دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) - بەشی یەكەم

عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

ناوى عەبباسی كوڕی عەبدولموطهلیبی كوڕی هاشمی قوڕەیشی هاشمیە، مامى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله عليه وسلم) و كونیەكەى ئەبولفەضله، دایكی ناوى نەتیلەى كچی جونابە، دوو ساڵ پێش لەدایكبوونى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەدایك بوو،[1] رایەكیش دەڵێت سێ ساڵ لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گەورەتر بوو.[2]

ژن و منداڵەكانى

منداڵەكانى عەبباس بریتی بوون لە: فەضل كە موسڵمان بوو و دواتر بە تاعوون لە شام وەفاتى كرد، عەبدوڵا كە بە حیبری ئوممەت ناسراوە، عوبەیدوڵا كە كەسێكی دەوڵەمەند بوو، عەبدورەحمان كە لە شام مرد،  قشم كە زۆر لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوو و دواتر بۆ جیهاد چوو بۆ خوراسان و لە سەمەرقەند وەفاتى كرد، میعبەد كە لە ئەفریقیا شەهید بوو، ئومموحەبیبەی كچی، دایكی ئەم مندالآنەى بریتی بوو لە ئوممولفەضل، كەثير كە زانایەكی گەورە بوو، تەممام، صەفییە، ئومەیمە، دایكی ئەمانەش ئوممووەلەد بوو، حارث كە دایكی ناوى حجیلەى كچی جوندوب بوو.[3]

عەبباس لە مەككە

عەبباسى مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سەردەمى نەفامیدا لە مەككە گەورەى قوڕەیش بوو، سەپەرشتى مەسجیدولحەرام بەدەست ئەو بوو، زۆر بە جوانى بارەكەى رادەگرت، نەیدەهێشت تاكە كەسێك لە مەسجیدولحەرامدا قسە بڵێت، خەڵكی قوڕەیشیش لەبەرئەوەى لەو بارەوە بەڵێنیان پێدابوو، بۆیە سەركەوتوو بوو.[4]

عەبباس دەڵێت جارێك لە مزگەوت بووم كە ئەبووجەهل هات و وتى سوێند بێت ئەگەر موحەممەد ببینم لە سوجدەدا بێت بچمە سەر گەردنى، منیش چووم و هەواڵم دا بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بە تووڕەییەوە چوویە مزگەوت و دەستى كرد بە قورئان خوێندن (اقرأ باسم ربك...) كە گەیشتە (كلا ان الإنسان ليطغى أن رآه استغنى) كەسێك وتى ئەی ئەبولحەكەم ئەوە موحەممەدە، ئەویش وتى مەگەر ئەوەى من دەیبینم ئێوەش نایبینن؟ بەخوا ئاسمان بەسەرمەوە وەستاوە.[5]

عەبباس هاودەم و كەسی نزیكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، كەعبى كوڕی مالیك دەڵێت لەگەڵ بڕێك لە حاجیانى هۆزەكەمان چووین بۆ مەككە...لەوێ هەواڵی پێغەمبەرى خوامان (صلى الله عليه وسلم) پرسی و هێشتا نەماندیبوو، هەواڵمان لە كەسێك پرسی، وتی دەیناسن؟ وتمان نەخێر، وتى ئەی عەبباسی مامى دەناسن؟ وتمان بەڵێ، چونكە عەبباسی مامى پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) دەناسی، ئەو لە كارى بازرگانیدا دەهات بۆ سەردانمان، كابرا وتى كە چوونە ژوورەوە، موحەممەد ئەو كەسەیە كە لەگەڵ عەبباس دانیشتووە، ئێمەش چووین و پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) بینی لەگەڵ عەبباس دانیشتبوو، وادەمان دانا و لە عەقەبەدا بینیمان تا بەیعەتى پێبدەین و عەبباسی مامیشی ئامادە بوو،[6] عەبباس وتى ئەى گرۆی خەزرەج، موحەممەد لەناو ئێمەدا بەو چەشنەیە كە دەیزانن، ئێمە لێرە بەمجۆرە پاراستوومانە وەك چۆن خۆمان دەپارێزین وا ئاگادارى بوین،[7] پشتیوانانیش وتیان قسەكەتمان بیست، ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆ قسە بكە، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قسەی كرد.[8]

موسڵمانبوونى عەبباس

بەپێی چەند بەڵگەیەك دەردەكەوێت عەبباسی مامى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەر زوو لە مەككە موسڵمان بووە، بەڵام موسڵمانبوونەكەى شاردوەتەوە تا پشتیوانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بكات و كارى هەواڵگری و پێویستی ئەركەكانى مەككەى بۆ راپەڕێنێت، مەسەلەى بەشداربوونى لە بەدردا پەیوەستە بە گوێڕایەڵى عەبباس بۆ فەرمانى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) نەك دژایەتى كردنى، چونكە عەبباس وەك هەواڵگرى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە مەككە مابوویەوە، ئەگینا خۆشەویستى بەرچاوى عەبباس بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە چەندین هەڵوێستدا دیارە، وەك چوونى بە تەنها لەگەڵی بۆ بەیعەتى عەقەبە و راسپاردەى بۆ پشتیوانان تا تەواو نازى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راگرن و وریاى بن،[9] هەروەها لە بەدردا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى كرد هەركەس گەیشت بە عەبباس نەیكوژێت چونكە بە نابەدڵی هاتووە،[10] كاتێكیش بەدیل گیرا بە پێغەمبەرى خوا ناوى پێغەمبەرى(صلى الله عليه وسلم) دەبرد نەك بە موحەممەد[11] لە كاتێكدا برازاشی بوو، ئیتر چۆن لە دژی شمشێر هەڵگرێ، بەڵكو عەبباس كاتێ ویستى كۆچ بكات بۆ مەیدنە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێی فەرموو (مقامك بمكە خیر)(مانەوەت لە مەككە چاكترە)، ئەویش لە مەككە مایەوە و لەوێ هەواڵى دەنارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[12]

ئەبوورافیعی خزمەتكارى عەبباس دەڵێت: من خزمەتكارى عەبباسی كوڕی عەبدولموطهلیب بووم و موسڵمان بووبووم، ئوممولفەضلي ژنی عەبباس و خودی عەبباسیش موسڵمان بووبوون، بەڵام عەبباس موسڵمانبوونەكەى خۆی دەشاردەوە.[13]

لەم بەسەرهاتەوە روونتر بابەتەكەمان بۆ روون دەبێتەوە:

كاتێك حەججاج موسڵمان بوو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) من لە مەككە ژن و مناڵ و سامانم جێهێشتووە، دەبێت بچم بیانهێنم، جا ئەگەر ناچار كرام بەرامبەر بە تۆ قسە بڵێم مۆڵەتم دەدەیت؟ پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى پێدا تا چی ویست بیڵێت، ئەویش چوویەوە بۆ مەككەو بە ژنەكەى وت: چیت هەیە كۆی بكەرەوە چونكە من دەمەوێت شتێك لە سامانى فەوتاوو مەڕو مالآتى موحەممەد و هاوەڵانى بكڕم، چونكە ئەوان لە جەنگدا دۆڕاون و حاڵیان شڕە،[14] وا موحەممەد لەلایەن جوولەكەكانەوە بەدیل گیراوەو هاوەڵەكانیشی یان كوژراون یان بلآوەیان لێكردووە،[15] ئەو هەواڵە لە مەككە بلآوبوویەوەو موسڵمانەكانى مەككە پێی دڵگران بوون و بێباوەڕەكانیش پێی دڵخۆش بوون، هەواڵەكە گەیشتە عەبباسی كوڕی عەبدولموطهلیب، عەبباسیش كە ئەوەى بیست لە پێ كەوت و دۆش داما و نەیئەتوانى بجووڵێت، ئینجا عەبباس كوڕێكی هەبوو كە ناوى قوثهم بوو و زۆر لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچوو، راكشا و لەسەر سنگى داینا و شیعری دەهۆنیەوە كە تیایدا دەیوت خۆشەویستم لە پێغەمبەرى خوا دەچیت:

            حبي قثم حبي قثم

                                                شبيه ذي الأنف الأشم

            نبي رب ذي النعم

                                                     برغم أنف من رغم

ئینجا غولامێكی نارد بۆ لاى حەججاجى كوڕی عیلاط و پێی وت ماڵوێران ئەمە چ هەواڵێك بوو هێنات؟ تۆ چی دەڵێیت؟ بەڵێنى خوا لەو هەواڵەی تۆ باشترە، حەججاجیش بە غولآمەكەى وت: سەلامم بگەیەنە بە ئەبولفەضل و پێی بڵێ: بچێتە ماڵێكەوە تا بە تەنها بیبینم، چونكە هەواڵێكم هەیە بۆی كە دڵی خۆش دەكات، غولامەكە هاتەوە، كە گەیشتەوە بەردەرگا، وتى موژدەت لێ بێت ئەی ئەبولفەضل، عەبباسیش لە خۆشیدا خۆی بۆ فڕێدا و ناوچاوانى ماچ كرد، ئەویش هەواڵی قسەكانى حەججاجى پێدا، عەبباسیش ئەو غولآمەى ئازاد كرد، ئینجا چوو بۆ لاى حەججاج و ئەویش هەواڵی دروستى پێ وت، وتى: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خەیبەرى فەتح كردووەو سامانى ئەوانى بە دەستكەوت گرتووە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەستكەوتەكاندا صەفیەى كچی حویەى بۆ خۆی هەڵبژارد و سەرپشكى كرد ئایا ئازادى بكات و ببێتە ژنی یان بچێتەوە بۆ ناو ماڵ و كەسوكارى خۆی، ئەویش پێی باش بوو ئازادى بكات و شوو بكات بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، منیش بۆیە هاتوم بۆ ئێرە تا ئەو سامان و ژن و مناڵەى لێرە هەمە بیبەم و بڕۆم، مۆڵەتیشم لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەرگرت و ئەویش مۆڵەتى دام چی پێویست بكات بیڵێم، جا تكام وایە تا سێ رۆژ هیچ نەڵێیت، دواى سێ رۆژەكە چیت پێ خۆش بوو باسی بكە، ئەوەبوو ژنەكەى حەججاج چی خشڵ و پێویستى هەبوو كۆی كردەوەو داى بە حەججاج و حەججایش هەموو برد لەگەڵ خۆی و كەوتەڕێ، دواى تێپەڕبوونى سێ رۆژەكە عەبباس چوو بۆ لاى ژنەكەى حەججاج و وتى مێردەكەت كوا؟ ئەویش هەواڵی ئەوەى پێدا كە حەججاج چووە بۆ مەدینە، ئینجا وتى خوا سەرشۆڕت نەكات ئەی ئەبولفەضل ئەوەى پێت وتین زۆر لەسەرمان قورس بوو، ئەویش وتى بەڵێ خوا سەرشۆڕم ناكات، سوپاس بۆ خواش تەنها ئەوە روویداوە كە حەزمان پێ بووە، حەججاج هەواڵی پێداوم كە خواى گەورە فەتحى خەیبەرى بەخشیوە بە پێغەمبەرەكەى و تیایدا پشكەكان جیاكراونەتەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) صەفییەى هەڵبژاردووە بۆ خۆی، جا ئەگەر پێویستیەكت هەیە بە مێردەكەت ئەوە بڕۆ و خۆت بگەیەنە پێی، ژنەكەى حەججاجیش وتى سوێند بەخوا بڕوات پێ دەكەم، ئەویش وتى من راست دەڵێم و مەسەلەكە ئاوەهایە كە پێم وتیت، ئینجا عەبباس چوویەدەرەوەو چوو بۆ كۆڕی قوڕەیشیەكان و دەیبیست دەیانوت ئەی ئەبولفەضل بەس خێرت بێتەڕێ، ئەویش وتى سوپاس بۆ خوا خێرم هاتوەتەڕێ و حەججاجیش هەواڵی پێداوم كە خواى گەورە فەتحى خەیبەرى بەخشیوە بە پێغەمبەرەكەى و تیایدا پشكەكان جیاكراونەتەوەو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) صەفییەى هەڵبژاردووە بۆ خۆی، حەججاج داواى لێكردم سێ رۆژ ئەو قسەی بشارمەوەو نەیڵێم، ئەو تەنها بۆ ئەوە هاتبوو چی سامانى هەیە بیبات و بڕوات، بەو هەواڵە خواى گەورە دڵتەنگى سەر موسڵمانانى هەڵگرت و داى بەسەر بێباوەڕاندا، چی موسڵمانى دڵتەنگى مەككەش هەبوون دەهاتن بۆ لاى عەبباس، ئەویش هەواڵی پێدەدان و موسڵمانانیش دڵخۆش دەبوون.[16]

ئەم بەسەرهاتە بەڵگەیەكى روونە لەسەر ئەوەى عەبباسی مامى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) پێشتر موسڵمان بووەو مانەوەى لە مەككە بە ڕێنمایی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بووە تا هەم هەواڵی قوڕەیشیەكان بنێرێت بۆ پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، هەم ئاگاى لە موسڵمانبووەكانى ناو مەككە بێت، وەك دەبینین كاتێك هەواڵی ناخۆش سەبارەت بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمانان دەبیستێت زۆر دڵتەنگ دەبێت، هەروەها كاتێكیش هەواڵە راست و دڵخۆشكەرەكە دەبیستێت زۆر دڵخۆش دەبێت، موسڵمانانیش دێن بۆ لاى و ئەویش موژدەیان پێ دەدات، واتە لەوێ وەك جەمسەرێك بووە بۆ موسڵمانە لاوازەكانى ناو مەككە كە تواناى كۆچیان نەبووەو هەواڵی خۆشی و ناخۆشی موسڵمانانیشیان لەوەوە وەرگرتووە، لەو بارەوە ئیبن عەبدولبەر دەڵێت:(دەوترێت عەبباس پێش غەزاى بەدر موسڵمان بووەو هەواڵی بێباوەڕانى دەنارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمانانى مەككە وەك پشتێك تەماشاى عەبباسیان دەكرد، عەبباس حەزى لەوە بوو بچێت بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نامەى بۆ نووسی كە مانەوەت لە مەككە باشترە، بۆیە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە رۆژی بەدردا فەرمووى(هەركامتان گەیشت بە عەبباس با نەیكوژێت، چونكە ئەو بە ناچارى هاتووە)،[17] هەروەها عەبباس وردەكارى كارو ئامادەكاریەكانى قورەیشیەكانى بە نامە دەنووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەك چۆن لە غەزاى ئوحوددا كاتێك قورەیش خۆیان ئامادە كرد بۆ جەنگ عەبباس هەموو زانیاریەكانى بە نامەیەكدا نارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).[18]



[1] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج3، ص 631.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 5.

[3] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 6.

[4] - أسد الغابة، ج3، ص 163.

[5] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5386.

[6] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15493، قال شعيب الأرناؤوط حديث قوي و هذا إسناد حسن.

[7] - صحيح ابن حبان، الرقم 7121.

[8] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 15493.

[9] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص160.

[10] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص284.

[11] - البداية والنهاية لابن كثير، ج3، ص278.

[12] - أسدالغبة، ج3، ص163.

[13] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 5375، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23225، ضعفه شعيب الأرناؤوط.

[14] - صحيح ابن حبان، الرقم 4600، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17157، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12166، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3383، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3124، صححه شعيب الأرناؤوط.

[15] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 108.

[16] - صحيح ابن حبان، الرقم 4600، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 17157، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12166، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3383، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 3124، صححه شعيب الأرناؤوط.

[17] - الإستيعاب في معرفة الأصحاب، ج2، ص 812.

[18] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج2، ص 37.

 1665
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.