دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  جوندوبی كوڕی جونادە (ئەبووذەرى غیفارى)(رضي الله عنه)

ناوى جوندوبی كوڕی جونادەى كوڕی سوفیانى كوڕی عوبەیدى كوڕی حەرامى كوڕی غیفارە، كونیەكەى ئەبووذەری غیفاریە[1] و زیاتر بەوەش ناسراوە، لە دەستەى یەكەمی موسڵمان بوانەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەندین وەسفى كردووە.

رایەكى تر دەڵێت بەڵكو ناوى بورەیرى كوڕی جونادە بووە،[2]بەڵام ذەهەبی دەڵێت راى راست ئەوەیە ناوى جوندوبی كوڕی جونادەیە،[3] هەروەك ئیبن ئەثيریش دەڵێت راى راستتر و زیاتر ئەوەیە ناوى جوندوبە.[4]

دایكی ناوى رەملەى كچی وەقیعەى غیفاری بوو،[5] ئەبووذەر برایەكى هەبوو كە ناوى ئونەیسی كوڕی جەنادەى غیفاری بوو و برا گەورەى ئەبووذەر بوو.[6]

ئەبووذەر كوڕێكى هەبوو بە ناوى عیمارە كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[7]

ئەبووذەر لە سەردەمى نەفامیشدا بڕواى بە بتەكان نەبوو و باسی بوونى خوایەكى تاك و تەنهاى دەكرد.[8]

ئیبن سەعد گێڕانەوەیەكى هێناوە كە ئەبووذەر پێش موسڵمانبوونى كەسێكی رێگر بوو و لەگەڵ ئەوەشدا ئازا بوو و بەتەنها خۆی رێگری دەكرد، دواتر خوا دڵی راكێش كرد بۆ ئیسلام و وازى هێنا لە رێگری.[9]

ئونەیس لەگەڵ ئەبووذەرى براى و دایكیدا پێكەوە دەژیان، دواتر نەبوونى و وشكە ساڵی ناچاری كردن شوێنی خۆیان جێ بهێڵن و بچن بۆ لاى خاڵوانیان لە نەجد، دواتریش ئەوێیان جێهێشت بەرەو مەككە، ئەبووذەر چوویە مەككەو هەواڵی هاتنى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بیست و دواتر چوویە خزمەتى و موسڵمان بوو، دواتر گەڕایەوە بۆ لاى ئونەیسی براى و دایكی وبانگهێشتی كردن بۆ ئیسلام، ئەوانیش موسڵمان بوون و گەڕانەوە بۆ لاى هۆزەكەیان تا پەیامى ئیسلام بگەیەنن بەهۆزەكەشیان، لەوەشا سەركەوتوو بوون.[10]

ئەبووذەر دەڵێت ئێمە كە لەناو هۆزەكەمان چووینە دەرەوە ئەوان لە مانگە حەرامەكاندا شەڕیان رەوا كردبوو، من و دایكم و ئونەیسی برام دەرچووین و چووین بۆ لاى خاڵۆمان، ئەویش رێزی گرتین و چاكەى لەگەڵ نواندین، بەڵام هۆزەكەى حەسوودییان لەڕووماندا نواند و كەوتنە درۆهەڵبەستن بۆمان، نێوانى ئێمەو خاڵمیان تێكدا، بۆیە بڕیارماندا بچین و بارگەو بنەمان پێچایەوە، خاڵۆیشمان سەیری دەكردین و دەگریا، چووین تا لە نزیك مەككە دابەزین، ئونەیس وتى من لە مەككە بڕێ ئیشم هەیە بۆیە چاوەڕێم بە تا دێمەوە بۆ لات، ئەوەبوو ئونەیس چوو و ماوەیەكى زۆری پێ چوو، دواتر هاتەوە، وتم بۆچی هێندە دواكەوتیت؟ وتى كەسێكم لە مەككە بینی لەسەر ئایینی تۆ بوو و بانگەشەى ئەوەی دەكرد پێغەمبەرى خوایە، منیش وتم ئەی خەڵكی چییان پێ دەوت؟ وتی خەڵكی پێیان دەوت شاعیر و كاهین و جادووگەر، ئونەیس خۆیشی شاعیر بوو، ئونەیس وتى سوێند بەخوا قسەی كاهینانم بیستووە قسەكانى ئەو لە قسەی كاهینان ناچێت، قسەكانیشی لەئاست گەورەترین شاعیراندا زۆر بەرزترن و هی شاعیر نین، سوێند بەخوا ئەو راستگۆیەو خەڵكی مەككە درۆزنن، منیش وتم دەى لێرە چاوەڕێم كە تا بڕۆم و تەماشایەك بكەم، وتى باشە بەڵام بەرامبەر خەڵكی مەككە وریابە چونكە ئەوان هێرشی دەكەنەسەر،  منیش چوومە مەككەو و لاى پیاوێكیان خۆم بێناز و نەناس نیشاندا و وتم ئەرێ ئەو كابرا لەدین هەڵگەڕاوەى باسی دەكەن لەكوێیە؟ ئەویش ئیشارەتى كرد و وتى ئەوەیە، منیش خۆم داپۆشی و چوومە لاى ئاوى زەمزەم و لە ئاوەكەم خواردەوەو خوێنى دەموچاوم شۆرد و لەوێ نزیكەى شەو و رۆژێك مامەوە و هیچ خواردنێكم نەبوو جگە لە ئاوى زەمزەم، برسێتی زۆری بۆ هێنام، دوو ئافرەتیش لەوێ بوون تەوافیان دەكرد، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر هاتن و لە شاخەوە دابەزیبوون، وتم ئەوە چیتانە؟ وتیان لەدین هەڵگەڕاوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵەكەى هاتن و پاش تەواف كردن نوێژی كرد، كە لە نوێژەكەى بوویەوە منیش چووم بۆ لاى، یەكەم كەس بووم سەلامى ئیسلامم لێكرد، ئەویش فەرمووى (وعلیك رحمةالله)، (رەحمەتى خوا لە تۆش) تۆ لە كێیت؟ وتم لە هۆزى غیفارم، دەستى هێنا بەسەر تەوێڵیدا، منیش لە ناخى خۆمدا وتم ئەوە حەزى نەكردووە من لە غیفاریەكانم، ئینجا دەستیم گرت، پرسیاری لێكردم لە كەیەوە لێرەیت؟ وتم نزیكەى شەو و رۆژێكە، پرسیاری كرد ئەی كێ نانى پێدەدایت؟ وتم تەنها خۆراكم ئاوى زەمزەم بووە، ئیتر هێندە لاواز بوم خەریكە سكم دێتەوەیەك، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (إنها مباركة إنها طعام طعم)، (ئەو ئاوە موبارەكە، ئەو ئاوە خۆراكى و خواردنە)، ئەبووبەكر وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتم بدە ئەمشەو من نانى پێ بدەم، ئەویش رێی دا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر چوون و منیش لەگەڵیان چووم، ئەبووبەكر دەرگایەكى كردەوەو لە مێوژی طائیفی بۆ هێناین، ئەوە یەكەم خواردن بوو خواردم، دواتر كە گەیشتمەوە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (زەویەكم پێ نیشان دراوە تا بۆی بچم كە خورماى هەیە و وادەزانم هەر یەثریب بێت، جا ئایا تۆ پەیامم دەگەیەنیت بە هۆزەكەت بەڵكو خوا بەهۆی تۆوە سوودمەندیان بكات و لەسەر ئەوانیش پاداشتى تۆ بداتەوە)، منیش چوومەوە تا گەیشتم بە ئونەیسی برام، وتى چیت كرد؟ وتم من موسڵمان بووم و باوەڕم پێ هێنا، ئونەیسیش وتى منیش موسڵمان بوم و باوەڕم پێ هێناوە، ئینجا هەردووكمان چووین بۆ لاى دایكمان و ئەویش هەمان قسەكەى ئونەیسی كرد، ئینجا هەرسێكمان چووینەوە بۆ ناو خۆزەكەمان و بانگەوازمان كردن، پێش ئەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بێت بۆ مەدینە نیوەیان موسڵمان بوون، ئیمائی كوڕی رخصەش بەرنوێژی دەكرد بۆیان، ئەو گەورەی هۆزەكەش بوو، ئەو نیوەكەى تریش وتیان هەركات پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ مەدینە موسڵمان دەبین، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هات بۆ مەدینە ئەو نیوەكەى تریش موسڵمان بوون، ئینجا ئەسلەمیەكانیش هاتن و وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئێمەش وەك براكانمان موسڵمان دەبین، ئەوانیش موسڵمان بوون، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد بۆ غیفار و سەلەمەش.[11]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە كاتێك ئەبووذەر چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكرى لا بوو كە هێشتا رۆژێ یان دوو رۆژ بوو موسڵمان بووبوو، دەیوت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەخوا ئاوا ئایینەكەمان ناشارینەوەو ئاشكراى دەكەین، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) وەڵامى نەدەدایەوە، منیش وتم ئەی موحەممەد تۆ بانگەواز بۆ چی دەكەیت؟ ئەویش فەرمووى (بۆ لاى خواى تاك و تەنهاى بێ هاوەڵ و وازهێنان لە بتەكان و شایەتى ئەوەش بدەیت من پێغەمبەرى خوام)، منیش وتم شایەتى دەدەم هیچ پەرستراوێك نیە جگە لە خوا و تۆش پێغەمبەرى خوایت.[12]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە ئەبووذەر دەڵێت لە مەككە لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مامەوەو ئەویش ئیسلامى فێر كردم و شتێ لە قورئانم لە خزمەتیدا خوێند، ئینجا وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەمەوێت ئایینەكەم ئاشكرا بكەم، فەرمووى (من دەترسم بكوژرێیت)، وتم هەر دەبێت وابكەم با تەنانەت بشكوژرێم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بێدەنگ بوو، چووم بینیم قوڕەیشیەكان بازنەیان بەستبوو و لاى كەعبەوە قسەیان دەكرد، منیش وتم (أشهد ان لا الە الا اللە و أشهد أن محمدا رسول اللە)، هەموو دابارین بەسەرمدا و كەوتنە لێدانم، لە هۆش خۆم چووم و ئەوانیش وایان زانى منیان كوشتووە، دواتر هاتمەوە هۆش و هاتم بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەویش حاڵی منى بینی و فەرمووى مەگەر ئاگادارم نەكردیتەوە شتى وا نەكەیت؟ وتم ئەی پێغەمبەرى خوا حەز و ویستێكی دەروونم بوو بەجێم هێنا، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردم بگەڕێمەوە ناو هۆزەكەم تا هەركات هەواڵی دەركەوتنى پێغەمبەرم (صلى الله عليه وسلم) بیست بچمەوە بۆ لاى.[13]

كاتێك كە لێیان دەدا عەبباس داى بە لایاندا و وتى ئەی گرۆی قورەیشیەكان ئێوە بازرگانن و رێگەكەشتان بەناو غیفاریەكاندایە، ناترسن رێتان پێ ببڕن و بەرتان پێ بگرن؟ ئەوانیش بلآوەیان لێكرد، كەچی بۆ بەیانى ئەبووذەر هەمان شتى دووبارە كردەوە، ئەوانیش هەمان شتیان لەگەڵدا كردەوە، دووبارە عەبباس دایەوە بە لایاندا و هەمان شتى وتەوە پێیان، ئەوانیش وازیان لێهێنا.[14]

گێڕانەوەیەك لە صەحیحی بوخاریدا هاتووە كە وردەكارى موسڵمان بوونەكەى ئەبووذەر دەخاتەڕوو، ئەبووذەر بە براكەى وت بڕۆ بۆ ئەو دۆڵە و هەواڵی ئەو كابرایەم بۆ وەربگرە كە بانگەشەى ئەوە دەكات پێغەمبەرەو لە ئاسمانەوە هەواڵ و پەیامى بۆ دێت، گوێ لە وتەكانى بگرەو دواتر وەرەوە بۆ لام، براكەى چوو تا چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و قسەكەى بیست و گەڕایەوە بۆ لاى ئەبووذەر و  پێی وت بینیم فەرمانى دەكرد بە رەوشتى بەرز و قسەیەكى دەكرد كە شیعر نەبوو، ئەبووذەر وتى ئەوەى من دەمویست بۆت نەهێناومەتەوە، بۆیە خۆی بارگەى پێچایەوەو ئاوی هەڵگرت و چوو تا گەیشتە مەككەو چوو بۆ لاى كەعبە و بەدواى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەگەڕا و ئەویشی نەدەناسی، حەزیشی نەدەكرد لاى خەڵك هەواڵی بپرسێت، بۆیە بەو حاڵەوە مایەوە تا نزیكەى شەو، ئینجا راكشا، عەلى كە ئەوی بینی زانى كەسێكی بێگانەیە، كاتێك بینی شوێنی كەوت و هیچكام پرسیاریان لەهیچكام نەكرد تا بەیانى، دواتر ئەبووذەر لە ماڵی عەلیەوە توێشووەكەى هەڵگرتەوەو چوویەوە بۆ لاى كەعبە و سێ رۆژ ئەم شتە دووبارە بوویەوە، لە رۆژی سێیەمدا عەلى كە بردیەوە لەگەڵ خۆی پرسیاری لێكرد ئەرێ پێم ناڵێیت بۆچی هاتویت بۆ ئێرە؟ ئەویش وتى ئەگەر بەڵێنم پێ بدەیت رێنموونیم بكەیت پێت دەڵێم، ئەویش بەڵێنی دا، ئەبووذەریش پێی وت بۆچی هاتووە، عەلیش وتى ئەو پێغەمبەرە راست دەكات، كە رۆژ بوویەوە شوێنم بكەوە، ئەگەر من شتێكی مەترسیدارم بینی واهەڵدەستم وەك ئەوەى ئاو بڕژم، ئەگەریش بەردەوام چووم شوێنم بكەوە تا دەتبەم بۆ لاى، ئەوەبوو بەیانى ئەبووذەر شوێنی كەوت تا چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و گوێی لێگرت و هەر لەوێ موسڵمان بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (بگەڕێرەوە ناو هۆزەكەت و هەواڵی-ئایینەكەیان- پێبدە تا فەرمانى منت پێدەگات) ئەبووذەر وتى سوێند بەوەى گیانى منى بەدەستە لە نێوەندى ئەم بێباوەڕانەدا هاوارى ئەم ئایینە دەكەم، بۆیە چوویە كەعبەو بەوپەڕی توانایەوە هاوارى كرد(أشهد أن لا إلە إلا اللە و أشهد أن محمدا رسول اللە) ئەوەبوو خەڵكەكە هەستان و كەوتنە لێدانى تا لەهۆش خۆی چوو، عەبباس هات و خۆی دا بەسەر ئەبووذەردا و وتى قوڕتان بەسەر مەگەر نازانن ئەو لە غیفاریەكانەو رێی بازرگانیشتان بەو رێیەدایە، ئەوانیش وازیان لێهێنا، بۆ بەیانیەكەشی هەمان شت روویدایەوە و دووبارە عەبباس رزگارى كرد.[15]

سەبارەت بەوەى ئەبووذەر چەندەم كەس بووە موسڵمان بووە رایەك دەڵێت چوارەم كەس بووە، رایەكى تریش دەڵێت پێنجەم كەس بووە موسڵمان بووە.[16]

ئەبووذەر لەناو هۆزەكەیدا مایەوەو لە ماوەى جەنگى بەدرو ئوحود و خەندەقیشدا هەر لەناو هۆزەكەیدا بوو و دواى ئەوە هات بۆ مەدینە،[17] ئیتر لەوێ مایەوە تا وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە بوو و لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەكریشدا لە مەدینە بوو، بەڵام دواى وەفاتى ئەبووبەكر چوو بۆ شام و لەوێ مایەوە تا سەردەمى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففان، ئیتر لە سەردەمى عوثماندا خەلیفە داواى لێكرد بێت بۆ مەدینە و ئەویش هاتە مەدینەو دواتر لە ناوچەی رەبذە مایەو لەوێ كۆچی دوایی كرد.[18]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە ئەبووذەر دەیفەرموو (ما أقلت الغبراء ولا أظلت الخضراء من رجل أصدق لهجة من أبي ذر).[19]

ئەبووذەر خزمەتى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) دەكرد، كاتێك لە خزمەتكردنى دەبوویەوە دەچوو بۆ مزگەوت و لەوێ دەخەوت، شەوێك ئەبووذەر لە سەر زەوى ناو مزگەوت راكشابوو كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەوە، بە نووكە پێیەك رایچڵەكاند و فەرمووى (بۆ دەبینم خەوت لێ ناكەوێت؟) ئەویش وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كوێ بخەوم، مەگەر لەم شوێنە زیاتر شوێنى ترم هەیە؟ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەلاى دانیشت و پێی فەرموو (ئەى چۆنە ئەگەر لێرە دەرت بكەن؟) وتى ئەوكات دەچم بۆ شام، چونكە شام خاكى كۆچ و خاكى مەحشەر و زەوى پێغەمبەرانە و منیش دەبم بە هاوڵاتیەكى ئەوێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (ئەى چی دەكەیت ئەگەر لە شامیش دەریانكردیت؟) وتى جا دەگەڕێمەوە بۆ ئێرە و ئێرە دەبێتە ماڵ و مەنزڵم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەى چی دەكەیت ئەگەر هەمتر دەریانكردیت؟) وتى ئەوكات شمشێر هەڵدەگرم و بە بەرگرى لە خۆم دەجەنگم تا دەمرم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زەردەخەنەیەكى بۆ كرد و بە دەستى سوكناییەكى پێدا و فەرمووى (ئایا لەوە چاكترت پێ نیشان بدەم؟) وتى بەڵێ ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (تنقاد لهم حيث قادوك و تنساق لهم حيث ساقوك حتى تلقاني و أنت على ذلك[20] (چی فەرمانیان پێكردیت ملكەچیان بیت و بۆ كوێیان ناردیت بڕۆیت تا دەگەیتەوە بە من هەر بەو جۆرە بە).

هەروەها پێغەمبەر (a) پێی دەفەرموو ( يا أباذر إني أراك ضعيفا، وإنى أحب لك ما أحب لنفسي، لا تأمرن على إثنين ولا تولين مال يتيم)[21] (ئەى ئەبووذەر من تۆ بە لاوازى دەبینم، ئەوەشی بۆ خۆم خۆشم دەوێت بۆ تۆیش حەزم پێیە، دەى بەرپرسیارێتی دوو كەسیش مەگرە ئەستۆ و ماڵ و سامانى هەتیویش مەگرە ئەستۆ)

لە جەنگى تەبووكدا كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵان كەوتنەڕێ ژمارەیەك كەس دواكەوتن، جا كە كەسێك دوابكەوتایە و نەچوایە هاوەڵان دەیانوت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فلآنەكەس نەهاتووە، ئەویش دەیفەرموو (وازى لێبهێنن ئەگەر خێری تیا بێت ئەوا خوا پەیوەستى ئێوەی دەكات، ئەگەریش نا ئەوا خوا لەدەست ئەو حەساوەتان دەكات)، تا ئەوەى وترا ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووذەر دواكەوتووە، چونكە وشترەكەى ئەبووذەر نەدەچوو، بۆیە ئەبووذەر بارەكەى دا بە شانیدا و خۆی بە پێ كەوتەڕێ، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە رێدا دابەزی و موسڵمانێك تەماشای كرد كەسێك دێت، وتى ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوە كەسێكە بە پیادە دێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (بەڵكو ئەبووذەر بێت)، كاتێك خەڵكەكە لێی رامان وتیان ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سوێند بەخوا ئەوە ئەبووذەرە، ئەویش فەرمووى (رحم الله أباذر يمشي وحده و يموت وحده و يبعث وحده[22] (رەحمەتى خوا لە ئەبووذەر بێت، بە تەنها هات و بەتەنهاش دەمرێت و بەتەنهاش زیندوودەكرێتەوە).

لە فەرموودەیەكدا كە بورەیدە گێڕاویەتیەوە هاتووە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (فەرمانم پێكراوە بە خۆشەویستى چوار لە هاوەڵانم و خوا هەواڵی پێداوم كە ئەوانى خۆش دەوێت)، بورەیدە دەڵێت وتم ئەوانە كێن ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، فەرمووى (عەلى و ئەبووذەرى غیفارى و سەلمانى فارسی و میقدادى كوڕی ئەسوەدى كیندى).[23]

مەعروورى كوڕی سوەید دەڵێت رۆژێك ئەبووذەری غیفاریم بینی كە دووجلى یەكرەنگى لەبەردا بوو، كۆیلەكەشی دوو جلى یەكڕەنگى لەبەردا بوو، ئێمەش پرسیارمان لێكرد بۆچی هەردووكیان یەك جۆرە جلیان لەبەركردووە؟[24] ئەبووذەر وتى جارێك من لەگەڵ برایەك بووم بە كێشەم كە دایكی عەجەمى بوو، منیش بە تانەدان لە دایكی شكاندمەوە، ئەویش لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شكاتى كردم،[25] ئینجا كە گەیشتم بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)پێی فەرمووم (أعيرته بأمه[26] (ئایا بە تانەدان لە دایكی شكاندت؟)، وتم ئەى پێغەمبەرى خوا هەركەس قسە بڵێت بە پیاوان قسە بە دایك و باوكى دەڵێن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (ئەى ئەبووذەر تۆ كەسێكیت باری نەفامیت تێدا ماوەتەوە)،[27]  پاشان فەرمووى (إن إخوانكم خولكم جعلهم الله تحت أيديكم، فمن كان أخوه تحت يده فليطعمه مما يأكل و ليلبسه مما يلبس و لا تكلفوهم ما يغلبهم فإن كلفتموهم ما يغلبهم فأعينوهم)،[28] (براكانتان خزمەتكارى ئێوەن و خوا ئەوانى خستوەتە ژێر دەستى ئێوە، دەى با هەركامتان براكەى لەژێر دەستیدا بوو لەو خواردنەى دەرخوارد بدات كە خۆی دەیخوات و لەو جلەى بپۆشێت كە خۆی دەیپۆشێت و لە تواناى خۆیشیان زیاتریان بەسەردا مەدەن، ئەگەر كارێكتان بەسەردا دان كە لە تواناى خۆیان زیاتر بوو و ماندووى دەكردن ئەوا خۆتان یارمەتییان بدەن).

ئەبووذەر لە سەردەمى ئەبووبەكری صدیقدا:

مشتومڕێكی مێژوویی هەیە سەبارەت بەوەى ئایا ئەبووذەر بەیعەتى داوە بە ئەبووبەكری صدیق یان دواتر بەیعەتى داوە.

مێژوونووسی شیعە یەعقووبی دەقێكی هێناوەو دەڵێت: دەستەیەك لە كۆچەران و پشتیوانان لە بەیعەت دان بە ئەبووبەكر دواكەوتن و هەوادارى عەلى كوڕی ئەبووطالیب بوون، لەوانە عەبباسی كوڕی عبدولموطهلیب و فەضلى كوڕی عەبباس و زوبەیری كوڕی عەووام و خالیدی كوڕی سەعید و میقدادى كوڕی عەمر و سەلمانى فارسی و ئەبووذەری غیفاری و عەممارى كوڕی یاسر و بەررائی كوڕی عازب و ئوبەی كوڕی كەعب.[29]

ئەم مەسەلەیە پەیوەست كراوە بە ناكۆكی نێوان شیعەو سوننە لەسەر مەسەلەى خیلافەت و ئیمامەت، شیعە پێیان وایە ئیمامەت لە دواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە میراتى بۆ عەلى و نەوەكانى ماوەتەوە تا رۆژی دوایی و ئەبووبەكر و هاوەڵانى تر ئەو مافەیان لێ زەوت كردووە، سوننەش پێیان وایە هیچ بنەڕەتێك نیە بۆ مەسەلەى ئیمامەتى عەلى و خیلافەتى ئەبووبەكریش دروست بووە و هەموو موسڵمانانیش لەسەری كۆدەنگ بون.

پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئیمامەت بەشێكی چەسپاوى بیروباوەڕەو مافی عەلی كوڕی ئەبووطالیب و نەوەكانیەتى:

یەكەم: ئەو بنەرەتە كە بڕیارە بەهەشت ودۆزەخ یەكلا بكاتەوەو ریشەی قەڵەمڕەوی هەموو كۆمەڵگەی ئیسلامیە تا رۆژى دوایی، بۆچی بە ئایەتێك راشكاوانە باسنەكراوە، ئایا ئەمە ناراستی ئەو بانگەشەیە نیە؟ یان ئەوەیە ئەبووبەكر و عومەر و عوثمان لە كۆكردنەوەى قورئاندا راستیگەلێكی ناو قورئانیان لابردووە؟ جا ئەگەر بڵێین یەكەمیان راستە، ئیتر بنەرەتى بانگەشەی ئیمامەت بە دەلیلی قورئانى لەكاردەكەوێت، ئەگەریش بڵێین دووەمیان راستە، ئەوە هیچ بنەرەتێكی دروست بۆ ئیسلام نامێنێتەوە كە لەسەری بڕۆین، چونكە ئەگەر ئەوان و هاوەڵانى تر قورئانیان ناتەواو تۆمار كردبێت، كەوابوو هەم قورئان تەواوى پەیامى خوا نیە، هەم چی فەرموودەیە لەكاردەكەوێت، هەم خوێندكارەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەبنە خوێندكارانێكی باش پەروەردە نەكرا و و ناپاك و هەلپەرست (دوور لەوان).

دووەم: چۆن دەكرێت عەلى كوڕی ئەبووطالیب كە موژدەپێدراوى بەهەشت و زاواى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و میراتگری دین و دنیایی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)بێت، كەچی ئامادە نەبێت لەسەر ئەو مافە خوداییە شەڕ بكات و دەرفەت بدات كەسانێكی تر رێرەوى بڕیاری خوا و ئایینی خوا بگۆڕن، لە كاتێكدا ئەو لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) چەندین جار لە غەزاكاندا چووەتە گەرمەى جەنگەوەو باكى نەبووە لە مان و نەمانى لە دنیادا.

سەبارەت بە مەسەلەى بەیعەتدانى هاوەڵان بە ئەبووبەكری صدیق و دواكەوتنى چەند هاوەڵێك، ئەگەر لێرەدا بمانەوێت بە وردى لەسەری بدوێین، پێویست بەوە دەكات بەرگێكی بۆ تایبەت بكەین، بەڵام بە كورتى چەند خاڵێك دەخەینەڕوو:

یەكەم: دوو گێڕانەوەی جیاواز هەن سەبارەت بە بەیعەتدانى عەلى كوڕی ئەبوو تالیب:

لەوەى لە صەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە كە عەلى كوڕی ئەبووطالیب پاش شەش مانگ لە خیلافەتى ئەبووبەكر و لە دواى وەفاتى فاطيمه بەیعەتى داوە بە ئەبوبەكری صدیق و پێشتر بەیعەتى نەداوە.[30]

لە گێڕانەوەیەكى تردا كە حاكم و بەیهەقی هێناویانە هاتووە عەلى و زوبەیر لە رۆژى پاش وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەیعەتیان داوە بە ئەبووبەكری صدیق.[31]

ئەهلى سوننە پێیان وایە هەردوو فەرموودەكە تەواوكەرى یەكدین، عەلى لە رۆژی پاش وەفاتدا بەیعەتى داوە، دواتریش كە بەهۆی دڵرەنجانى فاطيمه لە ئەبووبەكر، دەنگۆیەك پەیدا بوو لەسەر ناكۆكی ئەبووبەكر و عەلى، عەلى بەیعەتى دووبارە كردەوە بۆ ئەبووبەكر تا ئەو گومانە نەهێڵێت.

بەپێی ئەو گێڕانەوەى بوخاری و موسلیم كە پێشتر وتمان، عەلى ئاشكرا دەڵێت چاوەڕێی ئەوەبووە لەو مەسەلەدا راوێژ و پشكێكی هەبێت، بۆیە ئەوەى بە قۆرخكردنى دەسەلآت زانیوەو لە دڵی گرتووە، دواتر بەیعەتى داوە بە ئەبووبەكر.

هەر لەو ماوەش كە بەیعەتى نەداوە بەردەوام ئامادەى نوێژەكان بووە لە مزگەوت و لە دواى ئەبووبەكرەوە، دواتریش كەسی نزیك و راوێژ پێ كراوی ئەبووبەكر بووە.

چوونى ئەبووذەر بۆ ناوچەى رەبذە:

یەكێك لەو مەسەلانەى كە كراوە بە رەخنە لەسەر عوثمانى كوڕی عەففان و تانەدان لە خیلافەتەكەى، مەسەلەى چوونى ئەبووذەر بوو بۆ ناوچەى رەبذە، چونكە ئەو تۆمەتەى ئاڕاستە كراوە كە ئەو بە زۆر و بە فەرمان ئەبووذەری دوورخستوەتەوە بۆ ناوچەى رەبذە، سەبارەت بەم مەسەلەش وردەكاریەكى پێویست دەخەینە ڕوو:

ئیبنولعەرەبی لە كتێبەكەیدا (العواصم من القواصم) سەبارەت بەم مەسەلەیە دەڵێت:

سەبارەت بەوەى گوایە ئەبووذەرى دوورخستبێتەوە بۆ ناوچەی رەبذە ئەوە راست نیەو واى نەكردووە، ئەبووذەر كابرایەكى دنیانەویست و زاهید بوو و سەركۆنەى كاربەدەستەكانى عوثمانى دەكرد و ئەم ئایەتەى بەسەریاندا دەخوێندەوە (والذين يكنزون الذهب و الفضة و لا ينفقونها في سبيل الله فبشرهم بعذاب أليم).

ئەبووذەر پێی وابوو ئەوان لە سوار و جلوبەرگدا زێدەڕۆیی دەكەن، بۆیە لەسەر ئەوە نارەزایی بەرامبەریان دەردەبڕی و سەركۆنەى دەكردن، دەیویست چی لەو ماڵ و سامانەى بەردەستیان هەیە دابەش بكرێت، ئەوەش شتێكى پێویست نەبوو.

ئیبن عومەر و هاوەڵانێكی تریش دەیانوت هەرچیەك زەكاتەكەى بدەیت ئیتر بریتی نیە لە كۆكردنەوەى –زێڕ و زیو-، ئەوەبوو لە شام دەمەقاڵەیەك لەنێوان ئەبووذەر و موعاویەدا روویدا، ئیتر ئەبووذەر هات بۆ مەدینە، خەڵكی لە دەورى كۆبوونەوە، ئەویش هەمان رێی خۆی دەگرتەبەر-دنیانەویستی و ویستى ئەوەى هەموان بەوجۆرە بن-، عوثمان پێی وت خۆزگە كەنارت بگرتایە، مەبەستى ئەوەبوو تۆ لەسەر رێبازێكیت كە بۆ تێكەڵی خەڵك نابێت، چونكە تێكەڵى مەرجى خۆی هەیە و كەنارگرتنیش مەرجى خۆی هەیە، هەركەسیش بیەوێت وەك ئەبووذەر بژی دەبێت بە تەنها بژی، یان تێكەڵی خەڵك بكات بەڵام وازبهێنێت خەڵكی لەو بارەدا بژین كە لە شەریعەتدا حەرام نەكراوە، ئەوەبوو بۆ پشتگوێخستنى دنیا، ئەبووذەر بە سەربەرزى چوو بەرەو ناوچەی رەبذە، حاڵی ئەبووذەر باشتر بوو، بەڵام ئەو حاڵە بۆ هەموو خەڵك نابێت، چونكە ئەگەر لەسەر ئەو رێبازە بچوونایە بەدڵنیاییەوە لەناودەچوون، سوپاس و ستایش بۆ خوا كە هەموو حاڵەكانى رێكخستووە.

ئەوەى جێی سەرسوڕمانە ئەو رەخنە لە عوثمان دەگیرێت لەسەر كارێك كە عومەر –پێشتر- كردبووی، دەگێردرێتەوە كە عومەرى كوڕی خەططاب ماوەى یەك ساڵ ئیبن مەسعوودو چەند هاوەڵێكى تری لە مەدینە بەند كرد تا ئەو كاتەى شەهید بوو، ئەوكات عوثمان ئازادى كردن، عومەر لەبەرئەوە بەندى كردن چونكە ئەوانە فەرموودەى زۆریان لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) دەگێڕایەوە.

دەمەقاڵەیەك لەنێوان ئەبووذەرو موعاویەدا روویدا، ئاخۆ ئەبووذەر بڕێ قسەى دەكرد كە لە سەردەمى عومەرى كوڕی خەططابدا ئەوانەى نەدەوت، بۆیە موعاویە ئەم مەسەلەى باس كرد بۆ عوثمان و ترسا ئاشووبێك لەنێو خەڵكیدا دروست بێت، چونكە ئەبووذەر هانیان دەدات بۆ دنیانەویستى و بڕێ حاڵ كە هەموو خەڵكی بەرگەى ناگرن، بەڵكو بە تایبەت بۆ هەندێ كەس دەبێت و كەمینەیەك دەتوانن بەرگەى بگرن، بۆیە وەك پێشتر باسمان كرد عوثمان نامەى بۆ نووسی تا ئەبووذەر بێت بۆ مەدینە، كاتێك هاتە مەدینە خەڵكی لە دەورى كۆبوونەوە، ئەبووذەر بە عوثمانى وت بەنیازم بچم بۆ ناوچەی رەبذە، عوثمانیش وتى وابكە، ئەبووذەریش وایكرد، تەنها ئەو هەنگاوەش بۆ ئەو گونجاو بوو.[32]

ئیبن تەیمیەش پێی وایە چوونى ئەبووذەر بۆ رەبذە لەبەر نەگونجانى ئەو ئیجتیهادەى بوو كە كردبووی، لەو بارەوە دەڵێت:

ئەبووذەر لە رەبذە نیشتەجێ بوو و لەوێش مرد، ئەمەش لەبەر هۆكارێك كە كێشە كەوتە نێوان ئەو و خەڵكەوە، چونكە ئەبووذەر كەسێكی صالحى دنیانەویست بوو، پەیامیشی وابوو كە دنیانەویستى واجبە و مرۆڤ چی لێ زیادە پێویستى خۆی هەڵبگرێت ئەوە كەنز و سامانێكە كە لە رۆژی دواییدا پێی داخ دەكرێت، هەروەها پشتى دەبەست بە شتێك كە لە قورئان و سوننەتدا بەڵگەى لەسەر نیە، ئەو پشتى دەبەست بە فەرمایشتی خوا (والذين يكنزون الذهب والفضة ولا ينفقونها في سبيل الله...)، بۆیە چی زیاد لە پێویست بوایە بە كەنزی دادەنا، بۆ ئەوەش پشتى دەبەست بەوەى لە پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بیستبوو كە فەرمووبووی(يا أبا ذر ما أحب أن لي مثل أحد ذهبا يمضي عليه ثالثة وعندي منه دينار إلا دينارا أرصده لدين)، (ئەى ئەبووذەر حەز ناكەم هێندە كێوی ئوحود زێڕم هەبێت و سیانەى بەسەردا تێپەڕ بێت و دینارێ لەو زێڕە لاى من مابێت مەگەر بۆ قەرزم دانابێت).... كاتێك عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف مرد و سامانێكی جێهێشت ئەبووذەر ئەوەى بەو كەنزە دانا كە لەسەری سزا دەدرێت، عوثمانیش سەبارەت بەو مەسەلە دانوستان و مشتومڕی لەگەڵ ئەبووذەر دەكرد تا ئەوەى كەعب هاتەژوورەوەو هاوڕاى عوثمان بوو، ئەبووذەر لێیدا، هەر لەسەر ئەوەش ئەبووذەر لە شام كێشەى لەگەڵ موعاویە هەبوو، دەستەیەكیش هەبوون هاوڕاى ئەبووذەر بوون... خۆ خواى گەورە لە قورئاندا میراتى دیاری كردووەو دابەشی كردووە، دەى میراتیش بۆ كەسێك دەبێت كە دواى خۆی سامانێك جێبهێڵێت، چەندین هاوەڵ لە پشتیوانان و بگرە لە كۆچەرانیش هەبون كە لەسەردەمى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سامانیان هەبووە، چەندین پێغەمبەریش هەبون كە سامانیان هەبووە، ئەبووذەر دەیویست شتێك لەسەر خەڵك واجب بكات كە خوا واجبی نەكردبوو لەسەریان، لەسەر شتێك سەركۆنەیان بكات كە خوا لەسەر ئەوە سەركۆنەى نەدەكردن، ئەو لەو رایەیدا موجتەهید بوو و وەك هەموو موجتەهیدانى تر لەسەر گوێڕایەڵیەكەى پاداشت وەردەگرێت...لە سەردەمى خیلافەتى عوثماندا -ماڵ و سامان زۆر بوو- و دەوڵەمەندان خوویان دایە زۆر بوارى دنیا كە هەیانبوو لە رووى رێژە و جۆرەوە دەچوونە مەیدانى موباحەوە، ئەبووذەریش هێندە نكووڵی دەكرد لێیان تا ئەوەى رێی موباحیشی لێ دادەخستن، ئەمەش هۆكارێكی كێشەی نێوان دوو تاقمەكە بوو، بۆیە كەنارگرتنى ئەبووذەر لەبەر ئەو هۆكارە بوو، ئەگەرنا عوثمان هیچ كێشە و مەرامێكی بەرامبەر بە ئەبووذەر نەبوو، ئەوەش كە دەڵێت ئەبووذەر ڕاستگۆترین كەسە واتاى ئەوە نییە لە هەموویان باشتر بێت، بەڵكو كەسێكى باوەڕدارى لاواز بوو، وەك لە فەرموودەى صەحیحدا هاتووە پێغەمبەر (a)فەرموویەتى ( يا أباذر إني أراك ضعيفا، وإنى أحب لك ما أحب لنفسي، لا تأمرن على إثنين ولا تولين مال يتيم) (ئەى ئەبووذەر من تۆ بە لاوازى دەبینم، ئەوەشی بۆ خۆم خۆشم دەوێت بۆ تۆیش حەزم پێیە، دەى بەرپرسیارێتی دوو كەسیش مەگرە ئەستۆ و ماڵ و سامانى هەتیویش مەگرە ئەستۆ)، یان لە فەرموودەى صەحیحدا هاتووە (المؤمن القوي خير وأحب إلى الله من المؤمن الضعيف و في كل الخير) ئەهلی شورایش باوەڕدارانى بەهێز بوون، ئەبووذەرو هاووێنەكانیشى باوەڕدارانى لاواز بوون، باوەڕدارانى چاكى نێو خیلافەت وەك عوثمان و عەلی و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف باشتر بوون لە ئەبووذەر و هاووێنەكانى.[33]

عەسكەرى دەڵێت: ئەبووذەر خۆى لەبەر زوهد و دوورگرتنى لەو سامانەى لە دەستى خەڵكدایە چوون بۆ رەبذەی هەڵبژارد.[34]

ئیبن خەلدوون دەڵێت: ئەبووذەر داواى مۆڵەتى كرد لە عوثمان تا لە مەدینە بچێتە دەرەوە، عوثمانیش مۆڵەتى دا و ئەبووذەریش چوو لە رەبذە دابەزى و لەوێ مزگەوتێكی بنیاد نا و عوثمانیش وشتری پێدا و دوو مەملووكى-خزمەتكارى- بۆ دانا و مووچەشی بۆ بڕیەوە،[35]هەروەها عوثمان پەیامى نارد بۆ ئەبووذەر و پێی وت جارجارە سەردانى مەدینە بكە تا نەریتی دەشتەكى وەرنەگریت، ئەویش وایدەكرد.[36]

 

 

مردنى ئەبووذەر

مردنى ئەبووذەر لە ساڵی سی و دووى كۆچی و لە مانگى ذیلحیججەدا بوو،[37] ئیبن مەسعوودیش نوێژی مردووى لەسەر كرد، چونكە ئەوكات ئیبن مەسعوود لە مەدینەوە بەرەو كووفە دەچوو، داوا كرا لە ئیبن مەسعوود نوێژی لەسەر بكات، ئەویش وتى ئەوە كێیە؟ وترا ئەبووذەرە، ئەویش گریانێكی زۆر گریا و وتى برا و كەسی خۆشەویستم بە تەنها ژیا و بە تەنها مرد و بە تەنهاش زیندوو دەكرێتەوە، خۆشبەختى بۆ خۆى.[38]

كاتێك ئەبووذەر لەسەرەمەرگدا بوو ژنەكەى دەستى كرد بە گریان، ئەبووذەر وتى بۆچی دەگریت؟ وتى لەبەرئەوەى كە هەر دەبێت من كفنت بكەم و هیچ جل و بەرگێكم لا نیە تا پێی كفنت بكەم، ئەویش وتى مەگری چونكە بیستوومە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رۆژێك كە لەگەڵ چەند كەسێكی تر لەلاى بووم دەیفەرموو (ليموتن رجل منكم بفلاة من الأرض تشهده عصابة من المؤمنين)، (كەسێك لە ئێوە لە چۆڵەوانیەكى زەویەكدا دەمرێت، دەستەیەك لە موسڵمانان ئامادەى مەرگى دەبن)، دەى هەركام لەوانەى ئەو رۆژە لەگەڵم بوون لە ناو كۆمەڵ و قەرەباڵغیدا مردن، ئیتر ئەوە منم كە لە چۆڵەوانیدا دەمرم، سوێند بەخوا درۆم نەكردووەو درۆشم لەگەڵ نەكراوە، دەی سەیرێكی رێگەكە بكە، ژنەكەشی وتى جا سەیری چی بكەم كە حاجییان چون و رێگەش بڕاوە،  ئەویش وتى بڕۆ و جوان سەیر بكە، ژنەكەى زوو زوو دەچوو سەیرێكی رێگەكەى دەكرد و دەهاتەوە بۆ خزمەت كردنى ئەبووذەر، ئینجا تاوە تاوە دەچوویەوە سەیرێكی دەورووبەری دەكرد، تا جارێك خەڵكێكی بینی بە بارگەو بنەو ولآخەوە دەهاتن، كە گەیشتنە لاى وتیان ئەوە چیتە لێرە ئەی ئافرەت؟ ئەویش وتى كەسێكی موسڵمانان دەمرێت، وتیان كێیە؟ وتى ئەبووذەر، وتیان ئەبووذەرى هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)؟ وتی بەڵێ، ئەوانیش هەموو دەیانوت بە دایك و باوكمانەوە بەقوربانى بین، خێرا چوون بەرەو لاى و چوونە لاى، ئەویش بەخێرهاتنى ئەوانى كرد و وتى كاتێك من و چەند كەسێكی تر لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووین بیستم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (كەسێك لە ئێوە لە چۆڵەوانیەكى زەویەكدا دەمرێت، دەستەیەك لە موسڵمانان ئامادەى مەرگى دەبن)، دەى هەركام لەوانەى ئەو رۆژە لەگەڵم بوون لە ناو كۆمەڵ و قەرەباڵغیدا مردن، ئیتر ئەوە منم كە لە چۆڵەوانیدا دەمرم، ئێوە گوێبیستى منن كە ئەگەر خۆم یان ژنەكەم پۆشاكێكمان هەبوایە بۆ كفن كردنم ئەوا بەو پۆشاكەى خۆم یان ژنەكەم كفن دەكرام، ئێوە گوێبیستمن كە من بەشایەتتان دەگرم یەكێك لە ئێوە كفنم بكات كە ئەمیر یان عەریف یان پۆستەچی یان نەقیب نەبووبێت، هەركامیان یەكێك لەو سیفەتانەى تێدا بوو جگە لە گەنجێكی پشتیوانان كە وتى مامە گیان من كفنت دەكەم و هیچكام لەوانەشم نیە كە باست كرد، لەم عەبایەى خۆمدا كفنت دەكەم، هەروەها لە دوو پۆشاكى تریشمدا كە دایكم بۆى ئامادە كردبووم.[39]

دواى ئەوەى نوێژی مردووى لەسەر كرا و ئەسپەردە كرا، ئینجا ئەو دەستەى موسڵمانان خێزانەكەى ئەبووذەریان بردەوە بۆ لاى عوثمانى كوڕی عەففان،[40] عوثمانیش ژن و مناڵەكانى ئەبووذەرى لەگەڵ ژن و مناڵەكانى خۆی دانا.[41]

ئەبووذەر یەكێك بوو لەو كەسانەى كە زۆر فەرمانى دەكرد بە چاكەو رێگری دەكرد لە خراپە، لەبەر رەزامەندى خوا گوێی نەدەدا بە لۆمەى هیچ كەسێك.[42]

ئەبوونوعەیمی ئەصبەهانى سەرەتاى دەستپێكردنى ژیاننامەى ئەبووذەری غیفارى بە وەسفێكی ناوازە دێنێت و دەڵێت (العابد الزهيد، القانت الوحيد، رابع الإسلام، ورافض الأزلام قبل نزول الشرع والأحكام، تعبد قبل الدعوة بالشهور والأعوام، وأول من حيا الرسول بتحية الإسلام، لم يكن تأخذه في الحق لائمة اللوام، ولا تفزعه سطوة الولاة والحكام، أول من تكلم في علم البقاء، وثبت على المشقة والعناء، وحفظ العهود والوصايا، وصبر على المحن والرزايا، واعتزل مخالطة البرايا إلى أن حل بساحة المنايا، أبو ذر الغفاري رضي الله عنه، خدم الرسول، وتعلم الأصول، ونبذ الفضول).[43]

 

ئایا ئەبووذەر لە ئاشووبخوازەكان بوو؟

بێگومان ئەبووذەری غیفارى لە ئاشووبخوازەكان نەبوو، بەڵكو موجتەهیدێك بوو كە لە بوارێكى ئیجتیهادەكانیدا نەیپێكا، بەڵام ئەوەى كە كێشە بوو ئەوەبوو ئاشووبخوازان ئەو بانگەوازەى ئەبووذەریان قۆستەوە بۆ مەرامى پیسی خۆیان و توانییان بیكەنە چەكێك بۆ دژایەتى خیلافەتى عوثمانى كوڕی عەففان و دواجار رەواكردنى خوێنی، هیچكام لە هاوەڵان و تابعیەكان و زانایانى ئەهلى سوننەو جەماعەش گومانیان نیە لەوەى ئەبووذەر هیچ پەیوەندى و هاوكاریەكى نەبووە لەگەڵ ئاشووبخوازان، بەڵكو نیازێكی چاكسازى هەبووەو ئیجتیهادێكی كردووەو ئیجتیهادەكەى نەیپێكاوەو پشت بەخوا یەك پاداشتی دەست كەوتووە.



[1] - أسد الغابة، ج1، ص 440.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 219.

[3] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 405.

[4] - أسد الغابة، ج6، ص 106.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج6، ص107.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص136.

[7] - المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 4961.

[8] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 222.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 222.

[10] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5430، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 772.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 219-222.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 222.

[13] - حلية الأولياء، ج1، ص 158.

[14] - حلية الأولياء، ج1، ص 159.

[15] - صحيح البخاري، الرقم 3670، صحيح مسلم، الرقم 4625، المعجم الأوسط للطبراني، الرقم 2683.

[16] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 252.

[17] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 226.

[18] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 252-253.

[19] - سنن ابن ماجة، الرقم 154، سنن الترمذي، الرقم 3819، مسند احمد بن حنبل، الرقم 6436،صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن ابن ماجة، الرقم 156.

[20] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 26946، ضعفه شعيب الأرناؤوط لوجود شهر بن حوشب في السند و هو ضعيف.

[21] - صحيح مسلم، الرقم 3493، سنن أبي داوود، الرقم 2499، صحيح ابن حبان، الرقم 5641، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 6296، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 18788.

[22] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4321 و قال الذهبي فيه إرسال، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1972، ضعفه الألباني في سلسلة الأحاديث الضعيفة، الرقم 5531.

[23] - مسند الروياني، الرقم 29، مسند احمد بن حنبل، الرقم 22355، سنن ابن ماجة، الرقم 148، سنن الترمذي، الرقم 3738، المستدرك على الصحيحين، الرقمم 4598،  ضعفه الألباني في سلسلة الأحاديث الضعيفة، الرقم 2171.

[24] - صحيح البخاري، الرقم 2427.

[25] - صحيح مسلم، الرقم 3224.

[26] - صحيح البخاري، الرقم 2427.

[27] - صحيح مسلم، الرقم 3224.

[28] - صحيح البخاري، الرقم 2427، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 14692.

[29] - تاريخ اليعقوبي، دار صادر، بيروت، ج2، ص 124.

[30] - صحيح البخاري، الرقم 4011، صحيح مسلم، الرقم 3391.

[31] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4405، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 15382.

[32] - العوصم من القواصم، تحقيق محب الدين الخطيب و محمود مهدي الأستانبولي، ط2، دار الجيل(بيروت-1987)، ص 85- 88.

[33] - منهاج السنة النبوية لابن تيمية، تحقيق د.محمد رشاد سالم، ط1، مؤسسة قرطبة،  ج6، ص 173- 174.

[34] - الأوائل للعسكري، ج1، ص 55.

[35] - تاريخ ابن خلدون، ط5، دار القلم (بيروت-1984)، ج2، ص 588.

[36] - تأريخ الطبرى، ج2، ص 616.

[37] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 165.

[38] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 253.

[39] - صحيح ابن حبان، الرقم 6779، المستدرك على الصحيحين، الرقم 5444، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 20915، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1470، حسنه شعيب الأرناؤوط، كما حسنه الألباني في صحيح و ضعيف الترغيب و الترهيب، الرقم 3314.

[40] - أسد الغابة، ج1، ص 442.

[41] - البداية والنهاية لابن كثير، ج7، ص 165.

[42] - تاريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص 406.

[43] - حلية الأولياء لأبي نعيم الأصبهاني، ج1، ص 156-157.

 2283
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.