دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  تەمیمی كوڕی ئەسید(رضي الله عنه)

تەمیمی كوڕی ئەسید(رضي الله عنه)

تەمیمی كوڕی ئەسید یان كوڕی ئەسەد، ئەمە جیایە لە تەمیمی خوزاعی، ئەم هاوەڵەیان كونیەكەى ئەبووریفاعەیە و زیاتریش بە كونیەكەى ناسراو بووە،[1] رایەكیش دەڵێت ناوى عەبدوڵا بووە نەك تەمیم.[2]

ئەبووریفاعە دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وتارى دەدا كە من چوومە خزمەتى و لە بەردەمیدا وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) كەسێكی بێگانە هاتووە پرسیار لەبارەى ئایینەكەیەوە دەكات و نازانێت ئایینەكەى چیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرەورووی چوو و وتارەكەى وەستاند تا هات بۆ لام، ئینجا كورسیەك هێنرا و وابزانم قاچەكانى لە ئاسن بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەری دانیشت و خوا چی فێر كردبوو منى فێرى ئەوە دەكرد، ئینجا چوو وتارەكەى تەواو كرد.[3]

پێشەوا نەوەوى لە شەرحى ئەم فەرموودەیەدا دەڵێت ( ئەم فەرموودە ئەوەى تێدایە كە كەسی پرسیاركەر كاتێك پرسیار دەكات لە زانا، لە دەربڕینیدا نەرم و نیان و قسەجوان بێت، هەروەها ئەم فەرموودە خاكیبوون و نەرمونیانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرامبەر بە موسڵمانان و دڵسووتانى بۆیان نیشان دەدات، هەروەها دەستپێشخەری تێدایە بۆ وەڵامدانەوەى كەسێك كە وەڵام و فەتواى دەوێت و پێوتنى گرنگترین زانیارى پێویستە، لەوانەیە سەبارەت بە ئیمان و بنەما گرنگەكانى ئیمان پرسیاری كردبێت، زانایان لەسەر ئەوە كۆكن كە هەركەس بێت سەبارەت بە ئیمان و چۆنێتی هاتنە ناو ئیسلام پرسیار بكات ئەوا واجبە وەڵامى بدرێتەوەو بە خێرایی فێربكرێت، هەرەها سەبارەت بەوەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەسەر كورسی دانیشتووە بۆ ئەوە بووە خەڵكی تر فەرمایشتى ببیستن و بیبینن، لەوانەیە ئەو وتارەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو وتارى هەینی نەبووبێت بۆیە هێندە بەینی خستوەتە وتارەكەوە، لەوانەشە وتارى هەینی بووبێت و وەستاندبێتی، لەوانەشە زۆر زۆر بەینی تێ نەكەوتبێت، لەوانەشە فەرمایشتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بۆ ئەو نامۆیە پەیوەست بووبێت بە وتارەكەیەوەو بەشێك بووبێت لە وتارەكەو لەسەرچوونی زیانى نەبووبێت.[4]

ئەبوو ریفاعە لە خزمەت پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) فێری سوورەتى (البقرة) بوو، هەتا مردیش نە بیری دەچوویەوەو نە لێی تێكدەچوو، بەڵكو زۆر بە جوانى لەبەرى بوو و زیاتریش لە شەونوێژدا دەیخوێند، هەروەها تەمیم دەڵێت دواى ئەوە لە شەونوێژدا هەرگیز پشتم ئازارى نەدەبوو.[5]

ئەم هاوەڵە دواى وەفاتى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بەصرە نیشتەجێ بوو و لە گەورە هاوەڵانى ناو بەصرە بوو، دواتر لەگەڵ عەبدورەحمانى كوڕی سەمورە چوو بۆ غەزاى سجستان و درەنگانێكی شەو هەستا بۆ شەونوێژ،[6] ئینجا كەمێك راكشا و هاوڕێكانى نەیانزانى جێیانهێشت، دەستەیەكى دوژمن هاتن و ئەویان بینی و سەریان بڕی،[7] ئەمەش لە كابول لە ساڵی چل و چوارى كۆچیدا بوو.[8]

حەمیدی كوڕی هیلال دەڵێت ئەبووریفاعە كاتێك لە نوێژ تەواو دەبوو و نزاكانى دەكرد، ئەو نزایەی دەكرد و دەیوت: خوایە تا كاتێك ژیان خێری تیایە بۆم بمژیەنە، ئەگەریش مردنم هات بە مردنێكی پاك و پوخت بممرێنە بەجۆرێك هەر برایەكى موسڵمانم مەرگم ببیستێت لەبەر پاكیەكەى ئاوات بەو مەرگەم بخوازێت، مردنم بە كوژران بێت لە رێی تۆدا.[9]

ئەبووریفاعە لەو سوپایەدا شەو لەگەڵ سریەى بەنى حەنیفەدا بوو، ئەبووقەتادەى عەدوى پێی وت لەو سریەیەدا هیچ برا و برازایەكت نیە، ئەبووریفاعەش وتى تازە من بڕیارم داوەو سوورم لەگەڵیان بم، ئەوەبوو سریەكە گەمارۆی قەلآیەكیان دابوو كە دوژمنانى تێدابوو، ئەمەش لە درەنگانى شەودا بوو، درەنگانى شەو خەوى لێكەوت و هاوڕێكانى چوون و ئەویان بیر چوو، دوژمنیش لە دوورەوە لە قەلآكەوە ئەبووریفاعەیان بینی، دابەزین بۆی و شمشێرەكەیان هەڵگرت و سەریان بڕی، هاوڕێكانیشی راچڵەكین و وتیان خۆ ئێمە ئەبووریفاعەمان بیر چووە، گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنە، بینییان دوژمن چییان لێكردووە، ئەوەبوو دوژمنیان راوەدوو نا، عەبدورەحمانى كوڕی سەمورە دەیوت هەستی بە شەهیدی نەكرد تا شەهیدی هاتەڕێی.[10]

دەوترێت گۆڕی هەریەك لە ئەبووریفاعە و ئەسوەدى كوڕی كلثوم لە ناوچەی بەیهەقە.[11]

تەمیمی كوڕی ئەسید(رضي الله عنه)

ناوى تەمیمی كوڕی ئەسید یان كوڕی ئەسەدى كوڕی عەبدولعوززاى كوڕی جەعوونەی خوزاعیە،[12] تەمیم لە پێش فەتحى مەككەدا موسڵمان بووە.[13]

تەمیمی خوزاعى دەڵێت لە رۆژی فەتحى مەككەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە مەككە سەیری كرد بە دەورى كەعبەدا سێ سەد و ئەوەندە بت هەبوون و قایم و قۆڵ كرابوون، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە دارێكی ناو دەستى ئاماژەی دەكرد بۆ بتەكان و دەیفەرموو (جاء الحق و زهق الباطل إن الباطل كان زهوقا)، هەركات ئاماژەی بە رووى بتێك بكردایە بتەكە بە پشتدا دەكەوت، ئەگەریش ئاماژەی بە پشتى بتێك بكردایە بتەكە بە روودا دەكەوت، ئینجا تەمیم لە بارەى ئەو بتانەوە شیعرێكی هۆنیەوە. [14]



[1] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 68، الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 139.

[2] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 139.

[3] - صحيح مسلم، الرقم 1497، صحيح ابن خزيمة، الرقم 1370، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 9488، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 5430، مسند احمد بن حنبل، الرقم 20224، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 621، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 1271.

[4] - شرح النووى على صحيح مسلم، ج6، ص 166.

[5] - مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 34843، الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 69.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 139.

[7] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5824.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 139.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 69.

[10] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج7، ص 69.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج7، ص 139.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص 317.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1ص367.

[14] - أسد الغابة، ج1،ص 318.

 2331
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.