دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عاصم) بووە

عاصمى كوڕی بوكەیر (رضي الله عنه)

ناوى عاصمى كوڕی بوكەیرى موزەنیە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[1]

 

عاصمى كوڕی ثابت (رضي الله عنه)

ناوى عاصمی كوڕی ثابتى كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان،[2] یەكێكە لە یەكەمین دەستەى موسڵمانبوانى ناو پشتیوانان.[3]

دایكی ناوى شەمووسی كچی ئەبی عامیرە، عاصم ژنێكی هەبوو بە ناوى هیندى كچی مالیك كە كوڕێكی لێی هەبوو بە ناوى موحەمەد.[4]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان  كۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان عاصم و عەبدوڵاى كوڕس جەحشەوە.[5]

عاصم یەكێك بوو لە بەشداربوانى غەزاى بەدر،[6] لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد و یەكێك بوو لەوانەى لە دەورى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مایەوەو بەیعەتى مەرگى دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[7]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) دە كەسی لە هاوەڵانى بە سریەیەك نارد، عاصیمی كوڕی ثابتی ئەنصارى كرد بە ئەمیریان، كە گەیشتنە ناوچەیەكى نێوان عوسفان و مەككە، دەستەی بەنوولیحیان بە نزیكەى دووسەد كەسەوە هاتن و كەوتنە شوێنیان، كە گەیشتنە شوێنەكەیان بینییان ناوكى خورما جێماوە، وتیان ئەم ناوكە هی خورماى مەدینەیە، بۆیە كەوتنە شوێنیان، كاتێك عاصیم و هاوەڵەكانى ئەوانیان بینی هەستیان بە مەترسی كرد و لە شوێنێك خۆیان پەنا دا، بەڵام بەنولیحیان گەمارۆیان دان و وتیان خۆتان بدەن بە دەستەوە لە پەنادا دەبن و كەستان ناكوژین، عاصمی ئەمیری سریەكە وتى بەخوا من خۆم نادەمە بەر پەناى بێباوەڕ، خوایە هەواڵی ئێمە بگەیەنەرە پێغەمبەرەكەت، بەنولیحیان تیربارانیان كردن، عاصم و حەوت كەسی تریان شەهید بوون، سێ كەسەكەى تر كە مابوونەوە خۆیان دا بە دەستەوەو داوای پەنایان كرد.[8]

عاصم پێش شەهیدبوونى بەڵێنی بە خوا دابوو دەستی بەر بێباوەڕێك نەكەوێت، كە شەهید بوو و بێباوەڕان كەسێكیان نارد تا تەرمەكەى بهێنن، تەرمەكەیان نەدۆزیەوەو خوا تەرمى عاصمی پاراست لەوەى بێباوەڕان دەستی لێبدەن.[9]

عاصمى كوڕی حەدرەد (رضي الله عنه)

ناوى عاصمی كوڕی حەدرەدەو لە پشتیوانانە، فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[10]

 

 

عاصمى كوڕی حەكەم (رضي الله عنه)

ناوى عاصمى كوڕی حەكەمەو یەكێكە لە بەشداربوانى حەجى ماڵئاوایی، دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو حەجەدا لە وتارەكەیدا فەرمووى(خوێن و سامانتان لە یەكدى حەرامە وەك حەرامى ئەم شارە لەم رۆژەدا...).[11]

عاصمى كوڕی عەددى (رضي الله عنه)

ناوى عاصمى كوڕی عەددی عەجلانیە، كونیەكەى ئەبووعەمر یان ئەبوو عەبدوڵایە.

سەبارەت بە بەشداریكردنى لە غەزاى بەدردا، هەندێك دەڵێت تیایدا بەشدار بووە، هەندێكی دی دەڵێن لە نیوەی رێدا قاچی شكا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گێڕایەوەو لە مەدینە ئەركی پێ سپاردو دواتر لە پاداشت و دەستكەوتى بەدردا بەشدارى كرد، عاصم لە غەزاى ئوحود وغەزاكانى تریشدا بەشدارى كرد.[12]

لە غەزاى تەبووكدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) عاصم و مالیكی كوڕی دخشمی نارد تا مزگەوتى دوورووەكان بسووتێنن.[13]

عاصم تەمەنێكى زۆری هەبوو، دواجار لە ساڵی چل و پێنجى كۆچی و لە تەمەنى سەدو پانزە یان سەد و بیست ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.[14]

عاصم كەسێكی بالآكورت بوو و خەنەشی بەكاردەهێنا.[15]

عاصمى كوڕی قەیس(رضي الله عنه)

ناوى عاصمی كوڕی قەیسە، لە پشتیوانانە لە ئەوسیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدرو لە غەزاكانى تریشدا بەشدارى كردووە.[16]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 573.

[2] - أسد الغابة، ج3، ص 107.

[3] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 569.

[4] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 462.

[5] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 462.

[6] - سير أعلام النبلاء، ج1،ص 257.

[7] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 462.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 2901، سنن أبي داود، الرقم 2301

[9] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 569.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 570.

[11] - مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 6679.

[12] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 572.

[13] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 466.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 572.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 466.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 575.

 1132
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.