دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  سەعیدی كوڕی زەید(رضي الله عنه)

ناوى سەعیدی كوڕی زەیدی كوڕی عەمرى كوڕی نوفەیلى عەدویە، یەكێكە لە دە هاوەڵە موژدەپێدراوەكە و یەكێكە لەوانەى زۆر زوو موسڵمان بوو، دایكی ناوى فاطيمهى كچى بەعجەیە،[1] سەعید مێردى فاطيمهى خوشكی عومەرى كوڕی خەططاب بوو،[2] هاوكات عاتیكەى خوشكی سەعیدیش ژنى عومەرى كوڕی خەططاب بوو،[3] كونیەكەى سەعید ئەبولئەعوەرەو هەندێ جار بەو كونیەی بانگ دەكرا.[4]

زەیدی باوكى لە تاو دوورگرتن لە پەرستشی بتەكان لە مەككە دەرچوو بەرەو شام و لەوێ ئایینی جوولەكەو مەسیحیەتى بینی، بەڵام دینداریەكەى ئەوانى بەدڵ نەبوو، بۆیە وتى خوایە من لەسەر دینی ئیبراهیم پێغەمبەرم.[5]

سەعید دەڵێت وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) باوكم بەو حاڵەوە مرد كە دەتزانى، ئەگەر بگەیشتایە بە سەردەمى تۆ بە دڵنیاییەوە باوەڕی پێ دەهێنایت، دەى ئایا داواى لێخۆشبوونى بۆ بكەم، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى بەڵێ، ئەو لە رۆژی دواییدا بە تەنها وەك ئوممەتێك زیندوو دەكرێتەوە).[6]

سەعید ژنیكی هەبوو بە ناوى رەملە كە خوشكی عومەر بوو، لەم ژنەى كوڕێكی بوو بە ناوى عەبدورەحمان، ژنێكی تری ناوى جلیسەى كچی سوەید بوو كە لەم ژنەى دوو كوڕی هەبوو بە ناوى عەبدوڵا و زەید و كچێكیشی هەبوو بە ناوى عاتیكە، ژنێكی تری ناوى ئومامە بوو كە لەم ژنەى عەبدورەحمانى بچووك و عومەر و ئوممومووسا و ئوممولحەسەنى هەبوو، ژنێكی تری ناوى حەزمەى كچی قەیس بوو كە موحەممەد و ئیبراهیم و عەبدوڵا بچكۆل و ئومموحەبیب و ئوممولحەسەنى بچووك و ئومموزەید و ئومموسەلەمەو ئومموحەبیبی بچووك و ئومموسەعیدی هەبوو، ژنێكی تری ناوى ئوممولئەسوەد بوو كە عەمرى بچوك و ئەسوەدى لێی هەبوو، ژنێكی تری ناوى ضهمخى كچی ئەسبەغ بوو كە عەمرى گەورەو طهلحە و زەجلەى هەبوو، ژنێكی تری ناوى ئومموخالید بوو كە ئوممو وەلەد بوو و هەریەك لە خالید و ئومموخالیدو ئوممونوعمانى هەبوو، لە ژنێكی تری ئیبراهیمی گەورەو حەفصەی هەبوو، ژنێكی تری ناوى ئومموبەشیرى كچی ئەبوومەسعوود كە ئومموزەیدی بچووكى لێی هەبوو، لە ئوممووەلەدێكیشی هەریەك لە عائیشەو زەینەب و ئومموصالیحی هەبوو.[7]

پێش ئەوەى بانگەوازی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بچێتە ماڵی ئەرقەمەوە سەعید موسڵمان بوو.[8]

سەعید لەسەر ئیسلام ئازارو ئەشكەنجەى چەشت، خۆی دەڵێت عومەر پێش ئەوەى موسڵمان بێت لەسەر موسڵمان بوونم من و خوشكەكەشی دەبەستەوە.[9]

موسڵمانبوونى عومەرى كوڕی خەططاب لە ماڵی سەعیددا بوو، خەبباب دەچوو بۆ ماڵی فاطيمهى خوشكی عومەرى كوڕی خەططاب كە لەگەڵ سەعیدی كوڕی زەیدی مێردى موسڵمان بووبوون، خەبباب لەوێ قورئانى فێری فاطيمهو مێردەكەى دەكرد، رۆژێك عومەرى كوڕی خەططاب كە هێشتا موسڵمان نەبووبوو چوو بۆ ماڵی فاطيمهى خوشكی كاتێك بیستبووی خوشكەكەى موسڵمان بووە، كە نزیك بوویەوە گوێی لە قورئان خوێندنەكەى خەبباب بوو، كە چوویە ژوورەوە داى لە فاتیمەى خوشكی و خوێن لە دەموچاوى هات، عومەر كە ئەوەی بینی پەشیمان بوویەوە، پاشان داواى كرد ئەو قورئانەى دەیانخوێند بیدەنە دەستى، فاطيمه وتى تا خۆت نەشۆیت نایدەمە دەستت، عومەر خۆی شۆرد و قورئانەكەى وەرگرت و خوێندیەوە، وتى وتەكانى چەند جوانن، خەبباب كە ئەمەی بیست خێرا وتى ئەی عومەر سوێند بەخوا هیوانم هەیە خواى گەورە نزاى پێغەمبەرى بۆ گیرا كردبیت، چونكە من دوێنێ شەو گوێم لێ بوو نزاى دەكرد و فەرمووى:  خوایە بە موسڵمانبوونى ئەبولحەكەمى كوڕی هیشام یان بە موسڵمان بوونى عومەرى كوڕی خەططاب پاڵپشتی ئیسلام بكە(ئیسلام سەربخە)، دەى عومەر دەرفەتە لەدەستى مەدە، عومەریش وتى ئەی خەبباب دەی بمبە بۆ لاى موحەممەد تا موسڵمان بم، خەببابیش پێی وت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كوێیە، عومەریش چوو و موسڵمان بوو.[10]

سەعید كۆچی كرد بۆ مەدینە، كە گەیشتە ئەوێ لە ماڵی ریفاعەى كوڕی عەبدولمونذير دابەزى.[11]

كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە مەدینە برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان سەعیدی كوڕی زەید و طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵاوە،[12] رایەكى تریش دەڵێت سەعید و رافیعی كوڕی مالیكی كرد بە براى یەكتر.[13]

پێش ئەوەى غەزاى بەدر رووبدات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی زانى كە كاروانى قوڕەیشیان دەگەڕێتەوە، بۆیە سەعیدی هاودەم بە طهلحە نارد تا هەواڵی كاروانەكەی بۆ بهێنن، ئەوەبوو زانیاری وردیان هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)پاش دە رۆژ سەعید دەرچوو بۆ شام.[14]

سەعید لە غەزاى بەدردا لە مەدینە نەبوو، بۆیە نەیتوانى بەشدارى غەزاى بەدر بێت، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكاندا بەشی سەعیدی دانا، بەڵام لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد، دواتریش بەشدارى غەزاكاتى تری كرد.[15]

كاتێك غەزاى بەدر روویدا سەعید لە شام بوو، كە گەڕایەوە غەزاى بەدر تەواو بووبوو.[16]

سەعید لە جەنگى یەرمووكدا بەشدارى كرد، لە گەمارۆدانى دیمەشقدا بەشدار بوو.[17]

ذەهەبی سەبارەت بە ئەندام نەبوونى سەعید لە شووراى شەش كەسی سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا دەڵێت: سەعید لە پلەى شوورا دواكەوتوو نەبوو چ لە رووی شكۆ و چ لە رووی زوو موسڵمان بوونیەوە، بەڵام عومەر بۆیە ئەوی دانەنا تا هیچ گومانێك نەبێت بڵێن زاواو ئامۆزاكەى خۆی داناوە، ئەگەر لەوێ دایبنایە رافیزەكان دەیانوت ئامۆزاكەى خۆی داناوە، بۆیە عومەر كوڕەكەى خۆی و دارودەستەكەى خۆی لەو دەستەیەدا دانەنا تا كارەكە بۆ خوا بێت.[18]

كاتێك عوثمانى كوڕی عەففان شەهید كرا و بەیعەت درا بە عەلى كوڕی ئەبوو طالیب، سەعیدى كوڕی زەید بەیعەتى پێدا.[19]

جارێك موغیرە لاى سەعیدی كوڕی زەید قسەی بەرامبەر بە عەلى كوڕی ئەبووطالیب كرد، سەعید هەستاو وتى من شایەتى دەدەم بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو

(عشرة في الجنة: النبي في الجنة، وأبو بكر في الجنة، وعمر في الجنة، وعثمان في الجنة، وعلي في الجنة، وطلحة بن عبيد الله في الجنة، والزبير بن العوام في الجنة، وسعد بن مالك في الجنة، وعبد الرحمن بن عوف في الجنة)، (دە كەس لە بەهەشتدان: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بەهەشتدایە، ئەبووبەكر لە بەهەشتدایە، عومەر لە بەهەشتدایە، عوثمان لە بەهەشتدایە، عەلى لە بەهەشتدایە، طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا لە بەهەشتدایە، زوبەیری كوڕی عەووام لە بەهەشتدایە، سەعدى كوڕی مالیك لە بەهەشتدایە، عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف لە بەهەشتدایە)، ئینجا وتى بمویستایە كەسی دەیەمیشم دەوت، وتیان كێیە؟ بێدەنگ بو، دواتر زۆریان لێكرد تا بیڵێت، ئەویش وتى سەعیدی كوڕی زەید-واتە خۆی-.[20]

كاتێك عومەرى كوڕی خەططاب وەفاتى كرد، سەعید زۆر گریا، پێیان وت بۆچی دەگریت؟ وتى بۆ ئیسلام دەگریم، گورزێكی بەركەوتووە تا رۆژی دوایی شوێنەوارى دەمێنێت،[21] دواتر هەریەك لە سەعید و عوثمانى كوڕی عەففان و صوهەیب و ئیبن عومەر دابەزینە ناو گۆڕەكەیەوە.[22]

جارێك ئافرەتێك چوو بۆ لاى مەڕوانى كوڕی حەكەم كە والى مەدینە بوو، وتى سەعید بەشیكَ لە زەویەكەى منى داگیر كردووە، مەڕوانیش ناردى بە شوێن سەعیددا تا لێپێچینەوەى لەگەڵ بكات، سەعید وتى من بەشێك لە زەوى ئەو داگیر بكەم لە كاتێكدا بیستوومە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (من أخذ شبرا من الأرض ظلما، طوقه إلى سبع أرضين)، (هەركەس بە ستەم بستێ زەوى ببات گەردن كۆت دەكرێت بۆ حەوت زەوى-واتە خوار حەوتەم توێژی زەوى-)، مەڕوان وتى ئیتر داواى بەڵگەت لێ ناكەم، سەعید وتى خوایە ئەگەر ئەم ئافرەتە درۆ دەكات چاوەكانى لێ وەرگریتەوەو لە زەوی خۆیدا بیكوژیت، ئەوەبوو ئەو ئافرەتە نەمرد تا بینایی لەدەستدا، پاشان جارێك بەناو زەویەكەیدا دەڕۆیشت كە كەوتە چاڵێكەوەو مرد.[23]

سەبارەت بە كۆچی دوایی زەید لە كووفە و لە ساڵی پەنجاو دووى كۆچیدا وەفاتى كرد،[24] رایەكى تر دەڵێت لە ساڵی پەنجاى كۆچیدا وەفاتى كرد، رایەكیش دەڵێت لە ساڵی پەنجاو هەشتی كۆچیدا وەفاتى كرد، رایەكیش دەڵێت لە مەدینە مردووە، بەڵام راستتر ئەوەیە لە ناوچەی عەقیق مردووە، تەمەنى نزیكەى حەفتاو ئەوەندە ساڵ بوو.[25]

خەڵكى كووفە دەڵێن سەعید لە كووفە و لە خیلافەتى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا مرد و موغیرەى كوڕی شوعبە كە ئەوكات والى كووفە بوو نوێژی لەسەر كرد.[26]

كاتێك وەفاتى كرد عەبدوڵاى كوڕی عومەر تەرمەكەى شۆرد و كفنى كرد و نوێژی لەسەر كرد، رایەكیش دەڵێت سەعدى كوڕی ئەبی وەقاص تەرمەكەى شۆرد و هاودەم بە عەبدوڵاى كوڕی عومەر دابەزیە ناو گۆڕەكەیەوە.[27]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 103.

[2] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 136.

[3] - أسد الغابة، ج2، ص 458.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 379.

[5] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 126-127.

[6] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 1585.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 381-382.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 103.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 3676، فضائل الصحابة لأحمد بن حنبل، الرقم 347.

[10] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص 79-80.

[11] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 382.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 216.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 382.

[14] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 136.

[15] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 103-104.

[16] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 135.

[17] - أسد الغابة، ج2، ص 458.

[18] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 138.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 31.

[20] - صحيح ابن حبان، الرقم 7103 واللفظ له، سنن أبي داود، الرقم 4052، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الالباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 7454.

[21] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 372.

[22] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 368.

[23] - صحيح مسلم، الرقم 3107.

[24] - سير أعلام النبلاء، ج1، ص 140.

[25] - أسد الغابة، ج2، ص 458.

[26] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 384.

[27] - أسد الغابة، ج2، ص 458.

 1492
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.