دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  زەیدی كوڕی سەهل(ئەبووطهلحەى ئەنصارى) (رضي الله عنه)

ناوى زەیدی كوڕی سەهلى كوڕی ئەسوەدى كوڕی حەرامە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، كونیەكەى ئەبووطهلحەیە و زیاتر بە كونیەكەى ناسراوە،[1] دایكی ناوى عوبادەى كچی مالیكە.[2]

ژنێكی هەبوو بە ناوى ئومموسولەیم، ئەم ژنەى هۆكارى موسڵمانبوونى بوو.[3]

زەید كوڕێكی هەبوو بە ناوى عەمر كە بە منداڵی وەفاتى كرد و پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نوێژی لەسەر كرد،[4] كوڕێكى ترى هەبوو بە ناوى عەبدوڵا، ئەم منداڵە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا و نزاى بۆ كرد.[5]

زەید یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە و یەكێكە لە دوانزە نەقیبەكە.[6]

 

 

هاوسەرگیری زەید

زەید كە داواى ئومموسولەیمی كرد هێشتا موسڵمان نەبووبوو، ئومموسولەیم وتى كەسی وەك تۆ هی ئەوە نیە جواب بكرێت، بەڵام من ئافرەتێكی موسڵمانم و تۆیش كەسێكی بێباوەڕیت و بۆ من حەلآڵ نیە شوو بكەم بە تۆ، ئەگەر موسڵمان بیت ئەوە مارەییەكەشم دەبێت و داواى هیچ مارەییەكى ترت لێناكەم، ئەوەبوو زەید موسڵمان بوو،[7] زەید چوو بەرەو لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە لەناو هاوەڵانیدا بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ئەبووطهلحە دێت بۆ لاتان و تارمایی ئیسلام بەنێوچاوانیەوەیەتى)، زەید هات و وتەكانى ئومموسولەیمی بۆ باسكرد و لەسەر ئەوە ئومموسولەیمی مارە كرد،[8] دواى ماوەیەك ئومموسولەیم سكی بوو و منداڵێكی بوو، زەید زۆر ئەو منداڵەی خۆشدەویست، بەڵام منداڵەكە نەخۆش كەوت، زەید زۆر زۆر خەفەتى بۆ دەخوارد، زەید بەیانى و ئێوارە دەچوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، جارێك دواى ئێوارە چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەچی منداڵەكە وەفاتى كردبوو، ئومموسولەیم منداڵەكەى بۆنخۆش كرد و جوان شۆردى، كە زەید هاتەوە وتى كوڕەكەم چۆنە؟ ئەویش وتى باشەو لەو كاتەوەى نەخۆش بووە هیچ شەوێك هێندەى ئەمشەو هێور و ئارام نەبووە، زەیدیش سوپاسی خواى كرد و بەوە زۆر دڵخۆش بوو، نانى خوارد و ئومموسولەیمیش بۆنی خۆشی دا لە خۆی و دەچوو بە دەورى زەیددا تا ئەوەى زەید لەگەڵی سەرجێی كرد، دواى هەموو ئەوانە ئینجا ئومموسولەیم پێی وت ئەگەر دراوسێكەت شتێكت بداتە لا و تۆیش سوودى لێ ببینیت و دواتر بیەوێت لێت وەربگرێتەوە تۆ چی دەكەیت؟ زەید وتى وەلآ بۆی دەگێڕمەوە، ئومموسولەیم وتى لە ناخى دڵتەوە بۆی دەگێڕیتەوە؟ وتى بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئومموسولەیم وتى دەى خواى گەورە كوڕێكی دایە لات و تۆیش بەشی خۆت خۆشیت لێ بینی، دواتر منداڵەكەت كۆچی دوایی كرد، بۆیە خۆڕاگر بە و لاى خوا چاوەڕێی پاداشت بە، زەیدیش بێتاقەت بوو، بەڵام خۆڕاگرى نواند، بۆ بەیانى چوو بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەسەرهاتەكەى بە وردى بۆ گێڕایەوە، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (خوا بەرەكەت بخاتە ئەمشەوتانەوە)، ئەوەبوو بەو سەرجێیە ئومموسولەیم سكپڕ بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە زەیدی فەرموو ئەگەر ئومموسولەیم منداڵەكەى بوو بیهێنە بۆم، كە منداڵەكەى بوو زەید منداڵەكەى بە پارچە قوماشێك پێچایەوەو بردى بۆ خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خورمایەكى هێنا بە لێوەكانیدا و خستیە دەمیەوەو منداڵەكەش دەیمژی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى نا عەبدوڵا و نزاى خێری بۆ كرد.[9]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆچی كرد بۆ مەدینەو برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان زەیدى كوڕی سەهل و ئەرقەمى كوڕی ئەبی ئەرقەمەوە.[10]

 

 

زەید لە غەزاكاندا

زەید یەكێكە لەو هاوەڵانەى هەر لە غەزاى بەدرەوە تا دوا غەزا لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) بەشدارى كرد.[11]

زەید لە غەزاى بەدردا بەشدارى كرد، خۆی دەڵێت یەكێك بووم لەوانەى كە لە غەزاى بەدردا خەوەنوچكە بردمیەوەو شمشێرەكە لە دەستم دەكەوتە خوارەوەو هەڵمدەگرتەوەو هەمدى دەكەوتە خوارەوەو هەڵمدەگرتەوە.[12]

زەید لە جەنگى ئوحوددا بەشدارى كرد، لە غەزاكەدا لەبەردەم پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) تیری دەهاویشت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لە دوایەوە بوو و قەڵغانى بۆ گرتبوو، كاتێك تیرێكی دەهاویشت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەری بەرز دەكردەوەو تەماشای دەكرد بزانێت تیرەكە كوێی گرتووە، زەیدیش سەرسنگى خۆی بەرز دەكردەوەو دەیوت ئابەوجۆرە ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەی بەدایك و باوكمەوە بەقوربانت بم، تیرت بەرنەكەوێت، سنگم دەكەمە قەڵغان بۆت، ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) من زۆر جیڕو بەهێزم، چی ئیشێكت هەبوو فەرمانم پێ بكە.[13]

ئەم رووداوەش دواى ئەوەبوو كە موسڵمانان شكستیان خوارد و چواردەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چۆڵ بوو و ژمارەیەك لە دەورى مانەوە، یەكێكیان زەید بوو، هەركەس تیری پێ بوایە جیی دەهێشت بۆ زەید، هێندە تیری وەشاند كە دوو یان سێ كەوانى شكاند.[14]

زەید هاودەم بە خۆی ئومموسولەیمیشی بردبوو بۆ غەزاى ئوحود، لەو كاتەدا كە موسڵمانان برینداریان زۆربوو، عائیشەی خێزانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئومموسولەیمی خێزانى زەید جلەكانیان كەمێك هەڵكردبوو و خێرا دەچوون بە كونەو گۆزە ئاویان دەبرد بۆ موسڵمانان و بە كۆڵ ئاویان دەبرد.[15]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە هاوەڵانى دەفەرموو (دەنگى ئەبوو طهلحە لە سوپادا باشترە لە هەزار پیاو).[16]

ئەنەس دەڵێت: لە غەزاى خەیبەردا بووین، لەگەڵ زەیددا پێكەوە لەسەر یەك سوار بووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە كۆلآنەكانى خەیبەردا دەگەڕا و منیش هێندە نزیك بووم لێیەوە كە جەستەم بەر جەستەى دەكەوت.[17]

ئەنەس دەڵێت: كاتێك بەرەو مەدینە دەگەڕاینەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ صەفییەدا لەسەر وشترێك بوون، لە نێوەی رێدا وشترەكە وەستانێكی كتوپڕی كردو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و صەفیەش كەوتنە خوارەوە، زەید خێرا لەسەر وشترەكەیەوە خۆی فڕێ دایە خوارەوەو چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خوا بمكا بە قوربانت، هیچت بەسەر نەهاتووە؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (نا، بەڵام فریاى ژنەكە بكەوە)، ئەویش خێرا جلەكەى خۆی دا بەسەر دەموچاوى صەفیەدا و صەفیە هەستایەوە سەرپێ، زەید وشترەكەى وەستاند بۆیان تا هەردووكیان سەركەوتنەوە.[18]

زەید هاودەم بە ئومموسولەیمی خێزانى بەشدارى غەزاى حونەینیش بوو، ئەنەس دەڵێت: ئومموسولەیم لەوێ خەنجەرێكی بەدەستەوە بوو، زەید چوو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئومموسولەیم خەنجەرى پێیە؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئومموسولەیمی فەرموو ئەو خەنجەرە چیە؟ ئەویش وتى بۆ ئەوەى هەر بێباوەڕێك لێم نزیك بوویەوە بەم خەنجەرە سكی هەڵدڕم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پێدەكەنى.[19]

لە غەزاى حونەیندا زەید هێندە بە سەختى جەنگى كرد كە بیست بێباوەڕی كوشت.[20]

گوێڕایەڵی زەید بۆ فەرمانى خوا

ئەنەسى كوڕی مالیك دەڵێت: من لە ماڵی زەید بووم كە لەوێ مەیم دەگێڕا بۆ خەڵكی، هێشتا مەى حەرام نەكرابوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە كەسێك هاوارى دەكرد وریابن وا مەى حەرام كرا، خێرا زەید هەستاو وتى بڕۆ ئەو مەیە بڕژە، منیش چووم و رشتم.[21]

 

خۆشەویستى زەید بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

ئەنەس دەڵێت: كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە مەدینە خزمەتكارى نەبوو، زەید دەستی منى گرت و منی بردە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەنەس منداڵێكی ژیر و وریایە، با خزمەتت بكات، ئیتر منیش هەمیشە لە خزمەتیدا دەبووم.[22]

ئەنەس دەڵێت جارێك زەید هاتەوە ماڵەوەو بە ئومموسولەیمی وت دەنگى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیست دەنگى كز بوو، وا هەست دەكەم برسی بێت، هیچمان نیە لە ماڵەوە؟ ئومموسولەیم وتى با، ئەوەبوو بڕێك گەنمى دەركرد و نانى پێ دروست كرد و بە لەچكەكەى نانەكەى پێچایەوەو خستیە ژێر باڵم و ناردمى بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەنەس دەڵێت چووم دەبینم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مزگەوتە و خەڵكی لەگەڵە، چووم بۆ لایان، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم (ئەرێ ئەبوو طهلحە تۆی نارد؟) وتم بەڵێ، فەرمووى: (خواردنى پێدا ناردویت؟) وتم بەڵێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەوانەى دەورى فەرموو هەستن، خەڵكەكە چوون و منیش چوومەوە بۆ لاى زەید و هەواڵم پێدا، ئەویش وتى ئەی ئومموسولەیم وا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دێت و ئەو خەڵكەش لەگەڵ خۆی دەهێنێت و ئێمەش هیچمان نیە دەرخواردیان بدەین، ئومموسولەیم وتى خوا و پێغەمبەرەكەى زاناترن، زەید چوو تا گەیشتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاودەم بە زەید هاتەوەو فەرمووى:  ئادەى ئومموسولەیم چیت لایە بیهێنە، ئەویش نانەكەى بۆ برد، ئینجا ئومموسولەیم لە قاپێكدا خواردنێكی هێنا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێندەى خوا بیەوێت فەرمایشتی فەرموو و دواتر فەرمووى دە كەس مۆڵەت بدە بێنە ژوورەوە، دە كەس هاتنە ژوورەوەو تێران خوارد و چوونە دەرەوە، دواتر فەرمووى مۆڵەتى دە كەسی تر بدە بێنە ژوورەوە، ئەوانیش هاتنە ژوورەوەو تێریان خوارد و چوونە دەرەوە، بەوجۆرە هەموویان تێریان خوارد كە هەموویان حەفتا یان هەشتا كەس دەبوون.[23]

كاتێك یەكێك لە كچەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كردبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەلاى گۆرەكەى بوو و چاوەكانى فرمێسكیان دەڕشت، فەرمووى: (كەس لەئێوە هەیە ئەمشەو سەرجێی نەكردبێت؟) زەید وتى من، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى:  (دەى دابەزە)، زەید دابەزیە ناو گۆڕەكەى كچەكەی پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم)و تەرمەكەى دابەزاندە ناو گۆڕەكەوە.[24]

زەید زۆر لە نزیك پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) بوو و خۆی دوورنەدەگرت، ئەنەس دەڵێت: كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەری دەتاشی یەكم كەس كە مووەكانى هەڵدەگرت (ئەبووطهلحە) زەید بوو،[25] بۆیە پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) زیاترى مووەكانى بەو دەبەخشی، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە حەجدا مووەكانى سەری تاشی، مووەكانى لاى راستی سەری دابەش كرد بەسەر ئەوانەى دەوروبەریدا، بەڵام هەموو مووەكانى لاى چەپی بەخشی بە زەید.[26]

 

بەخشندەیی زەید

زەید لە مەدینە باخێكی دارخورماى هەبوو كە بەرامبەر بە مزگەوت بوو، زەید لە هەمووان زیاتر باخەخورماى هەبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوو بۆ ناو ئەو باخەى و لەوێ لەو كانیاو و بیرەى تیایدا بوو ئاوى دەخواردەوە، كاتێك خواى گەورە ئایەتى دابەزاند(لن تنالوا البر حتى تنفقوا مما تحبون)، زەید چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەرى خوا ( خواى گەورە ئەو ئایەتەى دابەزاندووەو منیش ئەو باخەم كە ناسراوە بە بەیروحا ْ لە هەموو سامانێكم لام خۆشەویستترە، وا دەیكەمە خێر لەرێی خوادا و هیوام وایە لاى خوا پاداشتەكەى وەربگرمەوە، دەی ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خوا چۆنى پێ باشە ئاواى لێ بكە، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (بەخ، ئەوە سامانێكی بەقازانجە، من بیستم چیت وت و پێم باشە دابەشی بكەیت بەسەر خزم و نزیكاندا)، زەید وتى وادەكەم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو دابەشی كرد بەسەر خزم و نزیكانیدا.[27]

میوانداری زەید و ئومموسولەیم

جارێك كابرایەك هات تا لە ماڵى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بمێنێتەوە، بەڵام پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵەوە هیچی نەبوو، بۆیە بە هاوەڵانى فەرموو رەحمەت لەو كەسەی میواندارى ئەم كەسە دەكات، ئەبووطهلحە هەستاو وتى من،[28] كابراى بردەو ماڵەوە، بە ژنەكەى وت رێزی میوانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بگرە، ژنەكەى وتى تەنها خواردنى منداڵەكانمان هەیە، زەید وتى دەى خواردنەكە ئامادە بكەو چراكە بكوژێنەرەوەو منداڵەكان بخەوێنە، ئەویش نانەكەى ئامادە كرد و منداڵەكانى خەواند و چوو دەستكارى چراكەى كرد بەو بیانووەى چاكى دەكات و كوژاندیەوە، بەوجۆرە وایان لە میوانەكە تێگەیاند كە ئەوانیش نان دەخۆن، بۆ بەیانى كە چوویەوە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: (ضحك الله الليلة –أو عجب- من فعلتكما)، (خوا ئەمشەو پێكەنى –یان خوا ئەمشەو سەرسام بوو- لە كردەوەى ئەو دوانەتان)، خواى گەورە ئایەتى دابەزاندە خوارەوە (وَالَّذِينَ تَبَوَّءُوا الدَّارَ وَالْإِيمَانَ مِنْ قَبْلِهِمْ يُحِبُّونَ مَنْ هَاجَرَ إِلَيْهِمْ وَلَا يَجِدُونَ فِي صُدُورِهِمْ حَاجَةً مِمَّا أُوتُوا وَيُؤْثِرُونَ عَلَى أَنْفُسِهِمْ وَلَوْ كَانَ بِهِمْ خَصَاصَةٌ وَمَنْ يُوقَ شُحَّ نَفْسِهِ فَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ).[29]

زەید دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

زەید دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیا و نزیكەى بیست  و ئەوەندە ساڵی بردەسەر،[30] ئەو ماوەیەشی بە جیهادى سەنگەرەكان و شەونوێژی شەوان و رۆژووگرتنى رۆژان بەسەربرد، دواجاریش لەرێی جیهاد و لە نێوەندى ئاو و دەریاكاندا وەفاتى كرد.

ئەنەس دەڵێت زەید تا لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو رۆژووی سوننەتى نەدەگرت، ئەویش لەبەرئەوەى بەردەوام بەشدارى غەزاى دەكرد، بەڵام دواى سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مەگەر لە جەژنەكاندا بمدیبا بەڕۆژوو نیە.[31]

لە سەردەمى عوثمانى كوڕی عەففاندا كە ئیتر زەید تەمەنى زۆر بوو، منداڵەكانى پێیان دەوت باوكە تۆ لە سەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر و عومەریشدا جیهادت كردووە، دەى ئیتر ئێستا دابنیشە، ئێمە لە برى تۆ جیهاد دەكەین، بەڵام ئەو رازى نەبوو و چوو بۆ جیهاد تا لە دەریادا و لە رێی جیهاددا وەفاتى كرد، تا حەوت شەو و رۆژ دوورگەیەكیشیان دەست نەكەوت تا تەرمەكەى ئەسپەردە بكەن، كەچى تەرمەكەى تێكنەچوو.[32]

سەبارەت بە ساڵی وەفاتى رایەك دەڵێت: لە ساڵی سی و دووی كۆچیدا وەفاتى كردووە، رایەكی تریش دەڵێت: لە ساڵی سی و چوارى كۆچیدا وەفاتى كردووە، رایەكیش دەڵێت: بەڵكو لە ساڵی پەنجاو یەكی كۆچیدا بووە.[33]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج2، ص 607.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 504.

[3] - صحيح ابن حبان، الرقم 7294.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص 68.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص 15.

[6] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 27.

[7] - صحيح ابن حبان، الرقم 7294واللفظ له، صححه شعيب الأرناؤوط.، صحيح البخاري باختصار، الرقم 5157، صحيح مسلم، الرقم 4090.

[8] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 6722، مسند الطيالسي، الرقم 2154.

[9] - صحيح ابن حبان، الرقم 7294واللفظ له، صححه شعيب الأرناؤوط.، صحيح البخاري باختصار، الرقم 5157، صحيح مسلم، الرقم 4090.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 244.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 504.

[12] - صحيح ابن حبان، الرقم 7287، صححه شعيب الارناؤوط.

[13] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 13774، صححه شعيب الارناؤوط.

[14] - صحيح مسلم، الرقم 3464، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3813.

[15] - صحيح مسلم، الرقم 3464، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3813.

[16] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5480، صححه الذهبي في التلخيص.

[17] - صحيح البخاري، الرقم 367، صحيح مسلم، الرقم 3448.

[18] - صحيح البخاري، الرقم 2937.

[19] - صحيح مسلم، الرقم 3462.

[20] - صحيح ابن حبان، الرقم 4913، صححه شعيب الارناؤوط.

[21] - صحيح البخاري، الرقم 2352.

[22] - صحيح البخاري، الرقم 2635.

[23] - صحيح البخاري، الرقم 3405، صحيح مسلم، الرقم 3894، صحيح ابن حبان، الرقم 6628.

[24] - صحيح البخاري، الرقم 1290.

[25] - صحيح البخاري، الرقم 168.

[26] - صحيح مسلم، الرقم 2374.

[27] - صحيح البخاري، الرقم 1403، صحيح مسلم، الرقم 1726.

[28] - صحيح مسلم، الرقم 3923.

[29] - صحيح البخاري، الرقم 3610.

[30] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 29.

[31] - صحيح البخاري، الرقم 2693.

[32] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 34.

[33] - سير أعلام النبلاء، ج2، ص 34.

 1548
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.