دەربارە  |   من نحن  |   About Us
نوێترین
  هاوەڵانێك كە ناویان (عەبدوڵا) بووە - بەشی پێنجەم

عەبدوڵاى كوڕی سوراقە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی سوراقەى قوڕەیشی عەدویە،[1] برایەكى هەبوو بە ناوى عەمر كە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، عەمر و عەبدوڵا پێكەوە كۆچیان كرد بۆ مەدینەو لاى ریفاعەى كوڕی عەبدولمونذیر دابەزین.[2]

سەبارەت بە بەشداربوونى لە غەزاى بەدردا راجیایی هەیە، بەڵام بۆ بەشداربوونى لە غەزاى ئوحوددا گومانێك نەهاتووە، دواتریش لە غەزاكانى تردا بەشدارى كردووە.[3]

عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(پارشێو بكەن با تەنانەت بە ئاویش بێت).[4]

پارشێو كردن لە فەرموودەى تردا فەرمانى پێكراوەو هۆكارەكەشی دیارى كراوە كە بوونى بەرەكەتە لە پارشێودا، وەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (تسحروا فإن في السحور بركة[5] (پارشێو بكەن چونكە لە پارشێودا بەرەكەت هەیە).

عەبدوڵاى كوڕی سوفیانى مەخزوومى (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی سوفیانى كوڕی عەبدولئەسەدى مەخزوومیە، یەكێكە لە كۆچەرانى حەبەشە، لە جەنگى یەرمووكدا بەشدارى كردو تیایدا شەهید بوو.[6]

 

عەبدوڵاى كوڕی سوفیانى ئەزدى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی سوفیانى ئەزدیەو فەرموودەیەكى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە، عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(هەر كەس رۆژێك لەپێناو خوادا رۆژوو بگرێت، ئەوە خوا سەد ساڵ لە دۆزەخ دوورى دەگرێت).[7]

عەبدوڵاى كوڕی سوهەیل(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی سوهەیلی كوڕی عەمرەو كونیەكەى ئەبووسوهەیلە، دایكی ناوى فاخیتەى كچی عامیرە، یەكێكە لە كۆچەرانى حەبەشە، دواتر لە حەبەشەوە گەڕایەوە بۆ مەككە، لەوێ باوكى ئازارى زۆری دا تا واز لە ئیسلام بهێنێت، عەبدوڵایش وا خۆی نیشان دا كە وازى لە ئیسلام هێناوە، دواتر هاودەم بە بێباوەڕان چوو بۆ جەنگى بەدر، كە گەیشتە ئەوێ رایكرد بۆ ناو سوپاى موسڵمانان.[8]

عەبدوڵا هاودەم بە سوهەیلى باوكى چوو بۆ جەنگى بەدر، باوكیشی هیچ گومانى نەبوو لە پاشگەزبوونەوەى عەبدوڵا، كە سوپاى موسڵمانان و بێباوەڕان بەیەك گەیشتن، عەبدوڵا رایكرد بۆ ناو سوپاى موسڵمانان و چوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەو كات تەمەنى نزیكەى بیست و حەوت ساڵان دەبوو، باوكى لەولاوە تەواو تووڕەو بێزار بوو.[9]

عەبدوڵا لە حودەیبیەشدا بەشدارى كرد و یەكێك بوو لە شاهیدەكانى نووسراوى رێككەوتنى حودەیبیە.[10]

لە كاتى فەتحى مەككەدا عەبدوڵا پەناى وەرگرت بۆ سوهەیلی باوكى و دواتر باوكیشی موسڵمان بوو.[11]

عەبدوڵا لە جەنگى یەمامەدا بەشدارى كرد و تیایدا شەهید بوو، تەمەنى نزیكەى سی و هەشت ساڵان دەبوو.[12]

عەبدوڵاى كوڕی سیلان (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی سیلانە، عەبدوڵا دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چاوى بەرەو ئاسمان بەرز كردبوویەوەو دەیفەرموو (سبحان الله يرسل عليهم الفتن إرسال القطر[13] (سوبحانەلآ، خوا فیتەیان بەسەردا دەبارێنێت وێنەى بارینی لێزمەى باران).

عەبدوڵاى كوڕی شەریك(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی شەریكی كوڕی ئەنەسە، لە پشتیوانانە لە ئەشهەلیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود و هاودەم بە شەریكی باوكى بەشدارى غەزاكەى كرد.[14]

عەبدوڵاى كوڕی شیبل(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی شیبلى كوڕی عەمرە، ئەم هاوەڵە لە پشتیوانانەو یەكێك بوو لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبەو یەكێك بوو لە نەقیبەكان، عەبدوڵا لە بەیعەتى ريضواندا بەشدار بوو، دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) ژیاو چوو لە حیمص نیشتەجێ بوو و لە سەردەمى موعاویەى كوڕی ئەبووسوفیاندا كۆچی دوایی كرد.[15]

عەبدوڵاى كوڕی شیهاب(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی شیهابی كوڕی عەبدوڵایە، سەرەتا ناوى عەبدولجان بوو، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی بە عەبدوڵا، ئەم هاوەڵە یەكێكە لە دەستەى یەكەمى موسڵمانبوان و كۆچی كرد بۆ حەبەشە، جا رایەك دەڵێت لە حەبەشە مایەوە، رایەكیش دەڵێت گەڕایەوە مەككەو پێش ئەوەى كۆچ بكات بۆ مەدینە هەر لە مەككە كۆچی دوایی كرد.[16]

عەبدوڵاى كوڕی صەعصەعە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی صەعصەعى كوڕی وەهبە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەكان، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى ئوحود، دواتریش لە غەزاكانى تردا بەشدارى كرد و لە جەنگى جیسردا شەهید بوو.[17]

عەبدوڵاى كوڕی صەیفی(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی صەیفى كوڕی وەبرەیە، لە پشتیوانانەو یەكێكە لە بەشداربوانى بەیعەتى ريضوان.[18]

عەبدوڵاى كوڕی ضهمرە(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی ضهمرەی بەجلیە، عەبدوڵا دەڵێت جارێك لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبووم كە دەستەیەك لە هاوەڵانى هاتن و زۆربەیان یەمەنى بوون، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(كەمێكی تر لەم لایەوە چاكترینی یەمەن دێت بۆ لاتان)، خەڵكەكە دەستیان كرد بە گریان و هەر كام حەزى دەكرد كەسی خۆی بێت، ئەوەبوو جەریری كوڕی عەبدوڵاى بەجلى دەركەوت.[19]

عەبدوڵاى كوڕی طاریق(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی طاریقى كوڕی عەمرى بەلویەو یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر.[20]

عەبدوڵاى كوڕی عەبدمەناف(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەبدمەنافى كوڕی نوعمانە، لە پشتیوانانەو كونیەكەى ئەبوویەحیایە، یەكێكە لە بەشداربوانى غەزاى بەدر و دواتریش لە غەزاى ئوحوددا بەشدارى كرد.[21]

عەبدوڵاى كوڕی عەبدنەهم (رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەبدنەهمى كوڕی عەفیفى موزەنیە، سەرەتا ناوى عەبدولعوززا بوو و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوى گۆڕی و ناوى نا عەبدوڵا.[22]

ئەم هاوەڵە ناسراوە بە ذولبیجادەتەین، چونكە منداڵێكی هەتیو بوو لە ماڵی مامى دەمایەوە و مامى زۆر چاك بوو لەگەڵی، جا كاتێك مامى بیستی عەبدوڵا موسڵمان بووە، چی پێ بەخشیبوو هەمووى لێسەندەوە، تەنانەت جلو بەرگەكەشی  لێسەندەوە، بۆیە عەبدوڵا چوو بۆ لاى دایكی و ئەویش پارچە قوماشێكی بۆ كرد بە دوو بەشەوە، بۆ بەیانى كە عەبدوڵا چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (تۆ عەبدوڵاى خاوەن دوو بیجادەكەى -پارچە قوماش-).[23]

سەلەمەى كوڕی ذەكوان دەڵێت من شەوێك پاسەوانى پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) دەكرد كە دەچوو بۆ دەست بەئاوگەیاندن، لە رێدا داى بە لاى كابرایەكدا كە نوێژی دەكرد و دەنگى بەرز دەكردەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى(لەوانەیە بۆ رووپامایی بێت)، پاش ماوەیەك شەوێكی تر كە پاسەوانیم دەكرد و هەمدى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتە دەرەوە، بینی من پاسەوانى دەكەم، دەستی گرتم و چووین، دامان بە لاى كابرایەكدا كە لە مزگەوت نوێژی دەكرد و دەنگیشی بەرز كردبوویەوە، وتم ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەوانەیە بۆ رووپامایی وا دەنگ بەرز بكاتەوە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى نەخێر، بەڵكو ئەوە دەنگى ئاه و كروزانەوەیەتى، منیش چووم تەماشام كرد عەبدوڵا ذولبیجادەتەینە.[24]

عەبدوڵا لە غەزاى تەبووكدا بەشدارى كرد و تیایدا وەفاتى كرد، مردنیشی لە شەودا بوو، بەو شەوە لە كەنارى سەربازگەكەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەكر و عومەر گۆڕیان بۆ ئامادە كرد و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە ناو گۆڕەكەى و ئەسپەردە كرا، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نزاى بۆ كرد و فەرمووى خوایە من ئەم ئێوارە بە رەزامەندى ئەوم بینی، دەى تۆیش لێی رازى بە.[25]

عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵاى مەخزوومى(رضي الله عنه)

ناوى عەبدوڵاى كوڕی عەبدوڵاى كوڕی ئەبی ئومەییەی مەخزوومیە، هاودەم بە باوكى موسڵمان بوو و لە سەردەمى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) تەمەنى منداڵ بوو، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەفاتى كرد تەمەنى عەبدوڵا تەنها هەشت ساڵان بوو، عەبدوڵا فەرموودەى لە پێغەمبەرى خواوە(صلى الله عليه وسلم) گێڕاوەتەوە.[26]



[1] - أسد الغابة، ج3، ص 259.

[2] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج4، ص 141.

[3] - أسد الغابة، ج3، ص 259.

[4] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الاصبهاني، الرقم 3727.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 1836، صحيح مسلم، الرقم 1900، صحيح ابن حبان، الرقم 3525، سنن الترمذي، الرقم 674، سنن ابن ماجة، الرقم 1688، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 2425، مسند احمد بن حنبل، الرقم 11717، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 2779، المعجم الاوسط للطبراني، الرقم 2057.

[6] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 115.

[7] - مسند الشاميين للطبراني،الرقم 1021، معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 3740.

[8] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 123.

[9] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 406.

[10] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 123.

[11] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 123.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج3، ص 406.

[13] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 125 و قال ابن حجر إسناده صحيح.

[14] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 128.

[15] - أسد الغابة، ج3، ص 278.

[16] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 130.

[17] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 132.

[18] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 134.

[19] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 3762.

[20] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 136.

[21] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4،ص 161.

[22] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 161.

[23] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 162.

[24] - معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، الرقم 3005.

[25] -  الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 162.

[26] - الإصابة في تمييز الصحابة، ج4، ص 156.

 1214
فەرمودەی رۆژ
© Copyright 2024 All Rights Reserved.
© Copyright 2024 All Rights Reserved.