دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  حەضرەمیى كوڕی عامر(رضي الله عنه)

ناوى حەضرەمیى كوڕی عامرى كوڕی موجەممیعى ئەسەدیە،[1] كونیەكەى ئەبوو كەدمە، یەكێكە لە هاوەڵانى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، وەك وەفدى بەنو ئەسەد بن خوزەیمە هاتە خزمەت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، ئەو و چەند كەسێكی تر، لەوانە عامر و سەلەمەى كوڕی حوبەیش و قەتادەى كوڕی قائیف و چەندێكى تر، ئەمانە هاتن و موسڵمان بوون و پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) نامەیەكى نووسی بۆیان،[2] لەوێ ماوەیەك مانەوەو خۆیان فێری قورئان دەكرد،[3] هەر لەوێ حەضرەمى سوورەتى (عبس و تولى) ى لەبەركرد، لەكاتى خوێندنەوەكەدا لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو كە زیادەیەكى بۆ كرد و وتى (والذي أنعم الحبلى فأخرج منها نسمة تسعى)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لانزد فیها)[4] (زیادەى تێدا ناكەین).

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بە حەضرەمى فەرموو: ئەرێ شتێ لە قورئان دەخوێنیتەوە-دەزانیت-؟ ئەویش وتى بەڵێ، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (دەى بیخوێنەوە)، حەضرەمیش سوورەتى (عبس وتولى) ى خوێند، دواتر ئەوەشی بۆ زیاد كرد(وهو الذي من على الحبلى فأخرج منها نسمة تسعى بين شارسيف وحشا)، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (لا تزد فيها فإنها كافية[5] (زیادەى بۆ مەكە، چونكە هێندە-كە هاتووە- بەسە).

هاتنى ئەو وەفدە لە سەرەتاى ساڵی نۆیەمى كۆچیدا بوو.[6]

حەضرەمى نۆ براى ترى هەبوو، نۆ براكەى ترى هەموویان لەناوچوون و تەنها ئەم مایەوەو میراتى هەموویانى بۆ مایەوە،[7] ئەو نۆ برایەى سەرقاڵی هەڵكەندنى بیرێك بوون كە بیرەكە تەپی بەسەریانداو بوو بە گۆڕ بۆیان.[8]

هەروەها حەضرەمى شاعیر بوو و چەندین دێڕە شیعری وتووە.[9]

حەضرەمى كە هات بۆ لاى پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) هێشتا فێر نەبووبوو چۆن رەوشتی ئیسلامى بەرامبەر بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) بنوێنێت، چونكە تازە موسڵمان بووبوو، بۆیە بەم دەربڕینە قسەی لەگەڵ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) كرد(ئێمە لە جەرگەى تاریكی شەودا لەم وشكە ساڵیەدا رێمان بڕیوە هاتوین بۆ لات و تۆیش هیچ نێردراوێكت نەناردووە بۆ لامان)، ئەوەبوو خواى گەورە لەبارەیانەوە ئایەتى دابەزاند(يمنون عليك أن أسلموا قل لاتمنوا علي إسلامكم بل الله يمن عليكم أن هداكم للإيمان) (منەتت بەسەردا دەكەن كە موسڵمان بون، پێیان بڵێ موسڵمانبوونتان مەكەن بە منەت بەسەرمەوە، بەڵكو خوا منەت دەكات بەسەرتاندا كە رێنموونى كردن بۆ ئیمان).[10]

حەضرەمى دەڵێت كاتێك هەواڵمان پێگەیشت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) نەخۆشە، ئەوكات موسەیلەمەى درۆزن دەستى گرتبوو بەسەر یەمامەدا.[11]

حەضرەمى لە جەنگى دژ بە فارس و رۆمەكاندا شیعری زۆری دەوت بۆ بەرگرى كردن لە ئیسلام، شیعرەكانى ناوبانگیان دەركردبوو، كاتێك حەضرەمى جارێك چوویە خزمەت عومەرى كوڕی خەططاب، عومەر داواى لێكرد بڕێ لە شیعرەكانى سەبارەت بە جیهادى موسڵمانان دژ بە فارس و رۆمەكان بۆ بخوێنێتەوە.[12]



[1] - أسد الغابة، ج2، ص 41.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 95.

[3] - أسد الغابة، ج2، ص 42.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 95.

[5] - فضائل القرآن لمحمد بن الضريس، الرقم 14،

[6] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 292.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 96.

[8] - أسد الغابة، ج2، ص 42.

[9] - أسد الغابة، ج2، ص 42.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 292.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 96.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 96.

 2545
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.