دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  جەندەع (رضي الله عنه)

جەندەعى كوڕی ضهمرە (رضي الله عنه)

ناوى جەندەعى كوڕی ضهمرەیە، یان دەوترێت ناوى جوندوبە، لە كۆچەران بوو، بەڵام كۆچەكەی نەگەیشتووەتە مەدینە.

جەندەع لە مەككە نیشتەجێ بوو و موسڵمانیش بوو، بەڵام كۆچكردنەكەى دواخست، دواتر بڕیاریدا كۆچ بكات بۆ مەدینە، بەڵام لە رێدا مرد و نەگەیشتە مەدینە.[1]

ئەبوونوعەیم دەڵێت ئەم ئایەتە لەسەر جەندەع دابەزى (و من يخرج من بيته مهاجرا إلى الله و رسوله...).

جەندەعى كوڕی ضهمرە لە مەككە نەخۆش بوو و لە كەسە پەككەوتە و لاوازەكان بوو، كاتێك بیستى خواى گەورە سەبارەت بە كۆچكردن چی دابەزاندووەو چەندە خێری هەیە داواى كرد بیبەن بۆ مەدینە،[2] جەندەع چوار منداڵیشی هەبوو، وتى خوایە من بە گیانى خۆم پێغەمبەرەكەت سەردەخەم، وا لە ناو بێباوەڕانەوە دەچم بۆ دارولهیجرەو لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەبم و ژمارەو رەنگى كۆچەران و پشتیوانان زیاد دەكەم، ئینجا بە كوڕەكانى وت بمبەن بۆ دارولهیجرە تا لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بم،[3] راخەرێكی بۆ ئامادە كرا و خرایە سەر راخەرەكەو سوار كرا و بەرەو مەدینە برا، ئەوەبوو لە ناوچەی تەنعیم كۆچی دوایی كرد، خواى گەورەش ئەو ئایەتەى لەو بارەوە دابەزاند.[4]

جەندەعى ئەنصارى (رضي الله عنه)

ناوى جەندەعەو لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[5] فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە  و دەڵێت بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من كذب علي متعمدا فليتبوأ مقعده من النار[6] (هەركەس دەست ئەنقەست درۆیەك بەدەم منەوە بكات با شوێنی خۆی لە دۆزەخدا دیارى بكات).



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 515.

[2] - الجامع لأحكام القرآن للقرطبي، دار عالم الكتب(الرياض-2003)، ، ج5، ص 349.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص 443.

[4] - الجامع لأحكام القرآن للقرطبي، ج5، ص 349.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 516.

[6] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1624،  الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 516.

 2396
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.