دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عائيذ) بووە

عائيذى كوڕی ثهعلەبە(رضي الله عنه)

ناوى عائيذى كوڕی ثهعلەبەى بەلویە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان، دواتریش تا سەردەمى فەتحى میصر ژیا و تیایدا بەشدار بوو و دواجار بە دەستی رۆمەكان لە ساڵی پەنجاو سێی كۆچیدا شەهید بوو.[1]

 

عائيذى كوڕی سەعید(رضي الله عنه)

ناوى عائيذى كوڕی سەعیدی كوڕی زەیدە، وەك وەفد هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، عائيذ دەڵێت كە چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە باوكمەوە بە قوربانت بم، دەستت بهێنە بەسەر دەموچاومدا و نزاى بەرەكەتم بۆ بكە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) داواكەى بەجێگەیاندم.[2]

لە جەنگى قادسیەو جەلەولا ْ  و لە فتووحاتدا بەشدارى كرد، لە سەردەمى خیلافەتى عەلى كوڕی ئەبووطالیبدا لەناو سوپاى عەلیدا بەشدارى جەنگى صفینی كرد و ئالآی هۆزەكەى بەدەستەوە بوو و تیایدا كوژرا.[3]

عائيذى كوڕی عەمر (رضي الله عنه)

ناوى عائيذی كوڕی عەمرى كوڕی هیلالى موزەنیەو بە ئەبووهوبەیرە ناسراوە، یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان.[4]

عائيذ تا سەردەمى عوبەیدوڵاى كوڕی زیاد ژیاو جارێك چوو بۆ لاى و ئامۆژگارى كرد و وتى من بیستوومە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (خراپترین كەس-كاربەدەستان- ستەمكارانى بێبەزەیین) جا وریابە تۆ لەوان نەبیت.[5]

عائيذى كوڕی قورط(رضي الله عنه)

ناوى عائيذى كوڕی قورطه، فەرموودەی لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[6]

 

عائيذى كوڕی ماعیص(رضي الله عنه)

ناوى عائيذى كوڕی ماعیصە، لە پشتیوانانە لە زورقیەكان.

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى حستە نێوان عائيذى كوڕی ماعیص و سوەيبيطى كوڕى سەعدەوە.[7]

عائيذ یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر، هاودەم بە خۆیشی موعاذی برایشی بەشدارى كرد، لە رووداوى بیئر مەعوونەدا عائيذ شەهید بوو.[8]

ئیبن سەعد دەڵێت ئەوەى لە بیئر مەعوونە شەهید بوو موعاذی براى بوو و عائيذ دواتر لە خەندەق و هەموو غەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد و لە جەنگى یەمامەو لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكری صدیقدا شەهید بوو.[9]

 

عائيذى كوڕی موعاذ(رضي الله عنه)

ناوى عائيذی كوڕی موعاذەو یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، لە جەنگى جیسر ئەبی عوبەیددا بەشدارى كردو تیایدا شەهید بوو، رایەكیش دەڵێت لە قادسیەدا شەهید بوو.[10]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 607.

[2] - أسد الغابة، 3، ص 144.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 607.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 609.

[5] - صحيح مسلم، الرقم 3499.

[6] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 14867، قال ابن حجر في الإصابة، ج3، ص 610 إسناده حسن.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 122.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 610.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 595.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 610.

 1190
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.