دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (بوجەیر) بووە

بوجەیرى خوزاعی(رضي الله عنه)

بوجەیرى خوزاعى ناسراوە بە ئەبوو مالیك، زانیارى تر لەسەر ژیانى نیە.[1]

بوجەیری ثهقەفی(رضي الله عنه)

هیچ زانیارى لەسەر نەهاتووە.

بوجەیری كوڕی زوهەیر (رضي الله عنه)

ناوى بوجەیری كوڕی زوهەیری كوڕی ئەبوسولمای موزەنیە.[2]

برایەكى هەبوو بە ناوى كەعب، زوهەیری باوكیان لە گەورە شاعیران بوو، هەریەك لە بوجەیر و كەعبیش لە گەورە شاعیران بوون و زۆر ناسراو بوون.[3]

بوجەیر لەپێش كەعبی برایدا موسڵمان بووە، جارێك بوجەیر و كەعب پێكەوە لاى ئاژەڵ بوون، بوجەیر بە كەعبی وت لاى ئەم مەڕانە بە تا دەچم بۆ لاى ئەو پیاوە (موحەممەد) و گوێی لێ بگرم بزانم چی دەڵێت؟ بوجەیر چوو بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئیسلامى بۆ باس كرد و پێشنیازى موسڵمانبوونى بۆ كرد، بوجەیریش موسڵمان بوو،[4] كاتێ كەعب بیستى بوجەیری براى موسڵمان بووە بە شیعرێ ناڕەزایی دەربڕی.[5]

كەعب بە بێباوەڕی مایەوە،[6] پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خوێنی كەعبى رەوا كرد، بەڵام دواتر بوجەیری براى نامەى نارد و داواى كرد تەوبە بكات،[7] بۆی نووسی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كەسانێكى لە مەككە كوشتووە كە بە شیعر هێرشیان كردوەتەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و قسەیان پێ وتووە، جا خێرا وەرە بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و تەوبە بكە،[8] كەعبیش هات بۆ مەدینەو پرسیاری كرد دڵ نەرمترین هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كێیە؟ پێی وترا ئەبووبەكری صدیقە، كەعب چوو بۆ لاى ئەبووبەكر تا بیبات بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەبووبەكر پێشكەوت بۆ  لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و كەعبیش بە دوایدا چوو، لە مزگەوت لە شوێنی ئەهلى صوففە پێغەمبەریان (صلى الله عليه وسلم) بینی و كەعب داواى پەنای كرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) پەناى دا، بەوە كەعب موسڵمان بوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) عەبایەكى پێ بەخشی و ئەو عەبایەى مایەوە تا دواتر لە سەردەمى موعاویەدا ئەو عەبایە كە لاى كوڕەكەى كەعب بوو موعاویە لێی كڕی و پاش ئەوە خەلیفەكان ئەو عەبایان دەپۆشی.[9]

بوجەیر بە باوەڕدارى لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بوو و لە فەتحى مەككەدا بەشدارى كرد و شیعرێكی بەسەردا هۆنیەوە. [10]

هەوەها بوجەیرى كوڕی زوهەیر لە غەزاى طائیفیشدا بەشدارى كرد و شیعرێكی بەسەردا هۆنیەوە.

كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە طائیفەوە گەڕایەوە بوجەیریش هاودەمى بوو، خێرا نامەى نووسی بۆ كەعبی براى و داواى لێكرد تەوبە بكات و بێت بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەرپەرچی تەوبەكار ناداتەوە، بۆ ئەوەش شیعرێكى بۆ نووسی. [11]

بوجەیری كوڕی ئەبوبوجەیر (رضي الله عنه)

ناوى بوجەیری كوڕی ئەبووبوجەیری عەبسیە، لە هەردوو غەزاى بەدر و ئوحوددا بەشدار بوو.[12]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص270.

[2] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص148.

[3] - أسد الغابة، ج1، ص247.

[4] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج1، ص149.

[5] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص593.

[6] - أسد الغابة، ج1، ص247-248.

[7] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص593-594.

[8] - تأريخ الإسلام للذهبي، ج2، ص615، البداية والنهاية لابن كثير، ج4، ص368.

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج5، ص593-594.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج1، ص270.

[11] - أسد الغابة، ج1، ص247-248.

[12] - أسد الغابة، ج1، ص247.

 2063
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.