۆ میصر تا لەدەست موحەممەدى كوڕی ئەبووبەكری صدیقی وەربگرێتەوەو خۆی ببێت بە والى ئەوێ، عەمریش چوو و هەمان كارى كرد و موحەممەدى كوشت-چونكە نەیاری عوثمانى كوڕی عەففان بوو- و خۆی بوو بە والى میصر تا ئەو كاتەى وەفاتى كرد.[47]

سێ كەس لە خەواریجەكان كە بریتی بوون لە ئیبنولمولجەم و بەركی كوڕی عەبدوڵا و عەمرى كوڕی بەكر كۆبوونەوەو باسی كوشتارى هاوڕێكانیان لە نەهرەوان كرد، بۆیە بڕیاری تۆڵەیان دا و ریككەوتن لەسەر ئەوەى هەركامیان و یەكێك لە سەركردەكان بكوژێت، ئیبنولمولجەم وتى من عەلى دەكوژم، بەرك وتى منیش موعاویە دەكوژم، عەمریش وتى منیش عەمرى كوڕی عاص دەكوژم، ئەوەبوو هەرسێیان بەڵێنیان بە یەكدى دا و شمشێرەكانیان ژەهراوى كرد و وادەی حەڤدەى رەمەزانیان دانا.[48]

كاتێك سێ خەواریجەكە بڕیاریاندا هەریەك لە عەلى كوڕی ئەبووطالیب و موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیان و عەمرى كوڕی عاص بكوژن، ئەوەى هات عەمر بكوژێت بە هەڵە خاریجەى كوڕی حوذافەى كوشت كە دادوەرى میصر بوو، چونكە وایزانى عەمرە، كەچی كە دواتر گیرا و برا بۆ لاى عەمر، وتى بۆ من كێم كوشتووە؟ وتیان خاریجەت كوشتووە، ئەویش وتى من نیازم بوو عەمر بكوژم، بەڵام خوا ویستى خاریجە بێت.[49]

دواجار عەمری كوڕی عاص لە ساڵی چل و سێی كۆچیدا وەفاتى كرد،[50] رای تریش هاتووە لە ساڵی چل و حەوت یان چل و هەشت یان پەنجاو یەكی كۆچیدا وەفاتى كردووە، لە سەرەمەرگیدا دەستی كرد بە گریان، عەبدوڵاى كوڕی وتى بۆچی دەگریت؟ لە ترسی مەرگ؟ عەمر وتى نابەخوا، بەڵكو لە بارى دواى مەرگ دەترسم، عەبدوڵاش دڵنەوایی دەدایەوەو باسی ئەوەى بۆ دەكرد كە لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووەو لە فتووحاتى شامدا بەشدار بووە، عەمریش وتى لە هەموو ئەوانە چاكترم جێهێشتووە كە ئەویش شایەتومانى (لا الە الا اللە)ە، من كاتى خۆی سەرسەختترین نەیارى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووم، جا ئەگەر ئەوكات بمردمایە لە دۆزەخ دەبووم، دواتر بەیعەتم دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و لە هەموو كەس زیاتر شەرمم لێدەكرد تا ئەوەى نەمتوانى تێری چاوم تەماشای بكەم، ئەگەر ئەو كات بمردمایە خەڵكی دەیانوت خۆشی بۆ عەمر كە لەسەر خێر و چاكە مرد و هیوامان وایە لە بەهەشت بێت، دواى ئەوە دەستم گەیشتە دەسەلآت و ئیتر نازانم چاكە بۆم یان خراپ،  ئەگەر بمرم كەسێ بۆم ناگری... كە مردم دارو بەرد لەسەر گۆڕم دامەنێن، كە داتانپۆشیم هێندەى سەربڕینی وشترێك لام بمێننەوە. [51]

عەمر دەڵێت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (إذا حكم الحاكم فاجتهد ثم أصاب فله أجران، وإذا حكم فاجتهد ثم أخطأ فله أجر[52] (ئەگەر دادوەر حوكمێكی دا و ئیجتیهادى كرد و پێكاى ئەوە دوو پاداشتی بۆ هەیە، ئەگەر حوكمى دا و  ئیجتیهادى كرد و نەیپێكا ئەوە یەك پاداشتی بۆ هەیە).

عەمر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (فصل ما بین صیامنا وصیام أهل الكتاب، أكلە السحر)،[53] (جیاكەرەوەى نێوان رۆژووی ئێمەو رۆژووی ئەهلى كیتاب، خواردنى پارشێوە).



[1] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 650.

[2] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 193.

[3] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[4] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 215.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[6] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 215.

[7] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[8] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 215-216.

[9] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 206-207.

[10] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 11.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 67.

[12] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 142.

[13]  -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 142.

[14] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص 474-476، البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 238-239.

[15] -  سير أعلام النبلاء للذهبي، ج3، ص 55.

[16] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 273.

[17] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 9.

[18] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص 275.

[19] - سنن أبي داود، الرقم 286، المستدرك على الصحيحين، الرقم 581، سنن الدارقطني، الرقم 589، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17478، صححه شعيب الارناؤوط، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 334.

[20] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 374.

[21] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص 375.

[22] - الآحاد و الثماني لابن أبي عاصم، الرقم 732، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17476، صححه شعيب الأرناؤوط.

[23] - أسد الغابة، ج4، ص 92.

[24] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 54.

[25] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 55.

[26] - أسد الغابة، ج2، ص 103.

[27] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 618.

[28] - صحيح ابن حبان، الرقم 3003، حسنه شعيب الأرناؤوط.

[29] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 57.

[30] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 97-101.

[31] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 130.

[32] - البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 149.

[33] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 167.

[34] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج5، ص 351.

[35] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 151.

[36] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 170.

[37] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 251.

[38] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 254.

[39] - البداية والنهاية لابن كثير، ج8، ص 127.

[40] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 254.

[41] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 262-268.

[42] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2595، مسند احمد بن حنبل، الرقم 17444، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15615، صححه الذهبي في التلخيص، كما صححه شعيب الأرناؤوط،

[43] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 269.

[44] - أسد الغابة، ج3، ص 377.

[45] - تأريخ الطبري، ج3، ص 113.

[46] - العواصم من القواصم لابن العربي،  178-181.

[47] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 313-323.

[48] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج7، ص 324-328.

[49] - أسد الغابة، ج2، ص 103.

[50] -  البداية و النهاية لابن كثير، ج8، ص 25.

[51] -  صحيح مسلم، الرقم 198، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17446.

[52] - صحيح البخاري، الرقم 6939، صحيح مسلم، الرقم 3326، صحيح ابن حبان، الرقم 5138، سنن أبي داود، الرقم 3120، سنن ابن ماجة، الرم 2311، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5745، السنن الكبرى لبيهقي، الرقم 18933، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 17440.

[53] - صحيح مسلم، الرقم 1901، صحيح ابن حبان، الرقم 3536، سنن الترمذي، الرقم 675، سنن أبي داود، الرقم 2009، سنن الدارمي، الرقم 1697، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2445، مسند أحمد بن حنبل، الرم 17429.

 2890
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.