دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  باقوم (رضي الله عنه)

باقوم (رضي الله عنه)

باقووم رۆمیە، لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد، لەبەرئەوەى میراتگرى نەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) میراتەكەى دا بە سوهەیلی كوڕی عەمر.[1]

باقومى رۆمی (رضي الله عنه)

سەبارەت بە ناوى ئەم هاوەڵە هەریەك لە باقووم و باقوول هاتووە،[2] ئەم هاوەڵە رۆمییە،[3] فەرموودەیەكى لێوە گێردراوەتەوە كە مینبەرەكەى پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) دروست كردووە، بەڵام ئیبن حەجەر ئەو ریوایەتە بە لاواز دادەنێت.[4]

دەوترێت لە رۆمەوە بە رێی دەریادا هاتووەو گەیشتوەتە مەككەو لەوێ كەعبەی بۆ قوڕەیش بنیادناوەتەوە.[5]

طهبەرانى لە (المعجم الأوسط) هێناویەتى لە جابری كوڕی عەبدوڵاوە (رضي الله عنه) كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لاى دارخورمایەك وتارى دەدا و پاڵی پێوە دەدایەوە، پێی وترا ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئیسلام تەواو بوو-تەواو بلآوبووەتەوە- و خەڵكى زۆر بون و لە هەموو ئاسۆكانەوە خەڵكى دێن بۆ لات، بەڵكو فەرمان بكەیت شتێ دروست بكرێ تا لەسەری دیار و لەبەرچاو بیت، ئەویش بە كەسێكى فەرموو، ئایا مینبەر دروست ئەكەیت؟ وتى بەڵێ، فەرمووى ناوت چیە؟ وتى فلآن، فەرمووى تۆ هی ئەم كارە نیت، كەسێكى تری بانگ كرد و پرسیارى لێكردو هەمان جۆر روویدا، ئینجا كەسێكى تری بانگ كرد و پێی فەرموو ئایا مینبەر دروست ئەكەیت؟ وتى بەڵێ إن شاء الله، ، فەرمووى ناوت چیە؟ وتى  ئیبراهیم، فەرمووى دەست بكە بە دروست كردنى، ...).[6]

بەڵام بە گێڕانەوەى صەحیحی ئیمامى بوخارى و بەپێی زۆرینەى سەرچاوەكانى هاوەڵان ئەو كەسەی مینبەرەكەى دروست كردووە كۆیلەى ئافرەتێك بوو،[7] ئەو ئافرەتەش یەكێك بوو لە پشتیوانان،[8]لە هەندێ سەرچاوەدا ناوى ئەو كەسەى مینبەرەكەى دروستكردووە بە باقوم هاتووە.[9]

لە صەحیحی بوخاریدا لە جابری كوڕی عەبدوڵاوە هاتووە ئافرەتێك بە پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) وت ئەى پێغەمبەرى خوا شتێكت بۆ دروست نەكەم لەسەری دابنیشیت؟ چونكە من كۆیلەیەكم هەیە دارتاشە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: ئەگەر ئەتەوێ باشە، ئەویش دەستى كرد بە دروستكردنى.[10]

ئیبن حەجەر دەڵێت لەوانەیە ئەمە هەر ئەم هاوەڵە بێت و ناوى ئیبراهیم و نازناوەكەى باقووم بووبێت.[11]

لەو ئەگەرەى ئیبن حەجەرەوە ئەو ئەگەرەى تریش هەیە لەوانەیە ئەو كەسە بە باقووم ناسرابێت و دواتر كە موسڵمان بووبێت ناوى خۆی گۆڕیبێت بە ئیبراهیم.

ئیبن حەجەر لە شەرحی صەحیحی بوخاریدا بە وردى باسی دروستكردنى مینبەرەكەى پێغەمبەرى (صلى الله عليه وسلم) هێناوە، باس لە هەریەك لە ئیبراهیمی نەجار و باقوم و تەمیمی دارى دەكات، ئەو ریوایەتەى باسی باقوم دەكات بە لاوازى داناوە، ئەوەشیان باسى تەمیمی دارى دەكات سەنەدەكەى بە جەید داناوە،[12] لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە دەڵێت باقوم داواى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد تا لەسەر شێوازى ئەو مینبەرەى لە شام بینیویەتى مینبەرێكی بۆ دروست بكات، ئەویش راوێژی كرد بە هاوەڵان و ئەوانیش پێیان باش بوو مینبەرەكە دروست بكات، عەبباسی كوڕی عەبدولموطهلیب وتى من كۆیلەیەكم هەیە پێی دەوترێت كیلاب، زۆر ئیشكەرە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بینێرە با بەردەستى بۆ بكات، ئەویش ناردى و ... مینبەرەكەیان بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دروست كرد.[13]

دواتر ئیبن حەجەر دەڵێت بەڵگەى دروست نیە لەسەر ئەوەى تەمیمی دارى دروستى كردبێت، بەڵكو پێی وایە بەڵگەى راست لەسەر ئەوەیە مەیموون دروستى كردبێ، دەشڵێت گونجاو نیە چەند كەسێك دروستیان كردبێت، چونكە مەدینە یەك دارتاشی كاراى هەبووە، بەڵام دەكرێت ئەو یەك كەسە وەستاكە بووبێت و ئەوانى تر هاریكار و بەردەستى بووبن.[14]

دەكرێت بڵێین:

یەكەم: بیرۆكەى دروستكردنى مینبەر لە شامەوە وەرگیراوە.

دووەم: كەسێك ئەم بیرۆكەى خستوەتەڕوو كە زۆر سەردانى رۆمى كردووە.

سێیەم: كەسانێ بەردەستییان كردووە بۆ دروستكردنى مینبەرەكە.

بۆ وەرگرتنى وردەكارى زیاتر سەبارەت بە دروستكردنى مینبەرەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕوانە (فتح الباري: باب التأذين عند الخطبة).



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص266.

[2] - أسد الغابة، ج1، ص245.

[3] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1203.

[4] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص265.

[5] - أخبار مكة للأزرقي، ج1، ص157.

[6] - المعجم الأوسط للطبرانى، الرقم 5369، أسد الغابة، ج1ص70.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 440، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13979.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 2011، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13979.

[9] - معرفة الصحابة لإبن منده، ص306، أسد الغابة، ج1ص70، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص21.

[10] - صحيح البخاري، الرقم 440، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13979.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص21.

[12] -  فتح الباري بشرح صحيح البخاري لابن حجر العسقلاني، ج2، ص398.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص250.

[14] - فتح الباري بشرح صحيح البخاري لابن حجر العسقلاني، ج2، ص399.

 4074
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.