دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (بیشر) بووە

بیشری سولەمى (رضي الله عنه)

بیشری سولەمى كوڕێكى هەبوو بە ناوى رافیع[1] كە فەرموودەیەكى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (يوشك أن تخرج نار من حبس، تسير سير بطيئة الإبل تسير النهار وتقيم الليل تغدو وتروح يقال غدت النار أيها الناس فاغدوا قالت النار أيها الناس فأقيلوا راحت النار أيها الناس فروحوا من أدركته أكلته[2] (زۆری نەماوە لە حوبس ئاگرێك دەربچێت كە وەك رۆیشتنى خاوترین وشتر دەڕوات، رۆژ دەڕوات و شەو دەمێنێتەوە، بەیانى و ئێوارە ڕێ دەكات، دەوترێت ئەی خەڵكینە وا بەم بەرەبەیانە ئاگر رێ دەكات دەى ئێوەش بڕۆن، ئەى خەڵكینە وا ئاگر قەیلوولە (سەرخەوى پێش نێوەڕۆ) دەكات دەى ئێوەش قەیلوولە بكەن، ئەى خەڵكینە وا بە ئێوارەو شەو ئاگرەكە رێ دەكات، دەى ئێوەش رێ ببڕن و بڕۆن، ئەو ئاگرە بگات بە هەر كەس دەیخوات).

(حوبس) یان (حەبس سەیل) كە لە گێڕانەوەى تردا هاتووە ناوى شوێنێكە، جا بەپێی دوو گێڕانەوە دەتوانین دیاری بكەین ئەو شوێنە كوێ دەكات، لە گێڕانەوەیەكدا كە لە (المستدرك على الصحیحین) هاتووە پێغەمبەرى خودا (صلى الله عليه وسلم) ئاماژەی داوە بە حەبس سەیل كە ئاگرێكی لێدەكەوێتەوە گەردنى وشتر لە بوصرا رووناك دەكاتەوە،[3] لە گێڕانەوەیەكى تریشدا سەبارەت بەو ئاگرەى گەردنى وشتر لە بوصرا رووناك دەكاتەوە هاتووە لە حیجاز ئاگرێك دەكەوێتەوە كە گەردنى وشتر لە بوصرا رووناك دەكاتەوە.[4]

بەم پێیە ئەو ناوچەیە كە ئاگرەكەى لێ دێتەدەر لە خاكى حیجاز (شانشینی سعوودیەى ئەمڕۆ) دەبێت و ناوچەكەش ناوى حەبس سەیلە.

 

بیشری كوڕی بەراء(رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی بەرائی كوڕی مەعروورى صەخری كوڕی خەنسائی كوڕی سینانە،[5] لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان.[6]

بەرائی باوكى یەكێك بوو لە هاوەڵە دیارو نزیكەكانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە پێشتر باسمان كردووە.

دایكی ناوى خلیسەى كچی قەیسە.[7]

بیشر برایەكى هەبوو بە ناوى موبەشیر[8] كە بەشداربوو لە حودەیبیە و بەیعەتى ريضواندا.[9]

خوشكێكیشی هەبوو بە ناوى ئوم بیشر یان ئوم ئەنەس كە فەرموودەى لە پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[10]

خوشكێكی تریشی هەبوو بە ناوى هیند كە ژنى جابری كوڕی عەتیك بوو.[11]

خوشكێكی تریشی هەبوو بە ناوى رەباب كە بەیعەتى داوە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[12]

خوشكێكی تری ناوى ظهبیە بوو كە ژنی ئەبووقەتادەى ئەنصارى بوو،[13] یان دەوترێت ناوى سەلافە بووە.[14]

بیشری كوڕی بەرائی ئەنصارى لەگەڵ باوكیدا بەشدار بوو لە بەیعەتى عەقەبەدا.[15]

بیشر تیرهاوێژى نزیك لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.[16]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان كۆچەران و پشتیوانان، برایەتى خستە نێوان واقیدی كوڕی عەبدوڵا و بیشری كوڕی بەرائەوە.[17]

بیشر لە جەنگى بەدر و ئوحود و خەندەقیشدا بەشدارى كرد،[18] لە رێككەوتنى حودەیبیەشدا بەشدار بوو.[19]

بیشر یەكێك بوو لە پیاوماقووڵ و كەسە دیارەكانى ناو هۆزەكەى،[20] فەرموودەیەكیشی لەسەرە كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە بەنى سولەیمی-بەنى عوبەید- فەرموو گەورەتان كێیە؟ وتیان جەددى كوڕی قەیسە، بەڵام پیسكەییەكى تێدایە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (فأي داء أدوأ من البخل، بل سيدكم بشر بن البراء بن معرور[21] (جا چ دەردێ خراپترە لە بەخیلی، بەڵكو گەورەى ئێوە بیشری كوڕی بەرائی كوڕی مەعروورە).

لە جەنگى خەیبەردا كاتێك ئافرەتە جوولەكەكە گۆشتى بە دیارى هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ژەهری پێوە كردبوو، بیشر لەو گۆشتەى خوارد و بەهۆی ئەو خواردنەوە مرد،[22] ئەوەبوو دواى مردنى بیشر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد بە كوشتنى ئەو ژنە جوولەكە.[23]

بەسەرهاتى ئافرەتە جوولەكەكەش بەمجۆرە بوو: كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەتحى خەیبەرى كرد و ژمارەیەكى زۆر لە جوولەكەكان كوژران، زەینەبی كچی حارث كە ئافرەتێكی جوولەكە بوو بەرخێكی برژاوى ژەهراوى بە دیارى هێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، زۆربەى ژەهرەكەى لە باڵ و شانى بەرخەكەدا دانا چونكە بیستبووی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو پارچەی بەرخى لە هەموو پارچەكانى تر لا بەچێژترە، كاتێك ئەو بەرخەى هێنا بیشری كوڕی بەرائی كوڕی مەعروور لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەشێ لە شانى بەرخەكەى هەڵگرت تا بیخوات، بیشریش بەشێك لە گۆشتەكەى هەڵگرت، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پارووەكەى خوارد بیشریش پارووەكەى خوارد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى دەست هەڵگرن چونكە شانى ئەم بەرخە هەواڵم پێ دەدات چی پێدا كراوە، بیشر وتى ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) سوێند بەوەى رێزدارى كردیت من ئەوەم لە خواردنەكەمدا بەدیكرد، بەڵام تەنها لەبەر گەورەیی و رێزی تۆ نەمتفاندەوە چونكە حەزم نەكرد خواردنەكەت لا بێزراو بكەم، كاتێك بینیم پاروەكەت خوارد خۆم لە تۆ لا لەپێشتر نەبوو و حەزم نەكرد جیا لە تۆ خۆم رزگار بكەم، بۆیە هیوام وابوو ئەوەى خواردت ژەهراوى نەبێت، بیشر هەر لەو شوێنەیدا رەنگى تێكچوو و مرد، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە پشتی شانیەوە كەڵەشاخى گرت،[24] پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليه وسلم) ئافرەتەكەى بانگ كرد و پێی فەرموو چی وایكرد وا بكەیت؟ ئەویش وتى وتم ئەگەر پێغەمبەر بێت ئەوە زیانى پێ ناگەیەنێت، ئەگەریش پێغەمبەر نەبێت ئەوە لە كۆڵی هەموانى دەكەمەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد ئەو ژنە جوولەكەیە كوژرا،[25] دواتر سێ ساڵ بەو ئازارەیەوە مایەوە تا هەر بەو ئازارەوە وەفاتى كرد وەك لە رۆژی وەفاتیدا فەرمووى (ما زلت أجد من الأكلة التي أكلت من الشاة يوم خيبر عددا حتى كان هذا أوان انقطع الأبهر مني)، (هێشتا بە بڕێ دەردى ئەو خواردنەوە دەناڵێنم كە لە رۆژی خەیبەر لە بەرخەكەم خوارد، ئیتر ئێستا تواناى پێ نەهێشتم[26])، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە شەهیدی وەفاتى كرد.[27]

ئیبن سەعد دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو ژنەى دایە دەست كەس وكارى بیشر، ئەوانیش كوشتیان.[28]

پەندو وانە

پیسكەیی و بەخیلی لە مرۆڤدا سیفەتى زۆر خراپەو هێندە بەسە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە ئەوپەڕی خراپە باسی كردووە، خۆپاراستنیش لە سیفەتى خراپە پێویستە، بۆیە هەركەس سیفەتێكى خراپە لە خۆیدا بەدیدەكات با وانەزانێت لێی جیانابێتەوە، وەك چۆن هەندێ بۆچوونى بە ناو زانستی باسی لێوە دەكەن، بەڵكو دەتوانێت سیفەتى خراپە بگۆڕێت بە سیفەتى چاكە، با ئەو خراپەش چەندین ساڵ لە ناخ و ژیانى ئەو كەسەدا ریشەی داكوتابێت، كاتێك رووناكى ئیمان و ئیسلامى بۆ خستەكار خێرا چاكەو سەربڵندى  لە شوێنیدا رەگ دادەكوتێت، كەسی سەركردەش پێویستە بە سیفەتە بالآو ناوازەكان رازاوە بێت نەك سیفەتە پەستەكان لەخۆبگرێت.

هاوەڵان نموونەی بالآ بون لە رێزگرتن و بە شكۆدانانى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم)، ئەم نموونەى بیشریش یەكێكە لە سەدان نموونەى ناو ژیانى هاوەڵان كە تا چەندە رێز و گەورەیی پێغەمبەری خوایان لا بووە، دەبینین ئەگەرچی هەستى كردووە بە تام و بوونى ژەهرەكە لە پاروەكەیدا، بەڵام تەنها لەبەرئەوەى خواردنێك كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزى پێ بووە لەبەرچاوى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بێزراو نەكات ئامادەیە ئەو پارووە نەتفێتەوە، دەى سوێند بەخوا ئەگەر ئێمە بووینایە ئەو پاروەمان دەتفاندەوەو ناویشمان لێ دەنا ژیری و وریایی.

بیشری كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی حارثى كوڕی سەریعى عەبەسیە، ئەم هاوەڵە لەگەڵ هەشت كەسی تر لە هاوڕێیانى هاتوونەتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)،[29] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى كرد بۆیان و فەرمووى بەڵكو كەسێكی تر بێتە لاتان و ببنە دە كەس تا لیوایەكتان بۆ پێك بهێنم، ئەوەبوو طهلحەى كوڕی عوبەیدوڵا هات، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لیوایەكى پێكهێنا بۆیان و بڕیارى دا دروشمەكەشیان بریتی بێت لە (يا عشرة).[30]

بیشری كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی حارثى كوڕی قەیسی قورەیشی سەهمیە، هاودەم بە هەردوو براكەى ترى كە ناویان حارث و موعەممەر بوو كۆچیان كرد بۆ حەبەشە،[31] بیشر هەر لە حەبەشە مایەوە تا دواى جەنگى بەدر گەڕایەوە.

بیشری كوڕی حارث(رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی حارثى كوڕی عەمرە، لە پشتیوانانە،[32] دوو براى تری هەبوو بە ناوەكانى بوشەیر و مەبشیر كە هەر سێیان بەشدار بوون لە غەزاى ئوحوددا.[33]

بوشەیری براى لەو شاعیرانە بوو كە هێرشیان دەكردە سەر هاوەڵانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، واتە مونافیق بوو، لە جەنگى ئوحودیشدا كە موسڵمانان پێویستییان بە چەك و شمەك بوو بەشیر هەستا و قەڵغانێكی دزى، دواتریش لە مانگى رەبیعولئەوەلى ساڵی چوارەمى كۆچیدا مورتەد بوویەوە.[34]

بیشری كوڕی حەنظهلە (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی حەنظهلەى جوعفیە،[35] ئیبن حەجەر دەڵێت پێدەچێت براى سوەیدى كوڕی حەنظهلە بێت.[36]

فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوە و دەڵێت: لەگەڵ وائیلی كوڕی حیجردا لە رێیەكدا پێكەوە بووین بەرەو لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچووین، لەرێدا دامان بەلاى تاقمێكدا كە دوژمنى وائیل بوون و ماڵ و مناڵی بوون و بەدوایدا دەگەڕان، دوژمنەكەى وائیل وتى ئەرێ وائیل لەنێوتاندایە؟ وتمان نا، وتى دەى خۆ ئەوە وائیلە، منیش لە ناخى خۆمدا وتم ئەمە یەكێكە لە پاشاكانى یەمەن، دوژمنەكانى وتیان دەبێت سوێند بخۆن كە ئەوە وائیل نیە، منیش سوێندم خوارد وتم ئەمە براى دایكی و باوكیمە، ئەوەبوو وازیان لێ هێنا و چووین، كاتێك هاتینە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) باسەكەمان بۆ گێڕایەوە، ئەویش فەرمووى (صدقت هو أخوك ابن أبيك وأمك آدم وحواء عليهما السلام لك أجر بيمينك هذه عظيمة[37] (راست دەفەرمویت، ئەوە براى دایك و باوكیتە ئادەم و حەوا –سەلامى خوایان لێ بێت- بەو سوێندخواردنەت پاداشتێكى گەورەت بۆ هەیە).

وەستانێك:

سەبارەت بە سوێندخواردن لە بارى سەختى وادا ئەگەر سوێندەكەش ببێتە درۆ ئەوە دروستە، شەوكانى لە (نیل الاوطار) دا ئەو رایەی هێناوە كە زانایان لەسەر ئەوە كۆكن دروستە لەكاتى ناچاریدا درۆ بكرێت بۆ نموونە ئەگەر ستەمكارێك ویستى پیاوێك بكوژێت كە لاى كەسێك خۆی شاردوەتەوە، ئەو كەسەی شاردوویەتیەوە بۆی هەیە بڵێت لاى من نیە و سوێندیشى بۆ بخوات، هیچ تاوانباریش نابێت لەسەر درۆ و سوێندە درۆكەیشی.[38]

نەوەوى لە شەرحى صەحیحی موسلیمدا ئەو رایە دێنێت كە دەڵێت بەڵكو ئەگەر كەسێك كەسێكی شاردبوویەوە لاى خۆی كە ستەمكارێك دەیویست بیكوژێت ئەوە واجبە لەسەری ئەو درۆیە بكات و بڵێت نازانێت لە كوێیە.[39]

سەبارەت بە درۆكردن و كاتى دروست بۆ درۆكردن چەند رایەك هەیە، راى زیاتر كە ئیبن حەجەر لە شەرحى صەحیحی بوخاریدا هێناویەتى لەسەر ئەوەیە لە سێ حاڵدا درۆكردن دروستە:

یەكەم: كاتی جەنگ موسڵمان بۆی هەیە درۆ بكات بەڵام درۆیەك نا كە راستیە رێپێدراوەكانى شەریعەت بشێوێنێت، بۆ نموونە بۆی نیە پەناى كەسێك بدات و دواتر بیكوژێت و بڵێت درۆ رەوایە.

دووەم: بۆ رێكخستن و چاككردنەوەى نێوانى خەڵك و نەهێشتنى دوژمنایەتى و كینەو رقی نێوان خەڵك، وەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەیەكدا فەرموویەتى (ليس الكذاب الذي يصلح بين الناس، فينمي خيرا، أو يقول خيرا)،[40] (درۆزن نیە كەسێك كە نێوانى خەڵك چاك دەكاتەوەو دەدات و لاى هەركام چاكەى ئەوى تر دەڵێت یان قسەی چاك دەكات).

سێیەم: درۆی نێوان ژن و مێرد بۆ دڵخۆشكردنى یەكتر، بەڵام دەبێت درۆكردنەكە پەیوەست نەبێت بە ماف و ئەركى یەكتری، بۆ نموونە پیاوەكە بەڵێنى شتێكی پێ دەدات و نەیكات نابێت.[41]

جیا لەمانە چەند رایەكى تر هەن، بۆ نموونە هەیە پێی وایە هیچ كاتێك نیە درۆكردن تیایدا دروست بێت، هەندێ پێیان وایە درۆیەك قبووڵ نەكراوو سەركۆنە كراوە كە زیانى تێدا بێت بۆ كەسێك یان هیچ سوودێكی نەبێت.[42]

یان هەندێ جار درۆكردنەكە لە دەربڕینەكەدا درۆ نیە بەڵكو لە مەبەستدا شتێكی ترە و لە دەربڕیندا دروستە، بۆ نموونە كەسێك خراپە و ستەمى ستەمكارێكى لا روون بێت و بۆ دووربوون لە ستەمى پێی دەڵێت دوێنێ شەو نزام بۆ كردیت، لە بنەڕەتیشدا نزاكەى ئەوەبووە كە وتوویەتى خوایە لە موسڵمانان خۆش بە،[43] ئەو كەسە موسڵمانە ستەمكارەش بەر ئەو نزایە دەكەوێت كە كردوویەتى، جا هەرچەندە بە تایبەت نزاى بۆ نەكردووە، بەڵام ئەو قسەی نابێت بە درۆ.

بیشری كوڕی راعیلعیر (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی راعیلعیرە، لە ئەشجەعیەكانە، لە مەدینە نیشتەجێ بوو.[44]

جارێك بیشر بە دەستى چەپ نانى دەخوارد پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (بە دەستى راستت نان بخۆ)، ئەویش وتى ناتوانم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (دەى هەر نەتوانیت)، لەوە بەدوا بیشر دەستى راستی نەدەگەیشتە لاى دەمى، واتە نەیدەتوانى بەرزى بكاتەوە بۆ لاى دەمى.[45]

لە ریوایەتەكەى موسلیمدا ناوى بیشر نەهاتووە، هەروەها دەڵێت كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى پێ فەرموو، تەنها لەبەر خۆبەزلزانین ئامادە نەبوو بە دەستى راست نان بخوات.[46]

قاضى عیاض لە شەرحى فەرموودەكەى صەحیحی موسلیمدا كە تیایدا هاتووە (تەنها لەبەرخۆبەگەورە زانین ئەوەى نەكردووە) دەڵێت ئەو كەسە واتە بیشر مونافیق بووە، بەڵام نەوەوى لە شەرحى صەحیحی موسلیمدا بەرپەرچی دەداتەوەو دەڵێت بەڵكو بیشری كوڕی راعیلعیر هاوەڵێكی ناودار بووە و ئەو وتەى قاضى عياض كە هێناویەتى وا نیە، چونكە تەنها خۆبەزلزانین و سەرپێچیەك نابێتە هۆی مونافیق بوون و كافر بوون، بەڵام ئەگەر فەرمان كردنەكە فەرمانى واجب بووبێت ئەگەر سەرپێچی لێ بكات ئەوە تاوانە.[47]

ئیبن حەجەر ئەگەرێكی تر دادەنێت و دەڵێت لەوانەیە ئەو كاتەى ئەو شتە روویداوە هێشتا بیشر موسڵمان نەبووبێت و دواتر موسڵمان بووبێت.[48]

نەوەوى دەڵێت ئەم فەرموودەیە-فەرموودەكەى بیشر- ئاماژەیە بە دروستى نزاكردن لە كەسێك كە بێ بوونی هیچ بیانوویەك لە حوكمى شەرعى دەربچێت، هەروەها ئاماژەیە بە فەرمان بە چاكە و رێگری لە خراپە لە هەموو بارێكدا، تەنانەت لە كاتى نانخواردنیشدا، هەروەها ئەوەى تێدایە ئەگەر سوننەتە كەسێكت بینی لایدا لە ئادابی نانخواردن فێری بكەیت.[49]

صەنعانى لە (سبل السلام)دا دەڵێت ئەمە ئاماژەیە بە واجبی نان خواردن بە دەستى راست چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى پێكردووەو نزاى لەو كەسە كردووە، چونكە تەنها كاتێك نزا لە كەسێك دەكرێت كە لە واجب دەرچووبێت، خۆ لەوانەشە نزاكەى لەبەر خۆبەزلزانینەكەى لێ كردبێت، یان دوور نیە لەبەر هەردوو هۆكارى بەچەپ خواردن و خۆبەزلزانیەكە نزاى لێ كردبێت.[50]

ئەم فەرمانەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سەبارەت بە نان خواردن ویست و حەزێكی شەخصی نەبووە، هەروەها تایبەت نەبووە بە چەند هاوەڵێك یان تاكە هاوەڵێكەوە، فەرمانى نان خواردن بە دەستى راست بەشێكی رێنمایی شەریعەتە بۆ هەموان، وەك دەبینین پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەى تردا ئاماژەی بەوە داوە هۆی چیە بە دەستى چەپ نان نەخۆین و ئاو نەخۆینەوە، وەك دەفەرموێت (لا يأكلن أحد منكم بشماله ولا يشربن بها، فإن الشيطان يأكل بشماله ويشرب بها[51] (كەس لە ئێوە بە دەستى چەپی نەخوات و نەخواتەوە چونكە شەیتان بە دەستى چەپی دەخوات و دەخواتەوە).

نزاكردنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەم هاوەڵە بەڵگە نیە بۆ مونافیق بوونى، چونكە دەبینین پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى لە هەندێ هاوەڵی تریش كردووە لە كاتى بینینى سەرپێچیەك لێیان.

بیشری كوڕی سوحەیم (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی سوحەیمی غیفاریە،[52] دەشوترێت بەڵكو خوزاعیە، یان دەوترێت نەهرانی، بەڵام زیاتر وا هاتووە كە غیفاریە.[53]

بیشری كوڕی سوحەیم دەڵێت لە رۆژانى تەشریقدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) منى نارد تا لەناو خەڵكدا هاوار بكەم:(لا يدخل الجنة إلا نفس مسلمة، وإن هذه الأيام أيام أكل وشرب[54] (تەنها نەفسی موسڵمان-كەسی موسڵمان- دەچێتە بەهەشتەوەو ئەم رۆژانەش –رۆژانى تەشریق- رۆاژنى خواردن و خواردنەوەن).

ئەمەش لە حەجى ماڵئاواییدا بوو، وەك لە گێڕانەوەكەى نەسائیدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رۆژانى حەج وتارى دەدا فەرمووى...[55]

دیارە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەو رۆژەدا چەند كەسێكى راسپاردووە تا بەناو خەڵكدا هاوار بكەن ئەو رۆژانە رۆژى خواردن و خواردنەوەن، هەروەك لە گێڕانەوەیەكدا هاتووە فەرمانی كردووە بە بودەیلى كوڕی وەرقاش، بودەیل لە حەجى ماڵئاواییدا لەسەر ولآخەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و دەگەڕا و دەیوت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (من كان صائما فليفطر، فإنهن أيام أكل وشرب[56] (هەركەس بە رۆژووە با رۆژووەكەى بشكێنێ، چونكە ئەم رۆژانە رۆژانى خواردن و خواردنەوەن).

بیشری كوڕی سوفیان (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی سوفیانى عەتكیە.[57]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ساڵی رێككەوتنى حودەیبیەدا بەرەو مەككە بەڕێكەوت تا عومرەى ماڵی خوا بكات، بیشری كوڕی سوفیانى عەتیكی هاتە خزمەتى و سەلامى لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كرد، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو ئەی بیشر ئایا هەواڵی ئەوەت هەیە خەڵكی مەككە زانیبێتیان بەم هاتنەى من؟ ئەویش وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم من لە فلانە شەودا سەرقاڵ بووم تەوافى كەعبەم دەكرد كە كەسێك لە سەرووى (أبی فبیس)ەوە هاواری دەكرد، هاوارێ كە دوورو نزیكیان دەیانبیست، دەیوت بەڕێ كەون وا هاوڕێكەتان بەرەو لاى ئێوە دێت، خەڵكى راپەڕین و لاى كەعبە كۆبوونەوەو رێككەوتن و بڕیاریان دا نەهێڵن تۆ بچیتە مەككە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى ئەوە شەیتانى بتەكانە خەریك بوو خوا بیكوژێت.[58]

 

بیشری كوڕی عاصم (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی عاصمی كوڕی عەبدوڵاى مەخزوومیە، یان دەوترێت بیشری كوڕی عاصمی كوڕی سوفیانى ثهقەفیە، ئیبن ئەثير دەڵێت ئەمەیان راستترە،[59] بەڵام ئیبن حەجەر راى پێچەوانەى هەیە و دەڵێت ئەم بیشرە هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بووەو جیایە لە بیشری كوڕی عاصمی كوڕی سوفیان كە كاربەدەستێكی تری عومەرى كوڕی خەططاب بوو.[60]

لە سەردەمى خیلافەتى عومەرى كوڕی خەططابدا خەلیفە بیشری كوڕی عاصمی كرد بە بەرپرس لە كۆكردنەوەى صەدەقەى هەوەزان، بەڵام بیشر دواكەوت، خەلیفە چوو بۆ لاى و پێی وت بۆچی دواكەوتیت؟ مەگەر گوێڕایەڵی ئێمەت لەسەر نیە؟ ئەویش وتى با، بەڵام من لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیستووە دەیفەرموو (من ولي شيئا من أمور المسلمين أتي به يوم القيامة حتى يوقف على جسر جهنم، فإن كان محسنا نجا وإن كان مسيئا انخرق به الجسر فهوى فيه سبعين خريفا)، (هەركەس شتێك لە كاروبارى موسڵمانانى گرتەدەست رۆژی دوایی دەهێنرێت تا لەسەر پردی دۆزەخ دەوەستێنرێت، ئەگەر چاكەكار بێت رزگارى دەبێت، وە ئەگەر خراپەكار بێت پردەكە فڕێی دەداتە دۆزەخەوە تا ئەوەى حەفتا پاییز بەناو دۆزەخدا رۆدەچێت)، عومەرى كوڕی خەتتاب كە ئەمەى بیست خەم و پەژارە دایگرت و بە دڵتەنگیەوە ئەوێی جێهێشت، لەرێدا ئەبووذەرى غیفاری پێگەیشت، ئەبووذەر پێی وت چیە دەتبینم غەمباریت؟ وتى چۆن دڵگران نەبم لەكاتێكدا لە بیشری كوڕی عاصمم بیست دەیوت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى هەركەس شتێك لە كاروبارى موسڵمانانى گرتەدەست، رۆژی دوایی دەهێنرێت تا لەسەر پردی دۆزەخ دەوەستێنرێت، ئەگەر چاكەكار بێت رزگارى دەبێت، وە ئەگەر خراپەكار بێت پردەكە فڕێی دەداتە دۆزەخەوە تا ئەوەى حەفتا پاییز بەناو دۆزەخدا رۆدەچێت، ئەبووذەر وتى تۆ ئەو فەرموودەت لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نەبیستووە؟ عومەر وتى نا، ئەبووذەر وتى دەى من شایەتى دەدەم لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیست دەیفەرموو (هەركەس شتێك لە كاروبارى یەك كەسی گرتەدەست رۆژی دوایی دەهێنرێت تا لەسەر پردی دۆزەخ دەوەستێنرێت، ئەگەر چاكەكار بێت رزگارى دەبێت، وە ئەگەر خراپەكار بێت پردەكە فڕێی دەداتە دۆزەخەوە تا ئەوەى حەفتا پاییز بەناو دۆزەخدا رۆدەچێت، ئاگری دۆزەخیش زۆر رەش و تاریكە)، جا كام فەرموودەیان زیاتر دڵی ترساندیت؟ ئەویش وتى هەردووكیان، ئینجا عومەر وتى كێ بە هەموو چاك و خراپیەوە ئەم دەسەلآتەم لێ وەردەگرێت و لەبری من دەسەلآتدارى دەكات؟ ئەبووذەر وتى هەركەسێك خواى گەورە لووت بڕاوى بكات و كوڵمیشی بە زەویەوە بنووسێنێت.[61]

بیشری كوڕی عەبد(رضي الله عنه)

بیشری كوڕی عەبد لە بەصرە نیشتەجێ بوو،[62]كوڕێكى هەبوو بە ناوى عەففان كە فەرموودەى لە باوكیەوە گێڕاوەتەوە.[63]

فەرموودەیەكى گێڕاوەتەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتى (إن أخاكم النجاشي قد مات فاستغفروا له)،[64] (نەجاشی براتان كۆچی دوایی كرد، دەى داواى لێخۆشبوونى بۆ بكەن).

ئەم فەرموودەیە بە چەند سەنەدى تر لە هاوەڵانى ترەوە هاتووە، لەو هاوەڵانەش (ئەبی قیلابە، عیمرانى كوڕی حوصەین، جابرى كوڕی عەبدوڵا، جەریری كوڕی عەبدوڵا، حوذەیفەى كوڕی ئوسەید)، بەم پێیە دیارە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە قەرەباڵغى ناو هاوەڵاندا ئەوەى فەرمووە.

 

بیشری كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی عەبدوڵایە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان،[65] هەندێكى تر بە بەشیر ناوى دێنن، بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت لەوانەیە دوو كەسی جیا بن و برا بن،[66] بیشر لە جەنگى یەمامەدا شەهید بووە.[67]

بیشری كوڕی عەبدوڵا (رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵە جیایە لە بیشری كوڕی عەبدوڵاى ئەنصارى، لە سەردەمى خیلافەتى عومەری كوڕی خەططابدا خەلیفە لەگەڵ سەعدى كوڕی ئەبی وەققاصدا ناردنى بۆ عێراق، سەعدیش ئەوى كرد بە بەرپرسی یەكەیەكى هەزار كەسی لە قەیسیەكان.[68]

ئیبن ئەبی شیبە دەڵێت ئەو خەلیفانە تەنها دەستەى هاوەڵانیان دەكردە بەرپرسی سوپا.[69]

بیشری كوڕی عورفوطه(رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی عورفوطهى جوهەنیە، دەشوترێت ناوى بەشیرە، بەڵام ئیبن موندە دەڵێت یەكەمیان راستترە.[70]

لە فەتحى مەككە و جەنگەكانى دواتریشدا بەشدار بوو.[71]

لە گێڕانەوەیەكى تردا هاتووە كە جوهەنیەكان بە نزیكەى هەزار كەسەوە هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوون و بەشدارى جیهاد و غەزاكانیان كرد، لەنێویاندا بیشری كوڕی عورفوطه هاتووە.[72]

بیشری كوڕی عیصمە (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی عیصمەی لەيثيه،[73] فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە كە ئەمە بەسەرهاتەكەیەتى:

جارێك بیشر لاى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیان بوو، كاتێك قسەیان دەكرد بیشر وتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی(الأزد مني وأنا منهم، أغضب لهم إذا غضبوا، وأرضى لهم إذا رضوا)، (ئەزدیەكان لە منن و منیش لەوانم، هەركات تووڕە بوون منیش لەسەریان تووڕە دەبم، هەركاتیش رازى بوون منیش لەبەر ئەوان رازى دەبم)، موعاویە وتى بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەى بۆ قوڕەیش فەرمووە، بیشر وتى بۆ یانى من درۆ دەكەم بەدەم پێغەمبەرى خواوە؟ ئەگەر درۆم بەدەمیەوە بكردایە ئەو فەزڵ و گەورەییەم بۆ هۆزەكەى خۆم دەوت نەك بۆ ئەزدیەكان.[74]

بیشری كوڕی عیصمە (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی عیصمەى موزەنیە،[75] هەندێك پێیان وایە بیشری كوڕی عیصمەى لەيثى و ئەم بیشرە هەر یەك كەسایەتین، بەڵام ئیبن حەجەر دەڵێت ئەوە راستە كە ئەم دوانە دوو هاوەڵی جیان.[76]

ئەم هاوەڵەش فەرموودەیەكى هاوشێوەی فەرموودەكەى بیشری كوڕی عیصمەى لەيثى گێڕاوەتەوە، بەڵام ئەم سەبارەت بە خوزاعەیە، بیشر دەڵێت بیستم لە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (خزاعة مني و أنا منهم)،[77] (خوزاعە لە منن و منیش لەوانم).

بیشری كوڕی عەقرەبە (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی عەقرەبەی جوهەنیە، كونیەكەى ئەبولیەمانە،[78] هەروەها بە بەشیریش ناوى هاتووە،[79] بەڵام ئیبن ئەثير دەڵێت راستتر ئەوەیە ناوى بیشرە،[80] بیشر خۆیشی و عەقرەبەی باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بون.[81]

بیشر دەڵێت لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بیستووە دەیفەرموو (من وقف موقف رياء وسمعة وقفه الله يوم القيامة موقف رياء وسمعة[82] (هەركەس هەڵوێستێكى رووپامایی و ناوبانگ پەیداكردنى هەبێت ئەوا خواى گەورە لە رۆژی دواییدا لە وێستگە و شوێنی رووپامایی و ناوبانگدا دەیوەستێنێت).

لە ریوایەتێكى تردا هاتووە (من قام بخطبة لا يلتمس بها إلا رياء وسمعة، أوقفه الله عز وجل يوم القيامة موقف رياء وسمعة[83] (هەركەسێ وتارێ بدات و تەنها مەبەستی لێی رووپامایی و ناوبانگ بێ، رۆژی دوایی خوا لە وێستگە و شوێنی رووپامایی و ناوبانگدا دەیوەستێنێت).

ئەم گێڕانەوەى فەرموودەیە لە سەردەمى عەبدولمەلیكی كوڕی مەڕواندا بووە كاتێك مەڕوان بە بیشری كوڕی عەقرەبەى وت من قسەی تۆم لا بەڵگەو وەرگیراوە جا قسەم بۆ بكە، ئەویش ئەم فەرموودەى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) گێڕایەوە.[84]

بیشرى كوڕی عەقرەبە دەڵێت جارێك لەگەڵ عەقرەبەى باوكم چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە عەقرەبەى باوكمى فەرموو ئەی عەقرەبە ئەوە كێیە لەگەڵت؟ ئەویش وتى بەحیر، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرمووم نزیك بەرەوە، منیش نزیك بوومەوە و لە لاى راستیەوە دانیشتم، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى هێنا بەسەرمدا و فەرمووى ناوت چیە؟ وتم بەحیر، فەرمووى (نا، بەڵكو ناوت بەشیرە)، هەروەها گیریەك لە زمانمدا هەبوو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فووى كرد بە دەممدا و گیریەكەى زمانم نەما، دواتر هەرچی مووى سەرم هەیە سپی بوو كەچی ئەو شوێن دەستەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەرمدا بە رەشی مایەوە.[85]

بیشری كوڕی عەقرەبە دەڵێت باوكم لە یەكێك لە غەزاكاندا كە لەگەڵ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەشدار بوو شەهید بوو، منیش دەگریام بۆی، لەو كاتەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) داى بە لامدا و فەرمووى بێدەنگ بە، ئایا رازى نابیت من باوكت بم و عائیشەش دایكت بێت؟ وتم با، بە دایك و باوكمەوە بەقوربانت بم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم).[86]

بیشر لە خاكى فەلەستین نیشتەجێ بوو،[87] لە دواى ساڵی هەشتاو پێنجى كۆچیەوە لە فەلەستین كۆچی دوایی كرد.[88]

بیشری كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی قەیسی تەمیمی عەنبەریە، گێڕانەوەیەكى لەسەر هاتووە كە بیشری كوڕی قەیس هاودەم بە رەحیمی كوڕی هاتن بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لە هاتنەكەشیاندا بە هۆی سوێندێكەوە كە خواردبووی خۆی و كوڕەكەى بە زنجیرێك بەیەكەوە بەسترابوونەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (يا بشر اقطعها فليست عليك يمين)، (ئەى بیشر بیپچڕێنە ئیتر سوێندەكەت لەسەر نیە)، بیشریش زنجیرەكەى پچڕاند و موسڵمان بوو و دەستى هێنا بە دەم وچاویدا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى خێری بۆ كرد.[89]

وەستانێك

مەسەلەى سوێند خواردن و پابەندبوون بەو سوێندەوە مەسەلەیەكى گرنگەو پێویستە ئاگادار بین لە چ كاتێكدا سوێند خستن دروستە و لە چ كاتێكدا ناڕەوایە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت (من حلف على يمين، فرأى غيرها خيرا منها، فليأتها وليكفر عن يمينه)،[90] (هەركەس سوێندى خوارد لەسەر شتێك و جگە لەو شتەى باشتر بینی ئەوا با باشترەكە بكات و كەفارەتى سوێندەكەى بدات).

لەو بارەیەوە (شەوكانى) لە (نيل الأوطار) دا دەڵێت (ئەو فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى سوێند شكاندن باشترە لە بەردەوام بوون لەسەری ئەگەر لە سوێند خستنەكەدا بەرژەوەندیەك هەبێت، ئەوەش بەپێی ئەو شتە جیاوازی هەیە كە سوێندى لەسەر خوراوە، ئەگەر سوێندى خوارد لەسەر كارێكی واجب یان ئەنجام نەدانى حەرامێك ئەوە سوێندەكە گوێڕایەڵی فەرمانى خوایەو واجبە بەردەوامى بدات بە سوێندەكەی و شكاندنى سوێندەكەشی حەرامە، هەروەها بە پێچەوانەشەوە، یان ئەگەر سوێندى خوارد لەسەر ئەنجامدانى سوننەتێك ئەوە سوێندەكەى گوێڕایەڵیەو سوننەتە بەردەوامى پێ بدات و مەكروهە سوێندەكەى بخات، ئەگەر سوێندى خوارد لەسەر ئەنجام نەدانى سوننەتێك ئەوا حوكمەكەى پێچەوانەى پێشووە، ئەگەر سوێندى خوارد لەسەر ئەنجامدانى كارێكی موباح...ئەوا ئەگەر كردن و نەكردنى هاوسەنگ بوون و جیاواز نەبوون ئەوا راستتر ئەوەیە درێژە بدات بە سوێندەكەى، چونكە فەرموودەكە فەرموویەتى با چاكترەكە بكات.[91]

جا ئەو بڕیارى خۆبەستنەوەى بیشر لەگەڵ رەحیمی كوڕیدا بڕیارێكى چاك نەبوو كە سوێندى لەسەر خواردبوو، بۆیە پێغەمبەرى خواش (صلى الله عليه وسلم) داواى لێكرد درێژە نەدات بە سوێندەكەى و سوێندەكەى بخات.

شەیخولئیسلام ئیبن تەیمیە دەڵێت: ئەگەر كەسێك وتى حەلآڵم لێ حەرام بێت ئەوە ناكەم، یان تەلآقم لەسەر بێت ئەگەر ئەوە بكەم، یان ئەگەر ئەوە بكەم حەجێكم لەسەر بێت یان ئەگەر ئەوە بكەم سامانەكەم هەمووى بكەم بە خێر، ئەوا بەرامبەر بەوە دەبێت كەفارەتى سوێندێ بدات، ئەگەر كەفارەتى ظيهار بدات ئەوە زۆر باشترە، كەفارەتى سوێندیش سەرپشكە تیایدا ئایا كۆیلەیەك ئازاد دەكات یان نانى دە هەژار دەدات یان جلوبەرگ بۆ دە هەژار دەكڕێت، ئەگەر نانى پێدان ئەوا دەبێت بۆ هەركامیان نانێكى باوى ناو وڵاتى خۆی بدات.[92]

 

بیشری كوڕی قودامە (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی قودامەى ضهبابیە،[93] چوویە یەمەن و لەوێ نیشتەجێ بوو، [94]بیشر لە حەجى ماڵئاواییدا بەشدار بوو و فەرموودەیەكیشى گێڕاوەتەوە.[95]

بیشر دەڵێت ئەم دوو چاوەم خۆشەویستەكەمیان بینی كە پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم)، لە عەرەفات لە سەر وشترە سوورە گوێ رەپەكەى راوەستابوو و قەتیفەیەكى پۆلانى لەژێردا بوو، دەیفەرموو (اللهم اجعله حجا غير رياء ولا هياء ولا سمعة[96] (خوایە بیكەیتە حەجێكی دوور لە رووپامایی و ویستى ناوو ناوبانگ)، خەڵكیش دەیانوت ئەوە پێغەمبەرى خوایە (صلى الله عليه وسلم).[97]

بیشری كوڕی موحتەفەز(رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی موحتەفەزەو یەكێك بوو لە كاربەدەستانى سەردەمى خیلافەتى عومەری كوڕى خەططاب و خەلیفە كردى بە بەرپرسی ناوچەی سووس، بیشر پرسیارى لە خەلیفە كرد ئایا ئەو دیاریانە وەربگرێت كە عەجەمەكان دەیكەنە خەلآتی؟ ئەویش رێی پێ نەدا.[98]

بیشری كوڕی موعاویە (رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی موعاویەى كوڕی ثهورى كوڕی موعاویەی بەككائیە،[99] بیشر و باوكیشی هاوەڵی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بون، چونكە لەگەڵ باوكیدا هاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[100]

بیشر لە گەڵ موعاویەى باوكیدا زۆر چاكەكار بوو و باوكیشی لێی رازى بوو،[101] هەرچەندە باوكى زۆر پیر و بەتەمەن بوو.[102]

هەروەها بیشر كوڕێكى هەبوو بە ناوى موحەممەد كە شاعیر بوو و بەسەرهاتى باوكى بە شیعر هۆنیوەتەوە،[103] كچێكیشی هەبوو كە ناوى مەیموونە بوو.[104]

ئەم هاوەڵە لە هاوەڵانى دانیشتووى حیجاز بوو و هەر لەوێ مایەوە.[105]

كاتێك موعاویەى باوكى ویستى بچێت بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بیشری كوڕیشی برد، كە چوونە خزمەتى، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستى هێنا بەسەر سەری بیشردا،[106] لە گێڕانەویەكى تردا هاتووە موعاویە وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەست بێنە بەسەر دەموچاوى كوڕەكەمدا.[107]

هاتنى ئەم وەفدەى بەككائیەكان لە ساڵی نۆی كۆچیدا بوو كە ژمارەیان 30 كەس دەبوو، هەریەك لە موعاویە و بیشری كوڕی و فەجیع هاتبوون، ئەوكات موعاویەی كوڕی ثهور تەمەنى سەد ساڵ دەبوو،[108] هاودەم بە بیشری كوڕی و فەجیعی كوڕی عەبدوڵا و عەبد عەمریى بەككائی هاتنە خزمەت پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد ماڵێكیان بۆ تایبەت بكرێت تا تیایدا بمێننەوەو میوانداری بكرێن.[109]

موعاویەى باوكى پێش چوونیان بۆ خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە بیشری وت كە چوویتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەنها سێ قسە هەن بێ كەم و زیاد بیانكە، بڵێ سەلامت لێ بێت ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، هاتوم بۆ لات ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تا سەلامت لێ بكەین و موسڵمان بین، نزاى بەرەكەتیشم بۆ بكەیت).[110]

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوورەتى (یس) و فاتیحەو (قل هو الله أحد)و (قل أعوذ برب الفلق) و (قل أعوذ برب الناس)ى فێری هەردووكیان كرد، هەروەها فێری كرد پێویستە لەسەرەتاى نوێژدا (بسم الله الرحمن الرحیم) بڵێن و بە دەنگى بەرزیش بیڵێن.[111]

كاتێك ویستیان بچنەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چەند گێسكە مێنگەیەكى سپی دا بە بیشر و نزاى بەرەكەتیشی كرد بۆیان، ئیتر قات و قڕی و دەرد نەدەهاتە رێی بنەماڵەكەى موعاویە.[112]

 

بیشری كوڕی موعەلا (رضي الله عنه)

ناوى بیشرە، سەبارەت بە ناوى باوكى چەند رایەك هەیە، موعەلا یان عەمر، كونیەكەى ئەبولمونذیرە.[113]

 

بیشری كوڕی هەجەننەع(رضي الله عنه)

ناوى بیشری كوڕی هەجەننەعى بەككائیە،[114] یەكێك بوو لە ئەندامانى وەفدى بەككائیەكان كە هاتنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمان بوو.[115]

 

بیشری ئەسەدى (رضي الله عنه)

ئەم هاوەڵە ئافرەتێكى خۆشدەویست كە ناوى هیند بوو، هێندە خۆشەویستی هەبوو بۆ ئەو ئافرەتە كە باس و خواسی بلآو بووبوویەوە.

بیشری ئەسەدى جارجارە دەچوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لە كاتى گەڕانەوەیدا دەیدا بە لاى جوهەنیەكاندا، لەناو جوهەنیەكاندا ئافرەتێك هەبوو بە ناوى هیندى جوهەنی كە ئافرەتێكى جوان و خوێن گەرم بوو، جارێك سەیری بیشری كرد و بیشریش تەواو عاشقی بوو، هیند مێردێكى هەبوو بە ناوى سەعدی كوڕی سەعید، ئەو ئافرەتە هەموو بەیانیەك دادەنیشت تا بیشر بێت و بیشر سەرسام بكات،[116] بیشر بەو خۆشەویستیەوە مایەوە تا بەو خۆشەویستیەوە كۆچی دوایی كرد.[117]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 308.

[2] - صحيح ابن حبان، الرقم 6950، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15355، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 897، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1217، المستدرك على الصحيحين، الرقم 8433 و قال الذهبي رافع بن بشر السلمي مجهول، و قال الشيخ شعيب الأرناؤوط رافع بن بشر  من رجال التعجيل.

[3] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 8434.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 6718، صحيح مسلم، الرقم 5272.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص570.

[6] -  الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص167.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص610.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص762.

[9] - أسد الغابة، ج5، ص59.

[10] - أسد الغابة، ج7، ص324.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج8، ص150.

[12] - أسد الغابة، ج7، ص118.

[13] - أسد الغابة، ج7، ص197.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص702.

[15] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج1، ص306-307.

[16] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص570.

[17] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص167، تأريخ الإسلام للذهبي، ج3، ص299.

[18] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص167.

[19] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص570.

[20] - سير أعلام النبلاء للذهبي، ج1، ص269.

[21] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1190، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4917، صححه الذهبي على شرط مسلم.

[22] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص167.

[23] - البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص210.

[24] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1612، البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص210.

[25] - سنن أبي داوود، الرقم 3933، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص172، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داوود، الرقم 4514.

[26] - وشەى أبهر واتاى شاخوێنبەر دەدات و پێغەمبەر () ئاماژەی بەوە داوە كە ژەهرەكە كارى كردۆتەسەری و شاخوێنبەری بڕیوە، بەلآم واتایەكی تر كە لە زمانەوانى عەرەبیدا بەو رستەی سەرەوە دێت واتە توانا و هێزی پێ نەهێشتووەو لەناوى دەبات. بۆیە لێرەدا ئاماژەمان داوە بە هەردوو واتاكە.

[27] - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 1612.

[28] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص202.

[29] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص295.

[30] - الطبقات، جا، ص296.

[31] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص169، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص296.

[32] - أسد الغابة، ج1، ص 275.

[33] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص296.

[34] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص171.

[35] - أسد الغابة، ج1، ص277.

[36] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص296.

[37] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص81.

[38] - نيل الاوطار للشوكانى، ج8، ص85.

[39] - شرح النووي على صحيح مسلم، ج16، ص158.

[40] - صحيح البخاري، الرقم 2567، صحيح مسلم، الرقم 4822، سنن الترمذي، الرقم 1910، سنن أبي داوود، الرقم 4295،

[41] - فتح الباري شرح صحيح البخاري لابن حجر العسقلاني، ج5، ص300.

[42] - فتح الباري شرح صحيح البخاري لابن حجر العسقلاني، ج5، ص300.

[43] - فتح الباري شرح صحيح البخاري لابن حجر العسقلاني، ج5، ص300.

[44] - أسد الغابة، ج1، ص277.

[45] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 13659، صحيح ابن حبان، الرقم 6605، سنن الدارمي، الرقم 2006، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 16177.

[46] - صحيح مسلم، الرقم 3859.

[47] - صحيح سلم بشرح النووي، ج13، ص192.

[48] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص291.

[49] - صحيح سلم بشرح النووي، ج13، ص192.

[50] - سبل السلام للصنعاني، ط4، دار إحياء التراث العربي، (بيروت-1379هـ)، ج3، ص159.

[51] - صحيح مسلم، الرقم 3858.

[52] - أسد الغابة، ج1، ص 278.

[53] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 297.

[54] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2835، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 7949، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15131، صحيح ابن خزيمة، الرقم 2760، سنن الدارمي، الرقم 1763، السنن الصغرى للنسائي، الرقم 4932، مسند الطيالسي، الرقم 1381، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1199، صححه الألباني في إرواء الغليل(4/128).

[55] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2831، سنن ابن ماجة، الرقم 1716،

[56] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 2920.

[57] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص297.

[58] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص297.

[59] - أسد الغابة، ج1، ص279.

[60] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص298.

[61] - الآحاد والثانى لابن أبي عاصم، الرقم 140، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1206، ضعفه الألبانى في صحيح و ضعيف الترغيب و الترهيب، الرقم 1311.

[62] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص169.

[63] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص300.

[64] - أسد الغابة، ج1، ص280، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص300.

[65] - أسد الغابة، ج1، ص 280.

[66] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص299.

[67] - أسد الغابة، ج1، ص 280.

[68] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص299.

[69] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص299.

[70] - أسد الغابة، ج1، ص280.

[71] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص300.

[72] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص300.

[73] -  معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1107.

[74] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1203، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1107، أسد الغابة، ج1، ص280، قال الحافظ ابن حجر في كتابه (الإصابة): في إسناده ضعف وقد روى عن مجاهد بإسناد آخر فقال عن بشر بن عطية.

[75] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص170.

[76] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص301.

[77] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص170، أسد الغابة، ج1، ص281، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص301، قال ابن عبدالبر في كتابه (الإستيعاب) وفي إسناده شيخ مجهول لا يعرف.

[78] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 171.

[79] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص429.

[80] - أسد الغابة، ج1، ص 281.

[81] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 302.

[82] - شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 6531.

[83] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15755، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1215، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1120، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص429.

[84] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 302، تأريخ الإسلام للذهبي، ج5، ص78.

[85] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 302.

[86] - التاريخ الكبير للبخاري، ج2، ص78.

[87] - أسد الغابة، ج1، ص 281.

[88] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 302.

[89] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص304.                                           

[90] - صحيح مسلم، الرقم 3198-3199-3200-3202 و اللفظ له، مستخرج أبي عوانة، الرقم 4783، صحيح ابن حبان، الرقم 4413، سنن الترمذي، الرقم 1490، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4587، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17528، مسند احمد بن حنبل، الرقم 8531، موطأ مالك، الرقم 1020.

[91] - نيل الأوطار للشوكانى، ج9، ص136.

[92] - إقامة الدليل على بطلان التحليل لابن تيمية، ج3، ص70.

[93] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص 171.

[94] - أسد الغابة، ج1، ص 282.

[95] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 304.

[96] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 8123، صحيح ابن خزيمة، الرقم 2648، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1110، صححه الألباني في السلسلة الصحيحة، 6/229.

[97] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 1110.

[98] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 304.

[99] - معجم الصحابة لابن قانع، ج1، ص 79، أسد الغابة، ج1، ص 283.

[100] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص170.

[101] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص304.

[102] - أسد الغابة، ج1، ص 284.

[103] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص304.

[104] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج5، ص50.

[105] - أسد الغابة، ج1، ص 283.

[106] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص306.

[107] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص91، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص304.

[108] - البداية والنهاية لابن كثير، ج5، ص91.

[109] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص304.

[110] - أسد الغابة، ج1، ص 283.

[111] - معجم ابن المقرىء، الرقم 49، الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص306.

[112] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص304.

[113] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 307.

[114] - أسد الغابة، ج1، ص 285.

[115] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 307.

[116] - أسد الغابة، ج7، ص314.

[117] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص 309.

 3556
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.